له‌م بابه‌ته‌دا سێ بابه‌تی سه‌ره‌كی (گوتار و حزب و ئایدیۆلۆجیا)مان هه‌یه، به‌ڵام كاتێك بمانه‌وێت ده‌ق شیكار بكه‌ین، ژماره‌یه‌ك بابه‌ت و باسی تری گرنگمان ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه. له‌وانه (پاساو، ساخته‌كاری و گونجان و تێكه‌ڵبوون و هۆكار و ئه‌و ڕێیانه‌ی لایه‌نێكی دیاریكراو ده‌یه‌وێت له ده‌وروبه‌رێكی تایبه‌تدا بۆ به‌دیهێنانی مه‌به‌ست و خواستی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری بیگرێته‌به‌ر.
گوتار
بریتییه له ڕاپه‌ڕاندنی مه‌به‌ست و خواست و ئیراده‌یه‌ك له ڕێی به‌كارهێنانی زمان، به‌مه‌به‌ستی پێوهندكردن له نێوان نێره‌ر و وه‌رگره‌كان، له‌ڕێی به‌كارهێنانی ژماره‌یه‌كی كه‌ناڵی جودای گه‌یاندن، كه مه‌به‌ست لێی هه‌ست جووڵاندن و كارتێكردن و كاردانه‌وه‌یه. ده‌كرێت زمانه‌كه ده‌قێكی به‌رجه‌سته بێت له شێوه‌ی نووسراو، گوتراو، بینراو، وێنه، كاریكارتێر، گێرانه‌وه، هێما و نیشانه‌كان.. تاد.
گوتار ده‌كرێت سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینی و په‌روه‌رده‌یی و ده‌روونی و هونه‌ری و ئه‌كادیمی .. تاد بێت، گوتار ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆیه، له كرده‌وه‌دا كرده‌یه‌كی كاریگه‌ری گه‌یاندن و پێوه‌ندیكردن ئه‌نجام ده‌دات كه مه‌به‌ستی گه‌یاندنی په‌یامێك، یان چه‌ند په‌یامێكه له‌یه‌ك كاتدا. شێوازی ڕاپه‌ڕاندنی ده‌قی گوتاره‌كه پێوه‌سته به‌توانا و لێهاتوویی و شاره‌زایی قسه‌كه‌ر و نێرهرهكه له‌چۆنیه‌تی ده‌ربڕین و گوزارشت و داڕشتن و به‌كارهێنانی كه‌ره‌سته‌ی بڕواپێهێنه‌ر، له‌ته‌ك شێوازی گوتن و نووسین و پێشاندانی مه‌به‌سته‌كه.
ده‌كرێت بڵێین گوتار هاوسه‌نگه له‌گه‌ڵ قسه‌كردن و گوتن، له‌پێناو به‌دیهێنانی مه‌به‌ستێكی دیاریكراو له ده‌وروبه‌رێكی تایبه‌تدا، نێره‌ر و وه‌رگر تێیدا به‌شدارن.
حزب
گرووپێكی سیاسین، كۆمه‌ڵێك كه‌س به‌ئاره‌زووی خۆیان وه‌ك گرووپێكی فكری لێكنزیك ڕه‌زامه‌ندن له‌سه‌ر كاری خۆبه‌خش بۆ به‌دیهێنانی ئامانجی سیاسی، شێوازی جیاواز بۆ گۆڕانكاری ده‌گرێته‌به‌ر. چه‌مكی ئێسته‌ی حزب گۆڕاوه، بریتییه له به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و گۆشكردنی جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای خۆسه‌پێنی. حزب ده‌كرێت ئاینی، نه‌ته‌وه‌یی، چه‌پ، دیموكراسی، لیبرالی، توندڕه‌و، میناڕهو بێت. هه‌یانه له‌ڕێی توندوتیژی ده‌یه‌وێت گۆڕانكاری دروست بكات، هه‌یانه به‌شێوازی مه‌ده‌نی سه‌رده‌مییانه كار بۆ چاكسازی و گۆڕانكاریی و چوونه ده‌سه‌ڵات ده‌كات. حزب هه‌یه ئایدۆلۆجییه، ده‌یه‌وێت وه‌ك ئامێر و به‌ته‌نیا یه‌ك ئاراسته و بیركردنه‌وه و هێز و پێكهاته كار بكات، هه‌یانه جه‌ماوه‌رییه و پشت بهئایدۆلۆجیایهكی دیاریكراو نابه‌ستێت.
