بیره‌وه‌ری: ماجید نووری
به‌رله‌وه‌ی خۆرنشین ته‌مه‌ن لوول بدات، پێده‌شتی ئه‌م بیره‌وه‌رییه ئاوه‌دان ده‌كه‌مه‌وه تا ساته‌وه‌خته‌كانی به ته‌نیا بۆ خۆم هه‌ڵنه‌گرم، ساڵی 1993 له (سلێمانی) به‌ڕێوه‌به‌ری (ڕادیۆی ده‌نگی كوردستان) بووم، له‌و ساڵه‌دا وه‌ك شایه‌تحاڵێك یه‌كه‌مین قه‌ڵغانی مرۆییم به چاوانی خۆم بینی، له‌و زه‌مه‌نه چه‌قیوه‌ی ناو بارودۆخێكی نه‌خوازراودا بوو، كاتێك له نێوان (پارتی و حسك) ئاگری شه‌ڕ و پێكدادانێكی كاتیی هه‌ڵگیرسا، له‌و زه‌مه‌نه دۆزه‌خییه‌دا، هه‌موو براكان په‌لاماری یه‌كتریان ده‌دا و كه‌س گوێی له هاواری ئه‌ویتر نه‌ده‌گرت، كه‌سایه‌تییه‌كی ته‌ڵائاسا دره‌وشاوه‌ی وه‌ك (جه‌مال عه‌بدول) پارێزگاری شار بوو، له‌لایه‌ن چه‌ند (كادرێكی قسه‌زانی یه‌كێتی)یه‌وه نیه‌تی سپی به‌ڕێزیان بۆ پلانێكی ڕه‌شقه‌تران قۆسترابووه‌وه، له‌ژێر دروشمی (نا بۆ شه‌ڕی براكوژی) مۆڵه‌تی خۆپێشاندانێكی هێمنانه‌یان بۆ لایه‌نگرانی حسكی ئه‌وكات لێ وه‌رگرت.
له نزیك (فولكه‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر)ی پڕ له غوربه‌ت، وه‌ك ڕه‌وه ریشۆڵه‌ی ناو قه‌فه‌ز، قوتابیانی چه‌ندان قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندییان به‌ره‌و باره‌گای (لقی چوار) هه‌ڵفڕان، له كاتی هاتنی ئاپۆرای ئه‌و پۆله ڕیشۆڵانه به‌ره‌و به‌ر قاپی باره‌گای لق كه هاوكات نووسینگه‌ی ڕادیۆش هه‌ر له‌وێ بوو، من له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌كی باڵه‌خانه‌ی لق وه‌ستابووم و ته‌ماشای ئه‌و نمه نمی بارانه‌م ده‌كرد كه بێنازانه و دڵۆپ دڵۆپ به‌سه‌ر جام و شووشه‌كاندا شۆڕ ده‌بوونه‌وه، له‌و كاته‌دا سێ پیكاب مێكزه‌مینی و شله‌خه‌جێیه‌كی سه‌ر به‌تاڵ هاتنه پشته‌وه‌ی ئاپۆراكه، كۆمه‌ڵێك چه‌كداری ده‌مامكداریان لێ دابه‌زییه خوار و وه‌ك ڕه‌وه چه‌قه‌ڵ كه بۆ نێچیر بگه‌ڕێن، به شپرزه‌یی چوارده‌وری ئاپۆراكه‌ی به‌رده‌م لقیان ته‌نی، له ماوه‌ی چه‌ند چاوتروكانێكدا و له‌ناو به‌تانیه لوولدراوه‌كانیانه‌وه، لووله‌ی تفه‌نگ و ئارپیجی و بیكه‌یسییه‌كانیان به‌رز كرده‌وه و سێره‌یان گرت و كه‌وتنه ته‌قه‌كردن، ئاگری چه‌كه‌كانیان ئاراسته‌ی لق بوو، فیشكه و گرمه‌ی ئارپیجی و قرژمه‌ی ده‌ستڕێژی فیشه‌كی ئه‌هریمه‌نانه و قریشكه‌ی ئه‌و منداڵه فریشتانه‌ی هێرشبه‌ران كردبوویانن به قه‌ڵغان، تا كه‌شكه‌لانی فه‌له‌ك به‌رز بوونه‌وه.
ڕه‌وانشادی هه‌رده‌م لێبورده (مولازم كه‌ریم) به‌رپرسی لق بوو، له‌گه‌ڵ (ئاكۆ چاوشین) به په‌له هه‌ردووكیان پێكه‌وه گه‌یشتنه باره‌گای ڕادیۆكه و لاودسپیكه‌رێكی نسكافه‌ییان پێم دا و گوتیان بانگه‌واز بۆ پێشمه‌رگه و پاسه‌وانه‌كانی باره‌گا بكه زه‌بتی نه‌فسی خۆیان بكه‌ن و ده‌ست نه‌كه‌نه‌وه.
