ڕێباز جلال ئه‌حمه‌د نانه‌كه‌لی
له ئه‌ده‌بیاتی سیاسه‌تی كوردستاندا سه‌رده‌مێك ده‌ستی پێ كردووه كه گوتاری سیاسی هه‌ندێك له نووسه‌ر و به‌ناو سیاسه‌توان، تا ئه‌و ئاسته سنووری به‌زاندووه كه مرۆڤ ناتوانێت له ئاستیاندا هیچ جۆره پهیڤـێكی ئهكادێمی به‌كار بێنێت. هه‌ر بۆیه ده‌بینین جنێودان جێی قسه‌ی لۆجیكیی گرتووه‌ته‌وه. له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا شتێك به‌ناوی گفتوگۆی ته‌ندروست نییه. وه‌ڵامی پاساوی ڕاست و لۆجیكی به پاساوی ڕاست و لۆجیكی نادرێته‌وه، به‌ڵكو هه‌ریه‌كه سووره له‌سه‌ر لاملی و كۆڵنه‌دان له‌پێناو ئه‌و شته‌ی بڕوای ڕه‌های پێیه و ته‌واو.
هیچ گومانی تێدا نییه كه ئه‌و لاملییه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هزرتهنگی، ئه‌وه‌ش ده‌ره‌نجامی نه‌خوێنده‌واری و نه‌زانییه. له تێڕوانینی مندا زماندرێژی هه‌رگیز ڕاستڕه‌و نییه له‌گه‌ڵ هزری ڕاستبێژ. ده‌كرێ كه‌سێكی زماندرێژ و قسه‌زان بیت، به‌ڵام دوور بێت له ئاوه‌ز و هزری ڕاست. هه‌روه‌ك په‌ندێكی عه‌ره‌بی كه هه‌ندێك وای بۆ ده‌چن هی عه‌لی كوڕی ئه‌بو تاڵیب بێت، ده‌ڵێت: لا تجادل بلیغا ولا سفیها .. فالبلیغ یغلبك والسفیه یۆژیك. واته مشت‌ومڕ له‌گه‌ڵ زمان‌زان و نه‌زان مه‌كه، چونكه ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م لێت ده‌باته‌وه و ئه‌وی دووه‌میش ئازارت ده‌دات.
له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ كه زمانزانی پێوه‌ندی به حه‌ق و ڕاستییه‌وه نییه، به‌ڵكو سوود له لۆجیكی زمانپاراوی وه‌رده‌گرێت بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر وتوێژكارهكهی. وشه‌ی (السفیه) له زمانی عه‌ره‌بیدا یه‌كێك له واتاكانی كه له‌و دێڕه هاتووه، به واتای "نه‌زان" دێت.
هه‌ر دوای ڕووداوی پلان بۆدانراوی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، ئۆكتۆبهرچییهكان شانه‌ی ده‌ستدرێژی فیكری خۆیان به‌گه‌ڕ خست بۆ ڕژاندنی ژه‌هره‌كانیان له‌پێناوی ئارامكردنه‌وه‌ی ده‌روونێكی پڕ له نه‌خۆشیی ئاڵۆزی خۆیان، ئه‌وه‌یش به په‌لاماردانی زماندرێژانه تا ئاستێكی زۆر به‌شێكی خه‌ڵكی كوردستانیان وڕد و بێهۆش كرد. به‌هه‌موو توانایانه‌وه هه‌وڵیان ده‌دا ڕیفراندۆم شكست بخوات، ته‌نانه‌ت شه‌رعیه‌تیان ده‌دا به‌چوونی حه‌شدی شه‌عبی میلیشیا بۆ هه‌ولێر و په‌لاماردانی سه‌نته‌ری سیاسی كوردستان. چ به كرده‌وه له به‌غدا و چ به نووسین و په‌نابردن بۆ هه‌رچی كه‌ره‌سته و هۆكارێك، ویستیان شكۆی سه‌نته‌ری كوردایه‌تی بشكێنن. به‌ڵام ویستی جاشڕهوشت و جاشزاده شكستی كوشنده‌ی خوارد و ویستی باڵای كوردستانیبوون سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا.
