شه‌ماڵ نووری
له سه‌روبه‌ندی هاتنه‌پێشه‌وه‌ی هه‌موو ساڵێك، ئابووریناسانی كورد به ڕه‌شبین و گهشبینیانهوه ده‌كه‌ونه شه‌نوكه‌وی ئه‌گه‌ره‌كانی داهاتووی باری ئابووری هه‌رێمه‌كه، دید و بۆچوونی ئه‌وان هه‌رده‌م جێی بایه‌خی هاووڵاتی و خوێنه‌ر و بینه‌رانی ڕاگه‌یاندنن، زۆربه‌ی زۆری بۆچوونه‌كان له یه‌ك بازنه‌دا ده‌خولێنه‌وه، ئه‌مساڵیش زۆربه‌ی ئه‌گه‌ر و بۆچوونه‌كان له‌و خاڵه‌دا كۆ بوونه‌ته‌وه كه دنیا پێشوازی له سیاسه‌تێكی گۆڕاو و ئابوورییه‌كی ناجێگیر ده‌كات.
ئه‌م بۆچوونه گشتگیره ترس و دڵه‌ڕاوكێی لای فرۆشیار و كڕیار و بازرگان و بیزنسكار و وه‌به‌رهێنه‌ر و حكوومه‌ته‌كانیش دروست ده‌كات، ته‌نانه‌ت متمانه‌ی هه‌مووان به دواڕۆژێكی پرشنگدار له‌ق ده‌كات، به‌تایبه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی كه‌م به‌رهه‌م و مهسرهفچی وه‌ك كوردستاندا كه له‌سه‌ر ناجێگیربوونی بواری دارایی و ئابووریی ڕاهاتووه و هه‌رده‌م به‌سه‌رهاتی ناخۆش و ڕووداوی كتوپڕ یه‌خه‌ی گرتوون.
ئاخۆ ده‌بێ چ گه‌شبینییه‌ك له به‌رانبه‌ر ئابوورییه‌كدا هه‌بێت كه وابه‌سته و پاشكه‌وته‌ی ئابووری وێرانه وڵاتێكی ناحه‌زیی وه‌ك عێراق بێت؟ له لایه‌ك به بڕین و گه‌مارۆ و سزا و جه‌نگی ئابووری بینه‌قاقات بگرێت، یان ئابووری وه‌ك كارتێكی سووری مه‌زه‌وی و كینهڕێژ به‌رانبه‌ر گه‌لی كورد به‌رز ده‌كاته‌وه، له كاتێكدا ئابوورییه‌كی پشتبه‌ستووه به داهاتی سامانی نه‌وتی خاوی ناجێگیر له به‌ها و نرخی ڕۆژانه‌دا، ئیتر چۆن متمانه به دواڕۆژێكی پڕشنگدار و ئابوورییه‌كی گه‌شه‌كردوو ده‌مێنێ؟ ئابوورییه‌ك كه به‌بێ سه‌قامگیری سیاسی دانامه‌زرێت، ئیتر چۆن ئه‌و ژینگه له‌باره‌ی سه‌قامگیریی دابین ده‌كرێت له‌ناو ئه‌م گه‌له‌كۆمه ده‌ره‌كی و ناوچه‌ییه‌دا؟ یان له پاڵ ئه‌م پشێوی و بێسه‌روبه‌رییه خیتابییانهی ئۆپۆزسیۆن و شه‌عبه‌ویی سه‌ركرده و بنكرده‌كانیان كه هه‌ر هه‌مووی لێوڕێژن به ڕشتنی رق و قینی زه‌مانی شه‌ڕی ناوخۆ و له‌و سه‌رده‌مه‌دا ماونه‌ته‌وه.
