شه‌ماڵ نووری
لێكه‌وته‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، چ به رێككه‌وتنی ژێربه‌ژێر بۆ داگیركردنی كه‌ركووك و دواتر كشانه‌وه‌ی ناچارییانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له زۆربه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، لێكدانه‌وه و شرۆڤه‌ی سیاسی و سه‌ربازی جۆراوجۆری بۆ كراوه و تێكڕایان ئاماژه‌یان به سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازی میلیشیاكانی سه‌ربه سوپای پاسدارانی ئێران دا.
هه‌ڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و كوردستانن له هه‌ر شوێنێكدا بووبن، ئه‌و واقیعه تاڵه ناشارێته‌وه كه سه‌رله‌نوێ گه‌لی كوردستان دووچاری بووه، هه‌ر له كوشتن و ده‌ركردن و ئاواره‌بوونی خێزانه كورده‌كانه‌وه تا ده‌گاته تاوانه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی و داگیركردن و سووتاندن و تاڵانكردنی ماڵ و حاڵیان، كه ته‌نیا له خورماتوو زیاتر له 300 ماڵی كورد سووتێنران و زیاتر له هه‌شت هه‌زار و 500 خێزانی كه‌ركووكی و سێ هه‌زار و 380 خێزانی مه‌خموور و ده‌وروبه‌ری و 500 خێزانی مه‌سیحی له ته‌لسقۆف و 300 خێزانی تری ئێزیدی له شنگال ئاواره بوون و تا دێت ئه‌م ژماره‌یه روو له‌زیادبوون ده‌كات، به‌تایبه‌تی دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی داگیركردنی ماڵ و زه‌ویوزاری كورده‌كان و دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆكانی ته‌رحیل و ئه‌نفال و ته‌حشید له شوێنی ته‌بعیس و ده‌ستپێكی ئه‌م رووداوانه مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه، به‌ڵام له‌ڕووی پراكتیكییه‌وه له عێراقی مه‌زه‌وی دوای رووخانی رژێمی به‌عس له 2012وه ده‌ستی پێ كردووه، ئه‌وكاته‌ی پیاوه‌كه‌ی ئێران نووری مالیكی بودجه‌ی كوردستانی بڕی و سوپای له دژی كوردستان جووڵاند و ئێسته‌یش عه‌بادی درێژه پێده‌رێتی و وه‌ك میراتییه‌ك له عه‌قڵیه‌تی حوكمڕانه عێراقییه‌كان به سوننه و شیعه‌وه ماوه‌ته‌وه.
واتا سه‌ره‌تای هێرشی سیاسی و سه‌ربازی به هێرشی ئابووری و گه‌مارۆ و شه‌ڕی ئابووری دژ به هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێ كردووه و كۆتاكه‌شی هه‌ر به شه‌ڕی ئابووری و زیاتر خنكاندنی كوردستان ده‌بێت، بۆیه پیلان و مه‌رامه ئابوورییه‌كانی دژایه‌تیكردنی كوردستان زۆر مه‌ترسیدارتره له پیلانه سیاسی و سه‌ربازییه‌كان، پێشتریش له چه‌ندان بابه‌تدا ئاماژه‌مان به‌وه كردووه كه پایته‌خته‌كانی تاران و به‌غدا و ئه‌نكه‌ره و دیمه‌شق، رێ ناده‌ن ببین به خاوه‌نی ئابووریی سه‌ربه‌خۆ، چونكه ئه‌وان ئابووری وه‌ك كارتێكی فشار له دژی كورد به‌كار دێنن، ئه‌م جاره‌ش هه‌روا ده‌رچوو، تێكچوون و خراپی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان و مووچه‌خۆران هه‌لێكی باشی دایه رووخانی ئیراده و له به‌رامبه‌ردا هێزه‌كانی ئێران و بریكاره‌كانیان سوودیان له هه‌ڵكشانی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و خراپی باروگوزه‌رانی خه‌ڵكی وه‌رگرت، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زیاتر له خشته‌به‌رن و پاساوێكیشیان بۆ سڕینه‌وه‌ی كیانی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت.
