به كرده‌وه له چه‌ندان ساڵی ڕابردوو دوو ئیداره‌یی نا، دوو حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و هێز و وڵاتی (سه‌وز و زه‌رد) تاقی كرانه‌وه، له دوای ڕێككه‌وتنی ستراتیجیش كه ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو، پارتی به‌هێز و تۆكمه‌تر له ده‌سه‌ڵاتداری به‌هره‌مه‌ند بێت و ژیرانه‌تر له چه‌مك و له‌زه‌ت و بایه‌خی ده‌سه‌ڵات بگات، یه‌كێتیش هه‌میشه خۆی به قوربانی ڕێككه‌وتنه‌كان داده‌نێت.
ده‌سه‌ڵات له كۆمه‌ڵگای چڕه‌لێدراو، به خراپ و نادادپه‌روه‌ر و ناشیرین پێناسه ده‌كرێت. له زۆنه‌كه‌ی ئه‌ودا گۆڕان وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌كی رژد بۆ داژیه‌تی ڕێككه‌وتنی سه‌رۆك بارزانی و مام جه‌لال خۆی ڕاگه‌یاند. پارتی ڕاستگۆیانه له‌ناو ده‌ستكه‌وته گشتییه‌كانی ڕێككه‌وتن هه‌نگاو بۆ پته‌وكردنی سیاسه‌ت و جه‌ماوه‌ر و پێگه‌ی حوكمداری خۆی ده‌نێت، یه‌كێتیش ڕاستگۆیانه ددان به‌شكست و پاشه‌كشه و نیگه‌رانی و ترسه‌كانی خۆی له به‌رهه‌می ڕێككه‌وتن ده‌نێت.
(یه‌كێتی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات له ده‌ستكه‌وته‌كان هاوبه‌شه)، پێ ناچێت له هه‌رێمی كوردستاندا هیچ شكست و ماڵوێرانی و دزیی و گه‌نده‌ڵییه‌ك هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی خۆی به هاوبه‌شیان بزانێت. هه‌ر كاتێك ڕاستگۆیی له‌ناو شته شاراوه‌كاندا بخنكێت، گوتاری فریودان و پاساوهێنانه‌وه‌یه‌كی نالۆجیكی باڵاده‌ست ده‌بێت. بێگومان پارتیش به كاره‌كانی خۆی ناڵێت (تفت و ترشن)، به‌ڵام پارتی به نه‌رمی نواندن و هێشتنه‌وه‌ی بۆشاییه‌ك، ئاخاوتنه‌كه‌ی ده‌رده‌بڕێت.
یه‌كێتی هه‌موو شته‌كانی خۆی به قازانجی خزمه‌تی گشتی وه‌سف ده‌كات، ده‌ڵێت ئێمه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی قوربانی ده‌ده‌ین، له كاتێكدا له به‌رده‌م ڕاگه‌یاندنه‌كاندا به ڕاشكاوانه ده‌ڵێن (ئێمه سه‌ركه‌وتنه‌كانمان كردووه‌ته پرد بۆ ئاسووده‌یی خه‌ڵك). پارتیش هه‌میشه ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی وه‌ك قه‌ڵایه‌كی پته‌وی پێشخستنی خۆی و جه‌ماوه‌ر دیقه‌ت لێ ده‌دات.
به‌رپرسانی یه‌كێتی، ئه‌گه‌ر بچووكه‌كانی پشت عه‌بای به ده‌سه‌ڵاته‌كانیش بن، هه‌ڕه‌شه‌ی دوو ئیداره‌یی و ڕه‌واییدان به هه‌نگاونان بۆ دوو ئیداره‌یی ده‌كه‌ن. هه‌ندێك له كادره‌كانی پارتیش له ناخه‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی شاراوه وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌كی ده‌روونی بێزاركه‌ر، له‌ناو هه‌ناوی خۆیاندا ده‌ڵێن ده بڕۆن له كۆڵمان بنه‌وه، خۆ مردین به‌ده‌ست ئه‌و هه‌موو ناز و ده‌ستهه‌ڵگرتن له مافه‌كانامان بۆ ئێوه و خیانه‌ت و چی و چیش ده‌كه‌ن.
