كتێبی (تراجیدیای نووسەرانی ڕووس) نموونەیەكە كە تەنیا لە ناونیشانەكەی، ڕوویەكی شاراوە و بزری شۆڕشی ئۆكتۆبەرمان بۆ دەردەخات. ڕوویەك كە دوای كەوتنی دەسەڵاتەكەی ستالین و هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤییەت، باشتر دەركەوت. ئەم كتێبە سەرگوزشتەی ژیانی چەندان نووسەر و ئەدیبی گەورەی سۆڤییەت باس دەكات، كە لە سەردەمی ئەو شۆڕشە و لە سەروبەندی دەسەڵاتی ستالین و دواتریشدا، نەهامەتی گەورە و ڕاوەدوونان و تراجیدیا و ئەشكەنجەی زۆریان بینیوە.
كتێبەكە باس لەو نووسەرانە دەكات كە باجی وشەی ئازاد و دەنگی ئازادیان داوە و نەبوونەتە دەسكەلای شۆڕش و بوقی ستالین. بۆیە ژیانیان ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی گەورە بووەتەوە. لە سەردەمی ستالیندا دروشمێك هەبوو كە هەموو شتێك لە پێناو شۆڕشدایە. بۆیە ئەگەر نووسەرێك بە شانوباڵی ستالین و دەسەڵاتەكەی هەڵنەدایە، ئەوا سۆڤییەت بۆ ئەو شوێنی ژیان و مانەوە نەبوو.
دەیان نووسەری بە توانا لە سۆنگەی ئەوەی نەبوونە نووسەری دەربار و ڕەخنەیان لە ستالین و كردەوەكانی گرت، دوور خرانەوە و گیراون، دەیانیشیان خۆیان كوشت و بەرگەی ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتارییەیان نەگرت. هاوكات كەم نەبوون ئەو نووسەرانەشی خۆیان و قەڵەمەكەیان خستە خزمەت ستالین و كردەوەكانی، كاتێكیش پەردە لەسەر ئەو تۆمارە ڕەشە لادرا و دنیای دەرەوە پێی زانی، بەرگەی ئەو شەرمەزارییەیان نەگرت و خۆیان كوشت وەك ئەلیكساندەر ڤاتیڤی. ئەم نووسەرە بۆ ساڵانێكی زۆر و لە سەروبەندی دەسەڵاتی ستالیندا، بڕوای وابوو هەموو كارەكانی ئەو سەركردەیە بۆ ئایندەی سۆسیالیزمە و دەبێ ئەدەبیات و نووسین لە خزمەت دروشمەكانی شۆڕشدا بێت، بەڵام كاتێ ستالین دەمرێت، بەرگەی ئەو دەربارەیەی خۆی ناگرێت و خۆی دەكوژێت.
نووسەرانی سۆڤییەت لە سەردەمی ستالین، ئەگەر لە بەرەی شۆڕش نەبوونایە و ڕەوایەتییان بە كردەوە سیاسی و نامرۆییەكانی ستالین نەدایە، ئەوا لە بچووكترین مافی سەرەتایی ژیان بێبەش دەكران. لەو سۆنگەیەوە چەندان نووسەر بەهۆی چارەسەرنەكردنیان لە ناوەندە تەندروستییەكان و ڕێنەدانیان بۆ گەشت و چوونە دەرەوە و هاوكات رێكردنیان لە وەرگرتنی خەڵات، خۆیان كوشت. ئەوانەشی یاخی بوون، دوور خرانەوە بۆ بەستەڵەكی سێبیریا و كاری گەورە و تاقەتپروكێنیان پێ دەكرا و دەیان ساڵیان لە گرتووخانە بردە سەر كە سیمبۆلی مرۆڤدۆستی و ئەدەبیاتی جیهانی بوون.
لە كتێبەكەدا نووسەر چەندان نموونەی بەرجەستە لەبارەی ژیانی پڕ لە نەبوونی و نەهامەتی نووسەران لە سەردەمی ستالین دێنێتەوە. ئەو دەسەڵاتە لە كاتێكدا لافی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و نەبوونی جیاوازی چینایەتی لێ دەدا و دنیای دەرەوەی فریو دەدا، بەڵام هەر خۆی لە ناو وڵاتدا نادادپەروەری لە نێوان مرۆڤەكان دەكرد. دەسەڵات چەندان كۆشكی بۆ (گۆڕكی) تەرخان كردبوو، بەڵام كاتێ بڕیار دەدرێت (باسترناك) بەشداری كۆنگرەی بەرگریی ڕۆشنبیری لە پاریس لە ساڵی 1935 بكات، قاتێكی شیاوی نییە لەبەری بكات و ڕووی ئەوەی هەبێت بچێتە بەردەم ئاپۆڕای جەماوەر.
شاكارە مەزنەكەی "دكتۆر ژیڤاگۆ" گەواهیدەری ئەو ڕەخنانەیە
باسترناك چونكە ڕەخنەی لە دەسەڵات و شۆڕشی ئۆكتۆبەر دەگرت و شاكارە مەزنەكەی "دكتۆر ژیڤاگۆ" گەواهیدەری ئەو ڕەخنانەیە، ئیتر وەك نووسەرێكی پەراوێزخراو و بێ ماف، لەلایەن دەسەڵاتی ستالینەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرا و بەرهەمەكانی قەدەغە و سانسۆر دەكران.
