گۆڕینی شێوازه‌كانی بیركردنه‌وه و خووگرتن به چه‌شنێك له به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری ڕۆژانه به‌ره‌و شێوازێكی تر، كاتی زۆر و پشوودرێژی ده‌وێت، په‌له‌كردن له پێگه‌ینی شێوازه نوێیه‌كه، وه‌ك په‌له‌كردنه له جزوهیهك تا شیره‌كه‌ی ناوی بكوڵێنی، چه‌نده ئاگره‌كه‌ی بۆ زیاد بكه‌یت هێنده زیاتر شیره‌كه هه‌ڵده‌چێت و ده‌سووتێت.
ئاماده‌سازیی كۆمه‌ڵگه بۆ گۆڕانكاریی و ئاماده‌سازیی داوده‌زگاكانی حكوومه‌ت بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان وا ئاسان نییه، حوكمڕانه سه‌ركه‌وتووه‌كانی دنیاش ئه‌م راستییه‌یان زانیوه كه به‌بێ لێك نزیكخستنه‌وه و كۆكردنه‌وه‌ی حكوومه‌ت و خه‌ڵك پێكه‌وه، هه‌رگیز داوده‌زگاكانی حوكمداری ناتوانن له به‌رنامه و كاره‌كانیاندا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنن.
كاتێك مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، "ده‌مانه‌وێ كه‌مترین گوتار و زۆرترین كردارمان هه‌بێت". لێوردبوونه‌وه و پێناسهدانان بۆ ئه‌م چه‌مكه و تاوتوێكردنی له كرده‌نیدا هه‌نگاوه به‌راییه‌كانی سه‌ركه‌وتنی حوكمڕانی دیارخه‌ری ده‌بێت، چه‌ند هه‌نگاوه‌كان به‌نیه‌تی خۆشگوزه‌رانی و دادپه‌روه‌ریی هه‌ڵبگیرێن، چه‌نده ئامانجی سه‌ره‌كی خزمه‌تكردنی زیاتری هاووڵاتییان بێت، هێنده زووتر سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه ئه‌نجامی ده‌بێت، ئه‌مه‌ش به‌بێ ڕیفرێشكردنهوهی حكوومه‌ت نایه‌ته‌دی، دواجاریش ئه‌وه هه‌ر خه‌ڵكه بڕیار له‌سه‌ر حوكمڕانی سه‌ركه‌وتوو یان شكستخواردوو ده‌دات نه‌ك وڵاتانی بیانی و پسپۆڕ و شاره‌زایانی ده‌ره‌وه. بۆیه سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه "هاووڵاتی میحوه‌ری ئێمه‌یه".
لێره‌دا پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه، چۆن گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ی خۆمان رازی بكه‌ین و حكوومه‌ت و خه‌ڵك پێكه‌وه كۆ بكه‌ینه‌وه؟ وردتر چۆن له فه‌زای گشتی دوور نه‌كه‌وینه‌وه، تا چه‌ند له دوای كه‌رنه‌ڤاڵی پیرۆزبایی و سه‌ردانه‌كان و بردنی چه‌پكه گوڵه‌كانی پیرۆزبایی، ده‌ست به كاره‌كان ده‌كرێت و بهكرداریی تێكه‌ڵ به كار و هه‌نگاوه‌كان ده‌بین.
فكر و ئه‌جێندای حوكمڕانی لای بنه‌ماڵه‌ی بارزانی هه‌ڵقوڵاوی ویست و خواستی خه‌ڵكه، هه‌ر له‌م واقیعهیشهوه مه‌لا مسته‌فا بارزانی و سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی پێشتر به هه‌موو توانای خۆیانه‌وه به‌رگرییان له كه‌رامه‌ت و مافه‌كانی گه‌لی كوردستان كردووه، ئه‌م ئه‌ركه‌ی ئێسته‌یش كه نێچیرڤان بارزانی و مه‌سروور بارزانی له ئه‌ستۆیان گرتووه، كارێكه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمن و شه‌ڕی داعش و ململانێ حزبی و سیاسییه‌كان ئه‌سته‌متره، چونكه گرفت و كێشه‌كانی خه‌ڵك هه‌ڵچنراو و كه‌ڵه‌كه‌بووی زیاتر له 27 ساڵی حوكمڕانین.