به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم، ده‌ترسم بیڵێم، چونكه مێژوو هه‌ر ئه‌وه نییه كه ده‌یبینین، به‌ڵكو هێزێكه هه‌ر كه‌سێك به‌ر شه‌قی بكه‌وێت، حه‌وت پشت فڕێی ده‌داته ناو دۆزه‌خی له‌بیرچوونه‌وه.
زمان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیره، شێوازی ئاخاوتن و ده‌ربڕینه‌كانمان نمایشی بیركردنه‌وه و بڕیار و كه‌سایه‌تیمانه. ناوێرم باسی شتێك بكه‌م كه ئه‌وان ده‌یڵێن و به‌ده‌نگی به‌رز ده‌یڵێن. ده‌زانم ده‌مانخاته ناو دۆزه‌خی له‌بیرچوونه‌وه. ئه‌گه‌ر دوو ئیداره‌یی ڕاگه‌یه‌نرا كێ سوودمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بێت؟
گه‌لی كوردستان، نه‌خێر؟ چونكه ئه‌وكات ده‌بێت له خاڵی پشكنینی دێگه‌ڵه به پاسپۆرت هاتوچۆ بكه‌ن، ئه‌و سنووره‌ی بیرۆكه‌ی بێگانه و دوژنمه‌كانمانه. به‌رپرسه سیاسییه‌كانیش، ئه‌وكات ئاسووده ئاسووده كۆبوونه‌وه له‌ڕێی دیواربه‌ندی ڤیدیۆیی ئه‌لیكترۆنییه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ئه‌گه‌ر دووئیداره‌یی دامه‌زرایه‌وه، كێ ده‌ستپێشخه‌ر و رێچكه‌شكێن و مۆدێرن ده‌بێت؟ كێ ده‌توانێت ئه‌م خیانه‌ته مێژووییه وه‌ك نیشانه‌یه‌كی ئه‌به‌دی بكاته ناسنامه‌ی خۆی؟ ئه‌گه‌ر دووئیداره‌یی دروست بوو له‌ڕووی ده‌ستووری و یاساییه‌وه واقیعی ئێسته‌ی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و پێوه‌ندییه‌كانی چی به‌سه‌ر دێت؟ ئایا ئه‌وه‌ی له حكوومه‌تێكی ته‌با و یه‌كگرتوو پێمان به‌ده‌ست نایه‌ت، له ئیدارۆكه‌یه‌كی نیمچه عه‌شایه‌ر و دابڕاو له یاسا، ده‌توانێت چی بكات؟
خوێندمه‌وه بانگه‌شه‌ی دوو ئیداره‌یی به مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌به‌ستنه‌وه، گوایه كه بوونه دوو ئیداره ئیتر پارێزگاری سلێمانی خێرا خێرا و ڕاسته‌وخۆ ده‌چن له به‌غداوه مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیان دێنن؟ باشه ئه‌م بیرۆكه جه‌هه‌نه‌مییه چۆن جێبه‌جێ ده‌بێت؟ بڕوا ناكه‌م به‌غدا هێنده گێل و گه‌مژه بێت، هه‌ست به زیره‌كی و لێهاتووی خاوه‌نی ئه‌م گوتاره نه‌كات و پاره‌كه یه‌كسه‌ر بنێرێته ماڵی یه‌كێك له‌وانه‌ی بانكی سلێمانییان له گیرفانه؟ ئه‌رێ به‌غدا به‌رانبه‌ر چی ئه‌م داوایه‌ی (خۆشپاره‌كان) قبووڵ ده‌كات؟ پێتان وایه هه‌روا به خۆڕایی ئه‌مه ده‌كات؟. پێشتریش ئه‌م بیرۆكه‌یه تاقی كرایه‌وه، بووه چش.