گوتاری حزبه‌كان پڕه له گونجان و نه‌گونجان، هه‌یانه پاساو و ساخته‌كارییه، هه‌یانه واقیعییه و هه‌شیانه هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی وێنه‌ی واقیعه، هاندان و جۆشاندنه، هه‌ریه‌كه‌یان له ئاشی خۆی باراش لێ ده‌كات.
حزب پێكهاته‌یه‌كی زیندووی سیاسییه، هه‌ر كاتێك له نوێبوونه‌وه و گونجان له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مه‌كان داببڕێت، یان په‌نا وه‌به‌ر چه‌واشه‌كاریی و پاساوی نالۆجیكی و خۆسه‌پاندن له‌جیاتی گونجان ببات، ناتوانێ له چوارچێوه‌ی ئایدیۆلۆجی ده‌رچێت.
ئایدۆلۆجیا وه‌كو پۆل ریكۆر ئاماژه‌ی پێكردووه بریتییه له "كرده‌یه‌كی فكری گشتیی، له‌ڕێگه‌یه‌وه نمایشی خه‌یاڵی بۆ شێواندنی ژیانی واقیعی خه‌ڵك ئه‌نجام ده‌درێت، ئایدیۆلۆجیا هه‌ر به‌ته‌نیا ئه‌ركی شێواندنی واقیع و ساخته‌كاریی نییه، به‌ڵكو ئه‌ركی پاساوهێنانه‌وه و تێكهڵبوونیشییه. بۆیه گرنگه له‌واتای شێواندن و پاساو و تێكه‌ڵبوون بگه‌ین".
شێوان: به‌رهه‌مهێنانی وێنه‌یه‌كی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی واقیعه، یان وێنه‌یه‌كه هه‌قیقه‌ت ناگه‌یه‌نێت.
پاساو: چینی ده‌سه‌ڵاتدار پاساو بۆ فكره‌كانیان ده‌هێننه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خه‌ڵك پێشوازی لێكراو بێت.
تێكه‌ڵبوون: مه‌به‌ست له‌مه تێكه‌ڵكردنی خه‌ڵكه له‌گه‌ڵ بنه‌مای فكره و بیروبۆچوونه سیاسی و ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كان.
پاساو به چ ده‌هێننه‌وه:
پاساو كرده‌یه‌كی باوی نێو گوتاره، كه گرووپه جیاوازه‌كان له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی زمان په‌نای بۆ ده‌به‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر گوێگر و وه‌رگر و خوێنه‌ره‌كانیان دروست بكه‌ن. وه‌رگری وریا ده‌بێته كاره‌سات بۆ نێره‌ی خاوه‌ن ئایدیۆلۆجیا، چونكه ئه‌وانه ده‌توانن به‌ئاسانی هه‌ست به‌پاساو و مه‌به‌سته‌كانی به‌كارهێنانی پاساو بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه ببێته هۆكار بۆ به"خوری كردنه‌وه‌ی ڕیسهكانیان".
له‌م پێناوه‌دا پۆل ریكۆر چه‌ند دیارده‌یه‌كی ئاماژه پێكردووه، له‌وانه:
پیشاندان و شیكردنه‌وه: بۆچوونه‌كانی له‌ڕێگه‌ی ئایدیۆژیایهكی هه‌مه‌لایه‌ن له‌ئه‌رك و ڕۆڵدا پێشكه‌ش ده‌كات، خودی ئه‌م شتانه‌ش له‌ڕێگه‌ی ئه‌ركه‌كانی ساخته‌كاری و پاساو و تێكه‌ڵبوونه‌وه شیكار ده‌كات.
سه‌رچاوه و به‌ڵگه: پۆل ڕیكۆر له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی فكری كارل ماركس شیكاری ئه‌ركی ساخته‌كاری ئایدۆلۆجیا شیكار ده‌كات.
