ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت قسه له‌سه‌ر سیستمێك یان سه‌رچاوه‌ی چاره‌سه‌ری بابه‌تێك بكه‌ین، پێویسته سه‌ره‌تا دیباجه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و دۆخ و هه‌لومه‌رجه‌ی بابه‌ته‌كه‌ی لێ دروست بووه باس بكه‌ین، لێره‌وه ده‌چینه ناو ده‌روازه‌ی دنیابینییه‌ك كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئێمه بزانین ئایا خراپیی دۆخی ئابووری ناوچه‌ییه یان كێشه‌ی سیستمی ئابووریی هه‌یه؟؛ له‌باری گشتیدا سه‌یر بكه‌ین، ده‌بینین دۆخی ئابووریی دنیا به‌گشتی و به‌تایبه‌ت كوردستان ئێسته به‌ته‌نیشت چه‌ندان گرفت و سه‌ركێشیدا تێده‌په‌ڕێت و له‌زۆر شوێنیش‌دا چه‌قی به‌ستووه، ئێمه وه‌ك هه‌رێمی كوردستان كه له ڕووی جیۆگرافیایه‌كی داسه‌پێنراو له چوارچێوه‌ی وڵاتی عێراقدا به‌شێوه‌یه‌كی فیدراڵی حوكمڕانی پێڕه‌و ده‌كه‌ین، به‌و شێوه‌یه‌ی كه له ده‌ستووردا هاتووه، كه‌واته له بابه‌تی سیستمی ئابووریشدا هاوبه‌شی له پێڕه‌وكردنی سیاسه‌تی ئابووریی وڵات دروست ده‌بێت، به‌گشتی لێره‌دا مه‌به‌ستمه ڕووناكی بخه‌مه سه‌ر سیستمی ئابووریمان و له‌و ڕووه‌وه باس له سه‌رچاوه‌ی كێشه‌ی ئابووریمان بكه‌م.
دیاره له ساڵانی حه‌فتاكان به دواوه تا ساڵی 2003 واته دوای ڕووخانی ڕژێم له عێراق، سیستمی ئابووریی وڵات زیاتر سیستمێكی هاوبه‌ش بوو نه‌ك به دیوه دیكتاتۆرییه‌كه‌ی له ڕووی سیاسییه‌وه، به‌ڵكو وه‌ك سیستم باس ده‌كه‌م، له‌وه به‌دواوه عێراق و كوردستان چوونه دۆخێكی تری ئابووری كه ده‌كرێت لێره‌دا وه‌ك سیستمی ئابووری باس له دۆخی ئابووریمان بكه‌ین.
سه‌رهه‌ڵدانی دۆخی ئابووریی تازه له هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاتێك كه ڕووبه‌ڕووی چه‌ندان كاره‌ساتی جینۆساید و قڕكردن بووبێته‌وه، بێگومان شتێكی نوێ بوو، ئه‌م گۆڕانكارییه دواتر خۆی له پێڕه‌وكردنی سیستمی سه‌رمایه‌داریدا بینییه‌وه كه ته‌واوی جومگه ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه، پێش ورده‌كاریی باشی و خراپی سیستمی هاوبه‌ش و سیستمی سه‌رمایه‌داری، پێم گرنگه سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ ناساندنێكی هه‌ردوو سیستمه‌كه ڕابكێشم و پاشان به‌راوردكارییه‌ك له نێوان هه‌ردوو سیستمه‌كه‌دا بخه‌ینه ڕوو.
سیستمی هاوبه‌ش:
بریتییه له پێڕه‌وكردنی سیستمێكی سۆسیالیستی ئابووری له وڵات‌دا كه تێیدا هۆكاره‌كانی به‌رهه‌مهێنان له‌پێناو كۆمه‌ڵگه‌یه و ئامانج لێی سوودگه‌یاندنه به تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه، هه‌روه‌ها داهات و سامان به دادپه‌روه‌ری دابه‌ش ده‌كرێت كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی نه‌هێشتنی چه‌وسانه‌وه و حكوومه‌ت سه‌رجه‌م كاره‌كان له چوارچێوه‌ی كاری خۆیدا ڕێك ده‌خات و به‌بێ جیاوازیكردن ده‌یخاته خزمه‌ت كۆمه‌ڵگه.