یەكێكی تر لەو نووسەرانەی باجی نووسینی ڕەخنەگرتن لە ستالین دەدات (ماندلشتام)ـە. ئەو شاعیرە لە سیییەكاندا شیعرێك بە ناوی (شاخنشینەكەی كرملین) دەنووسێت و ڕەخنە لە ستالین و دەسەڵاتەكەی بەشێوەیەكی تەنزئامێز دەگرێت. لە شیعرەكەیدا قامكەكانی ستالین بە كرم و سمێڵەكانی بە سیسرك دەچوێنێت و گاڵتە بەباوكی هەژاران دەكات، ڕووبەڕووی فشارێكی سیاسی گەورە و سەركێشی بە ژیانی خۆی دەبێتەوە، ناچارە ئەو كاغەزە بدڕێنێت كە شیعرەكەی تیدا نووسیوە و ئەزبەری كردووە بۆ ئەوەی لە بیری نەچێتەوە.
سەرەنجام ئەو شاعیرە دوور دەخرێتەوە و كاتێ ماوەی دوورخرانەوەكەشی تەواو دەبێت، یەكێتی نووسەران نامە بۆ وەزیری ناوخۆ دەنووسێت و داوا دەكات سزای توندتری بدەن، بۆیە جارێكی تر دەگیرێتەوە و ئازاری زۆری دەدەن، بەو هۆیەوە دوای ساڵانێكی كەم لە نووسینی ئەو دەقە دەمرێت. ئەمە چارەنووسی زۆربەی ئەو نووسەر و شاعیرە ئازادیخوزانە بوو كە ڕەخنەیان لە باوكی میلەت ستالین دەگرت كە ڕەوایەتی بەهەموو گرتن و كوشتنێك دەدا، بە پاساوی شەڕی نازییەكان و هیتلەر.
سەردەمی دوای شۆڕشی ئۆكتۆبەر و بەتایبەتیش ساڵانی فەرمانڕەوایی ستالین، سانسۆر و نەبوونی ئازادی و چەوسانەوەی نووسەران، زۆر لە سەردەمی تزاری قەیسەر و پێش شۆڕشی ئۆكتۆبەر، تراجیدیتر و پڕ ئازارتر بوو.
نۆبڵی ئەدەب و گومانەكان
نكۆڵی لەوە ناكرێت كە نۆبڵی ئەدەب، گەورەترین و بەهادارترین خەڵاتی ئەدەبییە كە تا ئێستەش دەیان نووسەری دنیا خەونی پێوە دەبینن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار ئەو خەڵاتە و وەرگرەكانیشی، بەدەر نەبوونە لە ڕەخنەگرتن. چونكە زۆرجار خەڵاتەكە بە نووسەرانێك بەخشراوە كە ڕەنگە نووسەری تری زۆر داهێنەرتر لەو هەبووبن. لەو كتێبەدا تا ئاستێكی زۆر ئەو گومانانە دەبنە یەقین و نموونەی بەرجەستە دەبینین، بەوەی كە چۆن لیژنەی پێدانی ئەو خەڵاتە، كەوتووەتە ژێر كاریگەریی سیاسەت و ئایدۆلۆجیا و نەیتوانیوە پێگە و هێز و توانا ئەدەبییەكانی خۆی بپارێزێت.
لە ساڵی 1965دا هەموو ئاماژەكان ئەوەیان دەردەخست كە نۆبڵی ئەو ساڵەی ئەدەبیات، بدرێتە (پاوستۆڤسكی)، بەڵام دەسەڵاتدارانی سۆڤییەت فشاری ئابووری و دیپلۆماسی لە وڵاتی سوید دەكەن و بەو هۆكارەشەوە، لیژنەی پێدانی خەڵاتەكە، خەڵاتەكە دەبەخشێتە (میخائیل شۆلۆخۆف) كە بەربژێری دەوڵەت بووە. بێگومان بەربژێری دەوڵەتیش، بە مانای نووسەری دەرباری دەسەڵات و لە سەنگەری سەرانی دەوڵەتدا بێت.
ئەم ڕووداوە بە بڕوای من، دەرخستنی نهێنییەكی شاراوەی گەورەیە كە گومانمان لا دروست بكات كە لیژنەی نۆبڵ، لە ژێر كاریگەریی سیاسەتدایە و ئەدەب دەكاتە قوربانی سیاسەت، وەك چۆن گەلێك جار دەگوترێت (نەجیب مەحفووز) نزیك بوو لە ئیسرائیلییەكان، بۆیە ئەو خەڵاتەی پێ درا.
گەلێك زانیاریی شاراوەی لەبارەی نووسەرانی سۆڤییەت و هەلومەرجی ژیانیان لە سەردەمی ستالین تێدایە
ئەم كتێبە گەلێك زانیاریی شاراوەی لەبارەی نووسەرانی سۆڤییەت و هەلومەرجی ژیانیان لە سەردەمی ستالین تێدایە كە كۆمەكێكی باشی خوێنەر دەكات، دیوێكی شاراوەی شۆڕشی ئۆكتۆبەر ببینێ و بناسێت، بەتایبەتیش لە سەردەمی ستالیندا كە خۆی بە باوكی میلەت دەناساند.
سوپاس بۆ سەباح ئیسماعیلی وەرگێڕی كتێبەكە كە جارێكی تریش لە ڕێی وەرگێڕانە جوانەكانیەوە، بە كتێبێكی تری بە پێزی ئاشنا كردم. وەرگێڕێك كە ساڵانێكە لە كەركووكی ژێر تەعریبی زمان و خاكدا، بە بێدەنگی سەرقاڵی بەرز ڕاگرتن و جوان پێشاندانی زمانی كوردییە لە ڕێی وەرگێڕانەكانیەوە.
•پەراوێز: ناوی كتێب، تراجیدیای نووسەرانی ڕووس، نووسینی: د. جەودەت هوشیار، وەرگێڕانی: سەباح ئیسماعیل، بڵاوكراوەی دەزگای سەردەم_2020.