بۆچی هێرش کرایە سەر پزیشکەکە؟

PM:10:07:06/04/2020 ‌
"هەموو شۆڕشەکانیتر ڕابگرن، ئێمە پێویستمان بە شۆڕشی پەروەردەییە!"

تۆ کە هەر کەسێکی و هەر ئەوەنەی قەڵەمێکت بەدەستەوە بوو، کلیلی شوێنێکت بە دەستەوە بوو، کورسییەک لە ژێرتا بوو، پێت وایە ئەوەی ئیشی بە شوێنەکەت دەکەوێ کۆیلەیە و تۆش بەدڵی خۆت رایدەگری و عەزیەتی دەدەیت و کارەکەی دوادەخەیت و دەیچەوسێنیتەوە. ئێ دەی با ئاسایی وەرشیبگرین، ئەوەی مامۆستاکەی دایە بەرشەق، ئەوەی پۆلیسە هاتوچۆکەی کوتا، ئەوەی هێرشی کردووەتە سەر پزیشکە ئازیزەکە، کەسێکی ناتێگەشتووی وەک تۆ بووە.

بەرلە هەرشتێك، بە دڵنیاییەوە یەكێك لە گەورەترین گرفتەكانی كۆمەڵگەی ئێمە، بیركردنەوەی ناتەندروست‌ و خوێندنەوەی ناتەندرست‌ و نووسینی ناتەندروست‌ و تەنانەت بوونە-رۆشنبیری ناتەندروستە، ئاخر واقیعی نییە، ئەم هەموو بیركەرەوانە هەبن‌ و بارودۆخەكەیش هەروا نالەبار بێت. بۆیە راستكردنەوە یان راستاندنی جۆری بیركردنەوەكان گرنگە، ئەوەش بەوە دەكرێت، بیركردنەوەكان واقیعبینانە بن، ناكرێ بیركردنەوەی واقیعبینانە لەگەڵ بیركردنەوەی ئەمری واقیع جیانەكەینەوە، هەر خەریكیشبین سیاسیەتی ئەمری واقیع جێبەجێ بكەین نەك سیاسەتی واقیعبینانە. كە هاتینە واقیعەكەوە ئیتر هەموو درك بە بەرپرسیارییەتی خۆی دەكات‌ و دەربازبوونەكە ئاسانتر دەبێت.

ئێمە کێشەمان لە پەروەردەی تاکەکاندایە نەک هیچیتر .. بەڵێ پابەندبوون بە رێنوێنی تەندروستی و کارگێڕییەوە بە پێی شەرع و یاسا و هەموو عورفێک واجبە ... دەی کە تۆ پێت وایە فشەیە، درۆیە، فێڵی فڵان و فیسارە، بە شەقیش لە ماڵەوە ناگیرسێیتەوە، خێزان و منداڵەکانت گیریان خواردووە بەدەستەوە، بزانە کێشەکەت پەروەردەیە نەک فەقیری و بێکاری.

راستکردنەوەمان پێویستە لەسەر هەموو ئاستەکان، تێگەشتنەکان بگۆڕین، بیرکردنەوەکان بگۆڕین، هەڵسوکەوت و مامەڵەکان بگۆڕین. ئەم سەردەمەی تێیکەوتووین، سەردەمی راستکردنەوە گەورەکەیە، وەک چۆن یۆڤاڵ نوحی رۆشنفیکری ئیسرائیلی لە دوایین وتاریدا نوسیویەتی: "لەم ساتی قەیرانەدا، كێشمەكێشە جەوهەرییەكە لەناو مرۆڤایەتیدا خۆیدا ڕوودەدات. ئەگەر پەتاكە ببێتە هۆی نایەكگرتوویی زیاتر و بێ متمانەیی لەنێو مرۆڤەكاندا، ئەوە گەورەترین سەركەوتنی ڤایرۆسەكە دەبێت. كاتێك ڤایرۆسی شەڕەدەمی مرۆڤەكان دوو هێندە دەبێت. بەپێچەوانەیشەوە، ئەگەر پەتاكە ببێتە هۆی هەماهەنگییەكی نزیكتری جیهانی، ئەوا نەك بەتەنیا سەركەوتن دەبێت بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنادا، بەڵكو سەركەوتنە بەسەر هەموو نەخۆشییەكانی داهاتوویشدا."

