هیچ ئازایه‌تییه‌كی تێدا نییه مرۆڤ له‌ڕێی عه‌قڵه‌وه و به‌شێوه‌یه‌كی لۆجیكی ئه‌و قسه قورس و سه‌ختانه بكات كه پێویسته بگوترێن، به‌ڵام هه‌موو كاتێك مرۆڤ به‌قسه‌ی نابه‌جێ و زمانێكی شڕی جنێوئامێز و دووركه‌وتنه‌وه له لۆجیك، خۆی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی تووشی شڵه‌ژان و گوشار و كاردانه‌وه‌ی توند و ڕه‌نگه هه‌ڕه‌شه‌یش بكات. دۆستێكم هه‌یه ده‌ڵێت نه هه‌موو سه‌ركه‌وتنێك سه‌ركه‌وتنه و نه هه‌موو دۆڕانێكیش دۆڕانه. هه‌ندێك دۆڕان به‌چێژه‌وه چه‌مكی سه‌ركه‌وتن به‌كار دێنن.
فیفتی فیفتی
له دوای ڕاپه‌ڕین، زۆرترین قسه له‌سه‌ر سیاسه‌تی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و كورسی و داهات و نان و ڕه‌نگ و مه‌رحه‌با و سنوور و زۆن و وشه و كتێب و زاراوه و چه‌ندانی تر، به فیفتی فیفتی كراون. ئه‌و سیاسه‌ته‌ی من یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی ده‌یان جار له نووسینه‌كانمدا به سیاسه‌تێكی نادروستی پینه‌كردن و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌م زانیوه، ئێسته‌یش ئه‌م سیاسه‌ته به‌هه‌ڵه ده‌زانم.
ئێمه پێویسته جیاوازی له نێوان دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات به‌نیوه به‌نیوه‌یی و هاوپه‌یمانی سیاسی و ئیداریی و ڕێككه‌وتن و ڕێككه‌وتنی ستراتیجی و دروستكردنی گوتاری هاوبه‌ش و یه‌كگرتووی نیشتمانی بكه‌ین. بۆیه پێویسته له جیاتی نیوه به‌نیوه‌ی برابه‌ش، بیر له ڕێككه‌وتن و هاوپه‌یمانی و به‌ره‌یه‌كی هاوسه‌نگ و متمانه‌دار و به كرده‌وه له نێوان لایه‌نه‌كان بكرێته‌وه. نه‌ك پرۆسه‌ی دیموكراتی و ده‌نگدان و قبووڵكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بكرێنه قوربانی (عه‌قڵێكی سیاسی كلاسیكی و رقههڵگرتووی توندڕه‌وی نیمچه شۆڕشگێڕانه‌ی سه‌رده‌می شاخ).
جیاوازی له نێوان ئیداره و شۆڕشدا
تا ئێسته‌یش له گوتار و شێوازی ئاخاوتن و گوتاری ڕاگه‌یاندن و هه‌ندێك به‌یانی لایه‌نه سیاسییه‌كاندا به‌ئاشكرا هه‌ست به‌شێواز و ڕه‌وتی شۆڕشگێڕانه ده‌كرێت، هه‌ندێك لایه‌ن نه‌یتوانیوه له شێوازه‌كانی سه‌رده‌می شاخ و خه‌باتی شۆڕشگێڕی ده‌ربازیان بێت و وه‌ك ئیداره و ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌یی هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن. ڕه‌نگه بپرسن، باشتر نییه ئاماژه به‌ناوی ئه‌و لایه‌نانه بكرێت؟. به‌ڵێ باشتره، ئه‌گه‌ر منیش ئاماژه‌ی ئاشكرای پێ نه‌كه‌م، خوێنه‌ر ده‌زانێت مه‌به‌ستمان كێیه و ئه‌و عه‌قڵ و شێوازیی بیركردنه‌وه له كوێ و له چ زۆنێكدا پتر باڵاده‌سته؟