ئه‌وه‌تا له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا چه‌ندان ده‌سته‌واژه‌ی دژ به كوردستان به‌كار هاتووه وه‌ك به‌كارهێنانی پارێزگاكانی هه‌رێم له‌بری هه‌رێمی كوردستان و كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكی كورد له بودجه بۆ كه‌متر له 12.6% و به‌رزكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی سیادی و حاكیمه به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ حیسابێك بۆ هه‌رێمی كوردستان كرابێت. هه‌روه‌ها فه‌رامۆشكردنی بودجه و مووچه و خه‌رجییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كه له ده‌ستووردا وه‌ك هێزێكی به‌رگری ناوی هاتووه، ته‌نانه‌ت جووڵاندنی هێزه‌كانی حه‌شد و سوپای عێراق بۆ سێگۆشه‌ی پیشخاپوور بۆ ئه‌و به‌ڵێنه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه عه‌بادی به توركیای دابوو به‌وه‌ی به‌دیلێك بۆ ده‌روازه‌ی برایم خه‌لیل ده‌دۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ندی تر خه‌ڵكی كوردستان بخنكێنن.
له‌ناو ئه‌م واقیعه تاڵ و ناهه‌مواره‌دا كه به‌ده‌یان لوغمی ماده‌ی ده‌ستووریی و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی و گه‌مارۆ و بێده‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و له‌ده‌ستدانی نیوه‌ی زیاتری كێڵگه نه‌وتییه‌كان ده‌وره دراوین، رێ چاره‌سه‌ره‌كان چین؟ به‌تایبه‌تی كاتێك هه‌مووان چاره‌سه‌ره‌كان به ده‌ستپێكردنی دانوستانه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌به‌ستنه‌وه؟ له كاتێكدا به‌غدا تا ئێسته به‌نیاز نییه واده‌ی ده‌ستپێكردنی دانوستانه‌كان دیاری بكات و ملهوڕی و پێداگیرییه‌كی راده‌به‌ده‌ر له دژی مافه ده‌ستووری و یاسایییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كات، ته‌نانه‌ت له به‌رزكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ده‌ستوور بۆ په‌رله‌مانی عێراق عه‌بادی دووپاتی كردبووه‌وه كه ته‌نانه‌ت یه‌ك وشه‌ی ئه‌و پڕۆژه یاسایه نه‌گۆڕێت.
لای كه‌س شاراوه نییه باڵاده‌ستی و نفووزی ئێران له عێراق و كوردستان و ناوچه‌كه‌دا رووی له هه‌ڵكشان كردووه و له ناوخۆدا چه‌ندان كه‌س و گرووپ و تاقمی خۆفرۆش هه‌ڵتۆقیون، بۆیه پێویسته خۆمان له‌و ململانێیانه دوور بگرین به‌تایبه‌تی دوای هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا له رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و بێده‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له پێشێلكردنی ده‌ستوور به‌جووڵاندنی هێزی سه‌ربازی له دژی خه‌ڵكی سیڤیلی كوردستان، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ی پێوه‌ندییه ئابوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا، كه تاكه ده‌روازه‌ی كوردستانه به‌ڕووی جیهانی رۆژئاواوه و ده‌بوو پێشتریش حیسابی وردی بۆ بكرایه، به‌تایبه‌تی دوای پاراستنی ده‌روازه‌ی پیشخاپوور و نزیكبوونه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی كاره‌كانی گه‌وره كۆمپانیای رۆزنه‌فتی رووسی له كوردستان كه ته‌نیا ده‌روازه‌یه‌ك بۆ تێپه‌ڕبوونی نه‌وته‌كه له‌و وڵاته‌وه ده‌بێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه بێده‌نگی نوێنه‌رانی حكوومه‌تی هه‌رێم له وڵاتانی دنیا و لاوازی ئاستی ئه‌دای پارته سیاسییه‌كان و كزبوونه‌وه‌ی وره‌ی جه‌ماوه‌ری ره‌وه‌ندی كورد له هه‌نده‌ران، هه‌مووی به زیانێكی گه‌وره بۆ كوردستان ته‌واو ده‌بێت، چونكه ئه‌مه واتا به‌غدا له فشار و پاڵه‌په‌ستۆی نێوده‌وڵه‌تی بۆ دانوستاندن رزگار ده‌كات كه به‌بێ ئه‌م فشاره نێوده‌وڵه‌تییانه، محاڵه هیچ ئومێدێكمان به به‌غدا هه‌بێت، به‌غدایه‌ك هه‌موو ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی خسته ژێر پۆستاڵه‌كانییه‌وه كه عێراقی نوێی له‌سه‌ر دامه‌زرا، تازه به‌تازه هه‌رچی پڕۆژه و یاسایه دژی هه‌رێمی كوردستان بێت، به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران تێپه‌ڕی ده‌كات و هیچ حیسابێك بۆ عێراقی هاوبه‌شی نێوان عه‌ره‌ب و كورد ناكات.
