هه‌رگیز (فرۆید) له‌و بۆچوونهیدا سه‌رچیغ نه‌چووه كه پێی وا بوو یاده‌وه‌ری و یاداشت نووسین بۆ هه‌ر كه‌سێك كه كه‌وتبێته باری لاسه‌نگ و دۆخی نائاساییه‌وه، خزانه به‌ره‌و ناو چاڵێك، چونكه نووسینه‌وه‌ی یاد بۆ ناشتنی ڕاستییه‌كان و پڕكردنه‌وه‌ی گرێ ده‌روونییه‌كانی ئه‌و كه‌سه ده‌بێته چاڵ، ئه‌وه به ته‌نیا سایكۆلۆجیایه كه له ناوخۆیدا هه‌وڵی ئاساییكردنه‌وه‌ی باری ده‌ست و په‌نجه‌ی كه‌سه‌كه ده‌دات تا له ڕێی نووسینه‌وه كه‌مێك هاوسه‌نگی بۆ زه‌ینی خۆی بگێڕێته‌وه، ئه‌مه ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌یه به‌ر له خه‌وتن خواردنێكی زۆر سوێرت خواردبێت، ئیتر به‌بێ ئه‌وه‌ی بیرت له ئاوخواردنه‌وه‌ش كردبێته‌وه، له خهونهكانتدا هه‌ر ئاو ده‌خۆیته‌وه، مخابن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ڕێبازی ڕاستگۆیی دوور ده‌كه‌ونه‌وه، تا ئه‌و ئاسته‌ی چه‌ندێك دوورتریش بكه‌ونه‌وه، هێنده زیاتر شته‌كان له‌به‌ر چاویان بچووكتر ده‌بنه‌وه، له‌مباره‌یه‌وه (ڕینیه دیكارت) پێی وایه له حاڵه‌تی خۆدوورخستنه‌وه و خۆ به پهراوێزگرتندا هه‌میشه شته واقیعییه‌كان به وردی ناگوازرێنه‌وه، واتا به له دووره‌وه ڕوانین، ناتوانین هیچ زانیارییه‌كی دروستمان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كان وه‌ك خۆی ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت نووسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری له حاڵه‌تی نائاساییدا مه‌خلووقێكی سه‌یری وای لێ ده‌رده‌چێت كه له ئاوه‌زی بنووسهكهشیدا دانانیشێت.
كه‌واته كه‌ینوونه‌ی شته‌كانیش تێیدا دانانیشن، له‌وه‌ش نههامهتیتر نییه له نووسینه‌وه‌ی یاداشتهكانتدا پشت بكه‌یته دایك و باوكی ڕاستگۆیی و بۆ نووسینه‌كانت یاده‌وه‌ری ئه‌ندێشاوی ببنه بنه‌ما، یاده‌وه‌ری سه‌ركرده پێویستی به فه‌لسه‌فه و زانین هه‌یه، به نموونه یاداشته‌كانی مام جه‌لال له (دیداری ته‌مه‌ن)دا ئه‌گه‌ر ئه‌م خاڵه‌ی تێدا بووایه، ئه‌وه زۆر نزیكتر ده‌مانتوانی له جه‌وهه‌ری ڕووداوه‌كان بڕوانین، باشتر وایه هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌ك كه بیر له نووسینه‌وه‌ی یاداشته‌كانی بكاته‌وه، له شوێنی خۆیه‌وه بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر جه‌وهه‌ری دیمه‌نه‌كانی كه خۆی تێدا بووه تا دیمه‌نه‌كان له ڕووداوێتی ڕووداو نه‌خات، ئه‌وه‌شمان له یاد نه‌چێت هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌ك كه خۆی به ته‌نافی ئیدیۆلۆجیایهكهوه هه‌ڵده‌واسێت و له ڕێی سۆزی ڕووتی خۆیه‌وه بۆ ئیدیۆلۆجیاكه بیری كه‌سانی تر نه‌قڵ بكات و هه‌ر بۆ خاتری ئیدیۆلۆجیاكهی به میزاجی كه‌سێتیی خۆی ڕه‌نگ و بۆی شته‌كان بگۆڕێت، ئه‌وه خۆی له ناو ناخی خۆیه‌وه به دروستی و ڕاستێتی ڕووداوه‌كان نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك زانیاری فڕێ داوه كه له‌و حه‌ز و ئومێدانهیهوه سه‌رچاوه ده‌گرن كه ویستوویه‌تی ڕووداوه‌كان وا بن نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌كه‌ی چۆن بوون.