بێگومان ناتوانم یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به خۆبه‌ستنه‌وه به عه‌قڵ و شێوازی كاری شۆڕشگێڕانه و سه‌رده‌می شاخ تۆمه‌تبار بكه‌م، چونكه ئه‌مه شێوازی بیركردنه‌وه و قه‌ناعه‌تی سیاسی و ئیداریی ئه‌و لایه‌نه كاریگه‌ر و به‌هێز و خاوه‌ن هێزه‌یه له هه‌رێمی كوردستاندا. یه‌كێك له‌و دیاردانه، هه‌ر كه پێ ده‌نێیته خاڵی پشكنین له‌ودیوی دێگه‌ڵه، له وێنه‌كانی سه‌ر شه‌قامه‌وه هه‌ست به‌وه ده‌كه‌یت كه تۆ هێشتا له ڕۆژانی سه‌ره‌تایی راپه‌ڕیندا ده‌ژیت. وێنه‌ی شه‌هیدان له‌سه‌ر شه‌قامه گشتییه‌كان، لاوازی و سستی ئاوه‌دانكردنه‌وه، دیارده‌ی چه‌ك، ته‌نیا ڕه‌نگه له ده‌موچاوی هه‌ندێك كه‌سدا هێشتا ته‌پوتۆزی بیرۆكه‌ی ڕاپه‌ڕین و به‌رده‌وامی ڕاپه‌ڕین به‌دی بكرێت.
ڕاپه‌ڕین.. له جیاتی چاكسازی
هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌ت نییه تا له قه‌واره و قه‌واره‌ی سیاسی و ئیداریی و ده‌ستووری خۆی نه‌ترسێت، پێم وایه ئه‌گه‌ر كوردستان ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بووایه، ڕه‌نگ بوو پرۆسه‌ی چاكسازی و ته‌نیا گۆڕانكاری له ده‌سه‌ڵات و بیركردنه‌وه له ڕاپه‌ڕینیش ئاكام و ئه‌نجامی جیاواز له‌وه‌ی ئێسته‌ی ده‌بێت. بۆ؟
هه‌ندێك به‌ئاشكرا له شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن وه‌ك بیرۆكه‌یه‌كی سیاسی، یان ڕقهه‌ڵگرتن له دژی لایه‌نێكی سیاسی، داوای گۆڕان، به‌واتای ڕووخاندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌كار ده‌هێنن. ئه‌م بیرۆكه‌یه ئه‌گه‌ر لۆكاڵی و خۆمانه و دوور له به‌رنامه و خواسته‌كانی داگیركه‌رانی كوردستان، به‌تایبه‌تی ئێران بێت، واتا و مه‌به‌ست و په‌یامێكی جیاوازی ده‌بێت. هه‌رێمی كوردستان پێویستی به چاكسازیی هه‌یه، نه‌ك ڕووخان و كۆتاهێنان به قه‌واره و ده‌سه‌ڵات.
هه‌رێمی كوردستان له گه‌ڕانه‌وه بۆ شێوازێكی دروست و گونجاوی دادپه‌روه‌رانه‌ی حوكمڕانی، هیچ به‌دیلێكی تری نییه. له هه‌مان گاڤدا ده‌بێت بزانین چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی ئاڵۆزیی درێژخایه‌نه، ئه‌و لایه‌نه‌ی بیه‌وێت پرۆسه‌كه‌ی به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام بدات، ده‌بێت ره‌چاوی ئازار و سه‌ختی هه‌نگاوه‌كان بكات.
