غازی حه‌سه‌ن
مردن یه‌كێكه له‌و نهێنییه مه‌زنانه‌ی تا ئێسته بیری مرۆڤ و زانستی به‌خۆیه‌وه مژۆڵ كردووه، ئاین پێی وایه ده‌بێت مردنێكی به‌رنامه‌ڕێژكراو بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌هه‌شت بكه‌یه‌نه ئامانج، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی پێی وایه دوژمنكاریی هه‌میشه ته‌بریر بۆ كوشتن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی یه‌كتر ده‌هێنێته‌وه، ڕه‌نگه مردن ژیانێكی ئه‌ده‌بیش بێت، به‌ڵام پڕۆژه‌ی مردن یه‌كێكه له نیه‌ت و مهبهستهچنینی ناخ و ده‌روونی مرۆڤ، لهگاڤێكدا خۆی سه‌رپشكه له هه‌ڵبژاردن و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی. پڕۆژه‌ی مردن، واتایه‌كی مه‌جازیی هه‌یه، ئه‌ویش بریتییه له‌و ڕێ و بیرۆكه و وێناكردنه زمانی و فكرییانه‌ی مرۆڤ بۆ گوزارشت له دۆخێكی تایبه‌تی و مه‌به‌ستێكی شاراوه به‌كاری ده‌هێنێت، یان به‌ڕاستی بریتییه له ڕاستدانی (ڕاكردن له به‌رپرسیاریه‌تی، راده‌ستبوون، خۆكوژیی، نه‌مانی هێز بۆ بیركردنه‌وه له چاره‌سه‌ر، ته‌فروتوناكردن و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وانی تر). واته ئه‌م چه‌شنه پڕۆژه‌یه، چونكه پێوه‌ندیی به وشه و واتای (مردن) خۆیه‌وه هه‌یه، له كرده‌وه‌دا ده‌بێته به‌كارهێنانێكی نه‌رێنی، هه‌ڵگری جۆرێكه له ڕه‌شبینی و ڕاكردن به‌ره‌و دواوه‌یه، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ته‌فروتوناكردن. هه‌شه پێی وایه ژیان له مردن دروست ده‌كات، له دۆخێك‌دا ژیان ته‌فروتونا ده‌كات.
ئه‌م دوو بۆچوونه وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی مردن دێته به‌رچاو، له‌كاتێكدا ئێمه ده‌زانین هه‌رێمی كوردستان له ئه‌نجامی بڕیاری (شۆڤێنییانه‌ی به‌غدا) به‌ره‌و ته‌نگژه‌یه‌كی تری داراییه، ته‌نگژه‌یه‌ك كه هه‌موو گه‌لی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه، ڕاستییه‌كه‌ی به‌غدا له چاوه‌ڕوانی مردنێكی گشتی و به‌كۆمه‌ڵی هه‌موو كوردستانه. ئایا له‌م دۆخه تراجیدییه‌دا بادانه‌وه بۆ پڕۆژه‌یه‌ك كه له‌خۆیدا گوزارشته له مه‌رگ، هیچ به‌هایه‌كی ده‌مێنێت، وه‌ك پڕۆژه سه‌یر بكرێت؟ گریمانه‌یه و ده‌بێت وه‌ڵام بدرێته‌وه.
لامه‌ركه‌زییه‌ت به‌واتای پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی پارێزگاكان له‌گه‌ڵ به‌غدا دێت، ئه‌مه‌ش به‌ناڕاسته‌وخۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی (قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه). نه‌ك زیندوو، مردووه‌كانیش ئه‌مه ده‌زانن. نه‌مانی هه‌رێمی كوردستانیش به‌واتای (گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و ئاسایش و هێز و ئیداره‌ی) به‌غدا بۆ ناوچه فیدراڵییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دێت. ڕه‌نگه گۆڕستانه‌كانیش به‌م هه‌نگاوه تووشی دڵته‌نگی بێن. من پێم وایه له‌هه‌ر هه‌نگاوێكی له‌م جۆره، مردن زیندوو ده‌بێته‌وه، ژیان ده‌كه‌وێته نه‌خۆشخانه‌وه.
كێشه‌ی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئینجا كێشه‌ی ناوه‌خۆیی هه‌رێم له‌گه‌ڵ یه‌كتر، بریتییه له‌و ناكۆكییه داهێزهرهی ده‌یان ساڵه وه‌ك مۆته‌كه‌یه‌كی ده‌روونی و سیاسی و ئه‌خلاقیش ڕووبه‌ڕووی گه‌لی كوردستانه.
ئه‌م كارته‌ی سلێمانی له زۆر ته‌نگژه‌ی تردا به‌كار هێنراوه، ته‌نیا له‌مه‌ش پتر، له‌وه پێشتر دوو ئیداره و حكوومه‌تیش تاقی كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌موومان چێژی مردنی ئه‌و بیرۆكانه‌مان كرد كه به‌كرده‌وه پڕۆژه‌یه‌كی ژه‌هراوی بۆ مردن بوو. كێ له‌م جۆره پڕۆژانه‌دا ڕۆڵی سه‌ره‌كی له له‌تكردن و دابه‌شكردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌بینێت، بێگومان دوو لایه‌ن: یه‌كه‌م هه‌ندێك لایه‌نی كوردیی، دووه‌میان دوژمنانی كورد. له یه‌كه‌مدا گومانمان لا دروست ده‌بێت، كه لایه‌نه كوردییه‌كه سوود له‌م بیرۆكه و پڕۆژه‌یه وه‌ربگرێت، به‌ڵام هیچ گومان و لێكدانه‌وه‌یه‌ك بۆ لایه‌نی دووه‌م ناكرێت، چونكه ئه‌و ڕه‌نگه له كرده‌وه‌دا خاوه‌نی پڕۆژه‌ی مردنی له‌م جۆره بێت.