سیستمی سه‌رمایه‌داری:
بریتییه له سیستمێكی ئابووریی ئازاد، واته تاك ئازاد ده‌بێت له هه‌ڵبژاردنی موڵكداریه‌تی تایبه‌ت كه پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی بریتییه له قازانج و له ڕێی میكانیزمی نرخه‌وه چالاكییه‌كانی بازاڕ ڕێكده‌خرێت، واته ئه‌گه‌ر خواست و ئاره‌زوو له‌سه‌ر كاڵایه‌ك هه‌بوو، نرخ به‌رز ده‌بێته‌وه و به پێچه‌وانه‌شه‌وه.
به‌راوردێك له نێوان هه‌ردوو سیستمی هاوبه‌ش و سه‌رمایه‌داری:
له سیستمی هاوبه‌شدا واته سۆشیالیستیدا حكوومه‌ت خاوه‌نی سه‌رجه‌م موڵكه‌كانی وڵاته به ماڵه‌كانی خۆشمانه‌وه، به زه‌ویوزار و سه‌رجه‌م سه‌رچاوه‌كانی داهات له كشتوكاڵ و وزه و نه‌وت و به‌رهه‌مهێنانه‌وه كه بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك به‌كاریان ده‌هێنێ، واته سه‌رپه‌رشتیكردنی سه‌رجه‌م پڕۆژه و كاره‌كانی له ڕێی داوده‌زگاكانی حكوومه‌ت خۆیه‌وه نه‌ك لایه‌نی دووه‌م، ڕوونتر له‌م سیستمه‌دا هیچ كه‌س بۆی نییه كۆمپانیا دروست بكات، واته كه‌رتی تایبه‌ت بوونی نییه و كاری سه‌ربه‌خۆكاری نییه، حكوومه‌ت خۆی كۆمپانیای خۆراك و ده‌رمان و كشتوكاڵكاری داده‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ خۆی به‌رهه‌م بگه‌یه‌نێته ده‌ستی به‌كاربه‌ر واته هاووڵاتییان، بێ ئه‌وه‌ی كۆمپانیایه‌ك یان بازرگانێك قازانجی تێدا بكات، له‌م سیستمه‌دا كه‌س ناتوانێت نرخ له‌سه‌ر كه‌لوپه‌لی ناوخۆ یان ده‌ره‌وه دیاری بكات، نرخه‌كان ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه دیاری ده‌كرێت و هه‌روه‌ها له‌م سیستمه‌دا حكوومه‌ت هه‌ر خۆی چاودێریی بازاڕ ده‌كات و ئه‌وانه‌ی نرخ له‌سه‌ر خه‌ڵك زیاد بكه‌ن سزایان ده‌دات.
لایه‌نێكی تری بریتییه له نه‌هێشتنی قۆرخكاریی داهات، چۆن له‌م سیستمه‌دا سه‌رجه‌م چینه‌كانی كومه‌ڵگه ده‌بێت له ئاستی ژیاندا له یه‌كسانیدا نزیك بن له‌یه‌كه‌وه، واته سیستمه‌كه ڕێ به ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی چینێك به‌سه‌ر چینێكی تردا نادات، بۆیه كه‌س ناتوانێت كۆمپانیا و كارگه دروست بكات و پێی ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، ئه‌وه ته‌نیا كاری حكوومه‌ته دروستیان بكات و خه‌ڵك بێ جیاوازی كاریان تێدا ده‌كات، داهاتی ئه‌و كارگانه‌ش بۆ حكوومه‌ت ده‌بن كه دواجار دیسان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ خه‌ڵك، هه‌روه‌ها له‌م سیستمه‌دا ڕێژه‌ی موچه‌خۆری حكوومه‌ت زۆر كه‌م ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی حكوومه‌ت زۆرترین كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنان دروست ده‌كات كه خه‌ڵك به داهاتێكی باشتر ئیشی تێدا ده‌كه‌ن و هه‌رخۆشی سه‌رپه‌رشتیی ده‌كات، چونكه داهاته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حكوومه‌ت كه دواجار داهاتی حكوومه‌ت زیاد ده‌كات و هاووڵاتی تێیدا سوودمه‌ند ده‌بێت، به‌گشتی له سیستمی سۆسیالێتیدا حكوومه‌ت بۆ دابینكردنی ژیانێكی یه‌كسان سامانی وڵات ده‌خاته خزمه‌ت هاووڵاتییانی، ڕوونتر بڵێین حكوومه‌ت زه‌وی و داهاتی ده‌گێڕێته‌وه لای خۆی و ڕێ به قۆرخكاری نادات، واته داهاتی خه‌ڵك بۆ خه‌ڵك.