پارتی براوه‌یه یان ته‌نیایه؟
پارتی له هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌می كوردستاندا ده‌نگی یه‌كه‌می هێنا و له هه‌ڵبژاردنه‌كانی تریشدا به هاوپه‌یمانی و یه‌كلیستی له‌گه‌ڵ ڕكابه‌ره سه‌رسه‌خته‌كه‌ی خۆی چووه هه‌ڵبژاردنه‌وه، له‌پێناو پاراستنی پرۆسه‌ی سیاسی، به‌ڵام ئه‌م شێوازه هیچ كاتێك نه‌یتوانی هه‌رێمی كوردستان له مه‌ترسی شه‌ڕی ناوخۆیی و ڕكابه‌ری سیاسی توند و خیانه‌ت و متمانه له‌ده‌ستدانی ناوه‌خۆیی و تۆمه‌تباركردنی یه‌كتر.. تاد بپارێزێت، به‌ڵام ئاشته‌وایی و ته‌ناهیی خزمه‌تێكی زۆری گه‌شه‌كردن و ئارامی و بووژانه‌وه‌ی كرد. ئه‌مجاره‌ش پارتی زۆرترین كورسی په‌رله‌مانی به‌ده‌ست هێنا، ئه‌م بردنه‌وه‌یه له سه‌رده‌مێكی ئاڵۆز و له قۆناغێكی قورس و پڕ كێشه‌دا بوو. بۆیه ئه‌م بردنه‌وه‌یه له بنه‌ڕه‌تدا ڕووبه‌ڕووی چه‌ند ئه‌گه‌رێك بووه‌وه:
یه‌كه‌م: هه‌ڵوێستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و هه‌ندێك لایه‌نی تر كه له سه‌ره‌تاوه به ڕاسته‌وخۆ، یان ناڕاسته‌وخۆ ئه‌وه‌یان پێشان دا، پارتی ناتوانێت به‌ته‌نیا براوه بێت و ئه‌م ڕێیه ته‌خت و سانا نییه و ده‌بێت چاوه‌ڕوانی كێشه و گرفت و گوشار و كۆسپه‌كانی ڕكابه‌ره‌كانی بێت. له هه‌مان كاتدا هه‌ندێك پارتیش له هه‌ندێك لێدواندا، هه‌رچه‌نده لێدوانی مه‌ركه‌زیش نه‌بوو، زوو كه‌وتنه ژێر كاریگه‌ریی سه‌ركه‌وتن و ڕایان گه‌یاند كه ئه‌وان به‌ته‌نیا ده‌توانن چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له یاساییه‌كان بكه‌ن. ئه‌مه‌یشیان له په‌رله‌مان وه‌ك مافێكی یاسایی و شه‌رعی تاقی كرده‌وه و توانییان بڕیار بده‌ن، به‌ڵام بڕیارێكی قورس و ئاڵۆز و پڕ كێشه.
دووه‌م: ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌توانێ له‌م قۆناغه پڕ كێشه (دارایی و ئابووری و سیاسی و ئاڵۆزه‌ی ناوچه‌كه) وه‌ك براوه‌ی یه‌كه‌م له ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانی سیاسی لایه‌نه‌كان، ته‌واوی به‌رپرسیارێتی سیاسی و ئه‌خلاقی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵگرێت؟. پێم وایه كارێكی قورسه، بڕیاری له‌م جۆره جۆرێك له‌سه‌ركێشی پێوه دیاره. بۆیه پێویسته بیر له هاوپه‌یمانیی ڕاسته‌قینه و به‌هێزكردنی یاسا و دامه‌زراوه‌كانی كوردستان و یه‌كخستنی گوتاری سیاسی و جه‌ماوه‌ری و یه‌ك هاووڵاتی له هه‌رێم بكرێته‌وه.
یه‌ك هاووڵاتی
به‌داخه‌وه له ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی هه‌ندێك لایه‌ن پیاده‌ی ده‌كه‌ن، خه‌ریكه هاووڵاتیی كوردستان، به‌پێی شار و ناوچه‌كانیان (هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن و بیر بكه‌نه‌وه و بكه‌ونه ژێر هه‌ژموونی خراپی حزبایه‌تی). له كاتێكدا دنیا به‌ره‌و یه‌ك (هاووڵاتیی جیهانی) ده‌چێت، پێویسته ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان زه‌وینه‌سازی بۆ پته‌وكردنی گیانی هاووڵاتیبوون له (ئه‌رك و ماف)دا بكات. یه‌ك هاووڵاتی له هه‌رێمدا بكاته دروشمی ناوه‌ندی و سه‌ره‌كی.
