له مێژووی سیاسیی گه‌لاندا گه‌لێك جۆری خیانه‌ت كراوه، له خیانه‌تی سیاسی تا سه‌ربازیی، ئه‌مانه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌ك به‌شێك له مێژووی مرۆڤایه‌تی ده‌خوێندرێن. له كرده‌وه‌دا وشه‌ی (خیانه‌ت) بریتییه له هێما و نیشانه‌یه‌كی ئێجگار خراپ، هیچ كه‌سێك تا ئه‌وانه‌ی به‌كرده‌وه خیانه‌تكاریش ده‌كه‌ن، ئاره‌زووی ئه‌وه ناكه‌ن پێیان بگوترێت خیانه‌تكار. له‌ناو كولتووری كوردیدا ئه‌گه‌ر وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی ئاسایی و لاقرتێ و بۆ پێكه‌نینیش به‌یه‌كێك بگوترێت خیانه‌تكار، له داخدا سوور ده‌بێته‌وه و دوور نییه ده‌ست بۆ خه‌نجه‌ری زمان و چه‌قۆی به‌ر پشتیشی ببات، چونكه ڕاستییه‌كه‌ی پێ ناچێت هیچ وشه‌یه‌ك به‌قه‌د وشه‌ی خیانه‌ت، كاریگه‌ر و ئابڕووبه‌ر بێت.
خیانه‌ت وشه‌یه‌كی قورس، كرده‌وه‌یه‌كی قێزه‌ون و ئه‌نجامێكی ترسناكی ده‌بێت. له فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌ر كه‌سێك خیانه‌ت له هاوسهكهرهی بكات، سزاكه‌ی ته‌ڵاق و له كۆمه‌ڵگای كلاسیكی پیاوسالاریشدا به كوشتن و له‌ناوبردن و نه‌فیكردن و شاربه‌ده‌ر یه‌كلا ده‌بێته‌وه. خیانه‌تی ئابووری و بازرگانی داته‌پینی بازرگانییه‌كه و نه‌مانی متمانه له نێوان كه‌سه‌كان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كۆمپانیاكانه. خیانه‌تی دیپلۆماسی ده‌ركردن و سزادان و لێپێچانه‌وه‌ی توندی سزائامێزی چوزاندنی به‌دواوه‌یه. خیانه‌تی نیشتمانی بێگومان قورسترین و خراپترین جۆری خیانه‌ته، چونكه خیانه‌تكار له‌م دۆخه‌دا به‌ته‌نیا زیان به تاكه كه‌سێك، گرووپێك، ده‌زگایه‌ك و لایه‌نێك ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو زیان و مه‌ترسی بۆ سه‌رتاپای نیشتمان دروست ده‌كات، بۆیه سزاكه‌ی سزایه‌ك ده‌بێت، تین و تاو و ڕق و خواستی به‌شی هه‌ره‌زۆری هاووڵاتییانی تێدا به‌رجه‌سته ده‌بێت.
خیانه‌ت، جیاوازه له‌گه‌ڵ ململانێی سیاسی و بوونی پڕۆژه و ستراتیجی جودا، خیانه‌ت سڕینه‌وه‌ی به‌ها ئه‌خلاقی و مرۆیی و سیاسی و ده‌ستوورییه‌كانه، خیانه‌ت له بنه‌ڕه‌تدا یه‌ك ئه‌رك و په‌یام و گوتاری تێدایه ئه‌ویش "ڕووخاندنی هێز و ده‌سه‌ڵات و قه‌واره‌ی ڕكابهرهكهیهتی". له‌كاتێكدا جیاوازی بیروڕا په‌ره‌پێدانی توانا و هێز و پێگه ههمهلایهنهكانه.
هه‌ندێك خیانه‌تی سه‌ربازیی و كه‌وتنه پێش سوپاسی داگیركه‌ر و دوژمن، یان هاوكاریی دوژمنان بۆ لێكدان و له‌ناوبردن و لاوازكردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیی، وه‌ك به‌شێك له كاره‌ساتی مێژوویی مرۆڤایه‌تی دێته خوێندن. كاتێك (ناپلیۆن) له ساڵی ١٨١٢ ده‌یویست پێگه و شكۆی فڕه‌نسا له ئه‌وروپا دروست بكاته‌وه، په‌لاماری ئه‌ڵمانیای دایه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی خیانه‌تی (سهكسۆنییهكان) پشتكردنه سوپای فڕه‌نسا له شه‌ڕی لایبزیگ، ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وبوو خیانه‌ته‌كه سوپاسی ناپلیۆنی تووشی شكان و پاشه‌كشه كرد. (میر جه‌عفه‌ر) كه ڕه‌گێكی ده‌چێته‌وه سه‌ر عه‌ره‌بان، ده‌چێته هیندستان و له به‌نگال هاوكاری (سیراجه‌دین/ عه‌لی فاردی جان) ده‌كات، به‌ڵام له كۆتادا هاوكاری سوپای به‌ریتانیا دژی سیراجه‌دینی ده‌سه‌ڵاتداری به‌نگال ده‌كات و ده‌یڕووخێنن. خیانه‌ت له‌ناو عه‌ره‌ب و فارس و توركدا زۆره، كورد كه هه‌میشه بێ ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌یه‌كی چه‌سپیویی خاوه‌ن شكۆی كوردستانی بووه، به‌رده‌وام له‌لایه‌ن هێزه داگیركه‌ره‌كانه‌وه به‌كار هێنراوه.