سووده‌كانی سیستمی هاوبه‌ش چین؟
به‌گشتی ڕێژه‌ی بێكاری كه‌م ده‌بێته‌وه چینی مووچه‌خۆران ده‌توانن كار له كارگه‌كان نه‌كه‌ن، چونكه حكوومه‌ت شوێنی نیشته‌جێ و زۆر خزمه‌تگوزاریی بانكییان بۆ دابین ده‌كات، له به‌رانبه‌ردا ئه‌وانه‌ی مووچه‌خۆر نین له ڕێی سیستمی دڵنیایی گوزه‌رانیان پارێزراوه، پاش ئه‌و خزمه‌ته‌ی له كارگه‌كان ده‌یكه‌ن، له كۆتادا حكوومه‌ت خانه‌نشینیان ده‌كات.
سوودێكی تری ئه‌م سیستمه، حكوومه‌ت له‌كاتی خۆیدا خۆراكی مانگانه ده‌داته هاووڵاتییه‌كانی، چونكه له ڕێی یه‌ك كۆمپانیای خۆراكه‌وه خۆی سه‌رپه‌رشتیی ئه‌م كه‌رته ده‌كات، هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تی خوێندن جیاوازی تێدا ناكرێت، له ڕووی ته‌ندروستییه‌وه هیچ پزیشكێك بۆی نییه كلینیك بكاته‌وه و نۆرینگه دابنێت، ده‌بێت ئه‌و خزمه‌ته‌ی ده‌یكات له‌ناو نه‌خۆشخانه‌دا بێت، له‌م سیستمه‌دا وه‌ك پێشتر باسم كرد چاودێریكردن هۆكاری باش به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كانی حكوومه‌ته، بێ حكوومه‌تێكی دیكتاتۆری باشترین بژارده‌یه بۆ چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌ی ئابووریی، چۆن و بۆ؟ با باس له سیستمی سه‌رمایه‌داری بكه‌ین پاشان وه‌ڵامه‌كه‌مان ده‌ست ده‌كه‌وێت.
له سیستمی سه‌رمایه‌داریدا:
بازاڕ ئازاد ده‌بێت، واته هه‌موو كه‌س بۆی هه‌یه سه‌ربه‌خۆ چالاكیی ئابووری بكات و كۆمپانیای جیاواز دابمه‌زرێنێت و مۆڵه‌ت بۆ پڕۆژه‌كانی وه‌ربگرێت، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیش قازانجی كه‌سییه پاشان كومه‌ڵگه، وردتر سیستمی سه‌رمایه‌داری ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه، له‌م سیستمه‌یاندا تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌بنه خاوه‌ن كارگه‌كان و خه‌ڵكی تر له بنده‌ستیان به‌و نرخه‌ی خاوه‌ن كارگه دیاریی ده‌كات كار ده‌كه‌ن نه‌ك حكوومه‌ت، هه‌روه‌ها كه‌رتی تایبه‌ت ڕۆڵی یه‌كه‌م و كۆتا ده‌گێڕێت له دیاریكردنی دۆخی بازاڕ واته بازرگانه‌كان ئازادانه كاڵای ده‌ره‌وه ده‌هێنن، به‌مه‌ش به‌روبوومی ناوخۆ نرخی كه‌م ده‌بێته‌وه و كه‌رتی كشتوكاڵی وڵات تووشی داڕووخان ده‌بێت.
