تره‌مپ سه‌رسه‌ختترین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌شێواز و قه‌ناعه‌تی تایبه‌تی و كه‌سی خۆی، پێی وابوو نادۆڕێت و گوتی "من كه‌سێكم حه‌زم له دۆڕان نییه"، به‌ڵام ده‌ركه‌وت نه‌یتوانی متمانه‌ی پێویست به‌ده‌ست بهێنێت و به‌ڕێژه‌ی ٢١٤ به‌رانبه‌ر ٢٧٣ به بایدن دۆڕا . بایدن چوار ملیۆن ده‌نگی پتر له تره‌مپی هێنا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له (په‌نسلڤانیا) بدۆڕیایه، دوور نه‌بوو تره‌مپ توندتر پێداگری له‌سه‌ر بردنه‌وه بكات. له سه‌ره‌تای ده‌نگدانه‌وه گوتیان (په‌نسلڤانیا) بڕیار ده‌دات كێ سه‌رۆك بێت.
تره‌مپ گوتی "ڕاپرسییه‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی ده‌نگده‌رانی ئه‌و به‌خراپی هه‌بوو". گوتی "سیسته‌مه‌كه‌مان داڕزیوه و فاسیده"، گوتی "جۆ بایدن كه‌سێكی خه‌واڵووی بێ هێزی خه‌وتووه". به‌ڕاشكاوی گوتی "هه‌ڵبژاردنیان دزی". گوتی "ئه‌گه‌ر من نه‌یبه‌مه‌وه، هه‌ڵبژاردنه‌كه ساخته‌ی تێدا ده‌كرێت!".
سیاسه‌ت كه‌سی تا سه‌ر به‌خێو نه‌كردووه، باشه ده‌بێ ئێسته تره‌مپ له چ دۆخێكی ده‌روونیی سه‌ختدا بێت، خوا بكه تووشی جه‌ڵته‌ی مێشك نه‌بێت. ده‌بێ بیر له چ جۆره گوتارێك بكاته‌وه، چی به‌خه‌ڵك بڵێت و چۆن پیرۆزبایی له بایدن بكات؟. من له سه‌ره‌تاوه گوتم چانسی بایدن له‌م هه‌ڵبژاردنه پتره، تره‌مپ هه‌رچه‌نده به‌هێزه و كاری زۆریشی بۆ ئابووریی ناوه‌خۆیی ئه‌مه‌ریكا كرد، به‌ڵام دیسان ده‌رفه‌ت له به‌رده‌م بایدن كراوه‌تره بۆ بردنه‌وه. هه‌ڵه‌كانی تره‌مپ، تره‌مپیات و شێوازی سه‌ركردایه‌تی، كه شێوازێكی نوێ و جیاوازتر بوو له‌وانی پێش خۆی، تره‌مپیان تووشی ئه‌م لیتخانه‌یه كرد.
ده‌بێت تره‌مپ چ گوتارێك پێشكه‌ش بكات؟ ئایا ده‌ڵێت ئه‌مه دیموكراسییه و من دۆڕام، خه‌ڵك ئازاده و بڕیار ده‌دات و بایدن به‌شێوه‌یه‌كی پاك و راسته‌قینه براوه‌یه، یان ده‌ڵێت نه‌خێر من براوه‌م و "هه‌ڵبژاردن دزراوه". سیاسه‌ت بۆ كه‌س پشت و په‌نا نییه. دۆڕاو هه‌میشه وه‌ك كه‌سێكی هه‌ڵه و نوقسان و كورتبین پێناسه ده‌كرێته‌وه.
كۆرۆنا تره‌مپی خست.. تره‌مپ خراپ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كێشه‌ی (دۆڤید - ١٩) كرد، نه‌یتوانی له‌م ماوه‌یه درێژه‌دا پێكوته و چاره‌سه‌رێكی خێرا بۆ كۆرۆرنا بدۆزێته‌وه. به‌كرده‌وه (كۆرۆنا له تره‌مپی دا و خستی). كۆرۆنا تره‌مپی نه‌كوشت، به‌ڵام خه‌ریكه ڕێسوای ده‌كات. تره‌مپ به‌كرده‌وه‌كان و به تره‌مپیاته‌كانی بووه‌ته جێی نوكته و سه‌رنج و پلار و له هه‌مان كاتیش‌دا بزه خستنه‌سه‌ر لێوی دڵه ته‌نگ و تووڕه‌كانه‌وه.
گونجاوترین ده‌رفه‌ت له به‌رده‌م تره‌مپ ئه‌وه‌یه ئه‌مشه‌و له شاشه‌كان ده‌ربكه‌وێت و وه‌ك پیشه و كولتوور و شێوازی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌موو سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، پیرۆزبایی له ڕكابه‌ره سه‌رسه‌خته "پیره‌كه خه‌و گرتووه‌كه!" بكات. هه‌ر ئه‌گه‌ر و گریمانه‌یه‌كی تر قوڕی تره‌مپ خه‌ستتر ده‌كه‌ن.