منیش تا وزه و هێز له گه‌روومدا هه‌بوو به قاسیدیی ئاوازی ئاشتیم ده‌خوێند و یه‌ك له‌سه‌ر یه‌ك و بۆ ماوه‌ی زیاتر له ده وردكه‌یه‌ك له ڕێی لاودسپیكه‌ره‌كه‌وه هه‌ر هاوارم ده‌كرد، ده‌مگوت و ده‌مگوته‌وه (داوا له پێشمه‌رگه‌كانمان ده‌كه‌ین زه‌بتی نه‌فسی خۆتان بكه‌ن و ته‌قه نه‌كه‌نه‌وه).
ته‌عه‌داكاران گه‌رداوئاسا هاتن و له لووله‌ی تفه‌نگه‌كانه‌وه ڕقی خۆیان ده‌رده‌په‌ڕاند و له پێشه‌وه‌ی خۆیشیانه‌وه منداڵیان به قه‌ڵغان دانابوو، هه‌موو پاسه‌وان و پێشمه‌رگه‌كان ئیلتیزامیان به بانگه‌وازه‌كه‌مه‌وه كرد و ئه‌و منداڵانه‌ش به‌سه‌ر لاسكی هه‌ڵاڵه‌ی ناو دڵی پێشمه‌رگه‌كانه‌وه مانه‌وه و كه‌سیان په‌ڕێكیان لێ هه‌ڵنه‌وه‌ری، له‌ناو لقیشدا به‌هۆی پارچه‌ی گوله‌ئارپیجی و شووشه‌ی شكاو و تیغی فیشه‌كه‌وه، چه‌ند پێشمه‌رگه و كادیرێك زامدار بوو بوون.
بۆ ڕۆژی دواتر جه‌مال عه‌بدول سه‌ردانی كردین، ماندووبوون و شه‌ونخوونی له ڕووخساری ده‌باری، به شه‌رمه‌وه ڕووی ده‌می له (مولازم كه‌ریم) كرد و نیگه‌رانییه‌كانی خۆی دایه به‌ر با و گوتی، (له به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی دوێنێ ڕووی داوه زۆر بێزارم، ئه‌وه به پله‌ی یه‌كه‌م داوێكی نه‌گریسانه بووه، نه‌ك ته‌نیا بۆ لێدانی باره‌گاكه‌ی ئێوه، به‌ڵكو بۆ له‌كه‌داركردنی منیش بووه). ئه‌وه‌یشی گوت كه (ئه‌گه‌ر ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و هێرشه نه‌دۆزینه‌وه و به سزای یاساییان نه‌گه‌یه‌نین، من وه‌ك جه‌مال عه‌بدول ده‌ستبه‌رداری پۆستی پارێزگاری سلێمانی ده‌بم).
به‌ڵام له لێپرسینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی هێرشه‌كه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌دا به‌خت یاوه‌ری نه‌بوو، بۆیه پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م وازی هێنا و ده‌ستبه‌رداری پۆسته بێده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بوو.
به چه‌ك وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی ته‌قه‌كان، به‌رپرسیارێتییه‌كی مۆڕاڵی هێنده به‌رز بوو كه هه‌رده‌م پێویسته به شانازییه‌وه له دووتوێی لاپه‌ڕه مێژووییه پرشنگداره‌كانی پێشمه‌رگه و كادرانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا تۆمار بكرێن، وێڕای هێرشی سه‌خت له‌سه‌ریان و برینداربوونیان، كه‌چی له‌پێناوی ئه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه‌ی كرابوونه قه‌ڵغان نه‌پێكرێن، په‌نجه‌یان به په‌له‌پیتكه‌ی تفه‌نگه‌كانیاندا نه‌نا و له‌وێدا شه‌ونمی ژیان و ئاینده‌ی كه‌سیان هه‌ڵنه‌وه‌راند.
