سه‌روین ده‌روێش
وینستۆن چه‌رچڵ ده‌ڵێ:
راستی زۆر به‌نرخه به‌ئاستێك ده‌بێت به كه‌ژاوه‌یه‌ك له درۆ بپارێزرێت. به‌ھۆی پێویستی مرۆڤ به فاكته‌ره‌كانی ڕۆشنبیری و فێركردنی جیاجیاوه كه بووه‌ته ھۆی دروستبوونی ڕاگه‌یاندنی جیاواز كه ئه‌ڵقه‌یه‌كی به‌ستنه‌وه و پێوه‌ندیكردنه به خه‌ڵك، ده‌بێت كاری ڕۆشنبیریی بێت نه‌ك ته‌نیا گواستنه‌وه‌ی ھه‌واڵه‌كان! ته‌ڵه‌كه‌بازی میدیاكارهكانیش له پشت مایكرۆفۆنهكانهوه و له كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان، دوور له به‌ھای كاركردن و به‌دوژمنكردنی دۆست و به دۆستكردنی دوژمن، به‌جۆرێك به‌كارھێنانی ھونه‌ری كارتێكردن له ھزر و مێشك شووشتنه‌وه و ڕێكلامكردن بۆ شتی پووچ و بێبه‌ھا. میدیا ده‌توانێ یاری به ژیانی كه‌سانێك بكات وه‌ك ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌باره‌ی كه‌سه ناوداره‌كان ده‌درێت و به‌مه‌به‌ستی ناوزڕاندنیان، جا ئه‌و زانیارییانه ڕاست بن یان ھه‌ڵبه‌ستراو یاخۆ ته‌نیا بۆچوونێك بن.
میدیا وه‌ك خه‌وی موگناتیسی ده‌بێته ھۆی سه‌پاندنی بیرۆكه و كولتوور به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه، خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ كه‌وتووه‌ته به‌ر كاریگه‌ری میدیا و باوه‌ڕ به ھه‌موو ئه‌و شتانه ده‌كه‌ن كه ده‌یبینن و ده‌بیستن به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان بزانن، له ڕووی زانستییه‌وه مرۆڤ زۆر به‌ئاسانی توانای بیركردنه‌وه له ده‌ست ده‌دات كاتێك دووچاری كاریگه‌ری مرۆیی و سۆزداری ده‌بێت ته‌نانه‌ت ھه‌ندێك جار وای لێ دێت كه باوه‌ڕ به وه‌ھم و زێده‌ڕۆیی بكات كه به ھیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌قڵ قبووڵی ناكات، ڕۆبه‌رت فیسك ده‌ڵێت:
میدیای ھاوچه‌رخ تاوانێكی گه‌وره‌یه، چونكه وه‌ك دارده‌ستی جادووگه‌ر وایه كه كۆنترۆڵی مێشكی خه‌ڵك ده‌كات و به‌ره‌و ڕاستییه‌كی خه‌یاڵییان ده‌بات.
ئه‌و جه‌نگه وه‌ھمییه‌ی میدیا له ناو سه‌رمان دروستی ده‌كات ، ھه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر ھزرمان، ئه‌وه‌ش بۆ خزمه‌تكردنی ئه‌جندای جیاواز و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی بهھێزهكانه، زۆر جار له پشت ھه‌ر ده‌زگه‌یه‌كی میدیادا ئایدۆلۆجیایه‌ك ھه‌یه كه بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌ت به‌كار دێت.