وه‌رگرتن و خواسته: هه‌ندێك نموونه‌ی فكری خه‌ڵكی تر وه‌رده‌گرن، بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی واقیع دروست بكه‌ن.
نموونه: پۆل ریكۆر ده‌سه‌ڵاتی كلیانی وه‌كو ده‌سه‌ڵاتێكی ڕه‌ها به‌نموونه هێناوه‌ته‌وه، نموونه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه، كه پشت به ئایدیۆلۆجیا له‌پێناو پاساوی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، یان هی تر ده‌به‌ستێت.
گوتار، حزبی ئایدۆلۆجی له كوردستاندا كامه‌یه؟ له‌كرده‌وه‌دا ئاسان نییه پێناسه‌یه‌كی دروستی زانستی حزب له‌نێو واقیعی ئێستادا بكرێت، حزبه‌كان له‌ژێر كاریگه‌ریی ئایدۆلۆجیایه‌كی توند و پڕ هه‌ژموونی خۆسه‌پاندنن. حزبی ده‌سه‌ڵات هه‌میشه كار ده‌كات پاساو بۆ بۆچوون و لێكدانه‌وه و كار و ئه‌ركه فكرییه هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی خۆی بهێنێته‌وه. له‌كاتێكدا هه‌ندێك حزب ده‌یانه‌وێت پاساو بۆ بوونیان له‌ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیش له‌یه‌ك كاتدا بهێننه‌وه، ئه‌مه پێناسه‌ی گوتاری حزبی ئایدیۆلۆجی قورس و ئاڵۆزتر ده‌كات. له‌هه‌مان كاتدا هه‌ندێك له‌م حزبانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتن، یان بازنه‌یه‌كی سووریا‌ن به‌ده‌وری خۆیاندا به‌ناوی ناڕازیبوونه‌وه كێشاوه، بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی دروستكراوی ساخته‌كار لای جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان دروست بكه‌ن، لهقورسیس قورستره شیكاری فكریان له‌باره‌ی ئایدیۆلۆجیا بۆ بكرێت.
ئه‌و حزبانه‌ی بانگه‌شه‌ی ئۆپۆزسیۆن ده‌كه‌ن، پاساو بۆ واقیعێك ده‌هێننه‌وه، كه له‌كرده‌وه‌دا ساخته‌كاریی و شێواندن و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی وێنه‌ی هه‌قیقی كۆمه‌ڵگایه. ئۆپۆزسیۆن بوون له‌ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئایدیۆلۆجی له‌كرده‌وه‌دا سنوورداربوون و خوڵانهیهوهیهكی به‌رده‌وامی سیاسییه له‌بازنه‌یه‌كی دیاریكراودا. بۆ نموونه ئۆپۆزسیۆن تاكو ئێستاش نه‌یتوانیوه به‌هۆی پاشكۆبوون بۆ ئایدیۆلۆجیاییهكی دروستكراو له‌سنووری جوگرافی، ناوچه‌گه‌ری، گوتاری دوژمنكارانه، په‌نابردنه به‌ر لایه‌نی ده‌ره‌كی و خۆبه‌ستنه‌وه به‌واقیعی ده‌ره‌كی و پاساوهێنانه‌وه‌یه‌كی نه‌گونجاو له‌پێناو دروستكردنی وێنه‌یه‌كی ناشیرنی واقیعی سیاسی، هه‌نگاو بنێن. ته‌نیا له‌پاساوی (تێكدان و ئاژاوه و خۆبه‌ستنه‌وه به‌دوژمن) ساخته‌كاری له‌نێوان سیاسه‌تی (ڕووخاندن) و (چاكسازیی و چاككردنه‌وه و پێداچوونه‌وه‌ش) ده‌كه‌ن.
گوتاری حزبی ئایدۆلۆجی، له هه‌رێمی كوردستاندا به‌هۆی (ساخته‌كاری و شێواندن و پاساوی نه‌گونجاو و تێكه‌ڵبوون له‌ڕێگه‌ی پێكهێنانی وێنه‌یه‌كی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی گومانههڵگری پێچه‌وانه‌ی واقیع) دووچاری چه‌قبه‌ستن بوون. لهپراگماتیكدا گریمانه‌ی ساخته‌كاری ئه‌م جۆره گوتارانه زۆر پتره له‌گریمانه‌ی بیناكردن و پێداچوونه‌وه‌ی گونجاو.
