هیچ ژانرێكی ئه‌ده‌بی وه‌ك ڕۆمان ناتوانێ ببێته ئاوێنه‌یه‌ك بۆ ناسین و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی گه‌لان. ڕۆمانگهلێك هه‌ن ته‌نیا به خوێندنه‌وه‌یان ئێمه ده‌زانین ژیانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه چۆنه و چ نه‌هامه‌تییه‌كیان بینیوه، ڕه‌نگه ڕۆمانه‌كانی خالید حوسێنی نموونه‌یه‌كی دیاری ئه‌و ناساندنه بێت. به‌و پێیه‌ی باسی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات.
گه‌لێك جار له دووتوێی ده‌قێكی ڕۆماندا، مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، یاخۆ ڕووداوێك ده‌خرێته ڕوو كه له په‌راوێزیه‌وه خوێنه‌ر به به‌شێكی زۆری لایه‌نه شاراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه ئاشنا ده‌بێت. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ڕۆمانی (دایكم كاتێ یادی كاڵ ده‌بێته‌وه) یه‌كێكه له‌و ڕۆمانانه‌ی له میانی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كاندا خوێنه‌ر ئاشنای كولتوور و شێوه‌ژیانی مه‌غریبییه‌كان ده‌بێت، له سه‌رده‌می پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه كه ژنێكه ناوی (لاله فاتمه).
ئه‌م ژنه تووشی نه‌خۆشیی (خه‌ڵه‌فان_زه‌هایمه‌ر) بووه، ئیتر یادگه‌ی كاڵ بووه‌ته‌وه و هزری توانای ده‌ربڕین و كۆنترۆڵكردنی قسه و گوزارشتكردنی نه‌ماوه، به‌ڵكو وه‌ك هه‌ر نه‌خۆشێكی تری خه‌ڵه‌فاو، قسه‌ی سه‌یروسه‌مه‌ر ده‌كات و كه‌سایه‌تییه‌كان تێكه‌ڵ ده‌كات.
ئه‌م جۆره نه‌خۆشییه، خانه‌كانی مێشك ده‌كوژێت، ئیتر نه‌خۆشه‌كه توانای ناسینه‌وه و ده‌ربڕینی نامێنێت. بۆیه گێڕه‌ره‌وه‌ی ڕووداوه‌كان كه ڕۆماننووس خۆیه‌تی، له ڕێی ته‌كنیكی فلاشباكه‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه ڕابردوو و ژیانی دایكه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه.
لاله فاتمه له ته‌مه‌نێكی زوودا، كاتێ هێشتا له نێوان منداڵه‌كانی كۆڵان یاریی ده‌كرد، باوكی به شووی ده‌دا، له ته‌مه‌نی 15 ساڵیدا یه‌كه‌م منداڵی ده‌بێت و به‌ر له‌وه‌ی باوكی كۆرپه‌كه‌ی ببینێت، به نه‌خۆشی گرانه‌تا ده‌مرێت. ئیتر فاتمه بێوه‌ژن و سه‌رگه‌ردان ده‌كه‌وێت و خۆی و منداڵه‌كه‌ی ده‌چنه‌وه ماڵی دایكی.
دایكی له یه‌ك كاتدا، شیر به منداڵه‌كه‌ی خۆی و نهوهكهیشی، واته منداڵی فاتمه ده‌دات. مانه‌وه‌ی ژنێكی گه‌نج و جوان و بێ مێرد له ماڵی باوكی، كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی گه‌وره‌یه، بۆیه خێزانه‌كه‌ی ناچاری ده‌كه‌ن جارێكی تر شوو بكاته‌وه، ئه‌ویش چونكه كچ نییه، ناچار ده‌بێت شوو به پیره‌مێردێك بكات كه چه‌ندان ساڵ له خۆی گه‌وره‌تره و بگره منداڵه‌كانی له ته‌مه‌نی ئه‌ودان. به‌ڵام دوای چه‌ند ساڵێك، ئه‌ویش ده‌مرێت و جارێكی تر سه‌رگه‌ردان ده‌بێته‌وه و شووی سێیه‌میش ده‌كات. له هه‌ریه‌ك له‌و كه‌سانه‌ش، چه‌ند منداڵێكی هه‌یه.
