نكۆڵی له‌وه ناكرێت كه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به گشتی و فه‌یسبووكیش به تایبه‌تی، پانتاییه‌كی گه‌وره‌یان له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌ی مرۆڤی كوردیان گرتووه. بۆیه ده‌ڵێین پیشه، چونكه له‌كات و ساتی ده‌وامیشدا جا له كه‌رتی گشتی یا تایبه‌تی بێت، كه‌سانێكی زۆر هه‌ن ده‌رفه‌تێك ئه‌گه‌ر بچو‌وكیش بێت وه‌رده‌گرن و سه‌رقاڵی چات و لایك و گۆڕینه‌وه‌ی كۆمێنت ده‌بن. ئه‌گه‌رچی ته‌كنه‌لۆجیای سه‌رده‌م، بووه‌ته به‌شێكی سه‌ره‌كی له پێداویستییه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌ی مرۆڤه‌كان، وه‌لێ ئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ده‌گوزه‌رێت، جۆرێكه له ئالووده‌بوون به ته‌كنه‌لۆجیا، نه‌ك بینینی وه‌ك ئاسانكارییه‌ك بۆ ڕاییكردنی كاره‌كانی.
ئه‌م جۆره له پێوه‌ندی مرۆڤ و ته‌كنه‌لۆجیا له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا، جۆره تاكێكی دروست كردووه كه ڕاگوزه‌ر، ساده و بێ بینین و وردبوونه‌وه‌یه‌كی قووڵ شته‌كان ببینێت. ئه‌م بینینه ساده‌یه دواجار تاكێكی بیر نه‌كه‌ره‌وه و بێ پاشخانی هزری دێنێته ئاراوه، كه كه‌مترین وه‌ستان و هه‌ڵوه‌سته‌ی هه‌بێت له ئاست هه‌واڵ و ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییانه باس ده‌كرێن، یان ڕۆژانه به‌ریان ده‌كه‌وێت. به تایبه‌تیش كه ئه‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییانه، سهكۆیهكن بێ هیچ جۆره سانسۆر و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ك، به‌وپێیه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو جۆره بهرزهفتكردنێكی یاسایی و ڕۆژنامه‌وانین. لێره‌وه‌ش گه‌لێك جار ئه‌م سه‌كۆیانه، ده‌بنه مینبه‌رێك بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ناڕاست و پڕ له درۆ و چه‌واشه‌كارانه كه به داخه‌وه كاریگه‌ریی ده‌كه‌نه سه‌ر كۆمه‌ڵگه و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی. به تایبه‌تیش له‌و وڵاتانه‌ی كه هوشیاریی هزری و و په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تیی تاكه‌كان، له ئاستێكی به‌رز دانییه.
ئه‌م هه‌واڵانه چۆن بڵاو ده‌كرێنه‌وه و بۆچی بڵاو ده‌كرێنه‌وه و ئامانج له بڵاوكردنه‌وه‌یان چییه؟ ڕه‌نگه پرسیاری هه‌میشه‌یی و ڕۆژانه‌ی به‌شێكی زۆرمان بێت. كتێبی (فه‌یك نیوز) كتێبێكه له باره‌ی پڕوپاگه‌نده و هه‌واڵی ناڕاست و كاریگه‌رییه‌كانی له هه‌زاره‌یه‌ی سێیه‌م و دنیای ته‌كنه‌لۆجی ئه‌مڕۆدا. ئه‌م كتێبه كه به زمانێكی ساده نووسراوه و هه‌موو خوێنه‌رێك ده‌توانێ بیخوێنێته‌وه، له كاریگه‌ریی هه‌واڵی ناڕاست له‌سه‌ر ژیانی تاكه‌كان و كۆمه‌ڵگه به گشتی ده‌دوێت. خوێنه‌ر كاتێ كتێبه‌كه ده‌خوێنێته‌وه، د‌رك به‌وه ده‌كات كه فه‌یك نیوز ئه‌مڕۆ له هه‌موو دنیادا، ته‌نانه‌ت له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانیش ڕۆڵێكی نه‌رێنی هه‌یه له‌سه‌ر بیركردنه‌وه و ڕوانینی مرۆڤ و بگره ئاراسته‌ی ڕووداوه‌كانیش ده‌گۆڕێت. وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ری كتێبه‌كه، له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكاوه له ساڵی 2016 ده‌یخاته ڕوو.
