شەهیدەكانی ئێمە و كوژراوەكانی ئەوان

AM:11:39:12/06/2021 ‌
لەو ڕۆژانەدا هەواڵێكم خوێندەوە، میدیای كۆمەڵی دادگەری دەستەواژەی كوژراوی لە بری شەهید، بۆ ئەو پێنچ پێشمەرگە شەهیدە بەكار هێناوە كە بەداخەوە لە كاتی ئەركی فەرمی خۆیاندا، بوونە قوربانی ململانێ و شەڕی بێ ئاكامی پەكەكە و توركیا كە لەسەر خاك و لە چوارچێوەی سنووری فەرمی هەرێمی كوردستاندا، ساڵانێكی درێژە دەیكەن و سەرەنجام بە زیانی پەكەكەش تەواو دەبێت.  

بێگومان هەركەسێك لە نێو كولتووری كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردی، خەبات و شۆڕش و قوربانیدانەكانی چاوی كردبێتەوە و گەورە بووبێت و پەروەردە كرابێت، دەزانێ كە هیچ كاتێك دەستەواژەی كوژراو بۆ پێشمەرگە بەكار نایەت، شەهیدبوونیش شوناسێكە بە ناو و شكۆی پێشمەرگە لكێنراوە و لە یەكتر جیا نابنەوە. تەنانەت ئەگەر پێشمەرگە، لە دەرەوەی سەنگەرەكانی قوربانیدانیش بمرێت، ئەم شوناسە بووەتە شوناسێك بۆ گەورەیی و پیرۆزی و شكۆمەندی ناوی پێشمەرگە و قوربانیدانەكانی. بۆیە پێشمەرگە شەهید دەبێت و خوێن دەڕێژێت، لە پێناو پاراستنی خاك و نیشتمان و ژیان و بوونی هەمووماندا. 

كاتێكیش میدیای كۆمەڵی دادگەری دەیەوێ ئەو ڕێسایە هەڵبگێڕێتەوە و كوژراو لە بری شەهید بەكار بێنێت، ڕاستییەكەی نابێ بەلامانەوە سەیر بێت، چونكە هەر ئەوە لەوان چاوەڕوان دەكرێت و شەهید لای ئەوان ئەوانەن كە بە خەیاڵی ڕزگاركردنی قودس، 100 ساڵە لە وەهم دەژین و دەخولێنەوە. لای ئەوان چونكە ئاین لە پێش نەتەوەیە، چونكە مرۆڤەكان بە ئاین دەناسرێنەوە نەك نەتەوە، ئیتر شەهید تەنیا ئەوانەن كە جیهاد دەكەن و لە جەنگی فتوحاتدا دەكوژرێن، نەك پێشمەرگەیەكی قارەمان كە هەموویان ڕۆڵەی هەژار و كۆڵنەدەر و قوربانیدەری ئەو نەتەوەیەن. 

كۆمەڵی دادگەری لە كاتێكدا وشەی شەهید بۆ هەموو ئەوانەی لە ناو خۆیاندا مردوون بەكار دەهێنێت، هەیانە بە شێرپەنجە و ئیفلیجی، یاخو پیری و تەمەنەوە مردووە، هەیانە بە ڕێكەوت فیشەكی بەركەوتووە، هەیانە لە بازگەیەكدا كوژراوە، كەچی بە ڕەوای نابینێت شەهید بداتە پاڵ ناوی پێشمەرگە. 

تۆبڵێی ئەوان لە هەموو خەڵكی كوردستان تێگەیشتووتر و لە مێژوو شارەزاتر بن؟ تۆ بڵێی كوژراوەكانی ئەوان كە هەندێكیان ئەگەر دەسەڵاتیان هەبووایە و هەبێت لە داعش خراپتر دەبوون، لە پێشمەرگەكانی ئێمە شەهیدتر بن؟ ڕاستییەكەی ئەوەی هەیە پێچەوانەكەیەتی، شەهیدەكانی ئێمە و كوژراوەكانی ئەوانن!