له مێژووی خه‌بات و قوربانیدانی گه‌لی كورد له‌پێناو به ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واكانی، گه‌لێك نه‌به‌ردی و قوربانی گه‌وره و هه‌ڵوێست و ڕه‌فتاری جوامێرانه بینراون، كه گوزارشت له شكۆ و پیرۆزی نه‌ته‌وه خاك و ئاڵا لای مرۆڤی كورد ده‌كه‌ن. ئه‌و جۆره قوربانیدانه، شانازییه‌كی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یین، مێژوو به نه‌مری ده‌یانهێڵێته‌وه و هێمان بۆ خۆڕاگریی و گیانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی مرۆڤی كورد.
ئه‌م دیمه‌نانه زۆرجار وه‌ك یاده‌وه‌رییه‌كی ناخۆش، به‌ڵام گه‌وره و له‌بیرنه‌كراو، له هزر و بیری مرۆڤ ده‌مێننه‌وه كه ناتوانێ له یادیان بكات. نه‌ته‌وه‌یه‌ك قاره‌مانی له‌و شێوه‌یه‌ی هه‌بێت، چۆن ژیانی ژێرده‌سته‌یی قبووڵ ده‌كات و چ پێویستی به قاسمهكانه به‌رگرییان لێ بكات؟.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه، دوو دیمه‌ن له یاده‌وه‌ریی من تاهه‌تایه ده‌مێننه‌وه، هه‌ر كاتێك به بیرم دێنه‌وه ئه‌گه‌رچی له ناخه‌وه ئازارێكی قووڵ ده‌چێژم، به‌ڵام هه‌ست به شانازییه‌كی گه‌وره‌ش ده‌كه‌م كه هاوزمان و هاوشوناسی قاره‌مانانی له‌و شێوه‌یه‌م. لێره‌دا به كورتی باسیان ده‌كه‌م:
دیمه‌نی یه‌كه‌م
له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی تیرۆیستانی داعش و خه‌لافه‌تی ئیسلامی‌دا، دیمه‌نی پێشمه‌رگه‌یه‌كی بریندارم له‌ژێر داروپه‌ردووی خانوویه‌كی ڕووخاو و تهقێنراودا له شنگال بینی، ئه‌م پێشمه‌رگه قاره‌مانه ئه‌گه‌رچی سه‌رتاپای له‌شی خوێن و تۆز و پاشماوه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه بوو، نیوه‌ی له‌شیشی به ژێر پاشماوه‌ی تهقێنراوی خانووه‌كه‌وه بوو، كه‌چی هێدی هێدی تۆزی سه‌رشانی ده‌ته‌كاند، نه هاوارێك نه ناڵه‌یه‌ك نه ترس و پهشۆكاویم لێ نه‌بینی.
نایشارمه‌وه، ئه‌و دیمه‌نه به‌شێوه‌یه‌ك ئازاری دام كه تا مردن له بیرم ناچێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌ر هه‌مان ساتی بینینی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه، هه‌ستم به شانازییه‌كی گه‌وره و شكۆیه‌كی به‌رزی نه‌ته‌وه‌یی و كوردانه كرد. دركم به قاره‌مانێتی و خۆڕاگری، سه‌ربه‌رزی و پیرۆزی ناوی پێشمه‌رگه كرد.
نازانم ئه‌و پێشمه‌رگه قاره‌مانه ئێسته ماوه یان نا، به‌ڵام باش ئه‌وه ده‌زانم كه نه‌ته‌وه‌یه‌ك قاره‌مانی له‌و شێوه‌یه‌ی هه‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه پێویستی به قاسمی سلێمانی نییه بیپارێزێت، ئاخر كه‌سێك كه‌مێك دركی هه‌بێت، باوه‌ڕ به‌وه دێنێت دوژمنه‌كه‌ت بتپارێزێت؟
دیمه‌نی دووه‌م
له ده‌سپێكی یه‌كه‌م ڕۆژی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخانه، مامۆستایه‌ك له‌پێناوی گۆڕین و نوێكردنه‌وه‌ی ئاڵای پیرۆزی كوردستان، گیانی به‌خشی. چ شانازییه‌كی گه‌وره‌یه مرۆڤ له‌ژێر سایه‌ی ئاڵا و بۆ ئاڵا بمرێت. ئه‌و شانازییه نه‌ك به هه‌موو كه‌س نابڕێت و شایسته‌ی هه‌موو كه‌سێكیش نییه، به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌وانه د‌رك به‌و شانازییه ده‌كه‌ن كه خه‌می ئاڵای وڵاته‌كه‌یانه، وه‌ك سیمبۆلێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی پیرۆز.
به درێژایی مێژووی خه‌بات و تێكۆشانی گه‌لی كورد، سه‌تان هه‌زار كه‌س له چین و توێژه جیاوازه‌كانی گه‌لی كورد، له‌پێناو شه‌كانه‌وه و به به‌رزی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵایه‌دا خوێنیان به‌خشیوه و ده‌یبه‌خشن. مامۆستایانیش به‌شێكی ئه‌و شانازییه‌یان پێ بڕاوه، دواترینیان مامۆستا ئیبراهیم هاوپیشه‌م بوو كه ڕۆحی خۆی كرده قوربانی ئاڵا و قوتابخانه و په‌روه‌رده و فێركردن.
مرۆڤ كه له‌پێناو ئاڵا و بۆ ئاڵا خوێنی ڕشت، چ له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌ی قوتابخانه‌یه‌ك بێت، چ له به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی خه‌بات و تێكۆشان بێت، هیچ جیاوازیی نییه و هه‌ردووكیان هه‌مان ئاماژه و پیرۆزی خۆیان هه‌یه، چونكه ئه‌وه‌ی لێره‌دا پیرۆزه و له به‌رچاوه، نه‌كه‌وتنی ئه‌و ئاڵایه‌یه و هێشتنه‌وه‌یه‌تی به به‌رزی.
نایشارمه‌وه وه‌ك مامۆستایه‌ك، له ناخه‌وه خه‌مبار و دڵته‌نگ بووم بۆ مه‌رگی ئه‌و هاوپیشه‌م، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مه‌رگێك له‌پێناو ئاڵا و له‌ژێر سایه‌ی ئاڵادا بێت، شانازییه‌كی گه‌وره‌یه.
ئه‌م دوو دیمه‌نه، دوو له‌و قوربانیدانه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییهن كه تاهه‌تایه مێژوو به نه‌مری ده‌یانهێڵێته‌وه. نه‌ته‌وه‌یه‌ك گیانبهختكهری له‌و شێوه‌یه‌ی هه‌بێت، به دڵنیاییه‌وه هیچ دو‌ژمنێك نایوه‌ستێنێت. ئاڵای كوردستان، ئاڵای هیچ حزب و به‌رپرسێك نییه، به‌ڵكو سیمبۆلی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بێ ده‌وڵه‌ته، بۆیه ده‌بێ شانازی پێوه بكه‌ین.