حكوومه‌ت داوای له بانكی نێوده‌وڵه‌تی كرد (هاوكاری هه‌رێم بكه‌ن بۆ هه‌ستانه‌وه له ته‌نگژه‌ی دارایی و چۆنیه‌تیی پلاندانان بۆ گه‌شه) بانكه‌كه‌یش تیمێكی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێك هێنا و چه‌ند پێشنیار و راسپارده‌یه‌كی له دووتوێی راپۆرتێكدا ئاماده كرد، به‌ڵام نه تیمه‌كه‌ی بانكی نێوده‌وڵه‌تی و نه لێپرسراوانی ئابووری له‌م هه‌رێمه‌دا به‌ڕوونی نازانن راسپارده و پێشنیاره‌كانی بانكه‌كه دۆخه‌كه‌ی هه‌رێم به‌ره‌و كوێ ئاراسته ده‌كات!
كاری ئه‌و بانكه له وڵاتانی تازه‌پێگه‌یشتوو یا دواكه‌وتوو هه‌روا بووه، راسپارده و پێشنیاره‌كانی به مۆركێكی پۆلیسی به‌ڕێوه چووه و له‌گه‌ڵ باری بژێوی ژیانی هاووڵاتییان و كه‌می داهاتی تاكه‌كه‌سی و رێژه‌ی هه‌ژاری ناگونجێت، تا ئاستێك راسپارده و پێشنیاره‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی له‌ناو رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و مافی مرۆڤ پێی ده‌گوترێت (مه‌رجه دژه مرۆڤایه‌تییه‌كان)، ئه‌و پارته سیاسییه فهرمانڕهوانهیشی له وڵاتانی دواكه‌وتوو یا تازه‌پێگه‌یشتوو كه به‌قسه‌ی پێشنیاره‌كانی بانكه‌كه‌یان كردووه، ناچار بوون رووبه‌ڕووی واقیعێكی سه‌خت ببنه‌وه له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی هاووڵاتییاندا، ده‌رئه‌نجامیش فه‌رمانڕه‌واكان له سندووقی ده‌نگدانه‌كاندا باجی قورسیان داوه‌ته‌وه و لێپرسراوانی بانكه‌كه‌ش به‌فریایان نه‌كه‌وتوون، به‌پێچه‌وانه‌ی پارت و كه‌سایه‌تییه پۆپۆلیستیانهوه كه سوودیان له دۆخه‌كه وه‌رگرتووه و به قسه‌ی باقوبریق و به‌ڵێن و مژده‌ی خه‌یاڵی ئابوورییانه زۆرترین ده‌نگیان به‌ده‌ست هێناوه.
ئه‌م بابه‌ته ته‌نیا پێوه‌ندی به سایكۆلۆژیای تاكی كورد و بارودۆخی ئابووریی وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت و ساڵانی زێڕینی حه‌فتاكان و هه‌شتاكانه‌وه نییه كه ئه‌وكات پێترۆ دۆلار خۆشگوزه‌رانی بۆ كۆمه‌ڵگه و چینی ناوه‌ڕاست هێنا و عه‌قڵیه‌تی سۆشیالیستی و كه‌رتی گشتی به‌رهه‌م هێنا و تا ئێسته‌ش له‌ناو ئه‌كادیمی و رۆشنبیران ئه‌و میتۆده زاڵه.
به‌م شێوه‌یه قه‌رزه مهرجدارهكانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی جگه له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سایكۆلۆژیای خه‌ڵكیدا ناگونجێت، بانكه‌كه‌یش نه‌یتوانیوه له‌ڕووی راگه‌یاندن و هۆشیارییه‌وه پێشنیار و راسپارده‌كانی بۆ خه‌ڵكی روون بكاته‌وه، چونكه ئه‌وه كێشه‌ی ئه‌وان نییه، به‌ڵكو كێشه‌ی حكوومه‌ت و پارته سیاسییه‌كانه بۆ ده‌نگده‌رانیان روون بكه‌نه‌وه كه بۆچی ئه‌و ئاراسته و هه‌نگاوانه ده‌نێن، له‌مه‌شدا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی گوته‌بێژی و راگه‌یاندنه‌وه زۆر زۆر لاوازه و له ئاست ئه‌و شه‌پۆله‌ی میدیا و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندندا نین، له به‌رامبه‌ردا ئه‌وه‌ی به‌لای بانكی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه گرنگه، بودجه‌یه‌ك بۆ توێژینه‌وه‌كانیان ته‌رخان بكرێت تا ئاستێك له 60-70% خه‌رجییه‌كانی توێژینه‌وه‌ی تیمه‌كانیان بۆ خه‌رجی گه‌شت و مانه‌وه و نانخواردن ده‌ڕوات.
ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وانه‌وه گرنگه له‌رێگه‌ی قه‌رزه‌كانیانه‌وه تا چه‌ند ئه‌و كۆمپانیا و رێكخراوانه‌ی له‌وانه‌وه نزیكن هه‌لی وه‌به‌رهێنانیان ده‌ست ده‌كه‌وێت له چه‌ندان بوار، وه‌ك چۆن له بواری كاره‌بادا له كوردستان بانكی نێوده‌وڵه‌تی یه‌ك ملیار و 150 ملیۆن دۆلاریان به‌گه‌ڕ خستووه، به‌ڵام له كه‌رتێكدا پاره‌یان وه‌به‌رهێناوه كه زۆرترین خه‌رجی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و كه‌رته ده‌چێت. ته‌نانه‌ت پێشنیاره‌كانیان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان ته‌نیا بارگرانی بۆ سه‌ر گیرفانی هاووڵاتییان لێ ده‌كه‌وێته‌وه نه‌ك كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچوونی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با.
