ئێسته ئه‌ركی راگه‌یاندن ته‌نیا گه‌یاندنی هه‌واڵ و زانیاریی نییه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ت و رووداوانه‌ی پێوه‌ستن به مرۆڤ یان سروشته‌وه له دنیادا، به‌ڵكو گه‌یاندنی ھه‌واڵ و زانیارییه به‌جۆرێك كه وه‌رگر و كۆمه‌ڵگه بتوانن به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروستانه ھه‌رسی بكه‌ن.
ڕوونتر بڵێم ئه‌و په‌یامانه‌ی كه میدیا ده‌یگوازێته‌وه نه‌بێته ھۆی تێكدانی ده‌روونی وه‌رگر یان بینه‌ر به‌ھه‌ر شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان. پێتڤییه بڵاوكراوه‌كانی راگه‌یاندن نه‌بنه ھۆی دروستكردنی ترس و دڵه‌ڕاوكی له ھیچ بارودۆخێكدا.
هاوكات له ته‌واوی هه‌لومه‌رجه‌كاندا گرنگی به‌و چه‌مك و تایبه‌تمه‌ندییانه بدات كه پێوه‌ستن به ژیانی مرۆڤ و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئێسته و داهاتووش هه‌یه. جا چ له ڕێی ئامرازه‌كانی نووسراو و بیستراوه‌وه بێت، یان بینراو كه باوترینی سه‌رده‌مه.
پێش ئه‌وه‌ی باسی راگه‌یاندن بكه‌ین له سه‌رده‌می كۆرۆنادا، پێویسته بزانین میدیا له‌وكاته‌دا خه‌سڵه‌تی نیشتمانیبوون وه‌رده‌گرێ كه ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی باشی كاركردن و ده‌زگه‌یی پێوه دیار بێت، به‌جۆرێك كه راگه‌یاند وه‌ك سه‌ربازێكی شه‌ڕكه‌ر بێته گۆڕه‌پانی جه‌نگه‌وه!
به میكانیزمی میدیاییانه شه‌ڕ بكات له پێناو ئه‌و چین و توێژانه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی ناوخۆیی و جیهانی ده‌ژین، به‌تایبه‌تیش بۆ ئه‌و وڵات و هه‌رێمانه‌ی بچووكن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌نگدانه‌وه و گه‌نگه‌شه‌كردنی پرس و بابهتهكان، لێره‌دا به‌شێوه‌یه‌كی خێرا و كتوپڕه.
بۆ حاڵی حازر كه ڤایرۆسی كۆرۆنا دنیای به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه، به‌شێك له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن رۆڵی نه‌رێنی ده‌گێڕن.
له‌و ماوه‌یه‌دا به‌شێكی راگه‌یاندنه كوردییه‌كان و به‌تایبه‌ت ته‌له‌ڤزیۆن، له‌به‌ر خێرایی و گه‌یاندنی ھه‌واڵ و زانیارییه‌كان، گوێ ناده‌ن به ئاسایشی ده‌روونی تاك و كۆمه‌ڵگه یان ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
دیاریشه كه پسپۆڕ و توێژه‌رانی پزیشكی سه‌لماندوویانه له‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كی پته‌و ھه‌یه له نێوان ده‌روون و جه‌سته‌ی مرۆڤ یان نه‌خۆش و كه‌سی به‌ركه‌وتوو.
ڕوون و ئاشكراشه كه بواری پزیشكی دووپات له‌سه‌ر ھه‌بوونی جه‌سته‌یه‌كی ته‌ندروست ده‌كاته‌وه ئه‌گه‌ر ده‌روونێكی ئارام و دوور له ھه‌ر شڵه‌ژانێك ھه‌بوو، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه.
پسپۆڕانی ده‌روونیش له‌لای خۆیانه‌وه داوا ده‌كه‌ن ملكه‌چی فه‌رمان و ڕێنوێنییه ده‌روونییه‌كان بن، به‌ڵام به‌شێك له‌و میدیاییانه‌ی وه‌ك پڕۆژه‌ی بازرگانی دروست بوون، سه‌ریان له تاك و كۆمهڵگهیش شێواندووه، له گواستنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له‌و ھه‌واڵ و زانیارییانه‌ی كه كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ده‌روونی وه‌رگر دروست ده‌كه‌ن، وه‌ك ھه‌واڵی گیان له‌ده‌ستدانی سه‌دان كه‌س له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكاوه به‌ھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا كه به‌رده‌وام و به‌په‌له، به‌شێوه‌ی دووباره ده‌ڕژێنه سه‌ر شاشه‌ی تهلهڤزیۆنهكانمان یان له رێی سۆشیال میدیاوه جه‌ماوه‌ر پێی ده‌زانێت، كه ده‌بنه پاڵنه‌ری خراپ بۆ سه‌ر ده‌روونی خه‌ڵك.
ئێسته ته‌له‌ڤزیۆن و سۆشیال میدیا سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی زانیارین، بۆیه پێویسته به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی ڕه‌چاوی بارودۆخه‌كه بكه‌ن و ئاگه‌داری ناردنی ھه‌واڵه‌كان بن بۆ ناو كۆمه‌لگه. دوور بكه‌ونه‌وه له دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و ھه‌واڵانه‌ی كه باس له گیان له‌ده‌ستدانی سه‌دان مرۆڤ ده‌كه‌ن به‌ھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه له‌و وڵات و ناوچانه‌ی كه دوورن، كاریگه‌رییه‌كانیان به‌سه‌ر ئێمه‌وه ڕاسته‌وخۆ نییه، یان ھاوسنوورمان نین. باشتر وایه به‌دوای زانیاری نوێ و تازه‌دا بگه‌ڕێن له‌سه‌ر ڤایرۆسه‌كه و رێی نوێی رێنوێنییه‌كان بخه‌نه به‌رده‌ست و ھانی خه‌ڵك بده‌ن پابه‌ندی ڕێنوێنییه‌كان بن.
ده‌كرێ كه‌سی زیانمه‌ند ھه‌ر ئه‌و مرۆڤه نه‌بێت كه تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه و ده‌بێت، به‌ڵكو زیانمه‌ندی ترییش دێنه كایه‌وه به تێكچوونی باری ده‌روونییان، له‌وانه‌یه له شوێنێكی تر و بابه‌تێكی تر ببێته ھۆی خوڵقاندنی زیان یاخۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی تاوان و كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سه‌ره‌نجام به كوشتن و له‌ناوبردنی مرۆڤه‌كان یان خۆكوژی به‌كۆتا دێت.
میدیای باش له‌كاتی بوونی ئه‌و پرسه چاره‌نووسسازانه به‌دیار ده‌كه‌وێت و خۆی ده‌سه‌لمێنێ، هاوكات فیدباكی جه‌ماوه‌ر به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێت و ده‌رفه‌ته‌كان بۆ خۆی ده‌قۆزێته‌وه تا ببێته جێی متمانه بۆ خه‌ڵك.