داونه‌ریت و كولتوور و خووی خراپی به‌ڕێوه‌بردن و كارگێڕی له‌ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا مێژووه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده قووڵه كه ناتوانرێ سه‌ره‌تایه‌كی بۆ دابنرێت، داواكارییه‌كانی خه‌ڵكیش ئه‌وه‌نده زۆرن، هه‌ندێكیان له توانا و بڕستی ئێسته‌ی ئه‌م حكوومه‌ته‌دا نین، چونكه هه‌ندێك داواكاریی هه‌ن له سه‌رووی ئیراده‌ی هه‌رێمه‌وه‌ن و تێكه‌ڵ به به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و ده‌ستوور و یاساكانی عێراقی فیدراڵی بوون، هه‌موو ئه‌و سێكته‌ر و بوارانه‌ی باس ده‌كرێن، ته‌نیا بۆ خراپی به‌ڕێوه‌بردن و كارگێڕی و دۆخه سیاسی و ئابوورییه‌كه ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو تێكه‌ڵ به قینی چه‌ند ساڵه‌ی شه‌ڕی براكان و كه‌ڵه‌كه‌بوونی ته‌پوتۆزی ئاژاوه و پشێوی و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی و ناشاره‌زایی ئۆپۆزسیۆن له ئه‌ركه‌كانی خۆی و پینه‌وپه‌ڕۆكردنی كێشه‌كانی پێشانی حكوومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی پێشان بووه.
چاوێك دابخه و ئه‌وانه بهێنه پێش چاوت كه نایانه‌وێ كوردستانێكی به‌هێز بنیات بنرێت، كاریان بۆ دوو ئیداره‌یی و پارچه پارچه‌كردنی كوردستان كردووه، ڕه‌نگه ژماره‌یان له ژماره‌ی ئه‌و خه‌ڵك و پسپۆڕانه زیاتر بێت كه نیازی باشیان هه‌یه بۆ سه‌رخستنی كاروباره‌كانی حكوومه‌ت، هه‌موومان ده‌زانین وه‌ك له په‌یام و خستنه‌ڕووی هێڵه گشتییه‌كانی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاتووه، "كوردستانی به‌هێز واتا كوردستانێكی یه‌كگرتوو، حكوومه‌تێك خزمه‌تی هاووڵاتییان بكات نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه".
كه‌واته مه‌رجی سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م حكوومه‌ته یه‌كگرتووییه، ئه‌مڕۆ نه‌یارانی كورد له ناوخۆ و له ده‌ره‌وه ئه‌وه‌نده زۆرن هه‌ژمار ناكرێن، ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكی ئاسایی بێت له‌لای میله‌تێك كه به‌درێژایی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازییه‌كه‌ی چه‌ندان ده‌وڵه‌ت و ڕژێمی ده‌وروبه‌ر دژایه‌تی مافه‌كانیان كردووه، نزیكه‌ی هه‌شت مانگێك پێكهێنانی كابینه‌كه دواكه‌وت.
