پڕیشكی دەوڵەتی فاشیل و دەرهاویشتە ئابوورییەكانی

AM:09:34:10/10/2019 ‌


دیسانەوە لە عێراقدا وەك هەمیشە شەپۆلێكی تری ناسەقامگیری ناوخۆیی و توندوتیژی سەر شەقامەكانی تەنییەوە، ئەمجارەیان لە ئاكامی ناڕەزایی و خۆپێشانداندا سەدان كوژراو و بریندار لە شارەكانی ناوەند و خوارووی عێراق هەن، لەوە ناچێت دوایەمین زنجیرەی تەواوكاریی ئەو خۆپێشاندانانە بێت كە لە 100 ساڵی ڕابردوودا وەك پەتای ماڵتا جار نا جارێك تا لە جەستەی عێراق دەدات، پێش ماوەیەك ئەم گرانەتایە گیانی بەسراوییەكانی تەنی و لەو كاتەوە تا یەكی ئۆكتۆبەریش پێشبینی ئەوە دەكرا لە هاوینی ئەمساڵدا دووبارە تەشەنە بكاتەوە و ئاراستەی سیاسی و ئابووری لە ناوخۆی عێراق بگۆڕێت، پێشهاتەكان تا ئاستێك هەرواش دەرچوون.

 هەرچەندە وادەی خۆپێشاندانەكان كەمێك دواكەوتن، بەڵام (هەمووان لە چاوەڕێی ڕووخانی ئەم كەڵەكەتڕێیەدا بوون كە زلهێزانی دنیا بە ناوی عێراقەوە دروستیان كردووە و هەمووان لە دژی خواستی نەتەوەیی كورد و بارزانی رووبەڕووی بووەوە، ئەوەیان لەبیر كردووە ئەگەر ئێستەیش نەبێت رۆژێك هەر دێت بە تەواوەتی دەوڵەتی فاشیلی عێراق دەڕووخێت). 

خراپی ڕەوشی ناوچە كاولبووەكانی عەرەبی سوننە و بێ كارەبایی و بێ ئاویی و بێ خزمەتگوزاریی و كەڵەكەبوونی زبڵی ناو شارەكان، یارمەتی ئەو لایەن و سیاسییانەی دا كە رۆڵیان لە هەڵگیرسانی خۆپێشاندانەكەی ئێستە و فراوانبوونیدا هەبوو، هەرچۆنێك بێت هۆكار و وردەكارییەكانی خۆپێشاندانەكان و دەستێوەردانی دەرەكی تێیاندا بەجێدێڵم بۆ شرۆڤەكارانی سیاسی، ئەوەی لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم تەنیا لایەنی ئابوورییە، چونكە عێراق لە سەروبەندی دەستپێكردنی گفتوگۆكاندایە بۆ چەسپاندنی پڕۆژەیاسای بودجە و چۆنیەتی تێپەڕاندنی بودجە لە پەرلەمان.

ئەم خۆپێشاندانانە فشارێكی زیاتر بۆ عادل عەبدولمەهدی دێنن كە لە جاران كەمتر پابەندی ناردنی ئیمتیاز و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بێت، بەتایبەتی ئەگەر حكوومەتی هەرێم نەتوانێ داهاتی ئەو بڕە نەوتەی بۆ بنێرێت كە هەناردەی دەكات. ئەوەتا هەر دوێنێ مووچەی خانەنشینان و بەشێكی زۆری مووچەخۆران لە عێراق دواكەت، ئەم دۆخە وا بەئاسانی هێور نابێتەوە، لە كاتێكدا ژمارەی كوژراو و بریندارەكان رووی لە هەڵكشان كردووە و ململانێی هەردوو هێزی ناوچەكە سعوودیەی سوننە و ئێرانی شیعە لە گەرمبووندایە، كێشەی تەنگەی هورمز ئاڵۆزتر بووە، وا پێ دەچێت ئەمجارە میحوەری هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی هەریەك لە ئەمەریكا و سعوودیە بیانەوێت بەڕەكە لەژێر پێی قوم و ئێران دەربێنن. 

