ئه‌رشه‌د عاسی
ته‌نیا ئه‌وه‌ی له‌سه‌ربوو كه ده‌ركه‌وێت و چیڕۆكه‌كانی بگێڕێته‌وه، تا ڕاسته‌وخۆ هه‌موو مرۆیه‌ك خۆشی بوێت، به‌مشێوه‌یه (ئه‌میل زۆلا) ده‌دوێت له‌باره‌ی (گێ دی مۆپاسان). ئه‌م كه‌ڵه نووسیاره یه‌كێكه له ناودارترین چیرۆكنووس و نووسه‌رانی مێژووی نوێی فڕه‌نسا، له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ندێ له نووسه‌رانی ڕیالیزمی وه‌ك گۆستاف فلوبیر په‌روه‌رده بووه، فلوبیر له پایه‌ی مامۆستا و باوكی رۆحی ئه‌ودا بوو. به‌هۆی كارامه‌یی مۆپاسان له كورته چیڕۆكدا، وای كرد نووسه‌ری ئینگلیزی (هۆلبرۆك جاكسان) بڵێ: كورتهچیڕۆك مۆپاسانه، مۆپاسان واته كورته چیڕۆك.
كورته چیڕۆكه‌كانی مۆپاسان بریتین له تابلۆی زیندووی كه‌سه ساكار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان، به‌ڵام گرنگییه‌كی زۆری به كرۆكی ئه‌ودیو سینه‌یان ده‌دا، بۆیه خوێنه‌ر له چڕی گوزارشتی ڕاستگۆ و ده‌سته‌واژه‌ی پوخت و وردبینی و شێوازی ئه‌زموونی مرۆیی چیڕۆكه‌كان شاگه‌شكه ده‌بێت، چونكه نووسه‌ر وه‌ستایانه ده‌یخاته‌ڕوو و پێویسته له نێوان هه‌ردوو چیڕۆكدا خوێنه‌ر ماوه‌یه‌ك حه‌سانه‌وه به ئه‌ندێشه‌ی بدات له‌به‌ر ورده‌كاری و ڕووداوه‌كانی كه هه‌میشه به دیمه‌نێكی كتوپڕ و سه‌رسام به‌كۆتا دێت.
سه‌رسوڕمانی جوایه‌زی هه‌ر ئه‌زموونێك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تر، ڕاستگۆیی ئافهریدكردن و ناوێزه‌یی ڕازی هه‌ر چیڕۆكێك، وا ده‌كات به‌رده‌وام نووسینه‌كانی مۆپاسان له یادگه‌ی خوێنه‌رانیدا تایبه‌تمه‌ند و چاوید بن، سه‌رجه‌م پاڵه‌وانی چیڕۆكه‌كانی كه‌سی ئاسایین، به‌ڵام هه‌رگیز حه‌كایه‌ته‌كان ئاسایی نین.
مۆپاسان له ڕێی چیڕۆكی (گردهبهز) ده‌ركه‌وت ئه‌م چیڕۆكه به ده‌روازه‌ی زێڕینی هاتنه ناو دنیای ئه‌ده‌ب داده‌نرێت، هه‌روه‌ها له چیڕۆكه جوانه‌كانی (له شه‌مه‌نده‌فه‌ردا) و (شه‌یتان) و (پاسه‌وانه‌كه) و (باوكت له كوێیه) و (برتا) و (ئاوه‌مۆر)ن، وێنه‌كانی مۆپاسان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌سته مرۆییه‌كانه به‌بێ جوانكاریی و مكیاج، كه راسته‌قینه‌یی بابه‌ته‌كه‌ی له سنوور تێپه‌ڕیوه، به‌مه‌ش خوێنه‌ر تووشی شۆك ده‌كات.
به‌لای ئێمه‌وه به‌هێزترین چیڕۆكی نووسیار چیڕۆكی (گه‌ردانه‌ی ئه‌ڵماس)ـه، ره‌خنه‌گرانی دنیا پێیان وایه ئه‌م چیڕۆكه نموونه‌ی ته‌واوی كورتهچیڕۆكه كه خاوه‌ن كۆتاكه‌ی واق و وڕكاره و هه‌موو پێكهێنه‌ره بنچینه‌ییه‌كانی كورتهچیڕۆكی تێدا به‌دی هاتووه، كه‌سه‌كان، كات و شوێن، هۆی لۆجیكی بۆ ڕووداوه‌كان و سه‌ره‌نجام. هه‌روه‌ها پێكهێنه‌ری وه‌ك ئارهزووهێنان و ڕێكه‌وتی ماقوڵ و خستنه‌ڕووی نیگاگیری به‌جۆش و واره واره‌ی گه‌یشتن به كۆتا.