من پتر له پێنج ساڵه ئه‌م بانگه‌شه‌یه ده‌بینم، ئه‌مه بۆ مووچه‌بڕی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم سه‌ری گرت، كاتێك پێشكه‌ش به مالیكی و عه‌بادیش كرا، عه‌بادی به كرده‌وه ویستی ئه‌مه بۆ هه‌ندێك له (جاشكرده/ یان جاشه‌فكری) مۆدێرنه‌كانی بیری خۆڕاده‌ستكردن به به‌غدا جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام سه‌ری نه‌گرت، هێنده نه‌بێت سه‌ری تێكڕای مووچه‌كه‌یان پێ خوارد.. دیاره ئه‌مه ئه‌وكات له‌پێناو (تێكشكاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان) و ئینجا (حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان) بوو. بۆ؟ گوتیان نابێت ئێمه خۆمان خاوه‌نی نه‌وتی خۆمان بین، پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆ ئیداره‌دانی نه‌وتی كوردستان، نابێت له‌ژێر ده‌ستی حكوومه‌تی هه‌رێم بێت، چونكه حكوومه‌تی هه‌رێم (پارتی) تێیدا باڵاده‌سته و نه‌وته‌كه‌یش ته‌نیا بۆ پارتییه. له كرده‌وه‌دا هه‌ندێك پێیان وابوو خۆشگوزه‌رانی و به‌ده‌ستهێنانی نه‌وت (پارتی ده‌كاته ده‌وڵه‌ت)، هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه دژی ڕیفراندۆم خیانه‌تۆكه‌یه‌كی كاتی‌یان كرد، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كه‌ی بۆ زه‌مه‌نێكی درێژ ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌وانه‌ی زاكیره‌یان تیژه، له بیریانه (یه‌كێتی) ده‌یگوت ئێمه شه‌ڕی ناوه‌خۆ له‌پێناو به‌عادیلانه به‌ده‌ستهێنانی پاره‌ی داهاتی ئیبراهیم خه‌لیل ده‌كه‌ین، (پارتی)یش ده‌یگوت شه‌ڕی ئێمه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته. كامه‌یان ڕه‌وایه، كامه‌یان ناڕه‌وا؟ هه‌رچییه‌ك بێت ئه‌مه پێوه‌ندیی به (ڕاستگۆیی و درۆ)وه هه‌یه. له ئاینیشدا ڕاستگۆیی پێوه‌ندیی به تێڕوانین و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتییه‌وه هه‌یه، وه‌ك چۆن درۆ پێوه‌ندی به قێزه‌ونی و ماڵوێرانی گشتییه‌وه هه‌یه.
به‌داخه‌وه، دیسان ده‌ڵێم جارێكی تر به‌داخه‌وه‌م بیڵێم، ناوێرم ئه‌و شته بڵێم كه ئه‌وان ده‌یڵێن. شه‌ڕی ڕاگه‌یاندنی ئه‌مجاره‌یش خه‌ریكه بڵێم پێوه‌ندی به پاره‌وه هه‌یه. (تیمی یه‌كێتی له حكوومه‌ت) ڕای گه‌یاند (له‌م بارودۆخه ناهه‌مواره‌دا، پێویسته حكوومه‌ت و دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی ته‌رخان بكرێن بۆ خزمه‌تی هاونیشتمانییانی هه‌رێمی كوردستان نه‌ك ببن به به‌شێك له كێشه سیاسییه‌كان).
ئه‌مه وه‌ك ئه‌وه وایه، یه‌كێتی خۆیان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كاندا بن، هێزی چه‌كداری حزبیان نه‌جووڵاندبێت و یاساشكێن نه‌بن و سه‌رچاوه‌ی به‌شێك له نه‌هامه‌تییه‌كانی كوردستان نه‌بن، ئه‌مه یه‌كه‌مجاره به‌شداری ئه‌زموونێكی حوكمڕانی ده‌كه‌ن. له كاتێكدا هه‌موو ئیداره‌ی كوردستان نیوه‌ی له فه‌ڕاشی تا گزیریان له‌به‌رده‌ستدایه، سه‌رباری ئابووری و دارایی و پڕۆژه و ئاسایش و پێشمه‌رگه و.. تاد. ئه‌مه جۆرێك له‌به‌زه‌یی پێداهاتنه‌وه‌ی تێدایه.
له‌مه‌ش پتر، مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ده‌ڵێت (حكوومه‌ت هاوكاری سلێمانی) ناكات، واته كوردستان له‌چاو و ویژدان و لۆجیكی یه‌كێتی (پاره ته‌نیا سلێمانییه)، یان ئه‌وان به كرده‌وه ده‌یسه‌لمێنن، دووئیداره‌یی بێ ڕاگه‌یاندن و ئاشكراكردن هه‌یه و یه‌كێتی خۆی سه‌ركردایه‌تی ئیداره ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌كه‌ی زۆنی سه‌وز ده‌كات.
(مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت، ڕاشكاوانه ڕای گه‌یاند كه (باسكردنی دووئیداره‌یی و تۆمه‌تباركردنی یه‌كتر، خزمه‌ت به‌و بارودۆخه ناكات، ئه‌مه‌ی ئێسته ڕوو ده‌دات یاخیبوونی تاقمێكی دیاریكراوه به‌رانبه‌ر به حكوومه‌ت، نه‌ك ململانێی حزبی. له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونمان له‌م كابینه‌یه‌دا به‌ڵێنی ڕاستگۆیی و خزمه‌ت و چه‌سپاندنی گیانی یه‌ك ئیداره‌ییمان به هاووڵاتییانی خۆشه‌ویست داوه. به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵ ناكه‌ین به ڕواڵه‌ت حكوومه‌تی یه‌كگرتوو هه‌بێت و له به‌شێكی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتداریی تر هه‌بێت و دژایه‌تی حكوومه‌ت بكه‌ن).
به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی دڵم داده‌خورپێنێت، ڕاستیی بوونی دوو ئیداره و بانگه‌شه‌یه بۆ دووئیداره‌یی وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی بێ به‌های ده‌ربازبوون له كێشه‌كاندا. ئه‌گه‌ر به‌غدا به یه‌كگرتوویی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌م شێوه‌یه بكات، به دووئیداره‌یی نه‌ك خراپتر، به‌ڵكو وه‌ك كه‌متر له پاێزگایه‌كی تری عه‌ره‌بی سه‌یرمان ده‌كه‌ن. هه‌ر لایه‌نێك پێی وابێت به له‌تكردنی خۆی ده‌توانێت ده‌ستكه‌وت به‌ده‌ست بێنێت، به‌ره‌و خۆكوژییه‌كی نادیار هه‌نگاو ده‌نێت.
دیسان ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌و شته خراپه‌ی نابێت بیڵێم، ئه‌ویش ده‌ردی له‌مێژینه‌ی خۆخۆری كورده. وه‌ك كۆرۆنای سیاسیی لێ هاتووه، ئه‌مجاره له (زینی وه‌رتێ) به‌ربوونه‌ته گیانی (نیشتمان و هاووڵاتییان). هێزی حكوومه‌ت، كه پێكهاتووه له هێزێكی هاوبه‌ش، به‌پێی هه‌ندێك زانیاریی فه‌رمانده‌ی هێزه‌كه له یه‌كێتییه‌كانیشه، كه‌چی بۆ مه‌رامێكی تر، هێزێكی حزبی بۆ بێ به‌هاكردنی ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی كوردستان ده‌جووڵێنرێت. نازانم ئه‌مه دژی (حكوومه‌ته)، یان به كرده‌وه گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و قۆناغه‌ی ئیتر ناتوانرێت به‌یه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان خاوه‌نی ئیداره‌یه‌كی یه‌كگرتوو بن.
گریمانه‌ی تر كه بریتییه له ئه‌گه‌ر و تێڕوانینه هه‌ره نزیكه‌كان، ئه‌ویش بیرۆكه‌ی دووئیداره‌یی یه‌كێتییه كه ڕووبه‌ڕووی په‌كه‌كه و لایه‌نه‌كانی تریشی ده‌كاته‌وه، له‌و شوێنه‌ی كه نایانه‌وێت هێزی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هه‌بێت، یه‌كێتی ده‌بێت ئیداره‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه دروست بكات. له كرده‌وه‌دا درۆ له‌گه‌ڵ خۆمان ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر بڵێین په‌كه‌كه ده‌هێڵێَت، یه‌كێتی بای پێڵاوێكی زه‌وی و ده‌سه‌ڵاتی له‌و ناوچانه هه‌بێت، كه هێزه‌كانی تێیدا باڵاده‌ستن.
