چ دووڕووییخانەیەكە

AM:09:11:28/11/2019 ‌

پێشكەوتن و گەشەكردنی هەر بوارێكی ناو كۆمەڵگە، پێوەستە بە هەقیقەتی ئەو گوتارەی دەربڕی واقیعی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنەری گوتارەكە خۆیەتی، لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا ژمارەیەك دیاردەی جێی گومان و بڕواپێنەكراو دروست دەبن، دەبنە ماكی (ڕەخنە و نیگەرانی و مشتومڕ و ڕەتكردنەوەش). یەكێك لەو دیاردە كۆمەڵایەتییە دەروونییانەی لە دۆخی ناتەباییدا دەركەوتووە (دووڕوویی و سەت ڕوویی)ی كەسانێكە، دەتوانن بە خێرایی وەك گۆڕینی جلوبەرگ، پێڵاو و خواردن، بیروڕا و قەناعەت و بۆچوون و نووسین و تەنیا شێوە و شێوازی تایبەتی خۆشیان بگۆڕن.

كەسانێك لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندیی تایبەت تا هیلاك و شەكەت دەبن، لە پەنای عەشیرەت و گرووپدا دژایەتیی هۆز و خێڵ دەكەن، هەیانە بە پارە و لەسەر گیرفانی گەندەڵی دژایەتی گەندەڵیی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و هێزە سیاسییەكان دەكات، هەیشیانە كارە خراپە سیاسیی و تەنیا سازش و دەستبەرداربوونی نیشتمان (خیانەت)یش بەگوتاری سوێندخواردن بە شەهیدان و پیاهەڵدان بە قوربانییەكانی میلەت دەشارێتەوە.

ئەمەی مرۆڤ دەتوانێ لە گۆڕینی قسە و بیركردنەوەوە تا دەستبەرداربوونی بنەما گشتییەكانی كەسایەتییەكەیشی بیكات، هیچ گیانلەبەر و تەنیا دیاردەیەكی سروشتی تر ناتوانێ بیكات.

گەلێك گیانەوەر بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، ڕەنگی خۆیان لەگەڵ سروشت و شوێنی ژیان و ڕەنگ و شێوەی ئەو ژینگەیە دەگونجێنن كە تێیدا دەژین، بۆ ئەوەی خۆیان لە چاوی (ڕاوكەر و بكوژەكانیان) بشارنەوە، كەچی مرۆڤی (سەت ڕوو) بۆ ئاشكراكردنی (بوون و قەناعەت و تەنیا كەرامەتی خۆیشی)  ڕووی خۆی دەگۆڕێت، بۆ ئەوەی ڕاوكەرەكانی بە ئاسانی بیبینن و پێی ئاشنا ببن و بەئاسانی ڕاوی بكەن.

مرۆڤی چەندڕوو، بۆ ئەوەی متمانەی ڕاوكەرەكانیان بەدەست بێنن، بەشێوەیەكی ئاسایی ڕەنگ و شێوەی خۆیان دەگۆڕن، كە هیچ گیانەوەرێكی تر ناتوانن بۆ خۆكردنە نێچیر، شێوەی خۆیان بەم خێرایی و ئاسانییە بگۆڕن.

بیركردنەوە و بیروڕا لە هەموو كردە و سیفەت و شێوەیەك قورستر دەگۆڕێت، چونكە ئەمەیان نەرمترین دیاردەی ژیانی مرۆڤ و گیانەوەرە، كەچی لای مرۆڤ گۆڕینی ئەم سەرەتایە بووەتە ئاوخواردنەوە، كەسانێك لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندیی كەسی، خۆیان نەك هەر تەنیا بیروڕا، بەڵكو نیشتمانیش دەگۆڕن و هەرزانفرۆشی دەكەن. گیانەوەرە بێ زمانەكان، ئەوانەی وەك مرۆڤ توانای بەكارهێنانی زمانیان نییە، ناتوانن دووڕووبن، كەچی مرۆڤ لە سایەی بەكار‌هێنانی زمان زۆر بە سادەیی و خێرا و لەناكاو و هێكڕا و ڕاشكاوانە و بێ پەردەپۆشكردن (ڕووی) هەقیقی خۆیان دەگۆڕن، بیروڕا و قەناعەتیشیان هەڵدەگێڕنەوە.

ژینگەی مرۆڤ لە هەموو ژینگەیەك گونجاوترە بۆ ئەوەی پێوەندییەكی دروستی ساخڵەم و شیاوی تێدا بەرهەم بێت، متمانە و كارتێكردن و گونجانی لێ بڕوێت، لە هەمان گاڤیشدا ژینگەی مرۆڤ لە هەموو ژینگەیەكی تری ژیاندا پتر لە ژێر هەڕەشەی (چەندان ڕوویی و پێستەگۆڕی و پیشە هەڵگێڕانەوە و فتكردن و سڕینەوەی یەكتر و دووزمانی و ژەهرڕشتن و ڕاپۆرتنووسی و پفدان و ... تاد)ییە.

هیچ گورگێك، ڕێوییەك و شێرێك و تەنیا قەلەڕەشێكیش نادۆزییەوە وەك مرۆڤ ئازایەتی ڕووگۆڕین و فكرگۆڕین و چەواشەكارییان تێدا هەبێت. گورگ هەتا دەمرێ هەر گورگە، بەڵام مرۆڤ دەیەوێ لەیەك كاتدا (هەم گورگ و هەم مەڕیش) بێت، شێر تا دەمرێت هەر خاوەن شكۆ و دەسەڵات و هێزە، كەچی مرۆڤ (دەسەڵاتدار و زۆردارە، چەوساوە و شەقتێهەڵدراویشە). ڕێوی فێڵبازە، مرۆڤ (فێڵكەر و فێڵ لێكراویشە). مرۆڤ (دەقیڕێنێت و بەسەریشدا دەقیڕێنرێت). هیچ گیانەوەرێك دەستبەرداری خۆشەویستی و هاوكاری و پاڵپشتی هاوڕەگەز و خوێنی خۆی نابێت، بەڵام مرۆڤ نەك دژی نابێت، ئامادەیە بكوژیشی بێت.

لەم سەردەمەدا هەقیقەت بووەتە قوربانی دووڕوویی، دووڕووی بووەتە ڕێسا بۆ پێگەیشتن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندی و بەرزكردنەوەی پلە و پایە، بووەتە یەكێك لە دیاردە هەرە خراپە باوە شەرعییەت پێدراوەكانی ناو سیاسەت، لە كۆمەڵگەیەكی سڕكراوی تەزێنراوی دۆبلاجكراوی بەردەم باهۆز و زریانی سیاسەت، مرۆڤی لەم (چەند ڕووخانەیەدا) باشترین گوتاری ڕسوایی خۆی لە پێستی كارەكتەری جیاواز و جامباز و چەنەباز و ناخگۆڕاوی دڵڕەقدا، ڕادەپەڕێنێت.