ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه له سۆنگه‌ی سزادانی شه‌ش تۆمه‌تبار، هێرشێكی ناڕه‌وای دوور له ئاكار و په‌روه‌رده و ئادابی گشتی، له‌لایه‌ن هه‌ندێك به ناو سیاسی و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسه‌وه (هه‌موویان نا) ده‌كرێته سه‌ر دادوه‌ره‌كان، به‌شێكیان هێنده به زمانێكی بازاڕی و ئاستنزم نووسراون، مرۆڤ شه‌رم ده‌یگرێت بیانخوێنێته‌وه، چ جای به‌وه بگات كه‌سانێك هه‌بن، بێ شه‌رمانه نووسینی وا بنووسن.
ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی كه‌سانێك كه شه‌قی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسیان بۆ یه‌ك چركه‌ش نه‌بینیوه، ئه‌و مافه‌یان به خۆیاندا دادوه‌ره كورده‌كانی ئێسته، به دادوه‌ری سه‌رده‌می سه‌دام و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستانیش، به هی سه‌رده‌می به‌عس ناو بێنن. به بڕوای من ئه‌م جۆره نووسینانه، به‌ر له‌وه‌ی له كه‌سایه‌تی مرۆڤێك نه‌ك (دادوه‌رێك) بده‌ن، ماهیه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی بنووسه‌كانیان ده‌رده‌خات، چونكه سوقرات ده‌ڵێ: قسه بكه تا بزانم كێی؟).
بێگومان له هه‌موو دنیادا، دادوه‌ران ده‌چنه پۆلێنی ئه‌و پیشه پیرۆز و هه‌ستیارانه‌ی كه پارێزبه‌ندییان هه‌یه و ته‌نانه‌ت كه‌سانێك ناتوانن ناو (حاكم) له خۆیشیان بنێن، ئه‌گه‌ر به فه‌رمی هه‌ڵگری ئه‌و شوناسه نه‌بن. بۆیه ده‌بێ به چاوی ڕێز و شكۆمه‌ندییه‌وه بڕوانینه دادوه‌ر و شكۆی كه‌سایه‌تی و پیشه‌ییان نه‌ڕووشێنین، به ناوی نووسین و بیروڕای سیاسی هه‌رزه‌وه.
دادوه‌ره‌كان به‌ر له‌وه‌ی دادوه‌ر بن، مرۆڤن و مرۆڤیش پێكهاته‌یه‌كه له ئه‌قڵ و هه‌ست و سۆز و ده‌شێ هه‌ڵه‌ش بكات و زۆریش ئاسایی بێت. كه‌واته ده‌بێ به‌لامانه‌وه ئاسایی بێت، ئه‌گه‌ر حوكمی دادوه‌رێك بۆ تاوانبارێك دادپه‌روه‌رانه نه‌بوو، یاخۆ بڕیاری دروست نه‌درا. ده‌یان جار خه‌ڵك له وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا، سزای 50 ساڵ گرتنیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه و جێبه‌جێش كراوه، دواتر ده‌ركه‌وتووه كه‌سه‌كه بێ تاوان بووه، هیچ به ناو سیاسی و ڕۆژنامه‌نووسێكیش نابینین، جوێن به دادوه‌ر و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بدات.
تۆ بڵێی به ناو هه‌ندێك له سیاسی و ڕۆژنامه‌نووسی ئێمه، له‌وانه‌ی خۆرئاوا باشتر له یاسا و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری گه‌یشتبن؟ له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ر كه‌سێك ئه‌لف و بێی یاسا شاره‌زا بێت، ناكه‌وێته هاشوهووش و ده‌زانێت بڕیاری هه‌ر دادوه‌رێك، پله‌ی كۆتایی وه‌رناگرێت، ئه‌گه‌ر دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه پێداچوونه‌وه‌ی بۆ نه‌كات و هه‌ڵینه‌سه‌نگێنێت.
گریمان دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه ئه‌و حوكمه شه‌ش ساڵییه‌ی كرد به 16 ساڵ، ئه‌وكات ده‌بێ ئه‌وانیش به ناشاره‌زا و بێ ئاگا له یاسا بناسێنین؟ گریمان حوكمه شه‌ش ساڵییه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، ئه‌وكات وه‌ڵاممان چی ده‌بێت؟ بۆیه زۆر گرنگه مرۆڤ، به تایبه‌تیش سیاسی و ڕۆشنبیر، نه پێشی پێشهاته‌كان و نه دوای پێشهاته‌كان بكه‌ون، به‌ڵكو ده‌بێ واقیعی و لۆجیكییانه له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كاندا بڕۆن، هه‌ر ئه‌مه‌یشه شوناسی سیاسی و ڕۆشنبیرو ڕۆژنامه‌نووسی به ئاگا و تێگه‌یشتوو.