ده‌ستڕۆشتووه‌كانی كۆمپانیا
AM:09:42:14/02/2020
فریادڕه‌س یان تاڵانچی
گه‌وره بزنسكار و وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانیان، ساڵانێكی كه‌م ده‌بێ ڕه‌گیان داكوتیوه، ڕاستییه‌كه‌ی وه‌ك قارچك هه‌ڵتۆقیوی چه‌ند ساڵی پێشووی پڕ له كێشمه‌كێش و ئاڵۆزی و ململانێی حزبی و سیاسیی كوردستانن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بوونه‌ته خاوه‌نی ملیۆنان دۆلار و مه‌لاكی سه‌تان دۆنم زه‌وی، ئه‌و مێژووه ره‌شه‌ی سه‌رمایه‌دار و بزنسكارانی كورد هه‌ڵناده‌مه‌وه و ئه‌و پرسیاره‌شیان ئاراسته ناكه‌م ئه‌مه‌تان له كوێ بوو؟ به‌ڵام باوه‌ڕیش ناكه‌م له دنیادا هیچ كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنێك هه‌بێت له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا بووبێتنه خاوه‌نی ئه‌و سامانه زه‌به‌لاحه.
تا ئێره چۆن په‌یدات كردووه و به چی كهڵهكهت كردووه، قسه‌وباسی زۆر هه‌ڵده‌گرێت و ئه‌وه كاری دادگا و دامه‌زراوه‌كانی دهستپاكین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی شه‌رمه‌زاریی بێ، ئه‌و بێویژدانییهیه كه ئه‌وان به‌رانبه‌ر نیشتمان و نه‌ته‌وه‌كه‌یان ده‌یكه‌ن، ئه‌وه‌تا هه‌ر له‌گه‌ڵ باشبوونی دۆخی ئابووری كوردستان، دووباره له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی ره‌ش و رووتی ئه‌م وڵاته ماراسۆنی چنینه‌وه‌ی پاره ده‌كه‌ن، له كاتێكدا زۆربه‌ی ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه له‌كاتی ته‌نگژه‌ی داراییدا پاره‌كانیان سڕ كرد و به‌شێك له پاره‌كانیان ئاودیوی ده‌ره‌وه‌ی وڵات كرد.
بێسه‌روبه‌ری ئه‌م كۆمپانیایانه و گه‌یشتنیان به هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات و سه‌ركرده چه‌كداره‌كان، وایكردووه هاووڵاتییان متمانه‌یان به حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانیشی نه‌مێنێت، گرفته‌كه له‌وه‌دایه هه‌ر یه‌كێك له‌و گه‌وره كۆمپانیا و نه‌هه‌نگه زه‌به‌لاحه سه‌رمایه‌دارانه، سه‌ركاری فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی و خاوه‌ن نفووز و ده‌سه‌ڵاتێكی ناو حزبن، له كاتێكدا حزب واتا نوێنه‌رایه‌تی گه‌ل و چاره‌سه‌ركه‌ری گرفت و كێشه‌كانی هاووڵاتییان، سه‌ركاری بزنسمان و منداڵی به‌رپرسه گه‌وره‌كان هه‌رگیز ناتوانن وه‌ك كه‌ریمی عه‌له‌كه‌ی سلێمانی به‌خشنده بن كه له كاتی ته‌نگژه و گرانییهكهدا، هه‌ژار به‌خێو بكه‌ن و كه‌مێك ده‌ستبه‌رداریی قازانجه‌كانیان بن، به‌ڵكو گۆمهكهیان قووڵ كرده‌وه و زیاتر بوونه بارگرانی به‌سه‌ر خه‌ڵك و حكوومه‌ته‌وه.
ئێسته‌یش كه باس له پرۆسه‌ی چاكسازیی ده‌كرێت و هه‌ر كامه‌یان به‌قه‌د زه‌ڕه‌یه‌ك زیانیان به‌ربكه‌وێت یان ماكینه‌ی پاره‌یان ڕاوه‌ستێت، ده‌یكه‌نه رۆژی حه‌شر و به‌پاساوی جۆراوجۆر رووبه‌ڕووی هه‌موو چاكسازیی و گۆڕانكارییه‌ك ده‌بنه‌وه، ئاخر كه‌ی میله‌تێكی داماوی هه‌ژار توانیویه‌تی ته‌قه له تانكه‌ری نه‌وت و غاز بكات؟.