له‌دیماهیدا ده‌توانین بڵێین گوتاری ئایدۆلۆجی سیاسی، له‌جیاتی گۆڕانكاری و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا، واقیعی به‌ره‌و وێنه و لێكدانه‌وه و دۆخێكی چه‌قبه‌ستووی خنێكنهر بردووه، خه‌ڵك ناتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی سه‌قامگیر گوتاره‌كان به‌رهه‌مبهێننه‌وه. گێژاوێكی سیاسی گه‌وره هه‌یه، كه له‌ڕاستیدا گێژاوێكی ئایدیۆلۆجی پشت به‌ستووه به (ساخته‌كاری له‌زانیاری، هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی نادروستی وێنه‌ی هه‌قیقی بابهتهكان و دابڕان له‌واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و بنه‌ما بنه‌ڕه‌تییه فكرییه كاریگهرهكانه).
گرووپه ئیسلامییه‌كان هێنده چوونه‌ته نێو ئایدۆلۆجیای سیاسی، له‌نێوان ئیمان و پاساو دونیاییدا، ساخته‌كارانه له‌بیروباوه‌ڕدا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن، گومانه‌كانی ئه‌وان له‌ده‌سه‌ڵات وه‌كو هێلكه‌ی پیسی لێهاتووه. ئه‌مه وایكردووه حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات پاساوه‌كانی ئه‌واون بۆ پاساوی تر به‌كاربهێننه‌وه، ته‌نیا حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات تۆزیشیان ناشكێنن. گرووپی تر هێنده خۆیان به‌ناحه‌زان به‌ستۆته‌وه، له‌بیریان كردووه، پاساوه‌كانیان كوشنده‌یه، له‌جیاتی كارتێكردن و تێكه‌ڵبوون به‌خه‌ڵك، ڕووبه‌ڕووی دیوارێكی به‌هێزی ناكۆك له‌گه‌ڵ خۆیان بوونه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش دۆخێكی ده‌روونی ساخته‌كارانه‌ی بۆ دروستكردوون، كه له‌ناخی خۆیاندا بڕوا به‌پاساوه هه‌ڵگه‌ڕاوه و وێنه ڕهشوپسییهكانی خۆشیان نه‌كه‌ن، ئه‌وان له‌گه‌ڵ واقیعی ده‌ره‌كی خۆیان گونجاندووه، نه‌ك واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی كۆمه‌ڵگا، ئه‌مه‌ش پاساوێكی كوشنده، ساخته‌كارییه‌كی نابه‌جێ و شێواندێكی تاریكی دروستكردووه. له‌كرده‌وه‌دا هێنده ئایدیۆلۆجین، هه‌موو پێناسه زانستییه‌كانیان له‌قوڕ چه‌قاندووه، هلنیو ئایدیۆلۆجیا سیاسی‌دا ته‌ناش ده‌كه‌ن و هێنده ساخته‌كارانه ده‌ئاخڤن گوتاره‌كه‌یان له‌سه‌ر قوڕ تۆز ده‌كات. ئه‌مه‌شیان وایكردووه ئه‌م جۆره گوتاره، له‌پاساو هێنانه‌وه ده‌سه‌ڵات له‌ڕووی ئایدیۆلۆجییه‌وه به‌ره‌و تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ببات.
پێویسته پێناسه‌یه‌كی نوێ بۆ ئایدیۆلۆجیای سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستاندا بكرێت، ئه‌گه‌ر له دونیادا ئایدیۆلۆجیا وه‌كو پاساوێكی نه‌گونجاوی خۆسه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات نیشان درابێت، لای ئێمه بۆته به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه، لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات هێنده ئایدیۆلۆجین، به‌خۆسه‌پاندن و شێواندن و ساخته‌كاریی گوتارێكی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یان پێكهێناوه، خه‌ڵك ده‌ڵێت سه‌د ڕه‌حمه‌ت له حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات.