غازی حه‌سه‌ن
هه‌ندێك جار ده‌ڵێن فڵانه كه‌س ڕووی نییه، دوو ڕووه، بێ ڕووه، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌ی كه‌سێكه توانای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نییه، بایی ئه‌وه وزه و ئازایه‌تی نییه به‌ئاشكرا ڕووبه‌ڕوو بێته‌وه، ده‌گۆڕێت و ئاساییه له‌یه‌ك كاتدا چه‌ندان كه‌سایه‌تی جیاواز له‌خۆ بگرێت و بۆچوونه‌كانی دژ به‌یه‌ك بن و شه‌رم نه‌كات و له‌بادانه‌وه پله یه‌ك بێت و هه‌ر ڕۆژه‌ی قسه‌یه‌ك و گوتارێك پێشكه‌ش بكات، له‌یه‌ك كاتدا تاوانكار و بێ تاوانیش بێت. له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م وشه‌یه پێكهاتووه له (ڕوو له‌گه‌ڵ كاری بوون)، یان پێكهاتووه له(ڕوو/ ده‌موچاو) له‌گه‌ڵ (پۆش/ ماسك). ده‌موچاو/ ڕوو له‌توێژینه‌وه ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌ربڕ و نیشانه و هێمایه بۆ كه‌سایه‌تی و جۆری بیركردنه‌وه و هه‌ڵسوكه‌تی كه‌سه‌كه.
له زمانی كوردیدا گه‌لێك ده‌سته‌واژه و هه‌تا ئیدیۆم له به‌كارهێنانی (ڕوو/ یان ده‌موچاو) بۆ ده‌ربڕینی گه‌لێك مه‌به‌ست به‌كار هێنراون. له‌وانه (ڕووڕه‌ش، ڕووسپی، ڕووسوور، ڕووزه‌رد، ڕووگرژ، ڕووقایم، ده‌موچاو ترشاوی، ده‌موچاو ناشیرین، ده‌موچاو به‌پێكه‌نین، ڕوو به‌خه‌نده.. تاد).
له گوتاری ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ندێك كه‌س و گرووپ و لایه‌ن جۆرێك له گوتار به‌كار دێنن، به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندی به زاراوه‌ی (ڕووپۆش/ ده‌مامكدار/ ماسك)ه‌وه هه‌یه، چونكه له‌لایه‌ك گوتارده‌ر و نێره‌ری گوتاره‌كه ده‌مامكی خۆیان داوه و له پشت په‌رده‌وه وه‌ك كاره‌كته‌رێكی نادیار، یان شێوه‌ی جیاواز و هه‌ڵگه‌ڕاوه له خۆیان ڕه‌نگه كه‌سێكی خراپ و به‌دگومان و نه‌شایسته و دۆڕاو و هۆی كێشه‌كان بێت، خۆی ده‌گۆڕێت و له‌ژێر ئه‌و ڕووپۆشه‌وه نوێیه‌دا خۆی پێچه‌وانه‌ی دۆخی راستیی خۆی ده‌خاته ڕوو، كه كه‌سێكی متمانه‌دار و شایسته و براوه و خاوه‌نی هه‌موو پرس و كێشه و بڕیار و ته‌نگژه‌كانه، دڵسۆزی خه‌ڵك و پرسه گشتییه‌كانه، خۆی وه‌ك مه‌ڕ له به‌رده‌م گه‌له‌گورك پێشان ده‌دات، ته‌نیا هه‌ندێك جار وه‌ك فیلمه سینه‌ماییه‌كان، له خودێكی شه‌ڕاوی و ئاژاوه‌چی و دز و خراپه‌كار، خۆی له‌ژێر ئه‌م ڕووپۆشه، وه‌ك خاوه‌نی گوتارێكی مرۆیی و چاك و چاكه‌كار و یه‌كسانیخواز و داكۆكیكار له مافی گشتی و هاووڵاتییان و داكۆكیكار له نیشتمان پێشان ده‌دات.
واته ده‌موچاو و ڕووی خۆیان به ماسكێكی نادیار ده‌گۆڕن، ئه‌م گۆڕانكارییه له ماسكدا، ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ك له پێشاندانی گۆڕانكاری له زمان و شێوازی گوتاره‌كانیشیان، له كاتێكدا گۆڕانی له‌م جۆره، وه‌ك چۆن ده‌موچاوی به ماسكێكی نوێ گۆڕاوه، به‌ڵام ناوه‌ڕۆك و كه‌سایه‌تی و په‌یامه‌كه‌ی وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه، گوتاره‌كه‌یشی هه‌ر له شێوه و بچمدا ده‌گۆڕێت، له ناوه‌ڕۆكدا به‌ئاسانی ده‌ناسرێته‌وه كه گوتارێكی ساخته‌ی درۆزنانه‌یه و دروستكراوه.
سیاسه‌تی ڕوووپۆش، كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر جۆر و شێواز و په‌یامی گوتار هه‌یه، سیاسییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ده‌یانه‌وێت ماسكێكی شاراوه له‌كاتی پێشكه‌شكردنی گوتاره‌كانیان پێشكه‌ش بكه‌ن. ئه‌م سیاسییانه ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی ده‌ستكاری و گۆڕینی شێوه‌ی گوتاره‌كه‌یان، شێوه و بچمی خۆشیان له شێوه‌یه‌كی جیاواز له راستی خۆیان پێشان بده‌ن.