لایه‌نێكی تر كه تێبینی ده‌كرێت له‌سه‌ر پێشنیار و راسپارده‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی پرسی كورتخایهنییه نه‌ك ره‌هه‌ندی دوورمه‌ودا و ئامانجی ستراتیژی، واتا ئه‌وان ره‌چاوی ئه‌م قۆناغه سه‌خته‌ی خراپبوونی باری بژێوی خه‌ڵكی ناكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه مه‌رجی قورس‌تر به‌سه‌ر چینی ناوه‌ند و هه‌ژاراندا ده‌سه‌پێنن، به‌تایبه‌تی له بواری ده‌ستهه‌ڵگرتن له پاڵپشتی و پشتگیری سووته‌مه‌نی و كاره‌با و خۆراك و ته‌ندروستی.
ئه‌وه‌ی له راپۆرته‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی زۆر به زه‌قی باسی ده‌كرێت، كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و زیادكردنی داهاته له ڕێگه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌دانی كه‌رتی گشتی بۆ كه‌رتی تایبه‌ت، ئا لێره‌دا میتۆده‌كه‌ی بانكی نێوده‌وڵه‌تی دووچاری كێشه‌ی ئابووری واقیعی ده‌بێته‌وه به تایبه‌تی میتۆدی "ریكاردۆ هاوسمان" له ده‌ستنیشانكردنی رێگرییه‌كان و بیركردنه‌وه له ڕێگه كورتمه‌وداكان كه ره‌نگه ئابووریش ببووژێنێته‌وه، به‌ڵام له‌م دۆخه‌دا له خزمه‌تی خه‌ڵكدا نه‌بێت.
بۆ سه‌لماندنی ره‌خنه‌كان توێژه‌ره‌وانی ئابووری ئه‌م پرسیاره بێ وه‌ڵامانه ده‌ورووژێنن كه پێویسته راوێژكار و شاره‌زایانی بانكه‌كه وه‌ڵامیان بده‌نه‌وه، ئایا ئابووریی هه‌رێمی كوردستان ئابوورییه‌كی سۆشیالیستییه تا ئاراسته‌ی به‌ره‌و سه‌رمایه‌داری بكه‌ی؟ ئایا ته‌نیا له ڕێگه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت و ئابووری سه‌رمایه‌دارییه‌وه گه‌شه روو ده‌دات؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه به "به‌ڵێ" بێت ئه‌ی بۆچی له وڵاتانی ئه‌سكه‌نده‌ناڤیا و به‌ریتانیا كه‌رتی هاوبه‌شی تایبه‌ت و گشتی بوونی هه‌یه؟ ئایا ئه‌گه‌ر بانكی نێوده‌وڵه‌تی له ڕێگه‌ی رێكخراو و كۆمپانیاكانه‌وه كه وه‌به‌رهێنان ده‌كات ده‌بێت خۆشی پێشنیار و راسپارده ده‌ربكات؟ ئه‌مه دووڕوویی نییه له بهریهككهوتهی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان؟ له‌مه‌ش خراپتر وڵاتێك كه كێشه‌ی ململانێی حزبی و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی و دژایه‌تیكردنی حكوومه‌تی عێراقی به‌رامبه‌ر ئه‌نجام بدرێت، هێشتا زووه بیر له ڕێگه‌چاره‌سه‌ره زانستییه‌كان بكرێته‌وه. بانكی نێوده‌وڵه‌تی ده‌یه‌وێت هه‌موو سێكته‌ره‌كان راده‌ستی كه‌رتی تایبه‌ت بكات له كاتێكدا كه‌رتی تایبه‌ت رێك نه‌خراوه و گوتارێكی یه‌كگرتووی نییه، زۆربه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كان و ناشه‌فافییه‌ت و گه‌مه‌كردن به به‌های خزمه‌تگوزارییه‌كان و نرخه‌كانه‌وه به‌هۆی كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌یه، ئیتر چۆن ئه‌و كه‌رته ده‌بێته فریادڕه‌سی دۆخه‌كه؟.
لایه‌نێكی تری كه‌موكورتییه‌كانی بانكه‌كه پشتگوێخستنی سه‌ندیكا و رێكخراوه‌كانی ئابوورییه له‌م هه‌رێمه‌دا كه ته‌نیا سه‌ندیكای ئابووریناسانی كوردستان زیاتر له حه‌وت هه‌زار ئه‌ندامی له خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس و ماسته‌ر و دیپلۆمی باڵا و دكتۆرا و ته‌نانه‌ت پڕۆفیسۆری هه‌یه، پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و راستییه بزانن كه مومكین نییه له‌ناو توێژینه‌وه و راپۆرته‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تیدا راپۆرتێك هه‌بێت باس له بووژانه‌وه‌ی ئابووریی كوردستان بكات، چونكه كۆمه‌ڵگه و وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانی دنیا هه‌ریه‌كه و سیسته‌می ئابووریی بازاڕ و ته‌نانه‌ت سۆشیالی به‌پێی واقیعی وڵاته‌كه‌یان جێبه‌جێ كردووه، ئێمه‌ش ده‌بێت به وردی سه‌رنجی ژینگه‌ی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ك ته‌نیا كوردستان بده‌ین، به‌ڵكو عێراق و وڵاتانی دراوسێ و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش. به‌پێچه‌وانه‌وه پارتی فه‌رمانڕه‌وا نه‌ك ته‌نیا له حوكمڕانی دا هه‌نگاوه‌كانی شكست دێنێت، به‌ڵكو وه‌ك ده‌نگدانیش ژماره‌ی ده‌نگه‌كان و لایه‌نگرانی زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه.