سروشتی هیچ مرۆڤێك له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆجی، له مرۆڤێكی تر ناچێت. كاتێك مرۆڤیش له یه‌كتر جیابن، بیركردنه‌وه و دید و تێڕوانین و هه‌ڵوێستیشیان له كاركردندا جیاواز ده‌بێت. بۆیه هه‌ڵه‌یه پێمان وابێت ده‌بێ مرۆڤه‌كان هه‌موویان وه‌ك یه‌كتر بن، به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان له بیر بچێت كه دیدی مرۆڤ بۆ هه‌ر پرس و بابه‌تێك، ئاستی ئاگایی و هۆشیاری ئه‌و كه‌سه ده‌رده‌خات.
له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا چوونه ناو ژیانی تایبه‌تی تاكه‌كان، تا ئاستێكه كه‌سانێك ئه‌و مافه به خۆیان ده‌ده‌ن، ڕه‌نگڕێژی ژیانیان بۆ بكه‌ن و ئامۆژگاری و حیكمه‌تیان فێر بكه‌ن. له كاتێكدا ژیانی تایبه‌تی هه‌ر مرۆڤێك، خوو و سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆجی هه‌ركه‌سێك، به‌شێكه له پێكهاته‌ی كه‌سی خۆی كه ده‌چێته خانه‌ی ژیانی تایبه‌تی و نهێنی خۆی. مرۆڤ هه‌میشه پێویستی به ئامۆژگارییه ئه‌گه‌ر له هه‌ر ته‌مه‌نێكدا بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌گونجاوه، ئه‌وه‌یه تۆ ئه‌و ژیانه تایبه‌تییه‌ی مرۆڤه‌كان له چوارچێوه‌ی ژیانی گشتی یاخۆ ژیانی تایبه‌تی خۆت ببینیت و پێوه‌ر و خاسیه‌ته‌كانی ژیانی ڕۆژانه و گشتی خۆت، بكه‌یته ئه‌ته‌كێت و فۆڕمێك بۆ ژیانی كه‌سانی تریش.
هه‌ڵبه‌ته باسه‌كه ئه‌وه نییه مرۆڤ پێویستی به ڕێنوێنی و ئامۆژگاری بۆ ژیانێكی جوانتر و ته‌ندروستتر نه‌بێت، چونكه هیچ مرۆڤێك نییه تا مردنیش، پێویستی به ئامۆژگاری نه‌بێت، به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه زۆرجار له په‌راوێزی ئه‌و به‌ناو ڕاسپارده و ئامۆژگارییه‌وه، به‌ر جۆرێك له نووسین و گوزارشتكردن ده‌كه‌وین كه له بری ئه‌وه‌ی له خزمه‌ت مرۆڤ و ژیانه‌كه‌یدا بن، به‌داخه‌وه به جۆرێك له جۆره‌كان له شكۆمه‌ندی و پێگه‌ی مرۆڤه‌كه ده‌ده‌ن.
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا مۆدێلێك له نووسین له‌ناو به‌شێك له نووسه‌رانی ئێمه، به‌تایبه‌تی گه‌نجه‌كان دروست بووه كه خۆیان وه‌ك (ئۆشۆ، دالای لاما و جوبران خه‌لیل) ده‌بینن و كتێب به ناوی وانه و ئامۆژگاری و ڕاسپارده چاپ ده‌كه‌ن و به تێگه‌یشتنی خۆیان، ده‌یانه‌وێ فێری ژیان و ماناكانی ژیانمان بكه‌ن. به‌ڵام كاتێ ده‌چینه ناوه‌ڕۆكی ئه‌و كتێبانه، به‌ر تێگه‌یشتنێكی تر ده‌كه‌ین كه زۆرجار له بری ئه‌وه‌ی مرۆڤ شكۆمه‌ند پێشان بدات، له به‌ها و پێگه‌ی ده‌دات.
یه‌كێك له‌و كتێبانه، كتێبی (ژنوه‌ر)ـه، ناوه‌ڕۆكی ئه‌م كتێبه له چه‌ند گوته و ده‌ربڕینێكی نووسه‌ر پێكهاتوون، بۆ كه‌سایه‌تیی ژن و ڕوانگه‌ی خۆی وه‌ك مرۆڤێك بۆ ژن ده‌خاته ڕوو.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له به‌شێكی زۆری ئه‌و وتانه بده‌ین كه له دووتوێی كتێبه‌كه‌دا هاتوون، ده‌بینین به جۆرێ له جۆره‌كان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌قڵه میلی و هه‌مووه‌كی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه كه تێیدا وێنای ژن، وه‌ك مرۆڤێكی (زۆرتر ڕۆمانسی، ناسك، بیركه‌ره‌وه به‌دڵ، بێهێز و نه‌وه‌ستاو له‌سه‌رپێی خۆی) ده‌كات.
ئه‌م دیدگایه ئه‌وه‌نده‌ی ژن وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی ڕۆمانسی پڕ له هه‌ست و سۆز ده‌بینێت و وێنا ده‌كات، ئه‌وه‌نده وه‌ك مرۆڤێكی بیركه‌ره‌وه، خاوه‌ن ئیراده و به توانا و داهێنه‌ر ناناسێنێت، بۆیه ده‌بینین به‌رده‌وام ستایشه‌كانی له‌گه‌ڵ جه‌سته و لایه‌نی بایه‌لۆجی و هه‌ستی ژندایه، له‌وه‌ی هزری بدوێنێت.