چه‌مكی هاووڵاتیبوون، یه‌كێكه له‌و دروشمانه‌ی به‌ستراوه‌ته‌وه به یاسا و مافه مه‌ده‌نی و هه‌نگاوه دیموكراسییه‌كان و خزمه‌تگوزاری و ئازادی ژیان و جووڵه و نیشته‌جێبوون و پێكهێنانی خێزان و خوێندن و ته‌ندروستی و ئارامی و ئاسایش و گه‌شتوگوزار و سه‌ردان.
له‌م ڕۆژانه‌دا بۆمان ده‌ركه‌وت مافی هاووڵاتیبوون له چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌ك كارتێكی به سیاسیكراو ده‌ركه‌وت و چاره‌نووسی ته‌ندروستی و ئاسایشی ژیان و بیركردنه‌وه‌ی هاووڵاتی، وه‌ك پاشكۆیه‌كی سیاسی ڕیسواكهرانهی ئاژاوه‌گێڕ، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كرا.
یه‌ك هه‌رێمی لاواز.. له فره لامه‌ركه‌زیی به‌هێز، باشتره
مه‌به‌ستم له یه‌ك هه‌رێمی لاواز، ئه‌وه نییه لایه‌نه‌كان پێگه و حوكمڕانی بۆ خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان به‌كار بێنن و نادادپه‌روه‌ریی زیاد بێت و هاووڵاتییان یه‌كسان نه‌بن له ماف و ئه‌ركدا، به‌ڵكو بۆ چاره‌نووسی كوردستان هه‌رده‌م یه‌كبوونێكی لاواز و نابه‌دڵ باشتره له له‌تبوون و خۆبه‌ڕێوه‌بردنێكی لامه‌ركه‌زیی لۆكاڵی به‌هێز، چونكه ئه‌مه‌ی دووه‌میان هه‌نگاوی یه‌كه‌مه بۆ له‌تبوون و ئینجا خۆڕاده‌ستكردن به دوژمن، یان زه‌وینه‌سازییه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه ناحه‌زه‌كانمان بتوانن به ئاسانی ئه‌و قه‌واره سیاسی و ده‌ستووری و یاساییه‌ی وه‌ك به‌رهه‌می سه‌دان ساڵ قوربانی به‌ده‌ست هاتووه، به ته‌نیا فوویه‌ك بخات.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێكهێنانی كابینه و حكوومه‌ت له سلێمانی ئه‌زموون كرد، ده‌ركه‌وت كارێكی گونجاوی تاسه‌ر نییه، ئه‌مه له كرده‌وه دوو ده‌سه‌ڵات و ئیداره و حوكمڕانی جیاواز بوو. پرسیارێك ئه‌گه‌ر (به‌خته‌وه‌ری و خزمه‌تگوزاری و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری و سه‌روه‌ری و هێز) له‌ناو ده‌سه‌ڵات و ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌دی نه‌هات، چۆن له ته‌نیا (لامهركهزییهك) به‌دی دێت؟.
ئه‌گه‌ر كوردستان ده‌وڵه‌ت بووایه، مه‌سه‌له‌كه ده‌توانرا به جۆرێكی تر لێك بدرێته‌وه، هه‌رچه‌نده هیچ ده‌وڵه‌تێك نایه‌وێت به‌شێك له خاك و ده‌سه‌ڵات و هێزی خۆی له‌ت بكات و خۆی لاواز بكات. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، عه‌ره‌ب له به‌غدا نایانه‌وێت ددان به مافی ده‌وڵه‌تبوونی كوردستاندا بنێن، كه نه‌ته‌وه و زمان و كولتوور و خاكێكی جیاوازیشیان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا هه‌یه، بۆ؟
چونكه پێیان وایه له‌تبوون ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی لاوازیی بۆ ئه‌وان. هه‌رچه‌نده ئه‌م نموونه‌یه جیاوازییه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌گه‌ڵ لامه‌ركه‌زی (سیاسی و ئیداری و دارایی) له نێوان سلێمانی و هه‌ولێر - دهۆك هه‌یه.
به‌غدا له نێوان چاره‌سه‌ر و سه‌ربڕیندا
ناكۆكی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌لایه‌ك و ئینجا هه‌ڵوێسته‌كانی (گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و نه‌وه‌ی نوێ)، گوتاری كوردستانیان له به‌غدا دابه‌ش كردووه. ئه‌م دابه‌شكردنه لای هه‌ندێك وه‌ك چاره‌سه‌ر سه‌یر ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێی هاوكاری و دروستكردنی متمانه لای هێزه عه‌ره‌بییه مه‌زه‌وییه‌كان، پێگه‌ی خۆیان به پله‌ی یه‌كه‌م دژی پارتی له هه‌رێمی كوردستان به‌هێز بكه‌ن. دووه‌میش پێی وایه چاره‌سه‌ر له به‌غدایه و به‌غدا ده‌بێته فریادڕه‌سی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم تاوانبارن و ده‌بێت سزا بدرێن. له كرده‌وه‌دا ئه‌م بیرۆكه‌یه ترسناكترین بیرۆكه‌یه و كاریگه‌ریی دروست كردووه و ئێسته هاووڵاتییانیش وه‌ك قوربانی وان. سێیه‌م: پارتی دیموكراتی كوردستان نایه‌وێ هه‌موو كارت و شتێك به یه‌كجار بداته ده‌ست به‌غدا، ئه‌مه‌ش پێوه‌ندی به‌دوو شته‌وه هه‌یه: یه‌كه‌م له ململانێدا نابێت یه‌كسه‌ر و به‌یه‌كجار كارته‌كان به‌كار بهێنرێن. دووه‌م، له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه هێشتا ئاماده نییه ددان به‌و ڕاستییه‌دا بنێت كه نه‌هێڵرا سیاسه‌تی (ئابووری سه‌ربه‌خۆ) سه‌ربگرێت.
سیاسه‌تی دژایه‌تی ئه‌م سیاسه‌ته له ناوه‌خۆ زۆر به‌هێزتر بوو له ده‌ره‌وه، دوای ئه‌وه جۆرێك له هاوئاهه‌نگی لایه‌نه دژه‌كانی ئه‌م سیاسه‌ته له ناوخۆ و به‌غدا و هه‌رێمایه‌تی دژی سیاسه‌تی دارایی هه‌رێم، دروست بوو. ئه‌مه‌ش زیانێكی گه‌وره‌ی ده‌روونی و دارایی به هه‌رێمی كوردستان گه‌یاندووه. ده‌بێت ئاماژه به‌وه بكه‌م كه ئه‌وانه دژی ئه‌و بیرۆكه‌یه بوون، هه‌ر ته‌نیا له دژی ئه‌وه نه‌بوون هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی ئابووری سه‌ربه‌خۆ بێت، به‌ڵكو یه‌كه‌م له‌ژێر كاریگه‌ری پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌م دژایه‌تییه په‌ره‌ی پێ درا. دووه‌میش ترسیان له‌وه‌بوو، پارتی له‌م ڕێیه‌وه ده‌بێته خاوه‌نی سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی و ئابووری به‌هێزی درێژخایه‌ن، له ئاكامدا ناتوانن ئه‌و هێزه سیاسییه شكست پێ بێنن.
نه‌وشیروان مسته‌فا له‌م ڕوانگه‌یه‌وه به‌وردی كاری كرد و هه‌ندێكی ناو یه‌كێتیش زه‌وینه‌ی تێكشكاندنی ئه‌م بیرۆكه‌یان له‌گه‌ڵ نووری مالیكی به‌كرده‌وه جێبه‌جێ كرد. تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی له ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر له‌ژێر ناو، یان به بیانووی ئه‌نجامی ڕیفراندۆم، نیوه‌ی خاكی هه‌رێمی كوردستان به كه‌ركووكه‌وه راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی و به‌غدا له‌ژێر چاودێری ئێران و پێخۆشحاڵی توركیا و چاوپۆشی ئه‌مه‌ریكا و به‌هاندانی به‌ریتانیا، ئه‌نجام بدرێت. تا ئه‌و سنووره‌ی هه‌رێمی كوردستان له واقیعدا بسڕنه‌وه.
