خزمەتگوزاریی لە دروشمەوە بەرەو جێبەجێكردن

AM:09:25:20/09/2019 ‌
ئەركی لە پێشینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەرهێنانی دۆسیەی خزمەتگوزارییەكانە لە بن دەست و هاتوهاوار و نمایشكاریی، ئەمەیش بە پتەوبوون و بەهێزكردنی كەرتەكانی خزمەتگوزاریی دەكرێت، ئەو كەرتانەی بە جووڵێنەر و بەڕێوەبردنی ئابووری و گەشەپێدانی دادەنرێت. ساڵانێكە كەسانێك خووی هەمیشەییان گرتووە بە قیژە قیژ و باشترین دەرفەتیش بۆ دەربڕینی قیژەكانیان، نزمی ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانە كە دەزووەكانی گەرووی خۆیانیان لێ بەستووەتەوە و وەك بووكۆڵە گەمەی پێ دەكەن، ڕاستییەكەیشی خوازیاری بەردەوامبوونی ئەو كێشە و مەینەتییانەی هاووڵاتییانن تا گەمە و قیژە و ناوبانگی خۆیان بە بیستراوی بمێنێتەوە. 

وەزیر و حاشیە و ستافە باڵاكانیش نەیانتوانیوە كوردستان و حزبەكانیان لەو واقیعە تاڵەی نزمی ئاستەكانی خزمەتگوزاریی دەرباز بكەن، ئەمانیش تەنیا توێژینەوە و باسی بەراوردكارییان لەسەر لاپتۆپ و داتاشۆ و كاغەز پێشكەش كردووە، ساڵان دێت و كابینە دەڕوا، كێشەكە لە جێی خۆیدا دەخولێتەوە. بۆیە پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا لەم سێ چوار ساڵەی داهاتووی حكوومەتدا ئەم واقیعە تاڵ و تۆمەتباركردنی یەكتر و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و نەبوونی لێپرسینەوە، هەر درێژەی دەبێت یان لە كۆتاجاردا گرفتی كارەبا و ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزارییەكان لانی كەم دەگاتە ئاستی نزیك بە ئاستی گەلانی پێشكەوتوو؟

لە نەوەتەكانی سەدەی رابردووەوە رێك لەگەڵ بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان لەلایەن خۆمانەوە، خەڵك گرفتی كارەبا و ئاو و زبڵ و خاشاك و ئاوەڕۆ و كار و خزمەتگوزارییەكانیان هەیە، نەك تەنیا وەك مەینەتییەكی بەردەوام و ئەزەلیی لێ هاتووە، بەڵكو زیانی بۆ ئابووری و پەرەپێدانی وڵاتیش هەبووە، هیچ حكوومەتێكی بەهێز و گەلێكی پێشكەوتوو و كۆمەڵگەیەكی مۆدێرن ئەم گرفتانەیان نییە، یان هەر هیچ نەبێت كۆنترۆڵیان كردوون. 

ئەوە حاشاهەڵنەگرە كە گەیشتن بە ستانداردی جیهانیی خزمەتگوزاریی كارێكی ئەوەندە ئاسان نییە، ناشكرێت خزمەتگوزارییەكانی خۆمان بە شارە وێرانەكانی وەك مووسڵ و بەسرە و شوێنەكانی تری عێراق و وڵاتانی جیهانی سێیەم و دواكەتوو بەراورد بكەین، بۆ ئەوەی لەناو بازنەی داخراوی خەون و ئەزموونەكانی وڵاتانی دەرەوە قەتیس نەدەین و وەك چیرۆكی بەرئاگردان نەوە لەدوای نەوە نەیانگێڕینەوە، بۆیە هەموو كات پێویستە بیر لەوە بكەینەوە چۆن چاكسازیی و گۆڕانكارییەكان لە دروشمەوە بەرەو كردار و واقیع وەرچەرخێنین.

 چەمكی ئابووری زنجیرەیەكە لە كەرت و سێكتەری بە یەكەوەگرێدراو كە ناتوانرێت لە سیاسەت و دۆخی سەقامگیریی لێك جیا بكرێنەوە، چونكە زۆر پرسیاری ئابوورییانە هەن وەڵامەكەی سیاسییە، ئەمەیان شیكردنەوەیەكی زانستی قووڵ و چڕی پێویستە، لێرەدا تەنیا لەسەر بنیاتنانی ژێرخانی كەرتە خزمەتگوزارییەكان رادەوەستم. 

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رۆژنامەی "واشنتن پۆست"دا دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە كە چاكسازییەكان تەواوی كەرت و بوارە خزمەتگوزارییەكان دەگرنەوە. 