له‌م نووسینه‌ی (شاڵاوی عه‌لی عه‌سكه‌ری)دا چه‌ند نموونه‌یه‌كی بان و دوو هه‌وای (دیداری ته‌مه‌ن) ڕوون ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر مام له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه نزیكه‌كانی خۆیدا به‌م ئاوهژووییهوه ڕووداوه‌كان بگێڕێته‌وه، ئه‌ی ئاخۆ ده‌بێت له‌سه‌ر نه‌یاره‌كانی چۆن چۆنی گێڕابێتنهوه، ئه‌مه ده‌قی نووسینه‌كه‌ی شاڵاوه؛ دیاره له پێناوی گه‌یشتن به دیوێكی تری ڕووداوه‌كان پردی ئارامگرتنی داڕماوه و له مامی خۆی هاتووه‌ته ده‌نگ و وا ئێسته كتومت وه‌ك خۆی لێره‌دا نووسینه‌كه‌ی به نموونه ده‌هێنمه‌وه:
پێشه‌كی//
- هه‌موو ئه‌م نووسینه له‌وه‌وه هات كه جه‌نابی مام جه‌لال تۆمه‌تی ناژیری و ناكامڵی پهلهپهلكهری دابووه پاڵ شه‌هیدان عه‌لی عه‌سكه‌ری و د. خالید، هه‌رچه‌نده هه‌موو هێماكانی بزووتنه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان و به تایبه‌ت یه‌كێتی، له بزووتنه‌وه و كۆمه‌ڵه‌ش رزگاری نه‌بوو له توانج و تانه و وشه‌ی نه‌شیاو به‌رانبه‌ریان كه هیوادارین دووباره نه‌بێته‌وه. ئه‌م نووسینه پێوه‌ندی به بارودۆخی ئێسته‌ی كوردستان و ناوخۆی یه‌كێتی نییه، له گه‌رمه‌ی ناخۆشییهكانیش هه‌موو لایه‌نه‌كانی ناو باڵه‌كانی یه‌كێتی رێزی تایبه‌تییان بۆ مام جه‌لال هه‌بوو. ئه‌م نووسینه ته‌نیا هه‌ڵوێستێكه دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی (دیداری ته‌مه‌ن) .
- دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی بیرهوهرییهكانت له توێی دوو كتێبدا به ناوی دیداری ته‌مه‌ن كه له لایه‌ن (سه‌ڵاح ره‌شید)ه‌وه ئاماده كراوه، هه‌ندێك دۆست و براده‌ر ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌بوو كه جه‌نابت به وشه‌ی ناشیاو باست له هاوڕێكانت كردبوو و له‌وانه‌ش شه‌هیدان عه‌لی عه‌سكه‌ری و د. خالید، بۆ به دواداچوونی ئه‌م قسانه و راست و دروستی و بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر قسه و قسه‌ڵۆك هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرین، هه‌ردوو به‌رگی كتێبه‌كه‌م په‌یدا كرد و ته‌نانه‌ت چه‌ند جارێكیش خۆێندمه‌وه. بۆیه بڕیارم دا په‌ڕه به په‌ڕه و ته‌نانه‌ت به ژماره‌ی دێڕیشهوه بۆچوونه‌كانی خۆمان له‌سه‌ر بۆچوونه‌كانی كتێبه‌كه‌ت بنووسین و ده‌فته‌ری رۆژانه‌ی شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری ببێته سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كان، به‌ڵام ئه‌و جۆره تێبینییانه هێنده زۆر بوون كه به چه‌ند دێڕێك و ته‌نانه‌ت به چه‌ند پهڕهیهكیش كۆتایی نه‌ده‌هاتن. بۆیه بڕیارم دا ته‌نیا باسی كاره‌ساتی هه‌كاری و هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕش و به‌شێك له‌و تۆمه‌تانه‌ی له دووتوێی كتێبه‌كه‌دا دراوه‌ته پاڵ هه‌ندێك له شه‌هیدان و سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی كوردستان ره‌ت بكه‌مه‌وه. وه‌ڵامی وته نهشیاوهكانیش نه‌ده‌مه‌وه، چونكه ئه‌م وتانه له به‌رانبه‌ری خاوه‌نه‌كانیان بگوترایه، ئازایانه‌تر بوو نه‌ك پاش 39 ساڵ له شه‌هیدبوونیان.