له ده‌سپێكی باسه‌كاندا نووسه‌ر له‌سه‌ر دیارده‌ی درۆكردن ده‌وه‌ستێت و ڕوونی ده‌كاته‌وه كه ئه‌م دیارده‌یه له ڕووی په‌روه‌رده‌ییه‌وه له سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات. كاتێ منداڵ به هۆی ترسه‌وه ناچار ده‌بێت ڕاستییه‌كان بشارێته‌وه و ڕووداوه‌كه وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕووی داوه باس نه‌كات. بۆ نموونه: كاتێ منداڵ به هۆی شه‌ڕه‌وه له‌گه‌ڵ منداڵێكی تر زیانی پێ ده‌گات، ئه‌وا له ترسی خێزان، هه‌وڵ ده‌دات سیناریۆیه‌ك یان چیڕۆكێكی درۆ بۆ ئه‌و ڕووداوه دروست بكات. نه‌بادا خێزانه‌كه‌ی بكه‌ونه كاردانه‌وه‌ی ده‌روونی به‌رانبه‌ری. ئه‌مه یه‌كه‌مین دووركه‌وتنه‌وه‌یه له گوتنی ڕاستییه‌كان كه له داهاتوودا بێگومان ده‌بێته به‌شێك له ئاكاری كۆمه‌ڵایه‌تی منداڵ، ئه‌گه‌ر خێزان به‌وردی و هه‌ستیارییه‌وه په‌روه‌رده‌ی نه‌كات.
هۆكارێكی تری درۆكردن كه نووسه‌ر باسی ده‌كات به‌رژه‌وه‌ندییه. زۆر جار مرۆڤ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و هه‌لپه‌رستی خۆیه‌وه، زۆر به‌لایه‌وه ئاساییه په‌نا بباته به‌ر شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان. وه‌ك ئه‌وه‌ی كاڵایه‌كی خراپ، به كوالیتی باش ده‌فرۆشێته‌وه، یان پڕوپاگه‌نده بۆ شمه‌ك و كاڵاكانی وه‌ك براندێك ده‌كات، تا سه‌رنجی كڕیارانی ڕابكێشێت. ئه‌م جۆره له درۆیه به ئاگایه‌وه ده‌كرێت و به‌داخه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌شدا نموونه‌ی یه‌كجار زۆری هه‌یه. له باسێكی تردا نووسه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه كه بۆچی فه‌یك نیوز ده‌توانێ كاریگه‌ریی بخاته سه‌ر تاكه‌كان و چه‌واشه‌یان بكات؟ بۆچی ئه‌م جۆره له هه‌واڵ به ئاسانی ده‌توانێت فریومان بدات، بێ ئه‌وه‌ی له ڕاست و دروستی دڵنیا بین؟ به بڕوای نووسه‌ری كتێبه‌كه، یه‌كێك له دیارترین ئه‌و فاكته‌رانه‌ی واده‌كات ئه‌م جۆره له هه‌واڵ بره‌وی هه‌بێت و سه‌رنجی هه‌مووان ڕابكێشێت ئه‌وه‌یه، ئه‌و كه‌سانه‌ی كار له‌و بواره ده‌كه‌ن، كه‌سانی شاره‌زاو لێهاتوون له ڕووی هونه‌ری و ته‌كنیكی و ڕۆژنامه‌وانی، به تایبه‌تیش له لایه‌نی داڕشتنی سیناریۆی ناڕاست و چهواشهكراوانه. ئه‌و كه‌سانه به شێوه‌یه‌ك كار له ناوهڕۆك و داڕشتنی ئه‌و فهیكانه ده‌كه‌ن كه مرۆڤ له نێوان ڕاستی و درۆدا، بكه‌وێته پرسیاری بێ وه‌ڵامه‌وه. چونكه به‌شێوه‌یه‌ك هه‌واڵه‌كه داده‌ڕێژن و بڵاو ده‌كه‌نه‌وه كه تۆ واهه‌ست بكه‌یت ئه‌مه ڕاستییه. به تایبه‌تیش ئه‌و كه‌سانه بۆ ئه‌و ئامانجه‌یان سوود له‌و لایه‌نه گشتی و خزمه‌تگوزارییانه وه‌رده‌گرن كه پێوه‌ندییان به ژیانی گشتی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه تا هه‌واڵه‌كه‌یان ببێته جێی سه‌رنج و خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو خه‌ڵك.
له‌لایه‌كی تره‌وه كاره‌كته‌ره‌كانی بواری فه‌یك نیوز، به‌لایانه‌وه نه‌نگی نییه كه هه‌واڵه‌كه‌یان به درۆ بخرێنه‌وه، نا‌ئومێد و نیگه‌رانیش نابن. ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وانه‌وه گرنگ و جێی بایه‌خه، بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌یه. ئه‌گه‌ر بۆ سه‌دان جاریش بێت، بێگومان ئه‌مه‌ش سیاسه‌تی گۆبلزی سه‌رده‌می هیتله‌رمان بیر دێنێته‌وه كه ده‌یگوت: (درۆ بكه درۆ بكه تا ده‌بێته ڕاستی). به‌و مانایه‌ی كاتێ هه‌واڵێك و ڕووداوێك ده‌بێته به‌شێك له تێگه‌یشتن و بیستنی گشتی، ئه‌وا هه‌ر مرۆڤ خۆی تووشی ڕاڕایی ده‌بێت و بیری بۆ ئه‌وه ناچێت كه ئه‌مه درۆیه، له‌وانه ئه‌و به ڕاستیشی بزانێت. به تایبه‌تیش له‌و كاتانه‌ی هه‌واڵه‌كه له ناو هه‌مووان بڵاو ده‌بێته‌وه.
باسێكی تری ناو كتێبه‌كه كه هه‌ر له باره‌ی فه‌یك نیوزهوهیه به‌ڵام له بوارێكی تر، ئه‌ویش دروستكردنی ڤیدیۆ و گۆڕین و تێكدانی شێوه‌ی مرۆڤ و ته‌كنیكی داتاشۆیه، بۆ مه‌به‌ستێكی دیاریكراو كه لێدانه له پێگه‌ی كه‌سه‌كان به تایبه‌تیش سیاسییه‌كان و ئه‌وانه‌ی له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ناسراون. فه‌یك نیوز له‌م بواره‌دا به قۆستنه‌وه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و پێشكه‌وتنه ته‌كنه‌لۆجییه‌كان، ڕۆژانه ده‌یان چیرۆكی نه‌شیاو و گرته‌ی نائاكاری و ناپه‌روه‌رده‌یی دروست ده‌كه‌ن و به شێوه‌یه‌ك ده‌یخه‌نه پاڵ وێنه‌ی كه‌سه‌كان، كه تۆ واهه‌ست بكه‌یت ئه‌وه كه‌سایه‌تییه‌كه خۆیه‌تی له گرته‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، یان له دیمه‌نێكی نه‌شیاودا ڕۆڵ ده‌بینێت، به‌داخه‌وه به ئاسانیش بڵاو ده‌بنه‌وه و ده‌بنه جێی باوه‌ڕی به‌شێكی زۆری خه‌ڵك.
له دوابه‌شی كتێبه‌كه‌شدا، نووسه‌ر چه‌ند نموونه‌یه‌ك له هه‌واڵه‌كانی فه‌یك نیوز و چه‌ند ڕاسپاردهیهكیش له‌باره‌ی دووركه‌وتنه‌وه له‌و هه‌واڵه ناڕاست و بڕوا پێنه‌كردنیان ده‌خاته ڕوو. یه‌كێكیش له گرنگترین ئه‌و ڕێنوینییانه ئه‌وه‌یه كه هاووڵاتی به‌دوای سه‌رچاوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌واڵه‌كه‌دا بچێت و له زۆرتر له سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه له ڕاست و دروستی هه‌واڵه‌كه. دڵنیا بێته‌وه. نه‌بادا ئه‌م هه‌واڵه به‌شێوه‌یه‌كی مه‌به‌ستدار و بۆ ئامانجێكی دیاریكراوی سیاسی و ئابووری و بازرگانی بڵاو كرابێته‌وه. هاوكات له هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه، پێویسته له‌سه‌ر كات و زه‌مه‌نی ئه‌و هه‌واڵه بوه‌ستین و پرسیار بكه‌ین، بۆچی ئه‌م هه‌واڵ و پڕوپاگه‌نده‌یه ئێسته بڵاو ده‌كرێته‌وه؟ مه‌رام چییه؟ ئه‌وانه‌ی بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، چ مهبهستێكییان هه‌یه؟. ئه‌وكات بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه كه ئه‌م هه‌واڵه چه‌ند گرنگ و چه‌ندیش له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدایه.
به گشتی كتێبه‌كه بابه‌تی گرنگی تێدایه كه به زمانێكی وا نووسراوه، هه‌موو خوێنه‌رێك تێی بگات و گرنگیشه بیخوێنێته‌وه. به‌ڵام تاكه تێبینییه‌ك وه‌ك خوێنه‌رێك كه هه‌مبێت له‌باره‌ی كتێبه‌كه‌وه، ناونیشانه‌كه‌یه‌تی كه به ئینگلیزییه و به گشتی بۆ خوێنه‌ی كورد نامۆیه و له سه‌ری ناوه‌ستێت. چونكه ناونیشان هه‌میشه ده‌بێته جێی سه‌رنجی خوێنه‌ران، به‌تایبه‌تیش كه كتێبه‌كه بۆ بژارده‌یه‌ك نه‌نووسراوه. هیوادارم له چاپی دووه‌مدا، ناونیشانه‌كه به ناونیشانه كوردییه‌كه‌ی بگۆڕێت، ئه‌وكات زۆرتر ده‌بێته جێی سه‌رنجی خوێنه‌ران. وێڕای ده‌ستخۆشیم له نووسه‌ری كتێبه‌كه.
*په‌راوێز:_ فه‌یك نیوز، نووسینی: سه‌رباز ئه‌حمه‌د، بڵاوكراوه‌ی ده‌زگای وشه،2020