ده‌كرێت بڵێین مردن وه‌ك پڕۆژه پێوه‌ندی بهسایكۆلۆجیا و سۆسیۆلۆجیا و سیاسه‌ته‌وه هه‌یه، مردن پێوه‌ندی بهخهونیشهوه هه‌یه، چونكه مرۆڤ له‌پێناو به‌دیهێنانی شته نادیاره خه‌یاڵی و وێناكراوه‌كانی له شێوه‌ی خه‌ون، په‌نا وه‌به‌ر پڕۆژه‌ی مردن وه‌ك كرده‌یه‌كی دوژمنكارانه ده‌بات. (ئه‌نتیگۆنا) ده‌ڵێت "مردن كۆتایی به‌هه‌موو مشت‌ومڕێك ده‌هێنێت، ئایا له‌لای مردووه‌كان شتێك هه‌یه له مردن به‌هێزتر بێت". له هه‌مان كاتدا (ئه‌میل دۆرگهایم) كۆمه‌ڵناسی فڕه‌نسی به‌پشتبه‌ستن به بۆچوونه‌كانی (فرۆید) ئاماژه به‌دۆخی مردن ده‌كات و پێی وایه "له پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كێشه‌ی جۆراوجۆر بۆ تاك و هه‌ندێك جار بۆ گشتیش دروست ده‌بێت، ئه‌مه ده‌بێته هۆی شه‌ڕ و شۆڕ و نائارامی، ئه‌گه‌ر كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ ڕوو نه‌دات، ئه‌وا بێگومان خۆكوشتن وه‌ك حاڵه‌تێكی فه‌ردی، كه له ئه‌نجامی نامۆییه ڕوو ده‌دات". بڕوانه (سمكۆ محه‌مه‌د، ڕه‌هه‌نده‌كانی مردن، ٢٠١٦، هه‌ولێر).
هه‌ر كاتێك له ڕه‌هه‌ندی مردن بگه‌ین، له‌وه ده‌گه‌ین مردن پڕۆژه‌یه‌كه دژی ڕابردوو، پێوه‌ندی به فه‌شه‌ڵ، پێوه‌ندی به‌ڕق و ناكۆكی له‌كاتی تێپه‌ڕه‌وه هه‌یه، پڕۆژه‌ی مردنیش به‌شێكه له‌و تێڕوانینه‌ی به‌جۆرێك له (ڕاكردن له ده‌ست ڕابردوو) دێت، نه‌ك پڕۆژه‌یه‌ك بۆ دروستكردنی (ژیان له ئاینده‌دا).
وه‌ك (فۆكۆ) ئاماژه‌ی پێ كردووه، ئه‌گه‌ر (مردن سه‌رچاوه‌ی هه‌موو شتێك بووبێت)، ئه‌م ده‌ربڕینه ئاماژه‌یه بۆ ڕابردوو، به‌ڵام مه‌رج نییه (مردن له‌م سه‌رده‌مه‌دا) هه‌مان هێز و توانا و كاریگه‌ریی هه‌بێت. له‌به‌رئه‌وه نا كه پرۆسه‌ی مردن گۆڕاوه، نه‌خێر پرۆسه‌ی ژیان و بیركردنه‌وه له به‌دیهێنانی زمانێكی هاوبه‌ش گۆڕاوه.
بۆیه هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك پێچه‌وانه‌ی یه‌كبوون و یه‌كده‌نگی كوردستانی بێت، بریتییه له پڕۆژه‌یه‌كی ڕاشكاو و ئاشكرای مردن و خۆكوژی، ئاخر خۆكوژی بریتییه له‌نامۆبوون. نامۆبوون پێوه‌سته به‌دیارده‌ی پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ده‌روونی و سیاسی مرۆڤه‌وه.
بۆیه من له‌م دۆخه سه‌خته‌دا كه هه‌ندێك پێیان ده‌بێت (هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و كۆتایی) ببرێت، (سیاسه‌تی كه‌ری دێزه) پێڕه‌و ده‌كه‌ن، هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی لاوازكردن و له‌تكردنی هه‌رێم وه‌ك ئه‌وه ده‌بینم "كه‌سێك له سه‌ره‌مه‌رگ بێت و نه‌وه‌كانی بیانه‌وێت میراته‌كه‌ی به‌زه‌قه‌ی چاوان دابه‌ش بكه‌ن". ئه‌مه چ وێناكردن و دۆخێكی ئازاربه‌خشه.
ئێمه له دۆخێكی وه‌هادا كه جه‌نگێكی ئابووری و دارایی سه‌خت چاوه‌ڕوانمان ده‌كات، هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی له‌م جۆره، وه‌ك مردنێكی ڕۆحی ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌م جۆره مردنه زۆر له مردنی جه‌سته‌یی سه‌ختر و به‌ئازارتره. من وای ده‌بینم پڕۆژه‌یه‌كی له‌م جۆره له مردنێكی بۆگه‌نبووی مێژووی پتر له نیو سه‌ده‌ی رابردوو سه‌رچاوه‌ی گرتووه، باشه هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك كه سه‌رچاوه‌كه‌ی مردوویه‌كی هه‌قیقی بێت، چۆن ده‌توانێ بزاڤ و ژیانه‌وه و بژێوی دروست بكات. ئه‌م پڕۆژه‌یه كه بریتییه له ده‌ربازبوون بۆ مردن. واته له بنه‌ڕه‌تدا بیرۆكه‌یه‌كی بێ بایه‌خ و له هه‌مان كاتدا تۆقێنه‌ر ده‌بێت. بادانه‌وه بۆ ئه‌م پڕۆژانه، بادانه‌وه‌یه به‌ره‌و مردن.