شه‌ماڵ نووری
له حاڵی حازردا كۆماری ئیسلامیی ئێران به شه‌ڕ و ململانێیه‌كی سیاسی سه‌خته‌وه گیرۆده بووه، به ته‌واوه‌تی له كێشه‌كانی ناو یه‌مه‌ن و سووریا و عێراق و لبنان تێوه‌گلاوه، به سه‌دان ملیۆن دۆلاری كاشه‌وه پشتگیری له بریكاره‌كانی خۆی ده‌كات، تا باڵانسی هێزی خۆی له‌م وڵاتانه‌دا ڕابگرێت، سه‌رله‌نوێ و دیسانه‌وه گه‌مارۆی ئابووری و هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ و نه‌عره‌ته‌ی ئیسرائیلیشی هاته سه‌ر، له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگدا له‌ناو خاكی سووریا به خه‌ستی سێ جار له سوپای پاسداران و بنكه‌كانی میلیشیا كاسهلێسهكانی ئێران دراوه، بارودۆخه‌كه‌ی ئێران به‌شێوه‌یه‌كی دراماتیكی زۆر به خێرایی ته‌پاوتل رووی له غلۆربوونهوهدایه.
ئێسته هه‌موو پێشبینی و ئه‌گه‌ره‌كان به‌و ئاراسته‌یه مل ده‌نێن كه نرخی دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رانبه‌ر ریاڵی ئێرانی به‌رزتر بێته‌وه، وا نرخی دۆلارێك گه‌یشته سه‌رووی 8000 تمه‌ن. ئه‌م دیمه‌نه هه‌مان سیناریۆی عێراقمان ده‌خاته‌وه پێش چاو كه چۆن سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی وایانكرد به‌های یه‌ك دۆلاریان گه‌یانده ئاستی پڕ عه‌لاگه‌یه‌ك له دینار، بێگومان بۆ زانینی ده‌رئه‌نجامی ئه‌و گه‌مارۆ و شه‌ڕه ئابوورییه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه به‌رانبه‌ر ئێران ده‌ستی پێ كردووه، ده‌بێت به باشی ئه‌وه بزانین ئه‌مه‌ریكا چ سوپهرپاوهرێكی ئابوورییه، به تایبه‌تی دوای هاتنی تره‌مپ و به‌رزبوونه‌وه‌ی گه‌شه‌ی ئه‌و وڵاته.
له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی حوكمی سه‌رۆكه تازه‌كه‌یدا ئابووری ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌رووی 3%، هه‌روه‌ها كه‌مبوونه‌وه‌ی بێكاری بۆ 4%، هاوشان بووژانه‌وه‌ی بۆرسه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ئێسته ئه‌و وڵاته ئه‌و سوپهرپاوهرهیه كه به ژێرخان و هێزێكی پته‌وی ئابوورییه‌وه وڵاتی چینی هێناوه‌ته سه‌رچۆك، ئه‌گه‌ر له پرسی كۆریای باكور رۆڵی نه‌گێڕایه، ته‌نیا به دانانی تاریفه‌ی گومرگی ساڵانه 500 ملیار دۆلار زیانی به چین ده‌گه‌یاند.
ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م گه‌مارۆ ئابوورییانه، به‌تایبه‌تی دوای 90 رۆژی تر چه‌قۆ ده‌خاته ده‌ستی ئێران بۆ پیازچنین، ئیتر ده‌بینین چۆن خوڕ خوڕ فرمێسك، ئه‌وه‌تا هه‌ر له ئێسته‌وه زۆرترین كۆمپانیاكانی دنیا به‌سته به‌سته پاره‌كانیان له‌و وڵاته ده‌كێشنه‌وه، له ناوخۆی ئێرانیشدا به‌و پێیه‌ی بزنس و داهات هه‌مووی له لای ئه‌و كۆمپانیا و كه‌سانه‌یه كه له هه‌ڕه‌می ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران و ده‌زگه ههواڵگرییهكاندان، بۆیه له ماوه‌ی داهاتوودا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆی تمه‌نی داڕماویان، ناچار ده‌بن په‌له‌قاژه بكه‌ن و به دوای بازاڕی تردا بگه‌ڕێن، وه‌ك چۆن دكتۆر محه‌مه‌د شه‌ریعه‌تمه‌داریی وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی و كانزاكانی ئێران، به یاوه‌ری شاندێكی باڵای به‌رپرسانی حكوومی و كه‌رتی تایبه‌ت و ژووره بازرگانییه‌كانی ئێرانه‌وه به هه‌ڵه‌داوانه‌وه روویان له هه‌ولێر كرد و ئاماده‌یییان بۆ ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخی ئاڵۆز ده‌ربڕی، تا له ده‌روازه‌ی تره‌وه قه‌ره‌بووی له‌ده‌ستدان و داخستنی بازاڕه‌كانی وڵاتانی كه‌نداو بكه‌نه‌وه كه بۆ یه‌كه‌مین جاره وڵاته‌كانی وه‌ك سعوودیه و ئیمارات و به‌حرێن باس له مافی ئیسرائیل ده‌كه‌ن له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و چه‌ند گولههاوهنهی له خاكی سووریاوه میلیشیا سه‌ره‌ڕۆكانی سه‌ربه ئێران هاویشتبوویانه به‌ر ده‌رگه‌ی حه‌وشی ئیسرائیل له جۆلان، ئه‌مه هه‌مان هه‌ڵه‌ی گه‌یاندنی چه‌ند هاوه‌نێكی 120 ملم بوو كه له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو به پشتی چه‌ند گوێدرێژێكه‌وه گه‌یه‌نرایه لای چیمه‌ن و چه‌ند گولههاوهنێكیان ئاراسته‌ی