دواتر له‌م هه‌موو دنیا پان و فراوانه‌دا، په‌كه‌كه هان ده‌ده‌ن تا بێت له‌ناو جه‌رگه‌ی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان كاری چه‌كداری و كوشتن ئه‌نجام ده‌دات، كه له عورفی سیاسی و روانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا ئه‌م كاره ده‌چێته قاڵبی كاری تیرۆرستی و ناشیرینكردنی خه‌باتی چه‌كداری، له‌ولایشه‌وه ئێران و توركیا خاك و دێهاته‌كانمان تۆپباران ده‌كه‌ن، هاشوهوشی شۆڤێنییه‌كان و ئه‌ڵقه له گوێكانیان له به‌غداوه با بوه‌ستێت كه به به‌رده‌وامی هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی مووچه‌مان لێ ده‌كه‌ن، بڕیاره به په‌له و بێ دیراسه‌تی وه‌زیره‌كانیش ئه‌وه‌نده‌ی تر ئه‌ركی سه‌رشانی فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵكی قورس‌تر كردووه، كه‌واته ته‌حه‌دییه‌كانی به‌رده‌م كابینه‌كه زۆرن، ته‌حه‌دی ئاسایش و سه‌ربازی و ئابووری و هه‌رێمی. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا دۆخه‌كه ئومێدبه‌خشی تێدایه، به‌وه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت درێژه‌پێده‌ری بنه‌ماڵه‌یه‌كی شۆڕشگێڕ و كوردپه‌روه‌ره و توانیویه‌تی به‌رنامه‌یه‌ك دابڕێژێت كه هه‌رسێ لایه‌نی سه‌ره‌كی پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان تێیدا به‌شدارن، هاوكات ده‌ستنیشانی گرفت و كێشه‌كانیش كراوه و كابینه‌كه پێكهاتووه و پێوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا و وڵاتانی هه‌رێمی و جیهانیش ئاسایی بووه‌ته‌وه.
به‌ڵام ئه‌ركی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه و بڕیاره‌كان ته‌نیا له ئه‌ستۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیره‌كان نییه، به‌ڵكو داینه‌مۆ و بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی كاره‌كان ئه‌و ئه‌ڵقانه‌ی خواره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتن له لێپرسراوی هۆبه و به‌ش و به‌ڕێوه‌به‌ره‌وه تا شاره‌زا و راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، تیمه‌كان هه‌موویان گرنگی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه، له‌ولاشه‌وه مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا پێویستی به پشوودرێژی و خوێندنه‌وه‌ی واقیعی ئێسته و خواست و ویسته‌كانی خه‌ڵك و فه‌رمانبه‌ران هه‌یه.
ئه‌م ئه‌ركه به كه‌سانی ئه‌كادیمی ته‌قلیدیی و راوێژكاره كهمئهزموونهكان به‌ڕێوه ناچن، ئه‌وان نه‌یانتوانیوه دابه‌زنه خواره‌وه‌ی ناو خه‌ڵك تا له ویست و خواسته‌كان تێبگه‌ن، ره‌نگه مامۆستایه‌كی زانكۆ چه‌ند كتێبێكی زانستی ئابووری خوێندبێته‌وه یان راوێژكارێك شاره‌زایی ئه‌زموونی چه‌ندان وڵاتی بیانی بێت، به‌ڵام ئه‌و راستییه نه‌زانن كه هه‌موو په‌رتووكه‌كانی دنیا بگه‌ڕێن هه‌رگیز كه‌سێكی بیانی پێت ناڵێ چۆن كوردستان بنیات ده‌نێیته‌وه، واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌زموونی هه‌رێم له‌ناو ده‌وڵه‌تێكی به‌ناو فیدراڵی و ناوچه‌یه‌كی پڕ له گورگ و دڕنده‌دا به ڕاستی واقیعێكی ناوازه‌یه و پێویست به‌وه ده‌كات له رووی بڕیاره‌وه په‌له نه‌كه‌ین و ورده ورده واقیعه‌كه بگۆڕین و خۆمان بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانی تهنگژهیش ئاماده بكه‌ین.
گه‌شتی هه‌زار میل به هه‌نگاوێك ده‌ست پێ ده‌كات، هه‌ڵسه‌نگاندنی حكوومه‌تێكی وه‌ك كوردستانیش به‌لانی كه‌مه‌وه له چوار ساڵدا ده‌رده‌كه‌وێت كه له كوێ بووین و گه‌یشتووینه‌ته كوێ.