سامانی ئاژه‌ڵ زیانێكی زۆری پێ ده‌گات، چونكه به‌رهه‌مه‌كانی گۆشت و شیره‌مه‌نی له ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێت، له‌لایه‌كی تره‌وه سیستمی سه‌رمایه‌داری ڕێخۆشكه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازیی چینایه‌تی دروست بكات، واته به‌شێكی هاووڵاتییان له ژیانێكی گوزه‌رانی مامناوه‌ند سه‌رهێڵی هه‌ژاری ده‌ژین، چینێكیش زۆر زیاد له‌وه‌ی بیه‌وێ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت، به‌مه‌ش هه‌ندێك ده‌بنه قوربانی هه‌ندێكی تر.
چونكه بازرگانه‌كان ئه‌م كه‌رته‌ی ته‌ندروستی به‌ڕێوه ده‌به‌ن، حكوومه‌ت كه‌متر توانای چاودێریی به‌سه‌ریاندا هه‌یه، به‌وه‌ش كه‌رتی ته‌ندروستی هه‌ندێك جار ڕووبه‌ڕووی كاره‌سات ده‌بێته‌وه، خه‌ڵكی به‌هۆی هاورده‌كردنی ده‌رمانی ماوه‌به‌سه‌رچوو یان نه‌شیاو تووشی گیان له‌ده‌ستدان ده‌بن، هه‌روه‌ها خزمه‌تكردن له نه‌خۆشخانه‌كان كه‌م ده‌بێته‌وه و ده‌رمانه پێویسته‌كان له ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان ده‌ست ده‌كه‌ون كه ئه‌وه‌ش مه‌ترسیداره، چونكه خه‌ڵك توانای كڕینی هه‌ندێك له‌و ده‌رمانانه‌یان نییه چونكه نرخه‌كانیان زۆره، له كه‌رتی ئاوه‌دانیشدا حكوومه‌ت پڕۆژه‌كانی ده‌داته به‌ڵێنده‌ره‌كان كه ئه‌وانیش له‌پێناو قازانجێكی باشتر هه‌ندێكیان به كوالێتیی خراپ كاره‌كان ته‌واو ده‌كه‌ن یان له‌كاتی خۆیدا پڕۆژه‌كان ته‌واو ناكه‌ن، كه‌رتی خوێندنیش ده‌بێته كه‌رتی تایبه‌ت، واته تا پاره‌ی زیاتر بدرێت باشتر شوێنی خوێندنت فه‌راهه‌م ده‌بێت كه ئه‌مه بۆ هه‌ژاران سه‌ختتره، ئه‌مانه و چه‌ندان گرفتی تر سیستمی سه‌رمایه‌داری ده‌یهێنێته ئاراوه، چونكه قازانج ئامانجی سه‌ره‌كیی كاری وه‌به‌رهێنانه له‌م سیستمه‌دا.
بۆ نموونه هیچ لۆجیك نییه سه‌رمایه‌دارێك له وه‌زاره‌تێكی حكوومه‌ت ده‌وڵه‌مه‌نتر بێت، ئه‌مه له كاتێكدا به‌هۆی مۆڵه‌تێكی وه‌زاره‌ته‌كه‌وه بووه‌ته سه‌رمایه‌دار، له‌كاتێكدا حكوومه‌ت داوای هاوكاریی دارایشی لێ بكات به‌قه‌رز ده‌یداتێ، له‌كاتێكدا به‌هۆی زه‌وی و ئاوی حكوومه‌ته‌وه بووه‌ته سه‌رمایه‌دار.