وا دیارە دۆخەكە زیاتر درێژە دەكێشێت بەو پێیەی حكوومەتی عێراق ئەستەمە بتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ خۆپێشاندەراندا ئەنجام بدات، چونكە لایەنێكی دیاریكراو نییە سەرپەرشتی خۆپێشاندەران بكات، بۆیە هەڵگیرسانی ناڕەزایەتی و پشێویی و ئاڵۆزی لە وڵاتێكدا كە ئابوورییەكی فشۆڵی هەبێت و بەگەندەڵی و بێسەروبەریی ناسراو بێت و بودجەكەی كورتهێنانی هەبێت و ملیاران دۆلار قەرزار بێت، هەر تەنگژە و كێشەی گەورەتر و ئاڵۆزتری لێ چاوەڕوان دەكرێت، بەتایبەتی هێشتا شانە خەوتووەكانی داعش و میلیشیاكانی ئێران و كەتیبەكانی بەعس خۆیان مەڵاس داوەو چاوەڕوان دەكرێت هێرشی ئیستباقی ئەنجام بدەن و هاوشێوەی 2014 دۆخەكە بقۆزنەوە.

ئەمە وێڕای ئەوەی ناو ماڵی شیعە یەك نییە، هەرچەندە لە كاتی مەترسیدا باڵەكانی شیعە هەموویان خۆیان كۆ دەكەنەوە، وەك چۆن پێكەوە رووبەڕووی داعش بوونەوە و بە یەك فتوای سیستانی دەیان هەزار چەكداری حەشدیی هاتنە مەیدان. 

ئێستە لە هەموو كات زیاتر پەلاماردانی شوێنە هەستیارەكان كە جێی بایەخە بۆ ئابووری و داهاتی عێراق چاوەڕوان كراوە، وەك چۆن لە بەسرە پەلاماری فڕۆكەخانە و بەندەرەكان درا، هەروایش چاوەڕوان دەكرێت ئەم دەستی تێكدانە بۆ لێدانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، فرسەت بهێنن و بخزێنە ناو خۆپێشاندانەكانەوە و خەمی یەكەم و دوایەمینیان تەنیا بە دەستهێنانی دەستكەوتی دارایی بێت نەك خەمی هاووڵاتییان. 
پێویستە لە ئێستەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان خۆی بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادە كردبێت

ئێستە چوار پارێزگای كوردستان تا ئاستێكی باش ئارامن، هەرچەندە هەندێك لایەنی سیاسی و باڵ و كەسانی هەلپەرست خۆپەرست بۆ مەرامی قۆستنەوەی پێگە و دەسەڵاتێكی كاتیی بۆ خۆیان، ئاماژە بەوە دەكەن كە دۆخەكە لێرەش دەقەومێ، بەڵام ئەمە ئەگەرێكی دوورە و رەنگە تەنیا بە ڕێژەیەكی بەرچاو پریشكی ئاگری ناوچەكانی عەرەبی سوننە و شیعەی عێراق بەر ئێمەیش بكەوێت و كاریگەریی لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران هەبێت. 

پێویستە لە ئێستەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان خۆی بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادە كردبێت، ئەمە جگە لەوەی بێ بازاڕییەك روو لە هەرێمی كوردستان نەكات بەهاوشێوەی بێ بازاڕییەكەی هەفتەی رابردووی عێراق، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی ترانزێت و گواستنەوەی ئەو كەلوپەلانەی لە هەردوو سنووری توركیا و ئێرانەوە بەرەو شار و ناوچەكانی تری عێراق دەچن، هەروەها لە پارێزگای تكریت گرفتی كەمی بەنزین سەری هەڵداوە، ئەمەش كەسانێك دەیقۆزنەوە بۆ شاردنەوەی بەنزین و گرانبوونی نرخەكەی.

 پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ئاستی وەزیر و شارەزایانی، بەزووترین كات لیژنەیەكی بەپەلە بۆ خۆئامادەكردن لە ئەگەری كەوتنەوەی تەنگژە و بەڕێوەبردنی تەنگژ دابمەزێنێت، هاوكات خەرجی جوانكاریی و شەقام و رێگەوبانەكانیش رابگرێت، تا ئەو كاتەی بارودۆخەكەی عێراق یەكلا دەبێتەوە. چونكە حكوومەت و ئابووریی كوردستان هێشتا لە تەنگژەی دارایی و ئابووری زەمانی گەمارۆكانی مالیكی و عەبادی دەربازی نەبووە، نەتوانراوە لە قەرز خۆی رزگار بكات و نەختینەی یەدەگی نییە بۆ ئەوەی لەكاتی تەنگژەدا دۆخەكە بەڕێوە ببات، باشترین رێ خێرا دەستبەكاربوونی كارنامەی وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و دانانی ریزبەندییە بۆ ئەو كارانەی دادەنرێت كە ئێستە پێویستن.