دوای ئه‌وه‌ی هه‌ولێر باڵی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو باشووری كوردستان سه‌پانده‌وه، هێشتا هه‌ندێك له‌و به‌ناو سیاسه‌توان و نووسه‌رانه ئه‌گه‌ر به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك به‌لای ناوبردنی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییدا بچن، ئه‌وا وه‌ك نه‌خۆشی و گرێی ده‌روونی درێژخایه‌ن، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێن "ڕیفراندۆمه شكستخواردووه‌كه" گوڕوو ده‌بن (گه‌ڕ ده‌بن). جا لێره‌دا ده‌خوازین پرسیارێك بخه‌ینه ڕوو، ئاخۆ هۆی ئه‌و جۆره ناوهێنانه چی بێت؟
یه‌كه‌م/ ئه‌وان ئه‌وه‌نده كورتبینن له سیاسه‌ت كه به‌رگه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌كان ناگرن و هه‌لومه‌رجی كوردستان له‌به‌رچاو ناگرن.
ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ڕه‌هه‌ندێكی جیهانی هه‌بوو، چاودێران له وڵاتانی جیاجیای جیهانه‌وه ئاماده‌بوون تێیدا، ئه‌وه‌ش فۆڕمێكی فه‌رمی ددانپێدانراوی پێ ده‌به‌خشێت. ڕیفراندۆم به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گری مێژووییه، له هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا ده‌توانرێ وه‌ك به‌ڵگه بهێنرێته‌وه به‌رباس. مه‌گه‌ر كه‌ركووكی داگیركراوی ئه‌مڕۆ چۆن بگه‌ڕێنینه‌وه سه‌ر كوردستان ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی ئه‌و ڕیفراندۆمه نه‌بێت كه ئه‌وان به شكستخواردوو ناوی ده‌به‌ن؟
به‌گوته‌ی ئه‌و به‌ناو سیاسه‌توانانه ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم نه‌بووایه، ئه‌وا سوپای عێراقی و حه‌شد هێرشیان نه‌ده‌كرد. به ڕاست؟ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ڕیفراندۆم نه‌با ئێسته كه‌ركووكیان به‌دیاری ده‌دایه كورد. جا خۆ پشكی شێری هێرشی سه‌ر كه‌ركووك به‌ر خۆیان ده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر ته‌رازوویه‌ك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕووداوه‌كه ئاماده بكه‌ین. سه‌یره، خۆیان شكست به ڕیفراندۆم دێنن و ئۆباڵهكهیشی ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی بكه‌رانی. ده‌بێت ڕووی ئه‌و جۆره مرۆڤانه له چ مه‌عده‌نێك دروست كرابێت؟ بێگومان له مه‌عده‌نی خیانه‌ت.
دووه‌م/ دژایه‌تی ئه‌وان بۆ ڕیفراندۆم و به شكست ناوهێنانی له‌به‌رئه‌وه‌یه كه بڕیاره‌كه له سه‌نته‌ری سیاسی هه‌ولێره‌وه ده‌رچووه. زۆر ترسناكه تۆ له ڕقی ئه‌وه‌ی بڕیاری سه‌ربه‌خۆییت له شارێكی تره‌وه بۆ ده‌رده‌چێت، ئاماده‌ی شكستهێنان نه‌ك ته‌نیا به ڕیفراندۆمه‌كه، به‌ڵكو ئاماده‌ییت تێدا هه‌بێت هه‌موو پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و هه‌رێمی كوردستانیش له‌بار ببه‌یت.
