خه‌ریكه سه‌رده‌می كۆرۆنا هه‌ندێك له پێوه‌ره باوه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌گۆڕێت، دیموكراسیی و مافه‌كانی مرۆڤ و یه‌كسانی، به جۆرێك له‌ژێر گوشارێكی توندی پاشه‌كشه پێكردندان، مرۆڤ ده‌بێت به گریمانه و له هه‌مان كاتیش‌دا گومانه‌وه سه‌یری ڕووداوه‌كان بكات، ئه‌و گریمانه‌ی ده‌رفه‌تی مه‌عریفه و شیكردنه‌وه پتر ده‌كات.
فه‌یله‌سووفی فڕه‌نسایی جاك لوك نانسی، له دواین دیداری له ڕۆژنامه‌ی "لۆمۆند”ی وڵاته‌كه‌دا ده‌ڵێت: "ڕێدان به فریودان و ملكه‌چپێكردنی له‌ڕێی توندوتیژیی ته‌كنیكی ئابووری، ئه‌نجامی به‌رهه‌مهێنان و تواناكانی به‌كارهێنانه كه بوونه‌ته پێوه‌ری بوونمان"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئاینه گه‌وره‌كان له ئه‌ركه‌كانیاندا فه‌شه‌لیان هێنا، بۆیه ئیمان وه‌ك پێشكه‌وتنی ته‌كنیكی، شتێكه ده‌كرێت پشتی پێ ببه‌ستین".
بێگومان مرۆڤ له‌ڕێی گومان و گریمانه و پرسیارهكانیهوه، هه‌میشه قووڵتر له سروشتی شته‌كان و واتای بوون و ئه‌ركی مرۆڤ له‌بیركردنه‌وه و به‌رده‌وامی پێشكه‌وتن ده‌گات. پرسیاری سه‌ره‌كی ئێمه ئه‌وه‌یه، ئایا بۆچی پێویستمان به یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ریی هه‌یه، له كاتێكدا ته‌كنیكی به‌رهه‌مهێنان و بیركردنه‌وه‌ی تاكیش گۆڕاوه؟. چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ك پێش ئێسته یه‌كسانیمان بۆ گشت بوو، هه‌نووكه بۆ تاك و هه‌ندێك دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ته، له پێش كۆرۆنا یه‌كسانیمان بۆ ده‌ستخستنی داهات و به‌رهه‌می پتر بوو، ئێسته یه‌كسانیمان بۆ ئه‌وه‌یه (چاره‌سه‌ری یه‌كسان و ده‌رمان و پێكوتهمان به یه‌كسانی) به‌ده‌ست بكه‌وێت، من دوای ئه‌وی تر بمرم.
دیموكراسی له ئه‌مه‌ریكا له به‌رده‌م پرسیار و پێداچوونه‌وه‌دایه. هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكی هه‌ست به جۆرێك له دابه‌شبوون و نایه‌كسانی ده‌كات. سیستمی ئابووری بڕیار له چاره‌نووسی تاك ده‌دات، نه‌ك سیستمی ئیداری و حوكمڕانی. به‌هۆی ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی كێشه‌ی ڕه‌ش و سپی، گومان كه‌وتووه‌ته سه‌ر دیموكراسیی.
ئایا مرۆڤ پێویستی به سیستمی دیموكراسیی هه‌یه، هه‌ژار هه‌ژارتر و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكات؟ ئایا له سیستمی دیموكراسیدا ده‌توانرێت دادپه‌روه‌ریی ڕه‌ها بۆ هاووڵاتی بسه‌پێنی؟. ئاخۆ دیموكراسی سیاسی به واتای كرانه‌وه‌ی ده‌رگایه له به‌رده‌م كه‌مایه‌تی له‌ناو كۆمه‌ڵگه و هه‌موو شتێك به‌پێی پێوه‌ری عه‌قڵی خۆی به‌ڕێوه ببات.؟ بێگومان نه‌خێر.
