له دوای ڕاپه‌ڕینی گه‌لی كورد له‌م به‌شه‌ی كوردستان دژ به داوده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كانی ڕژێمی به‌عس له 1991دا، به‌تایبه‌تیش دوای كشانه‌وه‌ی پاشماوه‌ی داوده‌زگا كارتۆنییه‌كانی ئه‌و ڕژێمه، هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێكی جیابووه‌وه له عێراق بووه دیفاكتۆ. له‌و كاته‌وه تا ئێسته، ئه‌م قه‌واره‌یه فۆڕمێكی ده‌ستووری، كارگێڕیی، سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی به خۆوه گرتووه كه به هه‌موو پێوه‌رێك جیایه له عێراق. ئه‌گه‌رچی به‌هۆی سته‌می مێژوو و جیۆگرافیاوه، ئێسته‌ش به‌شێك بێت له عێراقی عه‌ره‌بی، به‌ڵام له ڕووی بنه‌ماكانی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، مامه‌ڵه‌یه‌كی جیاوازی له گه‌ڵدا ده‌كرێت.
قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه تا ئه‌مڕۆ، به گه‌لێك قۆناغی سیاسی و كارگێڕیی جیاواز و ململانێی سیاسی و حزبی و ئایدۆلۆجیدا تێپه‌ڕیوه، وه‌لێ دواجار هه‌موو ئه‌و جیاوازی و ده‌ركه‌وتانه، له یه‌ك خاڵدا دیدگهكانیان هاوبه‌ش ده‌بێت و یه‌ك ده‌گرنه‌وه، ئه‌ویش مانه‌وه‌ی قه‌واره‌كه و سازش نه‌كردنیه‌تی له‌سه‌ری. قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئێسته له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، وه‌ك به‌شێكی جیاواز له عێراقدا ده‌بینرێت، ته‌نانه‌ت له زۆر كاتدا ئاسایشی هه‌رێم و پێگه‌ی جیۆستراتیجییهكهی، وه‌ك به‌شێك له ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بینرێت.
كاتێك تیرۆیستانی داعش په‌لاماری كوردستانیان دا، ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی هاتنه سه‌ر هێڵ و به هاوكاری لۆجستی و هێرشی ئاسمانی، هاوكاری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یان كرد. له كاتێكدا ئه‌وكات داعش نزیك بووبووه‌وه له به‌غدای پایته‌ختی عێراق. بۆیه ئه‌م قه‌واره‌یه بووه‌ته دیفاكتۆ، كونسوڵ و نوێنه‌ری وڵاتان و سه‌رۆكه‌كانی دنیا وه‌ك به‌شێكی جیاواز له عێراق مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، بۆیه هیچ كاتێك ئه‌م قه‌واره‌یه به نووسینێكی بێ به‌های فه‌یسبووك و چه‌ند ده‌نگێكی نه‌شاز هه‌ڵناوه‌شێته‌وه. ئه‌وانه‌ی ئه‌و بانگه‌شه‌یه ده‌كه‌ن، خۆیان له هه‌موو كه‌س باشتر ده‌زانن كه ئه‌م قه‌واره‌یه به قسه‌ی ڕووتی چه‌ند سیاسی و په‌رله‌مانتارێكی نه‌شاره‌زا هه‌ڵناوه‌شێته‌وه.
ئه‌گه‌ر هه‌ڵوه‌شانه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان كارێكی ئاسان و ساده بووایه، ئه‌وا له ماوه‌ی ئه‌و 29 ساڵه‌دا نه عێراقی عه‌ره‌بی و نه ئێران و نه توركیاش، سێ و دوویان لێ نه‌ده‌كرد بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی. ئیتر كه ئه‌م وڵاته نه‌یار و زلهێزانه بوێریی ئه‌وه‌یان نه‌بێت ئه‌م قه‌واره‌یه هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه، چۆن به كه‌سانێكی نه‌زان له سیاسه‌ت و یاسا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه؟. له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌م قه‌واره‌یه بریتی نییه له په‌رله‌مان و ده‌زگا كارگێڕییه‌كان، یان چه‌ند هێز و لایه‌نێكی سیاسی، به‌ڵكو شوناسێكه كه له چوارچێوه‌یدا نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌ژیت. به هه‌موو پێوه‌رێكی نه‌ته‌وه‌یی، كولتووری، جیۆگرافی و مێژوویی، جیایه له عێراق. بۆیه مانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌واره‌یه واتا مانه‌وه‌ی ئه‌و شوناسه.
من ده‌زانم له كوردستاندا كه‌موكورتی و گه‌نده‌ڵی و بێ خزمه‌تگوزاریی زۆر هه‌یه كه پێویستیان به ڕاستكردنه‌وه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه نابێ پاساو بداته كه‌سانێك باس له نه‌مانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن. گریمان ئه‌گه‌ر هه‌رێمه‌كه هه‌ڵوه‌شایه‌وه، چیی نوێ ڕوو ده‌دات؟ یان ده‌بێ وه‌ك عه‌فرینمان لێ بێت، یانیش ده‌بێ ئاخوندهیهك فه‌رمانڕه‌وایه‌تیمان بكات، یان ده‌بێ مزگهوتهكانمان بكه‌ینه حوسێنییه، یان ده‌بێ وه‌ك ویلایه‌تی مووسڵی سه‌رده‌می داعشمان لێ بێت. قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان به هیچ كه‌س و ته‌نانه‌ت به په‌رله‌مانی كوردستانیش كه نوێنه‌رایه‌تی تاكه‌كان ده‌كات هه‌ڵناوه‌شێته‌وه.
ئه‌م قه‌واره‌یه به‌رهه‌می خه‌باتێكی دوور و درێژ و قوربانیدانێكی بێ وچانه كه ئێسته‌ش به‌رده‌وامی هه‌یه. ئه‌م قه‌واره‌یه واتا ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، زمان، ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، خاك، كولتوور و فه‌رهه‌نگ، جیۆگرافیا و كوردبوون. ئه‌گه‌ر هه‌ڵوه‌شایه‌وه، ئه‌وا هه‌موو ئه‌مانه هه‌ڵده‌وشێنه‌وه. ئیتر باسكردن له نه‌مانی ئه‌م قه‌واره‌یه كوتینی ئاسنی سارده!.