ئه‌گه‌ر به‌راوردی ڕووداوه‌كانی ٦٠ ساڵی ڕابردوو بكه‌ین، ده‌بینین مێژوو خۆی دووباره ده‌كاته‌وه. له شۆڕشی ئه‌یلوولیشدا هه‌مان گرووپ كه باوكانی منداڵه‌كانی ئه‌مڕۆ بوون، هه‌موو هه‌وڵێكیاندا شكست به شۆڕش بهێنن.
ناوبردنی ڕیفراندۆم به شكستخواردوو ئه‌وه‌مان بیر دێنێته‌وه كه گورگێك ڕێی له به‌رخێك گرت، نیازی هه‌بوو بیخوات، لێی پرسی ئه‌وه بۆچی ئاوی ئه‌و ڕووبارهت پیس كرد، به‌رخه‌كه له وه‌ڵامدا گوتی ئاوی ڕووبار پیس نابێت، چونكه به‌رده‌وام له‌به‌ری ده‌ڕوات. گورگه‌كه سه‌رێكی هێنا و سه‌رێكی برد، گوتی ئه‌ی بۆچی كاتی خۆی باپیرت فێڵی له باپیرم كردبوو، به‌رخه‌كه گوتی جا من باپیری خۆم هه‌ر نه‌دیوه چ پێوه‌ندی به منه‌وه هه‌یه. گورگه‌كه گوتی: ئێسته من برسیمه و هه‌ر ده‌تخۆم ئینجا ئاوی ڕووبارت پیس كردبێت یان نا، باپیرت فێڵی له باپیرم كردبێت یان نا.
ئه‌وه‌ش ئه‌وهایه، لای ئه‌وانه بووه‌ته نه‌خۆشی، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ڕێفراندۆم هه‌ر شكستخواردووه و ته‌واو. ڕق له بكه‌رانی ڕیفراندۆم وایكردووه گرووپی ئه‌وبه‌ر به‌رچاویان تاریك بێت و ئاماده‌ش بن به‌ده‌ستی ئه‌نقه‌ست شكست به‌و پڕۆژه گه‌وره‌یه بێنن كه له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌ركردایه‌تی هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.
له ڕوانگه‌ی منه‌وه ریفراندۆم پرۆسه‌یه‌كی سیاسی سه‌ركه‌وتووه به ئامانجی گه‌یشتنی گه‌لانی كوردستان به به‌مافه ڕه‌واكانیان، چونكه ده‌شێت له داهاتوودا وه‌ك بنه‌مایه‌كی كاریگه‌ر بۆ بونیادنانی ده‌وڵه‌تی كوردستان لێی بڕوانرێت.
ڕیفراندۆم شكستخواردوو نییه، به‌ڵكو به‌ته‌واوی عه‌یبه‌كانی سیسته‌می جیهانی، ته‌ماحكاری وڵاتانی ڕۆژئاوا و دوژمنداری داگیركه‌رانی كوردستانی كه‌شف كرد. ڕیفراندۆم هه‌ر ته‌نێ بواری ئه‌وه‌ی نه‌ڕه‌خساند كه كوردستانیان ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردستان بده‌ن و بڵێن ئێمه‌یش هه‌ین و ده‌مانه‌وێت سه‌ربه‌خۆمان بین، به‌ڵكو ڕووكه‌شی موزه‌یه‌فی كورده جاشزادهكان و دۆسته پلاستیكییه ده‌بل مۆراڵهكانی ڕۆژئاوایشی دڕاند. ڕیفراندۆم زۆر سوودی تری هه‌یه، ده‌شێت هه‌موویان به‌شداربن، تا بڵێین ڕیفراندۆم له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه و به‌پێی ئه‌و پێوه‌رانه سه‌ركه‌وتووه، به‌ڵام گرووپی ئۆكتۆبه‌رچی ده‌بێت بۆمان ڕوون بكه‌نه‌وه، به‌پێی كامه پێوه‌ر ڕیفراندۆم شكست خواردوو بووه.