ژیانی لاله فاتمه، ده‌كه‌وێته گه‌رمه‌ی شه‌ڕ و داگیركارییه‌كانی ئه‌و وڵاته، بۆیه نه‌هامه‌تی و سه‌ختی زۆر ده‌بینێت و له دوا ساته‌كانی ته‌مه‌نیشیدا، تووشی نه‌خۆشی خه‌ڵه‌فان ده‌بێت. به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشییه‌وه لاله فاتمه ده‌بێته مرۆڤێكی تر و وڕێنه هه‌موو ژیانی داده‌پۆشێت و به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشییه‌وه زه‌مه‌ن و شوێن و كه‌سایه‌تییه‌كان له‌بیر ده‌كات، یان ده‌یانگۆڕێت.
بۆ نموونه، ساڵی 2000ـه كه‌چی لای ئه‌و 1953یه. ئه‌وان له شاری ته‌نجه ده‌ژین، كه‌چی لاله فاتمه، هه‌ر وا ده‌زانێت له فاسن. مێرده‌كه‌ی چه‌ندان ساڵه مردووه، به‌ڵام ئه‌و ده‌ڵێت دوێنێ كۆچی دوایی كرد. كوڕه‌كانی ده‌كاته براكانی و براكانیشی ده‌كاته كوڕه‌كانی. بۆ دایكی ده‌گری، كاتێ وا ده‌زانێت دوێنێ مردووه، به‌ڵام خزمه‌تكاره‌كه‌ی به بیری دێنێته‌وه كه ئه‌و 30 ساڵه مردووه. ئاوی ماڵه‌كه‌ی تێكچووه كه چی به كوڕه‌كه‌ی ده‌ڵێت: وه‌ستایه‌كی كاره‌با بێنه، ئاوه‌كه چاك بكاته‌وه.
ڕۆژانه ئه‌مه دیمه‌نی ژیانی لاله فاتمه‌یه و هیچ كام له كوڕ و كچه‌كانی له‌گه‌ڵی ناژین، به‌ڵكو كه‌لسوومی خزمه‌تكار و ره‌حیمۆ، ڕۆژانه خزمه‌تی ده‌كه‌ن و كوڕه‌كه‌یشی تاهیر له فڕه‌نسا ده‌ژی و ماوه ماوه بۆ سه‌ردانی دایكی ده‌گه‌ڕێته‌وه مه‌غریب.
تاهیر به په‌رۆشه‌وه باسی دایكی ده‌كات كه چۆن پیریی و نه‌خۆشیی خه‌ڵه‌فان، ته‌نگیان پێ هه‌ڵچنیوه، چۆن وه‌ك منداڵێكی ساوا خۆی پیس ده‌كات و خزمه‌تكاره‌كه‌ی دایبی بۆ ده‌گۆڕێ، ئه‌وه ئازاری ده‌دات و خه‌یاڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه ساڵانێكی زوو، كاتێ دایكی له هه‌ڕه‌تی گه‌نجیدا چه‌ند جوان و پۆشته و خاوێن بووه، به به‌رده‌وامی بۆنی عه‌تر و گوڵی لێ هاتووه، تاڵه‌كانی قژی بریسكهیان هاتووه، ئه‌وكاته‌ی له گه‌رماو هاتووه‌ته ده‌ره‌وه. كه‌چی هه‌مان ئه‌و ژنه، ئێسته زه‌لیل و په‌ككه‌وته‌یه، ده‌بێ هه‌موو تێهه‌ڵدان و قسه ناخۆشه‌كانی كه‌لسوومی خزمه‌تكار قبووڵ بكات، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی بكات.
بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك، لاله فاتمه له‌و دۆخه ده‌روونی و هزرییه‌دا ده‌مێنێته‌وه تا كۆچی دوایی ده‌كات، به‌مه‌ش كۆتایی به ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه دێت. چیتر تاهیر دایكی نابینێته‌وه و ته‌نیا یادگارییه‌كانی هه‌ن.
له په‌راوێزی ئه‌و ڕووداوه، ڕۆماننووس باسی بارودۆخی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیانی مه‌غریبییه‌كان له سه‌رده‌می داگیركاریی و جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا ده‌كات. خوێنه‌ر كاتێ ئه‌و ڕۆمانه ده‌خوێنێته‌وه، هه‌ست ده‌كات كه‌شوهه‌وای ژیان و ژینگه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان و ڕێوڕه‌سمه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاینییه‌كانی مه‌غریب، زۆر له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی نزیكن. هه‌ژاری و چه‌وسانه‌وه‌ی ژن و نه‌بوونی پێداویستییه‌كانی ژیان، به‌شێكن له‌و سیما كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی ڕۆماننووس باسیان ده‌كات.
بۆ نموونه، لاله فاتمه كه پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌كه‌یه، له ته‌مه‌نی 15 ساڵیدا به شوو ده‌درێت و هاوشێوه‌ی ژنه‌كانی تری دنیای عه‌ره‌بی و ئیسلامی، له هه‌موو مافێك بێبه‌شه. كاتێكیش ده‌كه‌وێته ته‌مه‌نه‌وه، به‌هۆی ئه‌و نه‌خۆشییه‌وه ژیانی ده‌بێته وڕێنه و چه‌ند ساڵێك به‌و نه‌خۆشییه‌وه ده‌تلێته‌وه.
ئه‌م ڕۆمانه، چیڕۆكی نه‌هامه‌تی دایكێك ده‌گێڕێته‌وه كه چۆن هه‌موو ژیانی نه‌هامه‌تی و هه‌ژاری بووه. باسی زه‌لیلی مرۆڤ ده‌كات كاتێ ده‌چێته ته‌مه‌نه‌وه و ته‌نانه‌ت منداڵه‌كانی خۆیشی پشتی تێده‌كه‌ن. دایكێك كه هه‌موو سه‌ختییه‌كی ژیان ده‌بینێت و ده‌چێژێت، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانی پێ بگه‌یه‌نێت. به‌ڵام كاتێك پێویستی پێیانه ئه‌وان /منداڵه‌كانی/ له شوێنێكی تر و ژیانێكی تردان.
ڕۆمانه‌كه به زمانێكی جوان و ساده هاتووه‌ته وه‌رگێڕان، كاتێ خوێندمه‌وه هه‌ستم كرد به خه‌یاڵ گه‌شتێكم بۆ مه‌غریب كردووه. له‌گه‌ڵ "مه‌ولای و سیدی و ته‌نجه و فاس و كازابلانكا" كه جوانییه‌كی تریان به ڕۆمانه‌كه داوه، ئاوێته بووم و له كه‌ناره‌كانی ده‌ریای ناوه‌ڕاستم.
ده‌ستخۆشیی له وه‌رگێڕی ڕۆمانه‌كه (هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵا) ده‌كه‌م كه ڕۆمانێكی ناوازه و جوانی ده‌ستنیشان كردووه و وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی. زۆر گرنگه وه‌رگێڕه‌كانی ئێمه له دیاریكردن و هه‌ڵبژاردنی كتێبه‌كاندا، به ئاگا‌و هۆشیار بن، بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌یان شوێنی خۆی بگرێت و سه‌ره‌نجام خوێنه‌ریش چێژ له وه‌رگێڕانه‌كانیان ببینێت.
*ناوی ڕۆمان: دایكم كاتێ یادی كاڵ ده‌بێته‌وه.
نووسینی: تاهیر بن جه‌لون و وه‌رگێڕانی: هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵا.
بڵاوكراوه‌ی ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م/ 2019.