ئێران بێت یان توركیا هیچ له‌و مه‌سه‌له‌یه ناگۆڕێت، ئامانجیان ئه‌وه‌یه حكوومه‌تێكی سه‌قامگیر و به‌هێز و یه‌كگرتوو له كوردستان نه‌بێت. هه‌رێمی كوردستان پێویستی به پته‌وكردن و به‌هێزكردنی پێوه‌ندییه‌كانیه‌تی له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا، ته‌نیا ئه‌و سووریاییه‌ی ته‌نیا له دیمه‌شقی به سه‌ركردایه‌تیی ڕووسیا و ئێران و هێزی سه‌ربازی توركیا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاته، لایه‌نه‌كان شانازی به بوونی نوێنه‌رایه‌ته‌كه‌یان له دیمه‌شق ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر هێنده دووربینانه سه‌یری ڕووداوه‌كان ده‌كه‌ن، چۆنه ده‌یانه‌وێت له دژی پارتی، به‌ڵێ ته‌نیا له دژی پارتی هه‌موو شتێك بۆ تێكدانی پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا بكه‌ن و دۆخه‌كه بگه‌ڕێننه‌وه پێش دۆخی ١٩٩١.
من پێم وایه هه‌رێم ده‌بێت وه‌ك ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌ت پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاته‌كان دابڕێژێته‌وه، نه‌ك حزبه‌كان ببنه پێشه‌نگی بڕیار و موزایه‌ده و فه‌رشڕاخستن و به‌خشینه‌وه‌ی تاوان و تاوانباركردنی یه‌كتر. په‌كه‌كه‌یش وه‌ك هێزێك پێویسته له‌و شوێنه بجه‌نگێت كه كوردی تێدا ڕزگار ده‌كرێت، هه‌روه‌ها پێویسته له هه‌موو بواره‌كاندا یه‌ك ده‌سه‌ڵات و یه‌ك بڕیار و یه‌ك هه‌نگاو هه‌بێت.
ناوێرم بڵێم، پێویسته ئه‌وانه‌ی به‌لای داڕشتنی بیرۆكه و سیاسه‌تی دووئیداره‌ییدا ده‌چن، یان هه‌ر لایه‌نێك و كه‌سێك بیه‌وێت كار بۆ دابه‌شكردن و له‌تكردنی هه‌رێمی كوردستان بۆ دوو ئیمارات و ده‌سه‌ڵات و هێزی دواكه‌وتوو بكات، سزای یاسایی بدرێت.
خه‌ڵك مووچه‌ی ده‌وێت، ئه‌مه ساده‌ترین مافه، به خیانه‌ت و هه‌رزانفرۆشی و لاوازكردنی كه‌سایه‌تی و پێگه و ده‌سه‌ڵات و له‌تكردنی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست نایه‌ت.
ئه‌وه‌ی ناتوانم بیڵێم، به‌ڕاستی بیركردنه‌وه‌یه له دووئیداره‌یی خۆكوژییه‌كی سیاسی و ئه‌خلاقیی و مێژوویی. ئه‌وه‌ی ئه‌مه بكات، هیچ دۆزه‌خێكیش له‌خۆی ناگرێت. به‌ڵێ له كۆتادا بیرۆكه‌یه‌كم به‌بیر هاته‌وه، ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر (نیگه‌رانی) دداننان به واقیعی نوێی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بڕه‌وێنرێته‌وه، ڕه‌نگه مه‌سه‌له‌كه ببرێته‌وه كه‌شێكی تر، ئێوه چی ده‌ڵێن؟
به‌ڕاستی پتر له نیو سه‌ده‌یه پاساوهێنانه‌وه‌یه‌كی بێ مانای وه‌ك نه‌خۆشی منداڵانه له هه‌ناوی كوردایه‌تی بانگه‌شه بۆ خۆخۆریی ده‌كات، ئه‌مه گوتارێكی له‌مێژینه‌یه، كه‌سایه‌تی تاكی كوردی وه‌ك مۆرانه داڕزاندووه. ئینگلیزه‌كان به سیاسه‌تی دروستكردنی جیاوازیی، بیر له بردنه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، ئایا كوردیش به سیاسه‌تی دابه‌شبوون ده‌توانن ڕێی سه‌ركه‌وتن بۆ خۆیان وه‌ك تاك و تایبه‌ت نه‌ك گشتی، مسۆگه‌ر بكه‌ن؟ هیچ درۆیه‌كیش له‌و درۆیه شیرنتر و به‌له‌زه‌تر نییه كه خاوه‌نی درۆكه به خه‌یاڵ ته‌نیا به‌خه‌یاڵێكی ڕه‌نگاوڕه‌نگ بڕوا بكات كه ئه‌وه‌ی كردوویه‌تی ڕاسته و دروسته.