ده‌ڵێن جارێكیان دایكێك منداڵه‌كه‌ی كه خوویه‌كی خراپی به شهكرخواردنهوه گرتبوو، ده‌باته لای گاندی بۆ ئه‌وه‌ی ئامۆژگاری بكات چیتر شه‌كر نه‌خوات، چونكه بۆ ته‌ندروستی باش نییه. گاندی به دایكی منداڵه‌كه ده‌ڵێت: بڕۆ دوو هه‌فته‌ی تر بیهێنه‌وه. دوای ته‌واوبوونی ماوه‌كه، دایكه‌كه دیسان ڕێی دوور ده‌بڕێت و منداڵه‌كه ده‌باته‌وه لای گاندی. ئه‌ویش پێی ده‌ڵێت: شه‌كر مه‌خۆ خراپه. دایكه‌كه به سه‌رسوڕمان و نیگه‌رانییه‌وه به گاندی ده‌ڵێت: كه ئامۆژگاری تۆ بۆ منداڵه‌كه‌م هه‌ر ئه‌و دوو قسه‌یه بوو، بۆچی جاری یه‌كه‌م پێت نه‌گوت و ئه‌م ڕێ دووره‌ت پێ بڕیمه‌وه؟. گاندی له وه‌ڵامدا پێی گوت: ئاخر ئه‌وكات من خۆم شهكرم ده‌خوارد، بۆیه نه‌ده‌كرا ئامۆژگاری منداڵه‌كه‌ی تۆ بكه‌م شه‌كر نه‌خوات. ئه‌وانه‌ی باسی گه‌نده‌ڵی له كوردستاندا ده‌كه‌ن، دروست وه‌ك ئه‌و حیكایه‌ته وایه.
بێگومان كه‌م كه‌س هه‌ن باسی گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری و بێدادی حكوومه‌ت نه‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌بینین ئه‌وانه‌ی باسی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن، خۆیان به جۆرێك له جۆره‌كان، له حكوومه‌ت گه‌نده‌ڵترن و له په‌نای باسكردن له‌و چه‌مكانه‌وه، دیوه گه‌نده‌ڵییه‌كه‌ی خۆیان ده‌شارنه‌وه.
به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی باسی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن، كادر و ئه‌ندام و سه‌ركردایه‌تی حزبه ئۆپۆزسیۆن و بچووكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتن
به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی باسی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن، كادر و ئه‌ندام و سه‌ركردایه‌تی حزبه ئۆپۆزسیۆن و بچووكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتن. ئه‌م حزبانه، خۆیان به سه‌دان پێشمه‌رگه و كادر و سه‌ركردایه‌تییان خانه‌شینی سه‌ربازی وه‌رده‌گرن. واتا به‌لایانه‌وه ئاساییه مووچه‌ی ئه‌و حكوومه‌ته وه‌ربگرن و گه‌نده‌ڵی نییه، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی ئه‌و پاره‌یه به گه‌نده‌ڵ ده‌زانن، ته‌نانه‌ت پاسه‌وانی باره‌گاكانیشیان مووچه له زێره‌ڤانی و یه‌كه‌ی پاسه‌وانی وه‌رده‌گرن. بۆیه تكا له سه‌رۆكی حكوومه‌ت ده‌كه‌م، وه‌زیری دارایی ڕابسپێرێت لیستی خانه‌نشینانی هه‌موو حزبه‌كان بڵاو بكاته‌وه، ئه‌وكات بزانین به ده‌گمه‌ن كه‌سێك له‌و حزبانه ده‌مێنێته‌وه قسه له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی بكات؟.
جۆرێكی تر له‌وانه‌ی باسی گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن، پهرلهمانتارهكانن. جارێ وه‌رگرتنی مووچه‌یه‌كی شه‌ش ملیۆنی خۆی له خۆیدا گه‌وره‌ترین گه‌نده‌ڵییه. ڕاسته ئه‌و مووچه‌یه به یاسا ڕێكخراوه و ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان هێنده په‌رۆشی خه‌ڵكی هه‌ژار و دژی هه‌بوونی گه‌نده‌ڵین، چ ویژدانێك و ئاینێك ڕه‌وایه‌تی ئه‌وه‌یان پێ ده‌دات، خۆیان ئه‌و مووچه زۆره وه‌رگرن و فه‌رمانبه‌رێكی خانه‌نشینیش، یه‌ك له ده‌ی مووچه‌ی ئه‌وان وه‌رنه‌گرێت؟ یاخۆ كه له په‌رله‌مان بوون و هه‌ن، بۆچی به یاسا ئه‌و سته‌مه‌ی خۆتان له‌سه‌ر بودجه‌ی گشتی لانه‌برد؟ ئایا چاكسازی و نه‌مانی گه‌نده‌ڵی به كه‌سێك ده‌كرێت، بڕوای به جیاوازی چینایه‌تی و نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت؟ بۆیه ده‌بێ ئه‌وانه له خۆیانه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ن و مووچه‌ی خۆیان كه‌م بكه‌نه‌وه، ئه‌وكات باسی به‌هه‌ده‌ردانی سامان و گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری بكه‌ن.
ته‌رزێكی تر له‌وانه‌ی سه‌ری زمان و بنی زمانیان باسكردنه له گه‌نده‌ڵی، وه‌زیر و پله‌باڵا و په‌رله‌مانتارانی خانه‌نشینن، ئه‌وان هه‌ریه‌كه‌یان به‌و پۆسته حكوومییهیان كه پێشتر له‌و ده‌سه‌ڵاته گه‌نده‌ڵه وه‌ریانگرتووه، خانه‌نشین بوونه، كه‌چی باسی گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵاتیش ده‌كه‌ن. واتا گۆشت ناخۆن، گۆشتاوه‌كه‌ی ده‌خۆن. كه‌سێك به پله‌ی وه‌زیر، سه‌رۆكی فراكسیۆن، بریكاری وه‌زیر، خانه‌نشین بێت، نازانم ڕووی ئه‌وه‌ی له كوێ بوو باسی گه‌نده‌ڵی بكات؟ ئاخر تۆ ئه‌وكاته ده‌بێ بوێری ئه‌وه‌ت هه‌بێت باس له گه‌نده‌ڵی حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات بكه‌یت، كه خۆت یه‌ك فلسی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته نه‌خۆیت و خۆت خۆت بژێنیت و چاوه‌ڕێی ئه‌وه نه‌بیت مووچه‌ی بێ به‌رانبه‌ر وه‌ربگریت.
بۆیه كاتێ به‌لاته‌وه ئاسایی بێت بێ كار و به‌رهه‌م، بێ ته‌واوكردنی ته‌مه‌نی یاسایی، خانه‌نشین بكرێیت، ده‌بێ بزانی كه‌س گوته‌كانت به یه‌ك فلسی قه‌ڵب لێ وه‌رناگرێت. ئێسته هاووڵاتییانی كوردستان هیچ باوه‌ڕ به‌و قسه سواو و گوێزژماردنهی ئه‌و جۆره كه‌سانه ناكه‌ن، بێگومان نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌موكورتی و گه‌نده‌ڵی و بێ خزمه‌تگوزاری نه‌بن، به‌ڵكو له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی كه ده‌زانن ئه‌وان خۆیان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له خه‌رجی و داهاتی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سوودمه‌ندن و داهاته‌كه‌ی ده‌به‌ن و گه‌نده‌ڵن، ئیتر باسكردنی گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵكاران "ئاسنی ساردكوتینه”.