ئاشكرایە ئەگەر بە ناو هەموو ئەزموونەكانی دنیای دەرەوەدا بگەڕێیت، وەرچەرخان و گۆڕانكاریی بەبێ بڕیاری بوێرانە و دەستێوەردانی حكوومەت بۆ ناو كاروباری ئابووری و خزمەتگوزاری سەركەوتوو نەبووە. ناشكرێت چەقبەستوویی كەرتێكی بێ بەرهەم و نزمی خزمەتگوزاریی لەناو زۆنگاوی بێسەروبەریی و بێتوانایی هەر لە پشت مایك و كیبۆردی لاپتۆپ رزگار بكەین، لەم رێڕەوەدا گرنگە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیاسایەك بۆ بودجە دابنێت و دواتر بیخاتە پێش پەرلەمانتاران و تێیدا لەماوەی ساڵی دارایی خۆیدا بەرنامە و پلانی بۆ كەرتە خزمەتگوزارییەكان دیاری كردبێت، خەرجی و تێچوونەكانی ئەو پلان و بەرنامانەیش بە پشتبەستن بەو داهاتەی لە بەردەستە دیاری بكات، لە كۆتایی ساڵیش لە حیسابی خیتامیدا بەرهەم و چالاكییەكانی وەزارەتە پێوەندارەكانی بخرێنە بەردەم لێپرسینەوە و بەدواداچوون.

لەلایەكی ترەوە بۆ رێكخستنی كەرتە خزمەتگوزارییەكان پێویستە ریزبەندی دابنرێت، بۆ نموونە لە ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا و فڕێدانی زبڵ، باشكردنی بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردە، هەموو ئەمانەش پێویستی بەوە هەیە:

1-ژینگەیەكی ئارام و یاسای نوێی بۆ دابین بكرێت.
2-بەڕێوەبردنێكی ئەقڵانی لەلایەن وەزارەت و داودەزگا پێوەندارەكانەوە.
3-دابینكردنی تێچووی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان، واتا رێكخستنەوەی سیستمی كرێ و پڕكردنەوەی تێچوون، تەنانەت ئێستە میتۆدی وەرگرتنی كرێی كارەبا و ئاو و زبڵ و خاشاك لەسەر بنەمای هیچ پێوەرێكی دەرەكیش نییە.
4-بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و رۆشنبیری بۆ رێگرتن لە بەهەدەردانی ئەو سامانانە و ئامادەكردنی ژینگەیەكی لێكتێگەیشتن لە نێوان هاووڵاتی و حكوومەت بۆ گۆڕانكارییەكە.
5-هێنانە پێشەوەی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران بۆ بەڕێوەبردنی سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان، بەڵام بە مەرجێك لەژێر لێپرسینەوە و چاودێری توندی حكوومەت دەرنەچن، چونكە پێویست بەوە دەكات جار بەجار گۆڕانكاریی لە وەبەرهێنان و سیاسەتەكاندا بكرێت. 
6-رێگرتن لە قۆرخكاریی كۆمپانیایەك لەو سێكتەرە و دروستكردنی رۆحی كێبەركێ لە نێوان كۆمپانیا خزمەتگوزارییەكان.
7-چاوخشاندنەوە بەهەموو ئەو گرێبەستانەی حكوومەت لەگەڵ كۆمپانیاكان ئەنجامی داون لە ڕێی گفتوگۆ و دانوستاندن بەمەبەستی (كەمكردنەوەی خەرجییەكان- كاراكردنی خزمەتگوزارییەكان). 
8-بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و توانای فەرمانبەرانی حكوومەت. 

ئەم هەنگاوانە هەمووی پێویستی بە پلانی ستراتیجیی و چاودێری و لێپرسینەوە لە جێبەجێكردنی پلانەكە هەیە، بۆیە پێویستە لە ئاست ستراتیج و سیاسەتدا شانبەشانی ئەو گۆڕانكارییانە بەڕێدا بچین كە هیچ نەبێت لە وڵاتانی دەوروبەرمان روو دەدەن كە ئەوان بە هەندێك پێوەری سەرەكی كار دەكەن:
(1-كۆنترۆڵكردنی خواست 2- جێبەجێكردنی بەرنامە و پرۆگرامەكانیان 3- كەمكردنەوەی بەفیڕۆچوون 4- بەگەڕخستن و بەڕێوەبردنی ئەم كەرتە خزمەتگوزارییانە لە رێی دروستكردنی كۆمپانیاكانەوە و بەهاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەت). 
بەمشێوەیە ئەركی حكوومەتە لەم كابینەیەدا كارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییەكانی تر رێك بخاتەوە بە پشتبەستن بە بەڕێوەبردنێكی عەقڵانی و سیستەم و كۆنترۆڵكردنی خواست و وەرگرتنەوەی نرخێك كە بەشێوەیەكی هەڵكشاو بێت 
واتا پێش هەموو شتێك رەچاوی باری بژێوی ژیانی هاووڵاتییان كرابێت.