هه‌ركاتێك ڕۆمانێك ده‌خوێنمه‌وه كه باسی گرتیگه و فه‌زاكه‌ی و دۆخی سایكۆلۆجی مرۆڤ له‌وێدا بكات، یه‌كڕاست قسه‌یه‌كی (محه‌مه‌د ماغووت)ی شاعیری سووری دێته بیرم كه له دیمانه‌یه‌كیدا ده‌ڵێ، له گرتیگه هه‌ستم كرد شتێك له ناخمدا شكا، ئیتر دوای ئه‌وه و تا ده‌شمرم هه‌ست به‌و شكانه ده‌كه‌م، ئه‌گه‌رچی ناشزانم چی بوو شكا. ئه‌مه وه‌ك ده‌ربڕینێك بۆ كه‌شی گرتیگه كه مرۆڤ زۆرجار له بوونه‌وه‌رێكی میهره‌بان، به توانا و ئیراده، خۆشه‌ویست و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ بوونه‌وه‌رێكی تر كه ته‌نیا هه‌ناسه ده‌دات و به جه‌سته زیندووه و به ڕۆح ده‌مێكه تێكشكاوه.
له سه‌رده‌می به‌عسدا وڵات ده‌بێته گرتیگه‌یه‌كی گه‌وره و له‌ناویدا هه‌زاره‌ها گرتیگه‌ی بچووك هه‌ن كه مرۆڤیان تێدا ئازار و ئه‌شكه‌نجه ده‌درێت. ئه‌و ڕژێمه فه‌زایه‌كی له ترس و تۆقاندن دروست كردبوو كه مرۆڤ له هه‌موو شوێن و جێیه‌ك، هه‌ستی به تارمایی ئه‌و تۆقاندنه ده‌كرد. ئه‌و فه‌زایه، هه‌ستێكی لای مرۆڤه‌كان دروست كردبوو كه به‌رده‌وام وێنه‌ی مه‌رگ و مردنی خۆیان له‌به‌رچاو بێت، یاخۆ بیر له گرتیگه و چیڕۆكی شكاندنی مرۆڤ له‌ناو ئه‌و گرتیگانه بكه‌نه‌وه. بۆیه خۆحه‌شاردان و هه‌ڵاتن، تاكه ڕێی ده‌ربازبوون بوو له‌و ترسه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به گرتیگه‌یكردنی مرۆڤه‌كان، به ده‌ستی خۆیشیان بوایه، بۆ ماوه‌ی چه‌ندان ساڵ.
ڕۆمانی (هه‌ره‌سی ژێرخانێك) چیڕۆكی هه‌ڵاتن و خۆحه‌شاردانی عێراقییه‌كمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه كه ناچاره له ترسی فۆبیای ئه‌و ڕژێمه، ژێرزه‌وینی ماڵه‌كه‌یان بۆ چه‌ندان ساڵ بكاته شوێنی ژیان و بوونی خۆی. كاتێكیش تارمایی به‌عس نامێنێت و ئه‌و ڕژێمه ده‌ڕووخێت، ئه‌و هه‌ر له‌و ژێرزه‌وینه‌دا ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌و ڕۆمانه، سه‌رگوزشته‌ی مرۆڤێكمان بۆ باس ده‌كات كه ناوی (سائیر سالم درع)ـه و له ترسی سه‌ربازیكردن بۆ ئه‌و ڕژێمه، ژێرزه‌وینی خانووه‌كه‌یان ده‌كاته شوێنی هه‌میشه‌یی ژیانی خۆی. سائیر له خێزانێك له دایك بووه، كه باوكیشی قوربانی جه‌نگی عێراق - ئێرانه و سائیریش دوای ئه‌وه‌ی كۆلیژی یاسا له زانكۆی مووسڵ ته‌واو ده‌كات، هاوكات سوپای عێراقیش په‌لاماری كوێت ده‌دات و له ترسی ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی هه‌مان چاره‌نووسی باوكی نه‌بێت، دایكه‌كه‌ی له ژێرزه‌وینی ماڵه‌وه‌یان حه‌شاری ده‌دات.
