شامی نوێ و وەهمی نوێ!

AM:09:41:03/07/2021 ‌
لە پەراوێزی سەردانی هەردوو سەرۆكی میسر و شای ئوردن بۆ عێراق، جارێكی تر ئەو ڕۆحە  پان عەرەبیزمە و ئەو هەستە شۆڤێنییە عەرەبییە كە لە هزر و دنیابینی سەركردەكانی عەرەبدا بێ جیاوازی دەبینرێت، خۆی نمایش كردەوە. كازمی وێڕای ئەوەی دووپاتی لە عرووبەی بەغدا كردەوە، هاوكات بەشێوەیەكی میلییانەش لە ڕێی گرووپێكی موزیكی خێڵەكییەوە، پێشوازیی لە میوانە عەرەبەكانی كرد. 

ئەوەی بۆ من جێی سەرنج بوو، ئەو شێوازە میلییە عەرەبییە بوو كە بە جۆرە هەڵپەڕكێیەكی ڕەسەنی عەرەبی دادەنرێت. ئەم جۆرە هەڵپەڕكێیە نەریتێكی دەوارنشینی و بیاباننشینی عەرەبەكانە و تێیدا بە شمشێرەوە، كە هێمایە بۆ ئیسلام و بۆ عرووبەش، سەما دەكەن و گوزارشت لە هەستی عەرەبییانەی خۆیان دەكەن. 

گەڕانەوە بۆ ئەو نەریتە دەوارنشینییە لەلایەن كازمی و لە وڵاتێكیشدا كە جگە لە نەتەوەی عەرەب، نەتەوەیەكی تری جیاوازی تێدایە كە كوردە، تەنیا یەك ئاماژەی هەبوو، ئەویش دووپاتكردنەوە بوو لە عەرەبێتی ناسنامەی عێراق. 

كازمی هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە كە كەسانێكی زۆر بە كوردەكانیشەوە، وەك فریادڕەس سەیریان دەكرد، خەریكی نمایشی سیاسی و گوتار و كردەوەی بێ ناوەڕۆكە و قەیرانەكان لە سەردەمی ئەودا نەك هەر چارەسەر نەكراون، بگرە قووڵتریش بوونەتەوە. بۆیەشە هەڵبژاردنی ئەو جۆرە پێشوازییە كە لە دنیای پرۆتۆكۆڵی دیپلۆماسی و پێشوازی فەرمی میوانە ڤی ئای پییەكان باوی نەماوە و بگرە جۆرێكە لە دواكەوتوویی هزری و سیاسیش، كە پێشانی دەدات هێشتا عەقڵی خێل بەسەر عەقڵی سیاسی زاڵە.
نمایشێكی تری كازمی بوو، كە تێیدا وێڕای دووپاتكردنەوە لە عەرەبیبوونی عێراق، هاوكات مەبەستیشی بوو هەستی عەرەبەكان بۆ خۆی ڕابكێشێت،

بە بڕوای من بە ڕێكەوت بوو، بەڵكو نمایشێكی تری كازمی بوو، كە تێیدا وێڕای دووپاتكردنەوە لە عەرەبیبوونی عێراق، هاوكات مەبەستیشی بوو هەستی عەرەبەكان بۆ خۆی ڕابكێشێت، بەتایبەتیش كە بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەچین. عەرەبەكان لە مێژوودا بەوە ناسراون كە گەلێكن دەیان كێشە و گرفتی ناوخۆییان هەیە و هەرگیز نەیانتوانیوە و ناشتوانن، لە بەرانبەر نەیارەكانیان یەكدەنگ و هاوهەڵوێست و یەكگرتوو بن. بە پێچەوانەوە هەمیشە پەرتەوازە و نەیاری یەكتر بوونە، تەنانەت لە هەڵوێستیشیان بەرانبەر كێشەی فەلەستین، زۆرینەیان دەكەونە سازش و ژێر بە ژێر پێوەندییان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە. 

لەو سۆنگەیەوە شامی نوێ وەك ئەوەی لە پەراوێزی سەردانی پاشای ئوردن و سەرۆكی میسر باسی لێوە دەكرێت، لە وەهمێك زیاتر هیچی تر نییە. پێشتریش عەرەبەكان خەونی لەو شێوەیان هەبووە، پلان و ئامانجی دروستكردنی یەكێتییەكی عەرەبی گەورە لە ناو خۆیان، وەك ئامانج و خەونی سیاسیی هەبووە، بەڵام هیچ كاتێك بایی ئەوە یەكگرتوو، بوێر و ئازا نەبوون، ئەو خەونە سیاسییەیان بكەنە واقیع. 

شامی نوێ نە پڕۆژەیە و نە دروستیش دەبێت، هاوكات ئەگەر دەیان جار دووپات لە عەرەبیبوونی عێراق بكرێتەوە، ئەوا هیچ لەو ڕاستییە مێژوویی و جیۆگرافی ودیمۆگرافییە ناگۆڕێت كە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا، نەتەوەیەكی تری جیاواز لە عەرەبیش هەیە، ئەویش كوردە و نە یەكێتی عەرەبی و نە شامی نوێش نایگرێتەوە و بەلایەوە گرنگ و جێی بایەخ نییە!