ئه‌وان ئاماده نه‌بوون له رۆژانی پڕ ئهستهمیدا به گرێبه‌سته چه‌وره‌كاندا چاو بخشێننه‌وه، ئیتر ئێسته چۆن ئه‌و كاره ده‌كه‌ن؟ من كه‌سێكی چه‌پ نه‌بووم تا دژی كه‌رتی تایبه‌ت بم، به‌ڵكو به دنیابینی لیبراڵیی ئابووری و ئابووری بازاڕه‌وه ده‌ڕوانمه ده‌ستكه‌وته مه‌زن و سه‌رنجڕاكێشه‌كانی گه‌لانی دنیا، به‌ڵام ئه‌شهه‌دوبیلا ئه‌مه هه‌رگیز كه‌رتی تایبه‌ت و سه‌رمایه‌داری نیشتمانی نین كه له كوردستاندا هه‌ن، ئه‌مه قووڵكردنه‌وه‌ی جیاوازی چینایه‌تی و نادادپه‌روه‌ری نێوان منداڵه هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه، هه‌ر كه‌سێك پاره‌ی نه‌بوو با (بمرێ) و ئه‌وه‌ی پاره‌ی هه‌یه با بچێته نه‌خۆشخانه پێنج ئه‌ستێره‌كان.
باشه له‌م نیشتمانه‌دا له كوێوه ده‌ست پێ بكه‌ین و چۆن به بیركردهوهیهكی نوێ به‌رهه‌مێكی نوێ بخه‌ینه ڕوو؟ چیتر حزبه‌كانی كوردستان ئه‌وه‌نده دروشم و موزایه‌ده‌مان به‌سه‌ردا نه‌كه‌ن؟ چاكسازیی و گۆڕانكاریی ته‌نیا به رێوشوێن ناكرێت، به‌ڵكو به هێنانی فكرێكی نوێ ده‌كرێ كه دژه گه‌نده‌ڵییه، واته پێش روودانی گه‌نده‌ڵییه‌كه رێی لێ بگیرێت، با رێ له‌و یاسا و شێوازانه‌ی كاركردن بگرین كه گه‌نده‌ڵی دروست ده‌كه‌ن، بۆ نموونه یاسای وه‌به‌رهێنان كه بۆ چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه و بۆ قۆناغ و سه‌رده‌مێكی جیاواز نووسراوه‌ته‌وه، ئیتر كاریگه‌ریی نه‌ماوه و له بری به‌رهه‌مهێنانی وه‌به‌رهێنان، گه‌نده‌ڵی به‌رهه‌م دێنێت، یاخۆ بنه‌ماكانی ئیفادكردنی ئه‌و هه‌موو ئه‌ندازیار و به‌رپرسانه له‌سه‌ر حیسابی ئه‌و پڕۆژه و كارانه‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
پڕۆژه‌كانی حكوومه‌ت ئه‌وه‌نده ئه‌ندازیار و كارمه‌نده‌كانیان گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیان له‌سه‌ر حیسابی كۆمپانیا جێبه‌جێكاره‌كان كردووه، ئیتر ئه‌گه‌ر هه‌ڵه و كه‌موكورتی ئه‌و پڕۆژه‌یه كه‌شف بكه‌ن نمهكحهرام ده‌رده‌چن، شێوازی بڵاوكردنه‌وه و به‌ده‌ستهێنانی ته‌نده‌ر و واژووكردنی گرێبه‌ست ئه‌وه‌نده كلاسیكییه، كۆمپانیایه‌كی بچووكی ناوخۆییش نه‌ك كۆمپانیایه‌كی ده‌ره‌كی به ئاسانی ده‌توانێ له رێنوێنی و راسپارده‌كانی حكوومه‌ت خۆی بدزێته‌وه، كه‌موكورتی و هه‌ڵه‌كان ئه‌وه‌نده زۆرن، ره‌نگه ته‌مه‌نی ئه‌م كابینه‌یه ته‌نیا فریای راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی ساڵانی رابردوو بكه‌وێت.
كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمپانیا و وه‌به‌رهێن و گه‌وره بازرگان و پیشهسازیكار و ده‌یان ناو و ناسناوی تر، فریادڕه‌سی حكوومه‌ت نین، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان وه‌ك مانگایه‌كی شیرده‌ر سه‌یر ده‌كه‌ن و هه‌ر ده‌یدۆشن، ئه‌وان هه‌رچی خه‌ڵكی شاره‌زا و به توانا هه‌بوو له وه‌زاره‌ت و داوده‌زگاكان، بردیانه لای خۆیان و له‌وێوه بوونه هۆی سه‌ره‌كی ئیفلیجبوونی ده‌وڵه‌ت.