سائیر تاقانه‌ی پێنچ خوشك و له‌گه‌ڵ دایك و نه‌نكیدا ده‌ژیی، به‌ڵام ئه‌و چاره‌نووسه نادیاره‌ی وڵات، ناچاری ده‌كات به ده‌ستی خۆی گرتیگه‌یه‌ك بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێت و تێیدا بژیی. سائیر دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه ده‌كاته جێی مانه‌وه و ژیانی، دایكی ناچاره چیڕۆكی هه‌ڵاتنی له نیشتمان و خزمه‌تی سه‌ربازی بۆ بهۆنێته‌وه و ته‌نانه‌ت متمانه‌ی ئه‌وه‌ی نییه لای خوشكه‌كانیشی باسی بكات. بۆیه ده‌ڵێت: چووه‌ته ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ناپاكی له نیشتمانه‌كه‌ی كرد. سائیر كه ئیتر ژێرزه‌وین ده‌بێته شوێنی ژیانی، ده‌بێ خۆی و رادیۆیه‌كی بچووك و چه‌ند په‌رتووكێك و دوور له چرا و كاره‌با، بژی و ڕازی بێت به‌و چاره‌نووسه كه له تاریكیدایه. هیچ نه‌بێت له بڵێسه‌ی ئه‌و شه‌ڕه وێرانكه‌ره ڕزگاری ده‌بێت كه به‌عس و سه‌دام له دژی كوێت به‌رپایان كردووه.
سائیر دوای ئه‌وه ده‌بێته بوونه‌وه‌رێكی تر، چیڕۆكی بێ به‌هابوونی خۆی وه‌ك مرۆڤێك كه ئازاده، چۆن و له كوێدا بژیی، لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات. ئه‌و خۆ حه‌شاردانه 12 ساڵ ده‌خایه‌نێت و ژیانی له ماوه‌یه‌دا له ژێرزه‌وینێكی تاریك، به هاوده‌می كتێب و خوێندنه‌وه و بێچووه پشیله‌یه‌ك و بیركردنه‌وه له یاسه‌مینی خۆشه‌ویستی ده‌باته سه‌ر. تاقه ئه‌ڵقه‌ی پێوه‌ندی به دنیای ده‌ره‌وه، ته‌نیا ڕادیۆیه‌كی بچووكی ده‌ستییه.
ئه‌و 12 ساڵه، به نه‌هامه‌تی و ئازارێكی گه‌وره‌ی ڕۆحی ده‌باته سه‌ر. به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت هه‌لومه‌رجی گرتیگه، مرۆڤ فێری ڕاهاتن و خۆگونجاندن ده‌كات، چونكه ڕێی سێیه‌م نییه.
زستانێك له‌و ساڵانه‌دا، بارانێكی به‌خوڕ ده‌بارێ و به‌هۆیه‌وه لافاو دروست ده‌بێت و ژێرزه‌وینه‌كه پڕ له سێڵاو و ئاوه‌ڕۆی پیسی شه‌قام و ماڵه‌كان ده‌بێت. هه‌روه‌ك خۆی ده‌ڵێت: ئاوه‌كه له سه‌عاته‌كانی یه‌كه‌مدا پاك بوو، كه‌چی به تێپه‌ڕبوونی كات، ڕه‌نگی بۆ قاوه‌یی گۆڕا و بۆنی حه‌وت ساڵ پیسایی خۆمم له گشت لاوه بۆ ده‌هات.
مرۆڤێك ئاماده‌یه له‌ناو پیسایی كه‌ڵه‌كه‌بوو و ژوورێكی تاریك و نووته‌كدا بژیی، به درێژایی 12 ساڵ خۆی داببڕێت له دایك و كه‌سوكار و ئازادی ژیان، له ترسی ڕژێمێكی شۆڤێنی كه بێگومان بێ به‌هاترین سه‌رمایه له‌لای، مرۆڤ بوو.