بیره نه‌وته‌كانی عێراق له كه‌ركووك كرد و دواتر له‌ژێر فشار و پاڵه‌په‌ستۆی موشه‌كبارانی سه‌دام بۆ سه‌ر شاره‌كانی ئێران، ئه‌و وڵاته وزه و توانای نه‌ما هاوكاریی باشی پێشمه‌رگه بكات، له‌و ناوه‌دا كورد بووه قوربانی ئه‌نفال و وێرانبوونی گوندهكانیی و زلهێزانی دنیاش چاویان له‌و جینۆسایدانه پۆشی، چونكه لێدانی بیره نه‌وته‌كانی كه‌ركووك و هاویشتنی چه‌ند كوێره گولههاوهنێكیش بۆ ئیسرائیل، هه‌مان گه‌مه‌ی تاكتیكیی هه‌واڵگرییه و شكسته‌كانی ئێران ده‌رده‌خه‌ن، له جۆلانیش هه‌ر به هه‌مانشێوه‌ی بیره نه‌وته‌كانی كه‌ركووك، له‌وێش هه‌ر زوو ئێران بایدایه‌وه و تۆمه‌ته‌كه‌ی خسته سه‌رشانی كلكه‌كه‌ی خۆی كه سوپای سووریایه، چونكه ئه‌م وڵاته په‌ند و عیبره‌تی له خوتبه‌ی ئیمامه‌كه‌ی وه‌رگرتووه كه (ئاماده‌یه ژه‌هر بخواته‌وه به‌ڵام موجازه‌فه نه‌كات)، ئه‌م دۆخه له كاتێكدایه به‌ره‌ی گرژبووی پشته‌وه‌ی ئێران كه كۆریای باكور بوو، له به‌رانبه‌ر هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆ و هاوكاریكردنی ئه‌و وڵاته‌دا، نه‌ك هه‌ر خاو بووه‌ته‌وه، به‌ڵكو ئاسایبوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه له سه‌رووی هه‌موو پێشبینی و پێشهاتهكانیشهوه بوو.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه پێویسته كورد چی بكات؟ چۆن به وریایی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پێشهاته نوێكانی ئه‌م دۆخه‌كه‌دا بكات، چونكه له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، كورد كاراكته‌رێكی باشی ناو گه‌مه سیاسی و رووداوه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه نییه، بۆیه بۆ گێرانه‌وه‌ی ڕۆڵی كارای جارانی خۆی، پێویسته ئاگاداری پێگه‌ی ستراتیجیی خۆی بێت و به ئاقڵانه‌وه بزانێت چۆن ده‌چێته ناو پرۆسه‌كه‌وه و چۆن دۆخه لێكترازاوه نوێیه‌كه به هاوشێوه‌ی شه‌ڕی دووه‌می كه‌نداو بۆ خۆی قۆرخ ده‌كات، له گۆڕانكارییه گه‌وره‌كاندا كورد هه‌میشه ده‌توانێت وه‌ك هاوبه‌شێكی لۆكاڵیی هاوپه‌یمانان سوودمه‌ند بێت، تا گه‌مارۆش له‌سه‌ر ئێران توندتر بێته‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی زیاتری كورده، به تایبه‌تی له بابه‌تی داڕمانی تمه‌نی ئێرانی و هه‌رزانبوونی نرخی كاڵا و كه‌لوپه‌له‌كان و گه‌شتكردن بۆ ئه‌و وڵاته، ته‌نانه‌ت له‌ودیوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانی ئێرانیشه‌وه، بازاڕه‌كانی سه‌رسنوور جموجوڵی زیاتر به‌خۆوه ده‌بینن، چیتر ئیتڵاعات و سوپای ئه‌و وڵاته له توانایاندا نابێت، رێ له ده‌یان هه‌زار كۆڵبه‌ر بگرن و هاتوچۆی ئه‌مدیوی باشووری كوردستان له كۆڵبه‌ران قه‌ده‌غه بكه‌ن.
سوپا له ئێران‌دا ته‌نیا هێزی چه‌كداری نییه، به‌ڵكو خزاوه‌ته ناو هه‌موو كایه‌كانه‌وه به‌تایبه‌تیش كه‌رتی بزنس، ئه‌م ئاڵوگۆڕه خێرایه زیانی بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانی ئیتڵاعات هه‌بوو، چونكه ده‌یان به‌نده‌ر و فڕۆكه‌خانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی هه‌یه و بازرگانی پێوه ده‌كات، ئاماده نییه نرخه‌كانی له بازاڕه‌كانی ئێران‌دا زیاتر داڕمێت، هه‌رچۆنێك بێت داڕمانی به‌های تمه‌ن و له پاڵیدا لیره‌ی توركی، له به‌رژه‌وه‌ندی ڕاسته‌وخۆی هه‌رێمی كوردستانه، چونكه وه‌ك ئاشكرایه ته‌رازووی بازرگانی (هاورده و هێنراو) له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و دوو وڵاته بووه، ته‌نیا به رێژه‌یه‌كی زۆر (نه‌وت)ـه كه هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌كات، ئه‌ویش به‌هۆی بارگرژی زیاتره‌وه به‌هاكه‌ی رووی له هه‌ڵكشانه.
ماوه‌یه‌كی تر پرۆسه‌ی داڕمانی ئابووری ئێران ده‌ست پێ ده‌كات، مه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانی موعجیزه‌یه‌ك بن له سوپه‌رپاوه‌ری ئابووری دنیا ده‌ربازیان بێت، شه‌ڕی ئابووری ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر ئێران رێك له پاڵه‌وانێتی زۆرانبازیی نێوان هه‌ردوو كێشی ریشه و كێشی قورس ده‌چێت كه پێشوه‌خته ده‌زانرێت كێ براوه‌یه تێیدا .