له چاویلكه‌ی مێژووی عێراق و ناوچه‌كه‌دا، به قه‌ڵغانكردنی خه‌ڵكی سڤیل برینێكی به‌سوێی خوێن لێ چۆڕاوه، له زه‌مانی حوكمی تاعوون ئاسای (سه‌دام حوسێن)دا له‌پێناوی پاراستنی كارگه و پێگه سه‌ربازییه‌كانی ڕژێمی به‌عس، به‌و مه‌به‌سته‌ی فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان ئه‌و شوێنه ستراتیجییانه‌ی عێراق و كوێت بۆردمان نه‌كه‌ن، سه‌دان خه‌ڵكی دیپلۆماتكار و ماڵباته‌كانیان كه له عێراق كارگوزار بوون، وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كار هێنران، ده‌یان فڕۆكه‌ی جه‌نگی و كۆپته‌ریان له‌ناو كۆڵان و له پاڵ ماڵی هاووڵاتییانی سڤیل دانا بوو، زمانی هه‌ر كه‌سێكیان له بنا ده‌بڕی ئه‌گه‌ر بیگوتایه ئه‌م ده‌عبا ئاسنانه له‌به‌ر قاپی ماڵمان دوور بخه‌نه‌وه.
له جه‌نگی دووه‌می جیهانیشدا چ له ڕێی به‌كارهێنانی بریندارانی گۆڕه‌پانی جه‌نگ یان به‌هۆی دیله‌كانه‌وه یان له ڕێی دانانی خه‌ڵكی سڤیل، قه‌ڵغانی مرۆیی داده‌نرانه‌وه، ئه‌م شێوازی بارمته‌كردنه بێ ده‌روه‌ستانه، له‌لایه‌ن (نازی)یه‌كانه‌وه به‌كار هێنراون.
(سوپای ژاپۆن)یش له به‌رانبه‌ر (سوپای ئه‌مه‌ریكا)دا هه‌ر هه‌مان ڕه‌فتاری نازییه‌كانی به‌كار هێنایه‌وه و به خوێنی شه‌رابییانه‌ی دیل و خه‌ڵكی سڤیل، قومانداره‌كانیان گه‌رای ژیانیان بۆ خۆیان داده‌نایه‌وه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه یه‌كێك له چوار خاڵه‌كه‌ی كه بۆ ڕێكخستنی كاروباری جه‌نگیی له (ڕێكه‌وتننامه‌ی جنێڤ)ی ساڵی 1949 نووسراوه‌ته‌وه: قه‌ده‌غه‌كردنی قه‌ڵغانی مرۆییه.
ئه‌م خاڵه خراوه‌ته ناو دیباجه‌ی تاوانه‌كانی تایبه‌ت دژ به مرۆڤایه‌تی و تێیدا به‌كارهێنانی خه‌ڵكی سڤیل وه‌ك ئامرازێكی جه‌نگیی به (تاوانی جه‌نگ) ئه‌ژمار ده‌كرێت، ساڵی 1977 به‌ڵگه‌نامه و پرۆتۆكۆلێكی تر بۆ ئه‌م یاسایه زیاد كراوه، هاوشێوه به‌پێی میتۆدی مافه‌كانی مرۆڤ دانانی هاووڵاتی له نزیك ئامانجه‌كانی شه‌ڕه‌وه به (تاوانی جه‌نگیی) هه‌ژمار ده‌كرێت، هه‌ر حاڵه‌تێكی له‌م شێوه‌یه تاوانه و له‌لایه‌ن (ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی)ـه‌وه بۆ به‌رده‌م دادگای نێوده‌وڵه‌تی تاوان له (لاهای) به‌رز ده‌كرێنه‌وه.
له ساڵی 1982 بۆ یه‌كه‌مین جار چه‌كدارانی (جوندوڵا) ئه‌م به‌نده یاساییه‌ی جنێڤیان پێشێل كرد، كاتێك له به‌رانبه‌ر (سوپای ئیسرائیل) خه‌ڵكی سڤیل و ئاواره‌كانی (فه‌له‌ستین)یی ناو كه‌مپی (عین الحلوه)یان وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كار هێنایه‌وه، به‌وه‌نده‌یشه‌وه نه‌وه‌ستان، هه‌ر هاووڵاتییه‌ك له كه‌مپه‌كه هه‌ڵبهاتایه، چه‌كدارانی جوندوڵا وه‌ك ڕۆحله‌به‌رێكی سپی وه‌به‌ر ده‌ستڕێژی فیشه‌كیان ده‌دان و خه‌ڵتانی خوێنیان ده‌كردن.
له مێژووی هاوچه‌رخدا چه‌ندان ڕه‌فتاری نامرۆڤانه‌ی تری هاوشێوه له (بۆسنه و كۆریا و لیبیا و سووریا و یه‌مه‌ن) قه‌وماون و بوونه‌ته په‌ڵه‌ی ڕه‌ش به ناوچه‌وانی ئه‌و هێز و سوپایانه‌ی خه‌ڵكی سڤیلیان وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كار هێناوه.
هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی جار ئه‌و هێزانه‌ی ناو غوباری ئه‌م تاوانه، پاساوی بێ بنه‌ما بۆ ئه‌م ڕه‌فتاره دزێوه‌یان دێننه‌وه، جار هه‌بووه گوتوویانه خه‌ڵكه‌كه خۆیان به خۆبه‌خشانه ئه‌م كاره‌یان كردووه و به ویستی خۆیان بۆنی مه‌رگیان هه‌ڵمژیوه، به‌ڵام ئه‌م پاساوانه دادی تاوانكارانی جه‌نگ نادات.
له ئاداری ساڵی 1991 و له ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری كوردستاندا، كۆمه‌ڵێك گیراو له‌لایه‌ن ئه‌منه‌كانی (ئه‌منه سووره‌كه)ی سلێمانییه‌وه وه‌ك قه‌ڵغان به‌كار هێنران و چه‌ندان پۆلیس و جه‌یش شه‌عبی سه‌ربه خۆیشیان كه له‌ناو گۆڕه‌پان و به‌رقاپییه‌كانی پێشه‌وه‌ی باڵه‌خانه‌ی ئه‌منه‌كه‌دا چه‌قێنرابوون، هه‌ر كامیان پێیان له زه‌وی بووبووایه‌ته‌وه و لێیان هه‌ڵبهاتنایه، له پشته‌وه به‌ر ده‌ستڕێژی فیشه‌كی تفه‌نگی كه‌تیبه‌كانی مه‌رگ ده‌كه‌وتن و ده‌یانپێكان و ده‌یانكوشتن، له ئاكامیشدا ئه‌و باڵه‌خانه پڕ له دێوه‌زمه‌ی مه‌رگه، وه‌ك قه‌ڵایه‌كی لمین به‌سه‌ر خوێنمژانیدا ڕووخا.
هه‌ندێك له تۆژه‌رانی بواره‌كانی سیاسه‌ت و ستراتیجی شۆڕشگێڕانه باس له قه‌ڵغانی خۆبه‌خشانه و بێ زۆره‌ملێ ده‌كه‌ن، ساده‌گۆیانه ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه له گه‌لی (باشووری كوردستان) ده‌گرن كه له شاڵاوه‌كانی (ئه‌نفال)دا قه‌ڵغانی مرۆییان دروست نه‌كردووه، یان له به‌رانبه‌ر هێرشی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی و له (16ی ئۆكتۆبه‌ر)دا خه‌ڵك نه‌یانتوانیوه له نزیك شار و شارۆكه و گونده‌كان قه‌ڵغان دابمه‌زرێنن تا ڕێ له پێشڕه‌وییه‌كانی سوپا و حه‌شد بگرن، به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك له‌و زه‌مه‌نه پڕ له جینۆساید و ڕه‌شه‌كوژییانه‌دا ژیابێت، ئه‌وه‌ی به لاوه ڕوونه كه كاری له‌و شێوه‌یه واتا به كوشتدانی خۆڕاییانه‌ی خه‌ڵكه، هه‌ر كه‌سێك ئه‌م كاره‌ی بكردایه، وه‌ك گه‌ردێك له گه‌رداودا به‌بێ هووده ون ده‌بوو.
له‌مباره‌یه‌وه بۆ ڕه‌واییدان به قه‌ڵغانی مرۆیی، تۆژه‌ران په‌نجه‌نومایان بۆ گه‌لی (چیكوسلۆڤاكیا) ڕاده‌كێشا، كاتێك له ساڵی 1968 (ڕووس)ـه‌كان به تانك و چه‌كی قورسه‌وه هێرشی ئه‌هریمه‌نانه‌یان كرده سه‌ر (پراگ)، له به‌رانبه‌ردا خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته به جووڵانه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری ڕێكخراوه‌وه جه‌سته‌ی خۆیان ده‌خسته ژێر زنجیری تانكه‌كان، به سه‌دان هاووڵاتی له‌و قه‌ڵغانه‌دا گیانی خۆیان كرده قوربانی، كه‌چی هه‌ر (پراگ) كه‌وت و جه‌سته‌ی ئه‌و خه‌ڵكانه‌یش به‌ر له‌وه‌ی تیشكی هه‌تاوی ڕزگاربوونی شاره‌كه‌یان بگاتێ، وه‌ك ئاوێنه‌یه‌ك هه‌پروون به هه‌پروون بوون.