 (تۆ) ئەو کەسەی کە تەنیا ئەوکاتە راستگۆی، کە خۆت بە (درۆزن) وەسپ دەکەی، زۆر خراپە لە پێناو رقێکی شەخسی خۆمان خەریکی کاولکاری بین و خاوەن دیدگاکانی وڵاتیش بکەینە قوربانی، لەوە خراپتر ئەوەیە بۆ زیادکردنی چوار لایک و پێنج بینەر خراپترین مادەی میدیایی بوروژێنین و خراپترین بەرنامە بخەینە سەرشاشەی تیڤی، سەرنج بدەن چ بەڵایەکە هەمووان خەریکی رووکەش و موزایەدە و چاوبەستکردنی گشتین، لەمانەیش خراپتر بێدەنگیمانە لەو شێواویەی بەناوی نیشتمان و میللەت و خوا و ئاین و نەتەوەوە دەوری تەنیوین، ئێمە پێویستمان بە چاکسازی و پاکسازی و پاکلەمەیە.

لە ڕاستیدا ئەم وڵاتە پڕە لە مرۆڤی جوان، بەڵام ئەوە پەروەردەی سەقەتی چەند تاکێکە خەریکە هەمووان ناشیرین دەکەن، زۆر جوانە ئەو پزیشکەی کارەکەی بە باشی دەکات نەک بازرگانیی، زۆر جوانە ئەو مامۆستایەی کارەکەی بە هەڵسوکەوتی بەرزەوە دەکات، زۆر شیرینە ئەو نانەوایەی سوتوی جگەرەکەی ناکاتە ناو هەویرەکەوە، زۆر ئازیزە ئەو پەرلەمانتارەی تەنیا خەمی گیرفانی خۆی نییە، زۆر بەڕێزە ئەو شۆفێرەی تاکسیەکەی پڕ کردووە لە هەڵسوکەوتی جوان، زۆر کەشخەیە ئەو فرۆشیارەی زوو زوو چێکی ماوەی بەسەرچوونی شمەکەکانی دەکات، زۆر نازارە ئەو کەسەی شەوان خواردن بەسەر ماڵە هەژاراندا دابەش دەکات، زۆر مەردە ئەو کەسەی گیرفانی گەنجێک گەرم دەکاتەوە و هاوسەرگیری بۆ ئاسان دەکات، زۆر سەربەرزە ئەو کەسەی جزدانی بەتاڵی خوێندکارێک پڕ دەکات، زۆر سەرفرازە ئەو کەسەی دەفتەری قەرزی دوکانەکان سپی دەکاتەوە، زۆر گەورەیە ئەو کەسەی خوا و خەڵک لە خۆی ڕازی دەکات.

لە کۆتاییشدا بەڵێ هۆی سەرەکی ئەزیەتدانی پزیشکە بەڕێزەکە نەبوونی پەروەردەیەکی دروستە، کە وا بکات هەمووان هەست بە بەرپرسیارییەتی خۆیان و دەوروبەریان بکەن، هەموو بزانن پێکەوە خەریکی ئەرک و خزمەتن، ئەم کۆمەڵگەیە وەک چۆن ئێستە کەرەنتینی گشتی کراوە، پێویستی بە پەروەردەکردنەوەی گشتییە.

  بە دڵنیاییەوە دەڵێم پاش کۆرۆنا، ئێمە پێویستمان بە گسكدان‌ و كوزەماڵ‌ و پاكلەمەی ناوماڵی كوردستان هەیە، پێویستمان بە راستكردنەوە هەیە و پێویستمان بە تەوزیفكردنی كێشەكان‌ و بە تۆخكردنەوەی ناسازییەكان هەیە، تا بیانسازێنین، دەبێ كۆتایی کۆرۆنا سەرەتای گەرمبوونەوە‌ و ورەبەرزی‌ و قوڵهەڵماڵین بێت بە ئاڕاستەی كۆتاییهێنان بە پەروەردەی ناتەندروست و بڵاوکردنەوەی گومان و درۆ و چەواشاکاری لەسەر ئاستی کۆمەڵگە.