له‌گه‌ڵ مۆپاسان ده‌وڵه‌مه‌ندیی بابه‌تی چیڕۆكی فڕه‌نسایی ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌رچه‌نده دووباره‌ن وه‌ك ئه‌سته‌می پێوه‌ندی نێوان خه‌ڵك و خۆشه‌ویستیی بێ نه‌وای ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌ی شه‌یدای ده‌گمه‌نین، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خێزان، جه‌نگ، شێتی، مه‌رگ، دووڕوویی و هه‌لپه‌رستی، ره‌خنه‌ی توند له مرۆڤایه‌تیی خۆویست. شوێنه‌كانیش هه‌مان شوێنن، لادێی نورماندی كه جووتیار و ئاغا لادێیه‌كان تێیدا ده‌ژین، پاریسییه‌كان كه هاوسێی یه‌كتر بوون و یه‌كتریان نه‌ده‌ناسی، ئه‌وانیش فه‌رمانبه‌ری بچكۆله و ژنی ڕێزدار و خوواڕۆ و سۆزانیی بوون. كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌گۆڕێن به‌پێی خۆبهندییان به چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان (ده‌وڵه‌مه‌ند ـ هه‌ژار ـ ئاغا‌كان ـ بورجوازی ـ ژنی بێ ده‌سه‌ڵات ـ ئاشقی هه‌رزه‌كار ـ مێردی فریودراو) كه كاره‌ساته هیچوپووچهكانیان جیایان ناكاته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر، ته‌نێ به سیفه‌تی تایبه‌ت نه‌بێت.
به‌مشێوه‌یه حیكایه‌ته‌كان به‌سه‌ر یه‌كتر كه‌ڵه‌كه ده‌بن له زنجیره‌یه‌كدا كه درێژ ده‌بێته‌وه تاهه‌تایه، ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین له ده‌قی "هاوڕێ جوانه‌كه‌م" باسی هه‌ڵكشانی پیاوێكی سووك و په‌ست ده‌كات، مۆپاسان تابلۆیه‌كی گه‌وره بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی پاریس ده‌كێشێت، به‌ڵام له (چیای ئوریل) و (به‌هێز وه‌ك مه‌رگ) و (دڵمان) نووسه‌ر كۆمه‌ڵه دڵێكی خاپووربوومان به ورده‌كارییه‌وه بۆ وێنا ده‌كات.
مۆپاسان زۆر بێ هیوا بووه، ئه‌م بێ هیوابوونهیش ته‌نیا به‌رهه‌می ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه نه‌بووه كه مرۆ گشت زاڵبوون و كاریگه‌رییه‌كی به‌سه‌ر واقیعی ئابووری له ده‌ست داوه، به‌ڵكو نه‌یتوانیوه له‌گه‌ڵی هه‌ڵبكات، كه‌چی پێویست بووه له‌سه‌ری كه ئاره‌زووه كاتییه‌كانی یاخۆ چاوچنۆكییهكی پیسكه له ناخیدا رازی بكات.
له نووسینه‌كانی (مۆپاسان)دا به چڕی دنیایه‌كی لێك هه‌ڵوه‌شاوه ده‌بینرێت، به نزمی ده‌ڕوانێته مرۆڤ، ئاده‌میزاد دزێوترین بوونه‌وه‌ره له‌ناو هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌كانی دنیا، ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی له چیڕۆكه‌كاندا دهیئافرێنێ له هه‌ڵدێری دنیایه‌كی شه‌ڕانگێز و تڕۆهات و سه‌ره‌تایی ده‌ژین، به‌رده‌وامیش پاشماوه‌ی بێزاریی و جاڕسییهك ده‌خاته پێش كه ده‌بێته هۆی دڵههڵشێوان و هێڵنجدانێكی ڕاسته‌قینه.
له ته‌ك ئه‌م هه‌موو بێهووده‌ییه‌دا دێت و خۆشه‌ویستی و هه‌ڵچوون و ئاخۆران و سه‌ربزێوی و ئێشه‌كانی وێنا ده‌كات، ناواخنی جاویدانی ئه‌م تێگه‌یه ده‌رده‌بڕێت، هه‌روه‌ها به‌شێكی فراوانی له نووسینه‌كانی بۆ حه‌ز و هه‌ست و شه‌هوه‌ت ته‌رخان كردووه، كه پێی وایه هۆكارێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه له ئه‌ڤیندا، بۆیه به‌تایبه‌تی له‌باره‌ی ئازاره‌كانی ژن و مێرد ده‌نووسێت، باس له ناكۆكییه مۆڕاڵی و جه‌سته‌ییه‌كان ده‌كات كه تێیدا ململانێی هه‌وه‌سی ژن و زلحۆلی پیاو ده‌بینرێت.
مۆپاسان دێ به كارزانییهكی مه‌زن تڵیشانهوه و داگه‌ڕان و به‌دخوویی پاریس وێنا ده‌كا به كۆمه‌ڵگه ئاوه‌ڵه و ڕه‌وشت وهرگهڕاوهكهی، پاریس كه پایته‌ختی ئه‌فسانه‌یی سه‌ركه‌وتنه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا له نووسینه‌كانی ئه‌م وێژه‌وانه پایته‌ختێكی نه‌نگ و نه‌گریسه. له ڕێی ئه‌م شاره‌وه كۆمه‌ڵه دۆزێكی جوایه‌ز باس ده‌كات، دوو شت هه‌ن كه به‌هۆیه‌وه هه‌ڵكشانی كۆمه‌ڵایه‌تی دێته دی، ئه‌وانیش (ژن و پاره)یه، مۆپاسان وێنای پاریس ده‌كات كه بوارێكی سه‌رنجڕاكێش و فریوده‌ره، به‌ڵام ترسناكیشه. پاریس ئه‌و شاره‌یه كه مرۆڤ تێیدا خۆی له ده‌ست ده‌دات، زۆر له هونه‌رمه‌ندان ده‌بن به ماستاوچی، خۆشه‌ویستیان بۆ جوانیی و ئیستاتیكا ده‌گۆڕێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی دارایی، پاره له‌شكر و بزوێنه‌ری هه‌موو شتێكه له‌و هه‌واره‌دا، نووسه‌ری گه‌وره‌ی فڕه‌نسا ئاوا پاریس ده‌خاته ڕوو.