ئه‌م دیدگایه ئه‌گه‌رچی له ڕووكه‌شدا خۆی وا پێشان ده‌دات كه ده‌یه‌وێ شكۆ و پیرۆزیی و پێگه به ژن بدات، به‌ڵام كاتێ ده‌چینه قووڵایی ئه‌و ڕوانینانه‌ی له‌و ستایشانه‌دا هه‌ن، گوتارێكی پێچه‌وانه ده‌بینین. كتێبی (ژنوه‌ر)یش له پاڵ ئه‌و وه‌سفه ڕووكه‌شه‌ی نووسه‌ر بۆ ژن ده‌یكات، هه‌ست به كه‌م ته‌ماشاكردن ده‌كه‌ین.
بۆ نموونه، نووسه‌ر چه‌ند گوته‌یه‌كی وه‌ك به پیرۆز ته‌ماشاكردنی ژن هێناوه‌ته‌وه، كه‌چی كاتێ شرۆڤه‌یان ده‌كه‌ین، به‌ر مانای تر ده‌كه‌وین. وه‌ك:_
* ل 50 نووسیویه‌تی: ژن هه‌میشه ده‌یه‌وێت له ژیانی شكۆی پیاوێك دابێت.
* ل 84 نووسیویه‌تی: گوێی ژن ده‌رگه‌ی دڵیه‌تی.
* ل 115 نووسیویه‌تی: هه‌ر ژنێك ئابڕووی خۆی شكاند، هیچ پیاوێك بۆی نایه‌ته ژووره‌وه.
سه‌رنج بده‌ن، چۆن نووسه‌ری كتێبه‌كه، هه‌مان ئه‌و ده‌ربڕینه خێڵه‌كی و میلییانه ده‌نووسێت كه خه‌ڵكه هه‌مووه‌كییه‌كه (عه‌وام) به كاری دێنن، ئه‌ویش وشه‌ی (ئابڕوو)ـه كه به مانای (شه‌ڕه‌ف و نامووس) دێت.
* ل 119 نووسیویه‌تی: له ناو دڵی زۆربه‌ی ژناندا، جێ پێی ڕۆیشتنی پیاوێك هه‌یه.
* ل 135 نووسیویه‌تی: سه‌ختترین ركابه‌ری جوانی هه‌ر ژنێك، ژنێكی تره.
* ل 142 نووسیویه‌تی: بۆ ڕاگرتنی دڵی ژنێك ته‌نیا پیاوبوون به‌سه. پیاوبوون چییه؟
* ل 156 نووسیویه‌تی: ئه‌و كاته‌ی ژنێك جوانی و ناسكی خۆی ئاوێته‌ی تۆ ده‌كات، تۆش له كانیاوی پیاوبوونی خۆت بێبه‌شی مه‌كه.
بێگومان به ته‌نیا ئه‌و گوته‌یه‌ی كۆتایی به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی له ماهیه‌تی ڕاسته‌قینه و دنیابینی نووسه‌ری ئه‌و كتێبه بۆ ژن و دنیای مێیه‌تی بگه‌ین. هه‌موومان ده‌زانین جوانی و ناسكی ژن له چیدایه و كانیاوی پیاویش به مانای چی دێت. ئه‌م جۆره گوزارشتكردنه له دنیای ژن، هیچی كه‌متر نییه له‌و دنیابینییه خێڵه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه ژن ته‌نیا وه‌ك كاڵایه‌ك له خزمه‌تی پیاودا ده‌بینێت.
ئه‌وانه‌ی له ژن‌دا به‌ر له هه‌موو شتێك ناسكی و جوانی ده‌بینن، ڕوونه مه‌رام و مه‌به‌ستیان له ته‌ماشاكردنی ژن چییه. ئه‌وانه له‌بری هزر، جه‌سته‌ی ژن و له بری تێگه‌یشتن، له‌شولار و جه‌سته و ناوقه‌دی ده‌بینن.
هه‌ر پیاوێك نیگای یه‌كه‌می له‌سه‌ر له‌شولار و جه‌سته‌ی مێینه‌یه‌ك بوو، ئیتر پێویست به‌وه ناكات بزانین مه‌به‌ست چییه. ئه‌م جۆره ده‌ربڕینانه، جارێكی تر به سووك ته‌ماشكردن و وێناكردنه‌وه‌ی ژنن به ناوی كتێب و دنیای نووسین و حیكمه‌تی بێ حیكمه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رنا مانای چییه ژن ده‌بێ ئابڕووی هه‌بێت؟ ئایا شه‌ره‌ف ته‌نیا له ژندایه؟
مه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی گه‌وره‌ترین بێ ئاكاری نییه؟ خیانه‌ت له نیشتمان گه‌وره‌ترین بێ مۆڕاڵی نییه؟ ده‌ست تێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ دوژمن و سیخوڕیی، جۆرێك نییه له بێ ئاكاری؟ بۆچی ده‌بێ ئه‌خلاق و شه‌ره‌ف هه‌ر ته‌نیا له ژن و له ژنیش له پاكیزه‌ییه‌كه‌یدا ببینین؟
دواجار ده‌ڵێم، نابێ ژنان به‌و جۆره نووسینانه فریو بخۆن و هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنرێن، چونكه ئه‌م جۆره دنیابینییه، به‌ر له‌وه‌ی به شكۆ و پیرۆزییه‌وه سه‌یری ژن بكات، ناڕاسته‌وخۆ به ناوی گوته و نووسین و حیكمه‌ته‌وه، له په‌نای ئامۆژگاری بێ مانا و دواكه‌وتووه‌وه، له كه‌سیه‌تی و پێگه‌ی ژن ده‌دات.
*په‌راوێز: ناوی كتێب: ژنوه‌ر، نووسینی: هه‌رێم هه‌ژان. ساڵی چاپ_ 2020