له كۆنه‌كه‌وه گوتراوه (ساڵی خۆش له بههارهكهیهوه دیاره). كاتێك له سه‌روبه‌ندی دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكدا بین كه هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌ڕوانی كۆتاهاتنی مه‌ینه‌تی و نه‌هێشتنی نادادپه‌روه‌ری له ئومێدی باشكردنی كه‌رتی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری و بێكاریدان، كه‌چی تازه به‌تازه بۆ شه‌ڕه پله و پۆست و به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی، به‌ربوونه‌ته سه‌روگوێلاكی ئه‌و حكوومه‌ته‌ی كه هێشتا دانه‌مه‌زراوه، بڵقاسمی وا هه‌ڵتۆقیون ڕێكاوڕێك وه‌ك كه‌ره‌دێزه حه‌زیان له تۆپینی خۆیان و زیانی ساحێبیانه، ئیتر ئه‌مه‌یه به‌ختی كورده كه له هه‌موو قۆناغ و سه‌رده‌مێكدا مۆدێلی جاشێتی و هه‌لپه‌رستی گیرفان پڕكردووی لێ سه‌رهه‌ڵبداته‌وه و خیانه‌ت و شه‌ڕ و ئاشووب به‌رۆكی هه‌مووان بگرێت و ریسه‌كه‌مان لێ بكاته‌وه به خوری.
به‌درێژایی سێ ساڵی رابردووی پڕ له ته‌نگژه، زۆر باسی به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه، هه‌ر له دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هاتنی به‌لێشاوی ئاواره و هه‌ر له شه‌ڕی وه‌یشوومه‌ی داعش و تاد.. به‌ڵام له هه‌مووی خراپتر ئه‌و ئاشووب و ئاژاوه و بێسه‌روبه‌رییه‌ی حزبه به‌شداره‌كانی ناو حكوومه‌ت بوون كه پرۆسه‌ی سیاسی‌یان به‌لاڕێدا ده‌برد و په‌تایه‌كی وا پیسیان خسته‌وه، تا ئه‌مڕۆش له‌رزه‌كه‌ی كوردستان به‌رنادات.
راسته به‌راورد به ساڵانی ته‌نگژه تا ئاستێك مووچه باش بووه و و بازاڕ هه‌ستاوه‌ته‌وه سه‌رپێ، به‌ڵام له رووی پڕۆژه گه‌وره و ستراتیجییهكانهوه چ كارێكی وا نه‌كراوه. ئه‌مه‌ش بۆ خۆی شوێنه‌واری خراپ له‌سه‌ر ساڵانی داهاتوو دروست ده‌كات، چونكه ژماره‌ی دانیشتووان له هه‌ڵكشاندایه و له‌گه‌ڵ خۆیدا بێكاری ناو گه‌نجان و هه‌ژاری و خواست و ویسته‌كان زیاتر ده‌بن، له به‌رانبه‌ریشدا په‌ره‌پێدانی به‌رده‌واممان نییه، مادام پێوه‌ندییه‌كی هاوته‌ریب له نێوان خواست و خستنه‌ڕوودا هه‌یه، كه‌واته ئه‌وه‌ی ئێسته دیاره، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ دواوه.
ئه‌مڕۆ دنیا له به‌رده‌م بیركردنه‌وه‌یه‌كی هاوچه‌رخدایه، بۆیه پێویسته بیركردنه‌وه‌ی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستانیش گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت، مه‌ینه‌تی و گێژاوی ئابووری و خراپی بژێوی ژیانی خه‌ڵكی زۆربه‌ی هۆیه‌كانی به‌هۆی گێلوگهواری ئه‌و حزبانهوهیه كه چه‌مكی ئابووری وه‌ك موزایه‌ده‌ی سیاسی له ئهمبارهكانیانهوه به‌كار دێنن و له رووی كرده‌نیشه‌وه دهنكهجۆیهكیان پێ نایه‌ته رووان.
وای ده‌بینم ئه‌م چه‌له‌حانێ ڕۆژانه‌ییه ره‌نگه له دید و بۆچوونی چاودێرێكی سیاسی یا رۆشنبیرێكدا جێی بێته‌وه، به‌ڵام له‌ناو پرۆسه‌ی ئابووریدا زمانی قسه و داتا و نیشانه‌كان، ئاراسته ده‌گۆڕن. له دنیای ئه‌مڕۆدا حكوومه‌ته سه‌ركه‌وتوو و به‌هێزه‌كان، حكوومه‌ته پێشكه‌وتووه ئابوورییهكانن كه بڕیار دروست ده‌كه‌ن و زه‌وینه بۆ جێبه‌جێبوونی بڕیاره‌كان ده‌خوڵقێنن.