به‌ھۆی نه‌بوونی چاودێری له‌سه‌ر ده‌زگه‌كانی ڕاگه‌یاندن كه به‌و ھه‌موو پێشێلكارییانه‌ی ده‌كرێت كه ئاكام و كاریگه‌ری خه‌راپی ھه‌یه له‌سه‌ر ھه‌ڵسوكه‌وتی كۆمه‌ڵگه، بینین یان بیستنی ھه‌واڵی كوشتن و ده‌ستدرێژی و توندوتیژی سێكسی و جنێو و ھه‌ڕه‌شه و سووكایه‌تیكردن بووه به شتێكی ئاسایی و قبووڵ ده‌كرێت، به‌مه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ده‌روونی تاك به‌جێده‌ھێڵێت كه ده‌بێته ھۆی له ده‌ستدانی به‌ھا و بنه‌ماكان، به‌داخه‌وه ھۆكاره‌كانی ڕاگه‌یاندن ده‌ستبه‌سه‌رن و نه‌یانتوانیوه به‌ربه‌ست بۆ ئایدۆلۆجیا و ھۆكاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بكات و ئازاد بێت و ڕاستگۆیی و بوێری له ده‌ست نه‌دات.
ئامانجی ده‌زگه مه‌زنه‌كانی ڕاگه‌یاندنه حكوومییه‌كان له بڵاوكردنه‌وه‌ی ھۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ته‌نیا بۆ خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی ھه‌یه كارگه‌یه‌كه بۆ دروستكردنی ڕاوبۆچوون و ئاراسته‌ی سیاسی تاك، بگره زینده به‌چاڵكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه له ناو گێژاوی ڕاگه‌یاندن، ئه‌م ئامانجه‌ش ئاسانتر ده‌پێكێت له‌ناو ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری و ھه‌ژاری تێیاندا به‌رزه، چونكه كه‌سی ئاسایی ناتوانێت مه‌ودا دابنێت له نێوان خۆی و ئه‌م ده‌زگایانه، ته‌نانه‌ت ھه‌ندێ جار بیرمه‌ندانیش كه‌وتوونه‌ته ئه‌م ته‌ڵه‌یه‌وه و باوه‌ڕیان گۆڕاوه!
به‌ھۆی دروستبوونی مینبه‌ری جیاواز بۆ ڕاده‌ربڕین، ھه‌موو كه‌سێك له توانایدا ھه‌یه له‌سه‌ر بابهتهكان كۆمێنت بنووسێت یان ھه‌واڵ بنێرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی ھیچ ده‌زگه‌یه‌كی ڕاگه‌یاندن پێوه‌ندی به‌مه ھه‌بێت، ڕاگه‌یاندن له ناو خه‌ڵك بۆ خه‌ڵكه، ھه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه تێیدا به‌شدارن، به مه‌رجێك بتوانن به لێهاتوویی په‌یامێك بگه‌یه‌نن، ھاووڵاتی خۆی ڕۆڵی ڕۆژنامه‌نووس ده‌بینێت كه بووه‌ته ھۆی دروستبوونی چینێك له ڕاگه‌یاندكاران كه پسپۆڕ نین له بواری ڕاگه‌یاندن، به‌ڵام ھێنده داھێنه‌ر و لێهاتوون ته‌نانه‌ت له كه‌سانی پسپۆڕ شاره‌زاترن، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ند كه‌ره‌سته‌یه‌ك به‌كار دێت وه‌ك مۆبایله زیره‌كه‌كان یان لاپ‌تۆپ، به‌مه‌ش ده‌گوترێت ڕاگه‌یاندنی نوێ، له‌وانه‌یه ناو بنرێت ڕاگه‌یاندنی كۆمه‌ڵایه‌تی یان وه‌ك ڕۆژنامه‌ی ھاووڵاتی پێناسه بكرێت، ئاشكرایه كه به‌كارھێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به به‌كارھێنانی لاپه‌ڕه ئه‌لیكترۆنییه‌كان داھاتی لاپه‌ڕه ڕۆژنامه ئاساییه‌كان كه‌م بووه‌ته‌وه چونكه بینه‌ر و بیسه‌ری ڕاگه‌یاندنی نوێ ڕوو له‌زیادبوونه، ئه‌م پێوه‌ندییانه به جیھانی كراوه، چونكه ده‌توانێت سنووری كات و شوێن و سانسۆر ببڕێت.