ئه‌مڕۆ گه‌لی كوردستان له به‌رده‌م ملهوڕی و پێداگیری به‌غدا و دژایه‌تیكردنی ئێران و بێده‌نگی ئه‌مه‌ریكادا، ناكرێت به زیندووێتی بێته خنكان. له ناوخۆی هه‌رێمه‌كه‌شدا ده‌كرێت هه‌نگاوه‌كان خێراتر بكرێن به‌تایبه‌تی له بواری په‌ره‌پێدانی پاڵاوتگه‌كان و دروستكردنی پیشه‌سازی نه‌وتی و رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه سه‌ربازیی و جوانكارییه‌كان و رێگرتن له گه‌نده‌ڵی كۆمپانیاكان و په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵی و خۆبژێوی، له‌ڕووی كارگێڕیی و خه‌رجییه‌كانی كه‌رتی گشتیشه‌وه له قۆناغێكی كورتمه‌ودا ده‌كرێت سوود له وه‌به‌رهێنانی بیانی وه‌ربگرین بۆ به‌ڕێوه‌بردنی زۆر له سێكته‌ره‌كان.
له‌م قۆناغه‌دا جگه له چالاككردنی ئه‌دای حكوومه‌ت و ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیا و عێراق، هیچ بژاره‌یه‌كی ترمان له به‌رده‌مدا نییه. راسته نه‌به‌ردییه‌كانی پێشمه‌رگه به‌تایبه‌تی له میحوه‌ره‌كانی پردێ و مه‌خموور و ته‌لسقۆف و زومار بۆ راگرتنی هه‌ژموونی شیعه‌گه‌ری له داگیركردنی كوردستان و زیاتر گه‌مارۆدانی گرنگ بوون و دۆخه‌كه‌ی گۆڕی، به‌ڵام له مه‌ودایه‌كی مامناوه‌ند و درێژخایه‌ندا له توانا‌مان نابێت بێ پاڵپشتی و پشتگیری وڵاتێكی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا و توركیا سه‌ركه‌وتوو بین، ئه‌وانه‌ی باسی گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا ده‌كه‌ن یا باسی ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌كه‌ن، باش ئه‌و راستییه تێده‌گه‌ن كه پێدانی مووچه به فه‌رمانبه‌رانی كوردستان له‌لایه‌ن عه‌بادییه‌وه له موزایه‌ده‌یه‌كی سیاسی زیاتر له واقیعدا هیچی تر نییه، ئه‌وه‌تا هه‌ر له ئێسته‌وه ده‌یان پاساو بۆ جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌م به‌ڵێنه دێنێته‌وه، عه‌بادییه‌ك خۆی و حزبه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنێكیان له پێشه كه تا چه‌كدارێكی حه‌شد راوه‌ستابێت، مووچه به فه‌رمانبه‌رانی كوردستان نادات، ئه‌ی ئه‌وه نییه سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماده‌یی هه‌رێمی راگه‌یاندووه به‌وه‌ی نه‌وت و داهاتی ناوخۆ و ده‌روازه سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و هه‌موو شتێكیان راده‌ست ده‌كات ته‌نیا 17%ی پشكی هه‌رێمی كوردستان بنێرن، كه‌چی ئه‌وان نه‌ك ئاماده نین بۆ ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه بێنه پێشه‌وه، به‌ڵكو هه‌ر وه‌ڵامیشیان نه‌بووه.
كه‌واته له‌م قۆناغه‌دا ئه‌ركی سه‌رشانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی كاره‌كانی بێت. دواتر مشوورێك له بواره‌كانی تری خزمه‌تگوزاریی و پڕۆژه‌كان بخوات.