من به‌غدا به چاره‌سه‌ر نابینم، به‌غدا ته‌نیا لایه‌نێكی به‌هێزی چارسهرییهكانه، به‌هه‌موو توانا و هێزیه‌وه كار ده‌كات هه‌رێمی كوردستان بخاته‌وه ئاستی سفر، ئێسته له‌ڕووی داراییه‌وه جینۆسایدی هاووڵاتییانی كوردستان ده‌كات، كاتی خۆی جاشه‌كان هاوكاری سوپای داگیركه‌ری كوردستانیان ده‌كرد، گونده‌كان و دانیشتووانی هه‌ندێك شارۆكهیان ئه‌نفال ده‌كرد، كه‌چی ئێسته هه‌ندێك ده‌یانه‌وێت هاوبه‌شی جینۆساید دارایی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.
ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵه‌كه‌ی له چیدا بوو؟ پێم وایه لایه‌نه ڕكابه‌ره‌كانی پارتی ڕكابه‌ری و ملیان له‌سه‌ر داهاته، نه‌ك خزمه‌تی هاووڵاتی و شێوازی حوكم و بهسهردهمیكردنی سیستمی حوكمڕانی و په‌ره‌پێدانی دادپه‌روه‌ری، ئه‌گه‌رنا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه هه‌ولێر و سلێمانی كۆنترۆڵ كردبوو، ده‌یتوانی خزمه‌تی هاووڵاتییان بكات و نه‌هێڵێت پارتی جارێكی تر وه‌ك هێزێكی ناوچه‌ی سۆران ده‌ربكه‌وێته‌وه، نه‌خێر ئه‌وكات و ئێسته‌یش یه‌كێتی كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی (گومرگ) ده‌كات.
من ناڵێم ئه‌مه بیركردنه‌وه‌یه‌كی ڕه‌وا نییه كه داهات به‌ده‌ست بخه‌یت، به‌ڵام كارێكی مه‌ترسیدار ده‌كه‌یت، هه‌موو ده‌سه‌ڵات و خزمه‌ت به داهات و قۆرخكردنی داهات ببه‌سترێته‌وه. بێگومان ئه‌م سیاسه‌ته بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی گه‌نده‌ڵی.
گه‌نده‌ڵی، سه‌ری زۆری خواردووه
یه‌كێك له‌و دیارده خراپ و بكوژانه‌ی كۆمه‌ڵگه تووشی بێ ئومێدی و داته‌پین و نادادی و نایه‌كسانی و تووڕه‌یی و فه‌شه‌ل ده‌كات، گه‌نده‌ڵییه. ددان به‌وه‌دا دانراوه گه‌نده‌ڵی شۆڕ بووه‌ته‌وه ناو (ویژدان و بیر و دامه‌زراوه و حزب و كۆمه‌ڵگه)، بۆیه چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه پرۆسه‌یه‌كی ئێجگار قورسه. بۆ؟
دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی له زۆر وڵاتی دنیادا بووه‌ته كرده‌وه‌یه‌كی پێچه‌وانه و له جیاتی چاره‌سه‌ر، به‌پێچه‌وانه‌وه ڕێگری و كۆسپی بۆ دروست كراوه، بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی (چاكسازی) سه‌رنه‌گرێت. له كوردستاندا كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێم بڕیاری چاكسازی دا و په‌رله‌مانی كوردستانیش یاسای تایبه‌تی چاكسازی ده‌كرد.