له سیستمی ئابووریدا پێویسته باج هه‌بێت، چونكه زۆربه‌ی كۆمپانیاكان و كارگه گه‌وره‌كان به‌هۆی حكوومه‌ته‌وه ده‌رفه‌تی زیادبوونی سه‌رمایه‌كانیان بۆ ڕه‌خساوه، هه‌ر له وه‌رگرتنی زه‌وی بۆ پڕۆژه‌كانیان تا ده‌گاته گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاریی حكوومی بۆ پڕۆژه‌كانیان، بۆیه پێویسته باج بده‌ن؛ به‌ڵام ده‌بینین زۆربه‌یان باج ناده‌ن، بۆ نموونه له وه‌زاره‌تی بازرگانی نزیكه‌ی 29 هه‌زار كۆمپانیا له هه‌رێمی كوردستان تۆمار كراون و كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام ته‌نیا 10 هه‌زار كۆمپانیا باجیان داوه، له‌كاتێدا 19 هه‌زاریان باجیان نه‌داوه یان خۆیان له باجدان دزیوه‌ته‌وه، كۆمپانیاش هه‌یه هێشتا خۆی لای حكوومه‌ت تۆمار نه‌كردووه یان خۆی خستووه‌ته به‌ر یاسای وه‌به‌رهێنانی ساڵی 2006 كه پڕۆژه‌كانی وه‌ربه‌هێنانی بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ له باج به‌خشیوه یان ئه‌و بازرگان و كۆمپانیایانه‌ی مۆڵه‌تیان بۆ هاورده‌كردن بۆ ئه‌و بڕه‌ی بۆیان دیاریكراوه وه‌رگرتووه، كه‌چی زیاد له‌و بڕه هاورده ده‌كه‌ن و له بازاڕدا به نرخی جۆراوجۆر ده‌یفرۆشنه‌وه كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ده‌كاته سه‌ر بازاڕ و دۆخی هاووڵاتییان به‌تایبه‌تی، داهاتی حكوومه‌تیش كه‌م ده‌بێته‌وه، ئه‌مه بۆ زۆر بواری تر ده‌شێت كه لێوه‌ی تیشكی بخه‌ینه سه‌ر، بۆیه لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت له سیستمی سه‌رمایه‌داریدا كه‌رتی تایبه‌ت غه‌در له حكوومه‌ت و هاووڵاتییانیش ده‌كات، چونكه به سه‌ربه‌خۆیی جموجووڵ به‌بازاڕ ده‌كه‌ن و نرخ ده‌گۆڕن و كاڵا و كه‌لوپه‌لی خراپ هاورده ده‌كه‌ن كه دواتر خه‌ڵك تێیدا مافه‌كانی پێشێل ده‌بێت.
حكوومه‌ت له‌م دۆخه‌دا چی بكات؟
ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشیی خه‌ڵكه، ئێسته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێی پڕۆژه‌ی چاكسازی كه له په‌رله‌مان متمانه‌ی پێ دراوه، هه‌ستاوه به چاكسازیكردن له سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان، به‌تایبه‌ت دۆخی ئابووری كه بێگومان ئه‌نجامی دڵخۆشكه‌ری بۆ خه‌ڵك ده‌بێت، چونكه چاكسازییه‌كه بۆ به‌ره‌ی خه‌ڵكه و كوردستانیانیش پشتیوانیی لێ ده‌كه‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا حكوومه‌ت پێویسته كه‌رتی گه‌شتیاری، كشتوكاڵی، ته‌ندروستی، خوێندن، ئاوه‌دانی، سه‌رمایه‌ی كۆمپانیاكان، خاوه‌ندارێتیی كۆمپانیاكان، پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان و سامانی وڵات به‌گشتی له چنگی تاكی قۆرخكار ده‌ربهێنێت و بیخاته‌وه سه‌ر داهاتی حكوومه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته‌وه خزمه‌ت خه‌ڵك، ئه‌مه‌ش چۆن ده‌كرێت؟ به گۆڕینی سیستمی ئابووریمان.
ڕاسته كاره‌كه سه‌ختیی تێده‌كه‌وێت، به‌ڵام چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه یان سیستمی سه‌رمایه‌داری بگۆڕین بۆ سۆسیالیستی، یانیش له نێوان ئه‌و دوو سیستمه‌دا به سوودبینین له بڕگه‌كانیان، سیستمێكی هاوبه‌شی گونجاو دروست بكرێت، ئه‌وكات ڕاسته‌وخۆ په‌رله‌مان ئه‌و یاسایانه په‌سه‌ند ده‌كات كه له‌گه‌ڵ سیستمه‌كه‌دا یه‌ك ده‌گرێته‌وه بۆ باشتركردنی دۆخی خه‌ڵك، به‌مه‌ش ڕێیه‌كی سه‌ره‌كیی باش له گۆڕین و باشتركردنی چاره‌سه‌ری دۆخی ئابووریمان بۆ كوردستانێكی به‌هێز و ئاوه‌دان ده‌گرینه‌به‌ر.