دیموكراسیی تا ئێسته نه‌یتوانیوه یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ریی و ئازادی بۆ تاك ده‌سته‌به‌ر بكات، چونكه هێزی پتر ده‌داته هێزی ته‌كنیكی (ئامێر) له به‌رهه‌مهێنان و هێزی به‌كارهێنانی ئه‌و به‌رهه‌مانه قورس‌تر و پتر ده‌كات. ته‌نیا له چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ ڤایرۆسی كۆرۆناشدا، دیموكراسی وه‌ك پێوه‌رێكی نایه‌كسان ده‌ركه‌وتووه. له هه‌ندێك كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌سه‌ڵاتیان به كۆرۆنا داوه، زۆرترین ژماره‌ی خه‌ڵك بكوژێت، له سیستمه دكتاتۆره‌كان نابێت باسی مه‌ترسی كۆرۆنا و سه‌رچاوه‌كانی بكرێت. ئه‌مه به‌شێكه له نادادپه‌روه‌ریی. به‌ساڵاچووان ده‌مرن، كۆمه‌ڵگه هه‌ژاره‌كان پتر هه‌ڕه‌شه‌ی مردن و تووشبوونیان له‌سه‌ره.
مرۆ پێویستی به یه‌كسانییه، له‌پێناو بیناكردنی دادپه‌روه‌ریی، دادپه‌ره‌وه‌ریی نابێت به‌پێی سیستمه‌كان دابه‌ش بكرێت، وه‌ك چۆن هێزی به‌رهه‌مهێنان بڕیار له چاره‌نووسی تاك ده‌دات، پێویسته یه‌كسانیش به‌هه‌مانشێوه مرۆڤه‌كان هاوسه‌نگ و هاوتا بكات.
لایه‌نه سیاسییه‌كان داوای یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ریی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌بیریان چووه خۆیان سه‌رچاوه‌ی سه‌ركوتی ئازادین. گرووپه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه‌كان داوای سه‌روه‌ریی یاسا و یه‌كسانی ده‌كه‌ن، به‌ڵام مرۆڤه‌كانیان وه‌ك كه‌لوپه‌لێكی بازرگانی و سیاسی هه‌رزان و كۆیله‌یه‌كی داماڵراو له عه‌قڵ و به‌كارهێنراو، پێویستن. هێزی به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر گوتارێك، له پێویستی كردهكهیدایه، ئایا ئه‌و كرده‌ی پێویسته، كرده‌یه‌كی یه‌كسان و دادپه‌روه‌رانه‌یه، یان له‌خۆیدا به‌شێكه له پێویستی سه‌ركوت و شێواندنی راستی.
شێوازی به‌رهه‌مهێنانی گوتاری یه‌كسان و ئازادی، گوتارێكی لیبراڵانه‌یه، له كاتێكدا گوتاری ئاینی داوای دروشمه‌كانی شۆڕشی فڕه‌نسا ده‌كات، ئه‌مه هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه له فكر و ئیمان. لیبراڵیانهیه، گرووپێكی مۆدێرن، به كه‌ره‌سته و مه‌به‌ستێكی كلاسیكی ڕقهه‌ڵگرتوو به‌رهه‌می ده‌هێنێته‌وه، ئه‌مه‌یشی بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی راستی و پێشاندانی لایه‌نه شاراوه ڕاسته‌قینه‌كان نییه.
هیچ پێویستییه‌ك بێ به‌كارهێنان نابێته شتێكی به‌رجه‌سته، یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ریی بێ به‌كارهێنانی، هیچ واتایه‌ك به بوون و مه‌به‌ست و خواسته‌كان ناگه‌یه‌نێت. له كاتێكدا هێزی دیاری ئاینیان له‌م بواره فه‌شه‌ل پێهێناوه، گرووپه مه‌ده‌نییه‌كان دیموكراسییان تووشی قه‌یران كردووه، ئایدیۆلۆجیایان له قوڕ ناوه. به‌ڕاستی یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ریمان بۆ چییه؟ پرسیارێكه و به‌س.