لێره‌دا ماهیه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌میشه مرۆڤی وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك بینیوه و بێ به‌هاترین شت بووه له‌لای. هه‌موو ئه‌و ئازار و شكانه ڕۆحی و ده‌روونییه، ته‌نیا له سۆنگه‌ی هه‌ڵاتن له تارمایی دیكتاتۆرێك كه ئاماده‌بوو هه‌موو وڵات بكاته قوربانی خواسته شه‌ڕانگێڕییه‌كانی خۆی، كه به داخه‌وه هه‌ر وایشی كرد و سه‌ره‌نجام سائیر و ملیۆنانی وه‌ك ئه‌ویش، له مرۆڤه‌وه بوون به كاڵایه‌كی بێ به‌ها و بێ هه‌ست و سۆز.
دوای ڕووخانی به‌عس و په‌یكه‌ری دیكتاتۆر له گۆڕه‌پانی فیرده‌وس، دایكی به خێرایی ده‌چێته ژێرزه‌وینه‌كه و موژده‌ی ڕووخانی به‌عسی پێ ده‌دات كه ئیتر خۆحه‌شاردان نه‌ما و ده‌توانێ وه‌ك مرۆڤ به ئازادی بژیی.
سائیر له ژێرزه‌وینه‌كه‌وه دێته ده‌ره‌وه، به‌ڵام كام سائیر؟ مرۆڤێك كه بووه‌ته بوونه‌وه‌رێكی تر و هاوشێوه‌ی مرۆڤه سه‌ره‌تاییه‌كانی لێ هاتووه كه نه به ڕووناكی، نه به تێكه‌ڵاوی و نه به به‌ركه‌وتنی ژیانی سه‌رزه‌وین ڕا نایه‌ته‌وه.
سائیر ژیانی خۆی له‌وپه‌ڕی بێ به‌هایی و بێ مانایی ده‌بینێت. هه‌رگیز جارێكی تر نابێته‌وه به مرۆڤه‌كه‌ی پێش ژیانی ژێرزه‌وینه‌كه، بۆیه دایكی پێی ده‌ڵێت: ژێرخانه‌كه ڕما، سه‌دامیش ڕووخا، تۆش له گه‌ڵیاندا هه‌ره‌ست هێنا. ئیتر سائیر جارێكی تر ده‌چێته‌وه ژێرزه‌وینه‌كه و بۆ هه‌تایه له‌وێ ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌م ڕۆمانه، نموونه‌یه له چیڕۆكی بێبه‌هاكردنی مرۆڤ به ده‌ستی ڕژێمی به‌عس. ئاماژه‌یه‌كه بۆ سته‌می ده‌سه‌ڵات و به كاریكاتێركردنی مرۆڤ. ڕۆمانێكه، ده‌كرێ بڵێم نموونه‌یه‌كه له ژیانی نه‌ك ته‌نیا سائیر، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و عێراقییانه‌ی بوونه قوربانی ده‌ستی سه‌دام و ڕژێمه میلیتارییه‌كه‌ی، كه چاره‌نووسی ملیۆنانی كرده قوربانی جه‌نگ و مه‌یلی شه‌ڕانگێزییانه‌ی خۆی، وانه‌یه‌كیشه بۆ نه‌وه‌ی نوێ تا مێژوو شێوه‌ژیانی رابردوو بناسن و رێزی ئه‌م ئازادییه بگرن.
سوپاس بۆ سه‌باح ئیسماعیل كه جارێكی تریش، له ڕێی وه‌رگێڕانه جوانه‌كانییه‌وه به شاكارێكی تری ئاشنا كردم. سه‌باح وه‌رگێڕێكه ساڵانێكه له كه‌ركووكی ژێر ته‌عریبی زمان و خاكدا، به بێده‌نگی سه‌رقاڵی به‌رزڕاگرتن و جوان پێشاندانی زمانی كوردییه.
*په‌راوێز
هه‌ره‌سی ژێرخانێك/ ڕۆمان. نووسینی: نه‌وزه‌ت شه‌مدین/ وه‌رگێڕانی سه‌باح ئیسماعیل.