كه دنیا تووشی رووداو و كاره‌ساتێك ده‌بێت یان ته‌نگژه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی روو ده‌دات، یانیش نه‌خۆشییه‌ك به‌رۆكی مرۆڤایه‌تی ده‌گرێت و ژیانی ئاده‌میزاد ده‌خاته ژێر ھه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌وه، زۆربه‌ی گه‌لانی دنیا به چه‌ندان شێواز ھه‌وڵی ده‌ربازبوون و تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌كه ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌رچی ئه‌سته‌م و تاقهتپرووكێنیش بێت. به‌وھۆیه‌وه سه‌دان كه‌س بۆ ده‌ربازبوون له‌و باردۆخه ناھهموارانه گیانی خۆیان به‌خت ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش ته‌نیا له پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی و وڵاتان بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان. ئێسته‌یش كه ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه‌ته گرنگترین و ترسناكترین باسی ڕۆژ له ھه‌موو دنیادا، منیش گه‌ره‌كمه چه‌ند قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی خۆم و پێوه‌ست به ڤایرۆسی كۆرۆناوه بكه‌م نه‌ك ڤایرۆسه‌كه خۆی.
وه‌ك ھه‌موومان ده‌زانین له ئێسته‌ش ڤایرۆسه‌كه ھه‌ڕه‌شه‌یه‌كی رژد و خێرایه بۆ سه‌ر ژیانی مرۆڤایه‌تی، ئه‌وه‌یش وایكردووه كه ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی و وڵاتانی زلھێز وه‌ك كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی لێی بڕوانن، چونكه ھه‌ڕه‌شه‌ی ڤایرۆسه‌كه به جۆرێكه تا ئێسته ھێچ ده‌رمانێكی پێویست یان ڤاكسینێكی چاره‌سه‌ركردنی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت به‌شێكیش له‌و وڵاتانه‌ی خاوه‌ن باشترین سیستمی ته‌ندروستین له دنیادا، به‌رانبه‌ر ڤایرۆسكه به‌سه‌رسوڕمانه‌وه گیریان خواردووه به ده‌ستییه‌وه، به‌ڵگه‌یش بۆ قسه‌كه‌م وڵاتێكی وه‌ك ئیتالیایه كه خاوه‌نی دووه‌م باشترین سیستمی ته‌ندروستییه له دنیادا، كه‌چی زۆرترین ژماره‌ی گیان له‌ده‌ستدانی لێ تۆمار كراوه و ڤایرۆسه‌كه ھه‌ڕه‌شه له داھاتووی ئه‌و وڵاته ده‌كات، چونكه ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی تووشی ڤایرۆسه‌كه ده‌بن، به‌شێوه‌یه‌كی خێرا له زیادبووندایه، به‌جۆرێك كه حكوومه‌ت كۆنتڕۆڵی بارودۆخه‌كه‌ی له ده‌ست داوه!
گرنگه لێره‌دا ڕۆڵی پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی خۆمان به‌رز بنرخێنین له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا. شتێكی نموونه‌ییه كه كوردستان به زیره‌كی و لێھاتووییه‌وه پلانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دژی ڤایرۆسه‌كه داڕشتووه. خۆشحاڵانه‌ش تا ئێسته ڕێژه‌ی مردن به‌ھۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه ته‌نیا دوو حاڵه‌ت بووه و ئه‌و كه‌سانه‌شی ده‌گه‌ڕێنه‌وه باری ئاسایی ته‌ندروستییان و به‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌دا سه‌ر ده‌كه‌ون، ژماره‌یان له به‌رزبوونه‌وه‌دایه. ھاوكات قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆ و مانه‌وه له ماڵه‌وه كاریگه‌ری ئه‌رێنییان دروست كردووه و كۆرۆنا به دژواری نه‌ھاتووه‌ته نێو كۆمه‌لگه.
رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی و ده‌زگا میدیاییه بیانی و ناوخۆییه‌كانیش به‌رده‌وام ھه‌وڵ ده‌ده‌ن كۆمه‌ڵگاكان ھۆشیار بكه‌نه‌وه له زیان و ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌و ڤایرۆسه به ناو خه‌ڵكدا، به‌ڵام به‌شێك له ئێمه ھه‌ر گوێشی پێ ناده‌ین! ئه‌گه‌ر له زاری كه‌سێكه‌وه یان ده‌زگاكانی میدیا له ڕێی بڵاوكراوهكانیهوه پێمان بڵێن: تكایه خۆتان بپارێزن و پابه‌ندی ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان بن. له‌ولاوه كه‌سێك ده‌نگ ھه‌ڵده‌بڕێ یان له سۆشیاڵ میدیا ده‌ڵێ "ئه‌م ڤایرۆسه ھیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێكی نییه، به‌ڵكو ده‌ستی ئه‌مه‌ریكایه و دژی وڵاتانی (ئێران و چین) بڵاوی كردووه‌ته‌وه! ده‌ی ئه‌گه‌ر ده‌ستی ئه‌مه‌ریكا له پشتی بڵاوكردنه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنایه له دنیا، چۆن ڤایرۆسه‌كه له ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا بڵاو بووه‌وه؟!
ئێسته كه من خه‌ریكی نووسینی ئه‌م وتاره‌م، ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له ئه‌مه‌ریكا ڕوو له زیادبوونه. ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ریكا زلھێزێكی دنیایه، به‌ڵام ئێسته كاته‌كانی وه‌ك نه‌خۆشێك به‌ترس و له‌رزه‌وه به‌ڕێ ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك كه ترس ھه‌موو سێكته‌ره‌كانی گرتووه‌ته‌وه، ترسه گه‌وره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكاش بۆ ھه‌میشه ئابوورییه زهبهلاحهكهیهتی! زۆر قورسیشه بگوترێت ڤایرۆسی كۆرۆنا به به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتێك یان سیاسه‌تێك به‌كۆتا دێت، له چاوی منه‌وه ته‌نانه‌ت ھیچ وڵاتێكی سه‌ر ئه‌م زهوینهیش به‌بێ زیان دۆخه‌كه تێپه‌ڕ ناكات. بۆیه واز له‌و وتار و بڵاوكراوانه بێنن كه ده‌ڵێن ده‌ستی ئه‌مه‌ریكا له پشتی ڤایرۆسهكهوهیه، چونكه ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتره له‌وه‌ی ئێوه بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه خۆپارێزیتان باشتره له ھه‌موو شتێك، ئه‌ركیشه له‌سه‌رمان كه دوور بكه‌وینه‌وه له‌و شوێنانه‌ی قه‌ره‌باڵغن، تا ئێمه‌یش نه‌بووینه یه‌كێك له‌و حاڵه‌تانه‌ی وا تۆمار ده‌كرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن و ئاگاداری ته‌ندروستی خۆتان بن.