ئێمه ئه‌وانه‌ی له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا ده‌ژین، پێشتر ته‌نیا له‌ڕێی گێڕانه‌وه‌ی زاره‌كی، یان ژماره‌یه‌كی كه‌می لاپه‌ڕه مێژووییه‌كان باسی خیانه‌ت و مێژووی بنكۆڵكردن و ڕووخانی ڕكابه‌ره هاوخوێنه‌كانی خۆمان بیستووه، وه‌ك خوویه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌فتار و كاردانه‌وه‌ی كه‌سی و ده‌روونی لای هه‌ندێك تاكی كورد وه‌سف كراوه. به‌درێژایی مێژووی سیاسیی كورد، كرده‌ی خیانه‌تكردن هه‌بووه، به‌شی زۆری ئه‌و خیانه‌تانه‌ش هاوكاری هه‌ندێك كورد بۆ دوژمنان بووه، دژی لایه‌نێكی خۆیی كوردی تر و ئامانجیش كۆتاهێنان به شكۆ و هێز و ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و جیۆگرافی و ده‌روونیان بووه، نه‌ك فشار و گۆڕینی ڕه‌وشه‌كان.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له به‌شێكی ڕاگه‌یه‌نراوێكدا له بیرهێنانه‌وه‌ی خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ردا ده‌ڵێت: "١٦ی ئۆكتۆبه‌ر، ده‌رئه‌نجامی زنجیره‌یه‌ك پێشبینی هه‌ڵه و بڕیاری نه‌خه‌مڵیوی سیاسی و ستراتیجی بوو، كه له‌ڕیفراندۆمدا فۆرمه‌ڵه كرا و ئه‌نجامه‌كه‌ی به‌كاره‌سات بۆ دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان و پاشه‌كشێ له ده‌سكه‌وته گرنگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆتایی هات و دووبه‌ره‌كی و ئاژاوه و دۆڕاندنێكی گشتیی ناوخۆیی به دوای خۆیدا هێنا". له‌م هه‌ڵوێسته‌دا یه‌كێتی ناڵێت خیانه‌تمان نه‌كرد، به‌ڵكو پاساوێكی نالۆجیكی و فریوده‌رانه بۆ ئه‌م كاره خراپه ده‌هێنێته‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌مه پێشانی ده‌دات ئه‌وان دژی ڕیفراندۆم بوون. ده‌رهێنانی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی تر بوو له‌ژێر ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی كورد و پێشمه‌رگه. ١٦ ئۆكتۆبه‌ر هه‌نگاوێكی به‌كرده‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆیه بۆ دروستكردنی (دووبه‌ره‌كی و ئاژاوه و دۆڕانی گشتیی). هاوكاری سوپای عێراقیان كرد و نه‌شیانتوانی كه‌ركووك بپارێزین، به‌ڵكو سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌بكردن له ئه‌نجامی خیانه‌تی ١٦ ئۆكتۆبه‌ردا فره و مه‌ترسیدارتر بووه!
خیانه‌ت خۆش بووه. سه‌ره‌تا گوتمان جۆره‌كانی خیانه‌ت چین و ته‌نیا خیانه‌ت له تاكه‌كه‌سێكیش سزا و كاردانه‌وه و لێپێچانه‌وه‌ی تێدایه، ئه‌گه‌ر خیانه‌ته‌كه پێوه‌ندیی بهدۆڕانێكی گشتگیر و هاوكاری ئاشكرا و نهشاردراوهی هێزێك و لایه‌نێك و گرووپێك و كه‌سێكه‌وه بۆ دوژمنان هه‌بێت، پرسه‌كه قورس‌تر و قسه‌كردن له‌مباره‌وه پێویستی به‌لێكدانه‌وه و لێپرسینه‌وه‌ی قووڵتر و سزای قورس‌تر ده‌بێت. پێویسته دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتمانی بۆ لێكۆڵینه‌وه و شیكردنه و ده‌رنجامه‌كانی هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه هه‌بێت.