له هه‌رێمی كوردستان كێشه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی كێشه‌ی ناوخۆیین هێنده ده‌ره‌كی نین، بۆیه ئه‌م هه‌لومه‌رجه پێویستی به سه‌ركرده‌ی ناوخۆیی به‌هێزه، سه‌ركرده‌یه‌ك به لۆجیكی ئابووری به‌ر له سیاسی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان بدۆزێته‌وه و قۆناغ به‌قۆناغ هه‌وڵی چاككردنی دۆخه‌كه بدات و دوای حه‌ز و ویستی راوێژكاره گرگنه بیانییه‌كان یاخۆ راوێژكاره تیتیله و بیبیله تێره‌كانی ناوخۆ نه‌كه‌وێت، ڕه‌نگه دووكاندارێكی بازاڕ هێنده‌ی ئه‌وانه بزانێت، به ڕێوشوێنی بازاڕییانه توانای راستكردنه‌وه‌ی بازاڕی هه‌بێت و به‌ر له‌وه‌ش سیاسه‌توانی لۆجیكی ده‌توانێ پرۆسه‌ی سیاسی ڕاست بكاته‌وه و له ته‌نگژه ده‌ربازمان بكات.
خه‌مه گه‌وره‌كه له‌وێدایه حكوومه‌تێك چۆن ده‌توانێ پرۆسه‌ی سیاسی و ئابووری راست بكاته‌وه، له كاتێكدا له رووی ئابووری و دارایی و سه‌ربازی و ناوخۆوه دوو حكوومه‌ت بێت، هه‌ندێك كه‌س باس له نامه‌ركه‌زی و شۆڕبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ خواره‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌مه له ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی خاوه‌ن نفووز و پشتئه‌ستوور به ده‌زگه‌ی چاودێری و به‌دواداچوون و په‌رله‌مانێكی سه‌قامگیر و په‌رله‌مانتاری دڵسۆز و كارمه‌ندی پیشه‌یی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنێ، نه‌ك له ژینگه‌یه‌كی بێسه‌روبه‌ری وادا كه كه‌سایه‌تییه پله‌باڵاكان له لایه‌ك حاكم بن و له‌ملاش گێره‌شێوێن، له‌ملا به‌هێز نه‌بیت و خزمه‌ت به خه‌ڵكی هه‌ژار نه‌كه‌یت و داوا بكه‌یت ئه‌ولاش وه‌ك ئه‌ملا بێت.
ئه‌گه‌ر نه‌توانرێ هه‌موو كوردستان و ئابوورییه‌كه‌ی له‌ناو یه‌ك سه‌به‌ته‌ی حكوومه‌تدا جێی بێته‌وه، با له‌ناو سێ سه‌به‌ته‌ی پارێزگاكاندا جێی بكه‌ینه‌وه، ئه‌مه ئه‌رز و ئه‌وه گه‌ز، كێ ئازایه و ئه‌سپی خۆی تاو بدات، ئه‌وكات له شكستهكانیشدا هه‌ر پارێزگایه‌ك به حزبی حوكمڕانی و خاوه‌ن نفووزی خۆیه‌وه به‌رپرسیار ده‌بێت، میله‌تیش كاغه‌زه پڕ له پیلانه‌كانی ئه‌و حزبانه له گیرفانیاندا ده‌خوێنێته‌وه كه چ ئه‌جیندایه‌كی دۆزه‌خی تێدا داڕێژراوه، بۆیه چیتر بڕوا به‌و حزبانه ناكات كه شكسته‌كانیان به‌سه‌ر ته‌نافی حزبی تردا هه‌ڵده‌خه‌ن.