هه‌ر كاتێك ته‌نگژه‌كان پتر ده‌بن، ڕووپۆش و ماسك له به‌كارهێنانی ئه‌م جۆره كه‌ره‌ستانه له‌ناو گوتاری سیاسی و ڕۆژنامه‌وانیدا (به‌رگری له مافی خه‌ڵك و له‌پێناو گه‌لی كوردستان و قوربانیدان له‌پێناو خه‌ڵك.. تاد) پتر ده‌بێت، ڕووه‌كان خێرا و له‌ناكاو ده‌گۆڕێن، به‌ڵام ئه‌م ده‌ستكاری و جوانكارییانه‌ی له‌ڕوو، یان ده‌موچاوی سیاسییه‌كاندا ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر به‌هه‌زار ڕووپۆشیش شاراوه‌بن، لای وه‌رگر و بینه‌ر و گوێگر ئاشكران و به‌ئاسانی ده‌ناسرێنه‌وه، چونكه خوێنه‌ر و وه‌رگری ئێسته له سه‌رده‌می ئینته‌رنێت ده‌ژین، نه‌ك ئه‌شكه‌وته‌كان و خه‌باتی ژێرزه‌وینی.
گه‌لێك كه‌س له ده‌موچاویه‌وه ده‌ناسرێته‌وه، باری ده‌روونی و كه‌سی و هه‌تا ڕاستی و درۆی قسه‌كانیشی هه‌ر به‌ده‌موچاوی ده‌ناسرێته‌وه، كاتێك یه‌كێك یان گرووپ و لایه‌نێك ده‌یه‌وێت له‌ڕێی (ڕووپۆشه‌وه) ناوه‌ڕۆك و مه‌به‌ست و په‌یام و وشه و ڕسته و ده‌سته‌واژه و هه‌تا ڕووداو و به‌سه‌رهات و پێكهاته و باكگڕاوندی ناو گوتاره‌كه‌ی به‌و جۆره‌ی خۆی ده‌یه‌وێت و به‌پێی كات و شوێنه تازه‌كان پێناسه بكاته‌وه، یان بشارێته‌وه، به‌م كرده‌وه‌یه كه‌تنێكی گه‌وره ده‌كات، كه‌تنێك هیچی له ده‌ستدرێژی و به‌زاندنی سنووری یاسایی كه‌متر نییه.
له بنه‌ڕه‌تدا گوتاری ڕووپۆشكراوی ده‌مامكدراو، پشت به‌دیماگۆگیی و دووڕوویی و ناپه‌سندی و ڕاكردن و پشتكردنه واقیع و بڕوانه‌بوون به‌خۆ و متمانه نه‌بوون به خه‌ڵك و فریودان و به‌لاڕێدابردنی ڕاستییه‌كان ده‌به‌ستێت.
كێ هه‌یه له ئێمه، ڕۆژانه گوتاری له‌مجۆره‌ی له ده‌می هه‌ندێك سیاسی و وتاری ڕۆژنامه و هه‌واڵی ته‌له‌ڤزیۆنه‌كان و مانشێتی به‌په‌له‌ی سایته ئه‌لیكترۆنییه‌كان و گفتوگۆی ڕادیۆكان و ژێرنووسی سه‌ته‌لایته‌كان به‌رهه‌ست و نه‌سته‌كانی نه‌كه‌وێت، كارتێكردنی گوتاری (ڕووپۆش و ده‌مامكدار) ئه‌رێنییانه ده‌بێت كه وه‌رگره‌كان و جه‌ماوه‌ر له چركه‌ی یه‌كه‌مدا، ڕووی راستیی خاوه‌ن گوتاره‌كه ده‌ناسنه‌وه و یه‌كسه‌ر له ئامانج و مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی ده‌مامكدانانه‌كه ده‌گه‌ن. مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه ئه‌رێنییه به‌و چه‌مكه‌ی كاریگه‌ریی ئه‌م جۆره گوتاره هیچ نابێت و له سنوورێكی به‌رترسكی بێ كارتێكردنی كاریگه‌ر ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌رێنی ده‌بێت كه خه‌ڵكێك و جه‌ماوه‌رێك له ناوه‌ڕۆك و چه‌مك و كاریگه‌ری و دروستی و نادروستی به‌كارهێنانی گوتاری ده‌مامكدار نه‌گه‌ن.
ئه‌مه وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ی پزیشیكی وایه، ئه‌گه‌ر كه‌سێك هیچ ڤایرۆسێك له له‌شیدا نه‌بێت و خوێنی پاك بێت، ده‌ڵێن پشكنینه‌كه‌ی نێگه‌تیڤ بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڤایرۆسی هه‌بێت، ده‌ڵێن پۆزه‌تیڤه. راستییه‌كه‌ی به‌كارهێنانی ئه‌م زاراوانه له ده‌وروپشتی گوتاری ده‌مامكدراوی سیاسی، وه‌ك ئه‌م دوو زاراوه‌یه لێكدانه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی دۆخه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت. تێگه‌یشتن و به‌كارهێنانی ئه‌م جۆره گوتاره ده‌مامكداره‌ش وه‌ك پشكنینی ڤایرۆسه‌كه وایه.
گوتاری ده‌مامكدار كه كه‌سێكی ڕووپۆشكراو پێشكه‌شی ده‌كات، هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك بنه‌مای مه‌ترسیداره. ئه‌م گوتارانه جۆرێك له شێتی و جۆرێك له فریودان و جۆرێك له گاڵته‌كردن به عه‌قڵی تاك و خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ری تێدایه. گوتار لای ئه‌م كه‌سانه وه‌ك ئه‌وه وایه بڵێن "له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌رما دارستان و سه‌وزایی ناهێڵین"، له‌پێناو یه‌كێتی و یه‌كده‌نگی و یه‌كگوتاری، كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و له قاڵبدان و دوو ئیداره‌یی و له‌تكردن و دابه‌شكردنی ئیراده‌ی سیاسی ده‌به‌ن.