له دنیای پێشكه‌وتوو و له‌ناو گه‌لانی ئازایخواز و سیستمه پێشكه‌وتووه‌كانی لیبراڵیی و ئابووری بازاڕ و هاوبه‌شی كه‌رتی گشتی و تایبه‌تدا، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نموونه‌ی وه‌ك كوردستان نییه كه كه‌رتی تایبه‌ت ئاراسته‌كه‌ر و رێنیشانده‌ر و بڕیارده‌ری بڕیاره چاره‌نووسازه‌كان بێت، له ساڵه‌كانی نه‌وه‌ته‌كاندا كاتێك لێپرسراوی لاپه‌ره‌ی ئابووری رۆژنامه‌ی "ئێواره گوڵان" بووم، ئه‌وكات ده‌مزانی ئه‌و كۆمپانیانه‌ی كه‌سایه‌تییه چه‌كداره‌كانی حزب له پشتیانن، رۆژێك دێت ده‌بنه كۆمپانیای مافیایی و زیان به قووت و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لێك ده‌گه‌یه‌نن كه هێشتا چاره‌نووسه‌كه‌ی له رۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستێكی گڕگرتوودا روون نییه.
ئه‌م دۆخه ده‌بێ رابگیرێت، هه‌رچۆن فه‌رمانبه‌ر به پێدانی چه‌ند مووچه‌یه‌كی كه‌م خرانه ژێر ده‌وام و لێپرسینه‌وه‌وه و بڕینی سه‌رپێچییه‌كانی كاره‌با له گه‌ڕه‌كی ده‌ستڕۆشتوو و مهزرهعهكانهوه ده‌ستی پێ كرد، ده‌بێت لێپرسینه‌وه له گه‌وره كۆمپانیا و سه‌رمایه‌دار و وهبهرهێنهكانهوه ده‌ست پێ بكات، نه‌ك له تابلۆی دوكاندار و باج و رسووماتی خانوو دوكانێكه‌وه. زۆرم پێ خۆش بوو كاتێك بیستم سه‌رۆكی حكوومه‌ت گوتوویه‌تی بڕینی سه‌رپێچییه‌كان له گه‌ڕه‌كی ده‌ستڕۆشتوو مه‌زره‌عه و ڤێلا و باڵه‌خانه‌كانه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ن.
خۆشبه‌ختانه خه‌ریكه میدیا و سۆشیال میدیا ده‌ستبه‌رداری كاری بچووك و خۆخافڵاندن ده‌بن و روو ده‌كه‌نه لێپرسینه‌وه له گه‌نده‌ڵییه گه‌وره‌كان و گرێبه‌سته زه‌به‌لاحه‌كان، چیتر ئه‌وه‌نده خۆیان به فڵانه فه‌رمانبه‌ر و فیساره كاسبكار و سهرپێچێی فڵانه ئۆتۆمبێل سه‌رقاڵ ناكه‌ن، ئه‌م كابینه‌یه هه‌لێكی زێڕینی له به‌رده‌مدایه، ئه‌ویش ویست و ئیراده‌ی پیاوچاكانی هه‌رسێ حزبه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ناو حكوومه‌ته.
گرفتی غاز ده‌رگه‌ی له به‌رده‌م پرسێكی گرنگدا كرده‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه چاكسازیی پرۆسه‌یه‌ك نییه به ته‌نیا له‌ناو حكوومه‌تدا بكرێت، به‌ڵكو له كه‌رتی تایبه‌ت و حزب و هه‌موو ده‌ڤه‌ر و پارێزگا و شار و ناوچه‌یه‌كه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و سه‌ره‌تا له ده‌ستڕۆشتوو و خواپێداوهكانهوه كه گاڵته‌یان به یاسا و دادگا دێت.
وەکچۆن فه‌رمانبه‌ر به پێدانی چه‌ند مووچه‌یه‌كی كه‌م خرانه ژێر ده‌وام و لێپرسینه‌وه‌وه و بڕینی سه‌رپێچییه‌كانی كاره‌با له گه‌ڕه‌كی ده‌ستڕۆشتوو و مهزرهعهكانهوه ده‌ستی پێ كرد، ده‌بێت لێپرسینه‌وه له گه‌وره كۆمپانیا و سه‌رمایه‌دار و وهبهرهێنهكانهوه ده‌ست پێ بكات.