بەرەو بونیادنانی كوردستانی بەهێز

PM:12:30:13/06/2019 ‌
  ئێستە و لە دوای راسپاردنی مەسروور بارزانی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەریمی كوردستان، زۆرینەی خەڵكی كوردستان بە گەشبینییەكی زۆرەوە دەڕواننە لێهاتوویی و ئەزموون و كارامەیی ئەم سەركردەیە لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو تەنگژە سیاسی و ئابووری و دامەزراوەیی و خزمەتگوزارییانەی هەرێمی كوردستان كە تێی كەوتووە.

ڕاستییەكەی ئەم ئومێدە زۆرەی خەڵك بە مەسروور بارزانی هۆكار و باگڕاوندی پیشەیی و پراگماتی خۆی لە پشتەوەیە.
  بەسەرنجدانێك لە توانا و كارامەییەكانی ئەم سەركردەیە، دەبینین مەسروور بارزانی زۆر سەركەوتووانە ئەركەكانی خۆی ڕاپەراندووە لە بواری تەناهی و سیاسی وەك راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان. لەڕووی كۆمەڵایەتی و مرۆییەوە دامەزرێنەری یەكێك لە چالاكترین دەزگا خێرخوازییەكانی كوردستانە (دەزگای خێرخوازی بارزانی). 

لەبارەی ڕەهەندی فكر و زانست لە دیدگای مەسروور بارزانی، ئەوا جگە لەوەی خۆی بەكالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی واشنتن بەدەستهێناوە، هەمیشە لە خەمی پەرەپێدانی زانستییانەی كۆمەڵگای كوردەواریدا بووە، زانكۆی ئەمەریكی لە دهۆك و سەنتەری توێژینەوەی سیاسی بارزانی نەمری لە واشنتن دامەزراندووە. لە رووی هێزی جەماوەری و پرەستیژی نێودەوڵەتییەوە، ئاشكرایە مەسروور بارزانی وەك  كوڕی سەرۆك بارزانی و وەك ئەندامێكی خێزانی بارزانی، ئەزموونێكی درێژیان لە حوكمڕانی و سەركردایەتی خەباتی نەتەوەیی هەیە. 

كەواتە؛ مەسروور بارزانی دەرفەت و پاڵپشتی جەماوەری لە پێشە بۆ بەرەوپێشبردن و وەرچەرخانێكی جۆری بە ئەزموونی هەرێم و "بونیادنانی كوردستانی بە‌هێز" لەم ڕەهەندانەی خوارەوە:

  تۆكمەكردنەوەی رەوایەتی ناوخۆیی و رەوایەتی نێودەوڵەتی لە ڕێی بونیادنانەوەی ئاشتەوایی ئەرێنییانە لە ناوخۆ، چ لە ڕووی دروستكردنەوەی متمانە لە نێوان ‌هێزە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، چ لە ڕووی متمانەی نێوان هاووڵاتییان و دەزگاكانی حكوومەت. هەروەها نۆژەنكردنەوەی پێوەندیەكانی هەرێم (لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش) لەگەڵ عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ و هەرێمییەكان و دنیا. بەمەش بنەمای ئاشتەوایی و سەقامگیری درێژخایەن بۆ هەرێمی مسۆگەر دەبێ.

 دەربازبوون لەو بێسەروبەری دامەزراوەیی و بێ سیستمییەی هەرێمی كوردستان پێیەوە دەناڵێنی لە ڕێی سیستمسازی و كاراكردنەوەی دامەزراوەكان و دروستكردنی دامەزراوەی نشتیمانی هاوچەرخ (دەوڵەتسازی).

 گێڕانەوەی هۆگری و ئینتیما و دروستكردنی ناسنامەی نەتەوەیی و ئەفراندنی تەبایی و پێكەوەژیانی (ئینتیگرێیش) زیاتر لە نێوان پێكهاتەكان و ئەفراندنی سۆزداری بۆ ناسنامەی باڵای نیشتمانی كوردستانی (نەتەوەسازی). بێگومان ئەمەش پێویستی بە بووژانەوەی هەستی نەتەوەدۆستی هەیە كە بە كاراكردنەوەی سیستمی خزمەتگوزاییە گشتییەكان دەبێت، لە پێش هەموویانەوە سیستمی خوێندن و پەروەردە و تەندروستی و كارەبا لە هەموو سووچێكی هەرێم و ناوچە كوردستانییەكان.

  بونیادنانەوەی سیستمی بەرگری هەرێمی كوردستان لە یەك هێزی نیشتمانی كە تێیدا پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش بە سۆزی كوردانە و نیشتمانییانە پەروەردە بكرێن، وەك هێزە بەرگریكارە هاوچەرخەكان رابهێنرێن و پڕچەك بكرێن و بە دیسپلینی سەربازی كار بكەن بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان جارێكی تر لە كارەساتی وەك شنگال و ١٦ ی ئۆكتۆبەر بە دوور بێت.

  بووژانەوەی ئابووری هەرێمی كوردستان بەهۆی بنەبڕكردنی دیاردەی گەندەڵی، بەنیشتمانی كردنی سامانی نەوت هاوشێوەی نەرویج، بەمەش پێچەوانەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەوت دەبێتە فاكتەری خۆشگوزەرانی خەڵك و پاراستنی نیشتمان لە جیاتی ئەوەی ببێتە مایەی توندوتیژی و كاولكاری وڵات. هەروەها داخستنی كەناڵەكانی چوونەدەرەوەی دراو لە هەرێم، راكێشانی سەرمایەی دەرەكی و رەخساندنی بازاڕی ئازاد، واتە دەرفەتی یەكسان بۆ پێشبڕكێی ئابووری.

  بەهێزكردنی بنەماكانی دیموكراسی و فراوانتركردنی فەزای ئازادیی كۆمەڵگای سڤیل لە هەرێمی كوردستان، هاوشێوەی ئەو كۆمەڵگایانەی بە (جیهانی ئازاد) ناو دەبرێن. بەمەش بەشدارییەكی فراوانی راستەقینەی هاووڵاتییان لە پرۆسەی سیاسی دێتە دی و هەموو هاووڵاتییان هۆگرییان بۆ كوردستان زیاتر دەبێ، هەرێمی كوردستانیش دەكەوێتە سەر نەخشەی وڵاتە ئازادەكان.

  لە دەرئەنجامدا مەسروور بارزانی كەسایەتییەكی سیاسی كارامەیە كە بتوانێ كاری وا گەورە ئەنجام بدات، هاوشێوەی سەركردە گەورەكان (لی كوان یو، دیگۆل و جۆرج واشنتن..) چانسی ئەوەی پێ بڕاوە هەرێمی كوردستان بگەیەنێتە ئامانجە باڵاكانی. بەمەش نەك هیچ  كەس و لایەنێكی نەیار بوێری كێشەنانەوە و دانانی بەربەست ناكات لە بەردەم رەوتی بەرەوپێشچووی كوردستان، بەڵكو تەواوی خەڵك و پێكهاتە و هێزە سیاسییەكان دەبنە پشتیوان بۆ ئەزموونی فەرمانڕەوایی دیموكراسی كوردستان.