یان ئه‌و قه‌ڵغانه مرۆییه‌ی هاووڵاتییانی جوو بۆ پاراستنی چه‌ند گوندێكی فه‌له‌ستینی دروستیان كرد تا ئیسرائیل گونده‌كان نه‌ڕووخێنێت، گونده‌كان هه‌ر ڕووخێنران و خۆزگه‌ی هاووڵاتییانی خۆ به قه‌ڵغانكردوویش له‌به‌ر ده‌می شۆفڵه‌كاندا كه‌وته بن تۆزی داروپه‌ردوو.
یان هاووڵاتیی كورد له (خۆرهه‌ڵاتی كوردستان) كه له ساڵی 1979دا سوپای ئه‌رته‌شی (ئێران)ی په‌لاماری كوردستانی دا و به هه‌زاران سڤیل له ده‌روازه‌ی شاره‌كانه‌وه ڕاكشان تا پێش له تانكه‌كانی ئێران بگرن و نه‌هێڵن به‌ره‌و ناو شاره‌كان پێشڕه‌وی بكه‌ن، ئافاتی سوپا و ئه‌رته‌ش تا ناو حه‌وشه‌ی ماڵان نه‌وه‌ستان.
له هه‌موو ئه‌م نموونه زیندووانه‌ی مێژووی هاوچه‌رخدا جگه له ڕاكێشانی هه‌ندێك سۆزی كاتیی و جووڵاندنی بێ سوودانه‌ی ڕای گشتی جیهانیی، قه‌ڵغان هیچ ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه و هه‌میشه دڕنده‌یی سوپا و ئه‌رته‌ش به ئاسانی قه‌ڵغانه‌كانیان تێكشكاندوون. له‌به‌رئه‌وه هیچ پاساوێك دادی گرووپ و لایه‌نی چه‌كداری و سه‌ربازی نادات تا به بیانووی پاراستنی شار یان باره‌گا و پێگه‌ی ستراتیجی ژیانی هاووڵاتی سڤیل بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه یان بیانكه‌ن به قه‌ڵغان و له پشتیانه‌وه لووله‌ی چه‌كه‌كانیان ئاراسته‌ی نه‌یار و دوژمنه‌كانیان بكه‌نه‌وه، به یه‌قینه‌وه ڕێگرتن له چوونه ده‌ره‌وه‌ی خه‌ڵكی (هه‌ڵه‌بجه) له شاره‌كه‌یان، مه‌رگه‌ساته‌كه‌ی لێ سه‌ختتر كردوون.
به یه‌قینیشه‌وه پشكۆی خۆ به ده‌سته‌وه‌دانی پێشه‌وا (قازی محه‌مه‌د) له (مه‌هاباد) و ناردنه ده‌ره‌وه و دوورخستنه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازیی كۆمار له شاره‌كه، مه‌هاباد و خه‌ڵكه‌كه‌ی له سووتان و كاولكردن و جینۆساید پاراست، پێشه‌وا شه‌هیدبوونی خۆی لا باشتربوو له‌وه‌ی بۆ پاراستنی خۆی، خه‌ڵكی مهاباد بكاته قه‌ڵغان.
جارێكیان ڕه‌وانشاد (حه‌مه‌ڕه‌زای مه‌لا قایه‌ر)ی مامم كه له (شۆڕشی ئه‌یلوول) ئامر هێز بوو، بۆی گێڕاینه‌وه و گوتی، هێزێكی زۆری پێشمه‌رگه له (چیای سه‌فین) كۆ بووینه‌وه تا له به‌ره‌به‌یاندا له چوار قۆڵه‌وه هێرش بكه‌ینه سه‌ر داوده‌زگاكانی به‌عس و (شه‌قڵاوه)یان لێ پاك بكه‌ینه‌وه.
به‌ڵام (بارزانی) ڕێی ئه‌م چالاكییه‌ی پێ نه‌داین و پێی گوتین، "ده‌زانم له ئاست ئازایه‌تی ئێوه‌دا ئازادكردنی هه‌ر شارێك كارێكی زه‌حمه‌ت نابێت، با بزانم كامه‌تان دواتر به‌رپرسیارێتی كاولكردن و جینۆسایدی خه‌ڵكی شه‌قڵاوه به ده‌ستی سوپای به‌عسه‌وه ده‌گرێته ئه‌ستۆی خۆی، ئه‌گه‌ر شه‌قڵاوه‌تان لا هه‌رزانه، فه‌رموون بڕۆن ڕزگاری بكه‌ن".
"ئیتر پلانی ئازادكردنی شه‌قڵاوه هه‌ڵوه‌شایه‌وه و نه‌مانویست بۆ ده‌ستكه‌وتێكی خه‌باتگێڕانه‌ی كاتی، خه‌ڵك بكه‌ینه قه‌ڵغان". مامم وای گوت.