ئێمه هه‌میشه له‌ڕێی لاپه‌ڕه مێژووییه‌كانه‌وه خیانه‌تی لهوهپێشمان بیستووه، كه‌چی ئه‌مڕۆ خۆمان تێیدا ده‌ژین و ده‌یبینین و بڕیاری لێ ده‌ده‌ین و ده‌ینووسینه‌وه و ده‌یكه‌نه به‌شێك له مێژووی به‌یانیمان. واته تێگه‌یشتن و درككردن له‌باره‌ی خیانه‌ت و ئامانج و ئاكامه‌كانی خیانه‌تكردن ئاسانتر و ڕوونتره. پێشتر هه‌میشه ده‌مانگوت دواكه‌وتن و كوێره‌وه‌ری و پاشه‌گه‌ردانی گه‌لی كوردستان، پێوه‌سته به‌دڕنده‌یی و هۆڤایه‌تی داگیركه‌رانه‌وه، كه‌چی ئه‌وه‌ی ئێسته ئێمه خۆمان ده‌یبینین، به‌شێكی زۆری به‌پێچه‌وانه‌وه پێوه‌ندیی به‌بیركردنه‌وه و كه‌سایه‌تی و له مێژوو نه‌ترسانی هه‌ندێك تاكی كورده‌وه هه‌یه، كه هه‌میشه مه‌یل و ئاره‌زوویان به‌ره‌و خیانه‌ت و هاوكاریی و ڕێنیشانده‌ری دوژمنه‌كان بووه.
خیانه‌ت هێنده خۆش و سواوه و ئاسان بووه كه ئه‌وانه‌ی له میله‌ت هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه، ده‌سه‌ڵات و توانا و وزه به‌خۆیان ده‌به‌خشن به‌ڕوویه‌كی قایم و له شێوه‌ی هه‌قایه‌تێكی هه‌ڵگه‌ڕاوه ڕووداوه‌كان بگێڕنه‌وه و خیانه‌ت وه‌ك مۆدێل و سیاسه‌ت و ستراتیجێكی ڕه‌وا شی بكه‌نه‌وه. خیانه‌ت هێنده خۆش بووه، كه‌سانێك ته‌بریر بۆ خیانه‌ت بهێننه‌وه، ڕیفراندۆم بكه‌نه سه‌رچاوه و هۆكار و كاردانه‌وه بۆ خیانه‌تكردن.
هه‌ر خیانه‌تێك هه‌رچه‌نده ڕه‌تكراوه و جێی قبووڵیش نه‌بێت، به‌ڵام سیاسی و ناكۆكی له‌سه‌ر داهات و ده‌سه‌ڵات و خۆسه‌پاندن و كۆنترۆڵی حكوومه‌ت و پێوه‌ندیی سیاسی بێت، ئه‌گه‌ر تهبریریشی بۆ بهۆنرێته‌وه دوور نییه بۆ ماوه‌یه‌ك هه‌ندێك به‌ئاسایی وه‌ربگرن، به‌ڵام ته‌بریر بۆ خیانه‌ت دژی ڕیفراندۆم خراپترین و سووكترین ته‌بریره. خراپترین خیانه‌ت ئه‌وه‌یه، ئه‌نجامده‌رانی كرده ڕێسواییهكه، به‌ئاشكرا و له به‌رچاوی خه‌ڵك ده‌سه‌ڵات و شه‌رعییه‌ت به‌خۆیان بده‌ن، له جیاتی داوای لێبوردن له ڕای گشتی، ته‌بریر بۆ خیانه‌تكردن بهێننه‌وه. تهبریرهكهش ئه‌وه بێت له دو‌ژمنێك توندتر دژی (ڕاپرسی گشتی گه‌لی كوردستان) بێت و پێی وابێت خیانه‌ت ڕێیه‌كی شه‌رعییه بۆ پاراستنی (كه‌ركووك) و پێش‌گرتن له(ئاژاوه و دووبه‌ره‌كی)، له‌كاتێكدا خیانه‌ت خۆی له‌خۆیدا بۆ ئه‌وه بوو (كه‌ركووك) له ده‌ستی كورد ده‌ربهێنن و چیتر پێشمه‌رگه ئه‌و ناوچه‌یه نه‌پارێزێت و (ئاژاوه و دووبه‌ركی) دروست بكات.