ئه‌و شوێن به شوێن و شه‌قام و شۆسته و كووچه‌كانی پاریس گه‌ڕاوه، سه‌ركۆنه‌ی ڕووپامایی و ڕیای كۆمه‌ڵایه‌تی كردووه، دڵڕه‌قیی خه‌ڵكی ده‌رخستووه، په‌رده‌ی له‌سه‌ر كۆمیدیای مرۆیی لا بردووه، وێنه‌ی پاریسییه‌كانی كێشاوه، خاوه‌ن قایه‌خ و تكان و فه‌رمانبه‌ره كه‌م و بێ قهدرهكان، به‌تایبه‌تی رۆژنامه‌نووسه داوێنپیس و رۆشنگه‌ره ناكه‌س و شڕۆڵهكانی ئه‌م پایته‌خته، كه به تووڕه‌ییه‌وه هێرش ده‌كاته سه‌ریان و ئابڕووی هاوپه‌یمانی رۆژنامه‌گه‌ری و سامان و ده‌سه‌ڵات ده‌بات.
به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م دنیایه‌ی له پاریس هه‌یه دنیایه‌كی داخراوه و پڕ نیگه‌رانیی و ته‌فره و پێچ و په‌نا و ته‌شقه‌ڵه و ساخته‌یه، دنیای چاوهشیی و گاڵته و قه‌شمه‌ریی و زرتۆڵهیه، هاوكاره بۆ دووركه‌وتنه‌وه له ئازاری ئه‌م بوونه، دنیایه‌كی سه‌ربه‌مۆره. ئاوا له‌باره‌ی پاریس ده‌نووسێت، نووسه‌ریش گه‌ڕۆكێكی ته‌ماوییه، به‌م تابلۆیانه ڕه‌وشتی پاریس ده‌رده‌خات له‌م سه‌رده‌مه‌ی تێیدا ژیاوه، له مۆده و یاریی به شمشێر و یارییه‌كانی لادێ و شتگه‌لی تر، نابێ له‌یاد بكه‌ین كه دوو شتی هه‌ژه‌ند له‌و كات پاریس‌یان نواندووه ئه‌وانیش هێز و داكهوتنه.
مۆپاسان به ڕاستگۆیی واقیع ده‌خاته‌ڕوو، سه‌رجه‌م چیڕۆك و ته‌نانه‌ت ڕۆمانه‌كانیشی تایبه‌تمه‌نده به وردبینی و ساناییهكی به‌هێز له شێوازدا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا فه‌لسه‌فه‌یه‌كی قووڵ له‌خۆ ناگرێت، مرۆ ده‌بینێ به خوێنتاڵی، ته‌مبه‌ڵ، دڕنده له تامه‌زرۆیی، توندڕه‌و له خۆپه‌رستیی، زه‌بردار یان سه‌رشێت به‌پێی چه‌شن و دۆخه‌كان كه هه‌میشه به‌دوای چێژێكی ڕۆیشتوو ڕاده‌كه‌ن. له هه‌موو گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه ده‌ڕوانێته مرۆ، له‌باره‌ی جه‌سته ده‌دوێ، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا قسه له‌سه‌ر گیان و ده‌روونیش ده‌كات، زووانی زووانێكی بوونگه‌راییه، ته‌نێ ژیان پیشان نادات، به‌ڵكو وێنای ترس و ته‌سكیی و گهندهژهیی و مایه‌پووچی و مردنیش ده‌كات.
جێی ئاماژه‌یه كه (گێ دی مۆپاسان) له كه‌رتی نورماندیا له لادێی فڕه‌نسا له ساڵی ١٨٥٠ له‌دایك بووه، بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی هه‌یه، به‌ڵام شه‌یدای خوێندنه‌وه بووه، به‌هۆی جه‌نگی نێوان ئه‌ڵمانیا و فڕه‌نسا له خۆبه‌خشه‌كان بوو بۆ به‌رگریكردن له وڵاته‌كه‌ی، بینینی جه‌نگ هاوكاربوو بۆ پێكهاتنی هه‌گبه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند له یاده‌وه‌ری، كه دواتر له چیڕۆكه‌كانیدا سوودی لێ وه‌رگرت، به‌تایبه‌ت چیڕۆكی (گردهبهز)، له ته‌مه‌نی ٤٣ ساڵی كۆچی دوایی كردووه.