گۆڕان ده‌ڵێت من بۆ چاكسازی دروست بووم، یه‌كگرتوو ده‌ڵێت ئێمه وه‌ك ئاین و سیاسه‌ت بۆ چاكسازی سیاسه‌ت ده‌كه‌ین، كۆمه‌ڵ خه‌نجه‌ری نیوهكێش كردووه بۆ دژایه‌تی گه‌نده‌ڵكاران. ئه‌وانه (پارتی و یه‌كێتی) به گه‌نده‌ڵی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن. یه‌كێتیش خه‌ریكه شانه‌كه له‌سه‌ری پارتی ده‌شكێنێته‌وه و پارتیش له هه‌رێمی كوردستاندا له‌ناو قه‌یرانی بێ مووچه‌یی و دارایی، خۆی وه‌ك تاكه هێز بۆ چاكسازی و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵكاریی پێشان ده‌دات. له شاشه‌كانی ته‌له‌ڤزیۆندا هه‌موو لایه‌نه‌كان بانگه‌شه‌ی چاكسازیی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له كرده‌وه‌دا ترسیان له تۆرانی سه‌دان هه‌زار ئه‌ندامیان ده‌بێت كه كوته‌كی چاكسازی دایاندهوهشێنێت.
ئه‌گه‌ر چاكسازیی دژی گه‌نده‌ڵكاری له بواری (ئیداریی و دارایی) له هه‌ولێر و دهۆك بكرێت، كارێكی قورسه به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی و به‌شداری یه‌كێتی له پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه. ئایا پارتی و سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان خۆیان ده‌كه‌نه قوربانی سیاسه‌تێك كه سه‌رتاپاگیری نه‌بێت؟ یان چاكسازی چۆن سه‌رده‌كه‌وێت ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی تر له زۆنه‌كه‌ی تر ئاماده نه‌بن هیچ چاكسازییه‌ك بكه‌ن و ده‌ستبه‌رداری سه‌دان مووچه‌خۆری بندیوار و خانه‌نشینی پله‌باڵای نایاسایی و ئیلتیزام به یاسای چاكسازی نه‌بن؟.
ته‌ندروستی و زانست
دوو كه‌رتی ئێجگار گرنگ كه پێوه‌ندییان به ئاسایشی ته‌ندروستی و ژیانی هاووڵاتییانه‌وه هه‌یه، ده‌بێت حكوومه‌ت له‌پێناو چاره‌سه‌ری كه‌رتی ته‌ندروستی و ئیداره‌دانی ئه‌م بواره و چاره‌سه‌ری پزیشكی مرۆییانه و راگرتنی بازرگانی به نه‌خۆش، هه‌نگاوی رژد و به‌هێز بنێت.
له بواری زانستیش پێویسته چاكسازی له بواری په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا و سیستمی خوێندن و توێژینه‌وه‌ی زانستی بكرێت، چونكه به كرده‌وه زاكۆكان له هه‌موو دنیا سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی فكری و توێژینه‌وه و په‌ره‌پێدانی سه‌رچاوه‌ی مرۆیی و هاوكاری ستراتیجی په‌ره‌پێدانی بواره هه‌مه‌جۆره‌كانی وڵاتن، نه‌ك وه‌ك بوارێكی داهێزراوی دوور له فكر و توێژینه‌وه و داهێنان، به‌ڕێوه بچێت. بۆ په‌روه‌رده‌یش به‌هه‌مانشێوه، قوتابخانه‌ی ئه‌هلی به‌واتای پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردن نایه‌ت.
چاره‌سه‌ر
هه‌موو ئاماژه‌كان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن ده‌بێ پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه سیاسییه‌كانی تریش به‌دوای جێگره‌وه‌ی تری سیاسی بۆ دروستكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كی باش و هاوسه‌نگ و متمانه‌دار بگه‌ڕێن. ئێمه ده‌زانین دواین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هاوكێشه‌ی هێز و پێكهاته‌ی سیاسی گۆڕی، ڕه‌نگه له هه‌ڵبژاردنی داهاتووشدا، ئه‌م گۆڕانكارییه شێوه‌یه‌كی نوێی تر به‌رهه‌م بهێنێت.
چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك حزبی براوه‌ی یه‌كه‌م ده‌رگای ماڵه گه‌وره‌كه‌ی به‌ڕووی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كاندا به یه‌كسانی بكاته‌وه، خۆی و هه‌رێم له‌و قه‌یرانه ده‌رباز بكات. هه‌روه‌ها پێویسته سه‌رۆك بارزانی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی نیشتمانی، وه‌ك هه‌موو جاره‌كانی تر ڕابگه‌یه‌نێت و وه‌ك ڕێبه‌ر و سه‌ركرده‌یه‌كی خاوه‌ن چاره‌سه‌ر به‌گیانی لێبورده‌یی، لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ و ده‌رفه‌تێكی تر بكاته‌وه.
پێویسته پارتی و یه‌كێتی دابنیشن و چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌ش بكرێت كه دوای كۆنگره‌ی یه‌كێتی دروست بووه. سه‌ركێشی یه‌كێتی و كرده‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه بمێنێت كه دژایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر پارتیش هێڵی سووری هه‌بێت، نه‌مێنێت. ئه‌مه‌ش به ڕێككه‌وتنێكی رژد و متمانه‌دار و به ئیلتیزام ده‌كرێت، ناكرێ یه‌كێتی له حكوومه‌ت بێت و ئۆپۆزسیۆنیش بێت، وه‌ك چۆن ناكرێت پارتیش وا بیر بكاته‌وه براوه‌ی یه‌كه‌مه و ده‌بێت هه‌موو شتێك به‌پێی ئاره‌زووی ئه‌و به‌ڕێوه بچێت.
كوردستان پێویستی به سیاسه‌تێكی ستراتیجی ژیرانه‌یه، پێویسته هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌یه‌ك گوتاری سیاسی هاوبه‌ش له به‌غدا و پرسه كوردستانییه ستراتیجییه‌كان و پێوه‌ندییه هه‌رێمایه‌تییه‌كان و هێزی به‌شه‌كانی تری كوردستان و كێشه هاوبه‌شه كوردستانییه‌كان كار بكه‌ن. له هه‌مان كاتیش‌دا له‌پێناو خزمه‌تی هاووڵاتی و په‌ره‌پێدانی توانای خزمه‌تگوزاری گشتی، ڕكابه‌ری مه‌ده‌نی و ڕاگه‌یاندن و سیاسی یه‌كتر بن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێی به‌رنامه و خزمه‌ته‌وه ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان ببه‌نه سه‌ره‌وه. نابێت حزبه‌كان هه‌موویان وه‌ك یه‌ك بیر بكه‌نه‌وه، به‌ڵام ده‌كرێت ڕێككه‌وتن و سیاسه‌تی هاوبه‌شیان هه‌بێت.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته:
یه‌كه‌م: چاره‌سه‌ری كێشه‌ی دارایی و بژێوی بكرێت.
دووه‌م: چاكسازییه‌كی به كرده‌وه ئه‌نجام بدرێت و ئه‌و لایه‌نه‌ی دژی ده‌وه‌ستێت، به داتا و به‌ڵگه‌وه بخرێته به‌رده‌م ڕای گشتی.
سێیه‌م: چاكسازیی ئیداریی زۆر گرنگ و پێویسته.
چواره‌م: یاسا بكرێته پێوه‌ر و سه‌رچاوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، دوور له ده‌سه‌ڵاتی حزب و ڕێگرییه‌كانی.
پێنجه‌م: ڕاگه‌یاندن ئه‌ركی بیناكردن و پێدانی زانیاریی دروست و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی هه‌رێمی كوردستان بێت، نه‌ك ببێته سه‌رچاوه بۆ چه‌واشه‌كاری و تێكدانی كه‌سایه‌تی و بیركردنه‌وه‌ی تاك. سۆشیال میدیا نه‌كرێته شوێنی بڕیار و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له سیاسییه چاره‌نووسسازه‌كان.