هه‌كاری: هۆكاری تری هه‌كاری كه بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه
1ـ حافزی ئه‌حمه‌د ئاغای گراڤی هه‌كاری خۆی بۆی گێڕامه‌وه. له ژیاندا ماوه و جه‌نابت باش ده‌یناسیت كه به قسه‌كانی ئه‌و( د. كه‌مال خۆشناو) به‌رنامه و جێی وه‌رگرتنی چه‌كه‌كانی داناوه و به ئاگاداری جه‌نابت. كه نوێنه‌ری یه‌كێتی بوو بۆ ره‌وانه‌كردنی چه‌ك و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی بوو له خه‌تی گشتی، له هه‌مان كاتدا به "خه‌ت مائیل" ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران بوو، دوای ئه‌وه‌ی حافز هه‌وڵێكی زۆری له‌گه‌ڵ ده‌دا كه ئه‌و جێیه زۆر له قووڵایی توركیایه، د. كه‌مال خۆشناو دووپات ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه چه‌كه‌كان ده‌بێ له‌و جێیه‌ی كه ئه‌وان به‌رنامه‌یان بۆ داناوه ته‌سلیم بكرێت، پاش ئه‌وه‌ی كه چاری نامێنی له‌گه‌ڵ د. كه‌مال حافز ده‌ڵێت مه‌جبوور چووم بۆ لای شه‌هید عه‌لی له‌سه‌ر سنوور كه ئه‌وه‌ی پێ بڵێم كارێكی باش نییه بێن بۆ ناو قووڵایی توركیا، به‌ڵام شه‌هید عه‌لی ئه‌وه‌نده باوه‌ڕی به نه‌خشه‌ی هه‌ڤاڵه‌كانی و جه‌نابتان بووه، دووپات ده‌كاته‌وه كه به‌رنامه‌كه‌ی بۆتان داناون ده‌بێ وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت. له نهتیجهیا شه‌هید عه‌لی لێم تووڕه بوو به‌و ئاسته‌ی خه‌ریك بوو ده‌ستم لێ به‌رز بكاته‌وه. ئه‌مه ده‌لیله كه به‌رنامه‌كه له لایه‌ن جه‌نابت و د. كه‌مال خۆشناو بڕیارده‌ر بوو له ده‌ستنیشانكردنی جێ و رێی وه‌رگرتنی چه‌ك...
2- ناردنی نامه‌ی جه‌نابت بۆ ئه‌فسه‌رێكی ساواك كه هه‌ڤاڵی خۆت بووه، "عیسا" ناوێك به مینه كوپهیا كه ئێران رێ‌یان بدات به سنوور و خاكی ئه‌واندا تێپه‌ڕن كه ده‌تانزانی وایه نه ده‌بوو رێوشوێنی ره‌تڵی دوو كه عه‌لی عه‌سكه‌ری سه‌رپه‌رشتیاری بوو، به مینه كوپه بگوترایه و هه‌موو ئه‌و رێ‌و شوێنانه له نامه‌یه‌كی جه‌نابتان بۆ ئه‌فسه‌رێكی (ساواك) به‌یان بكردایه .
3- ره‌تڵی3 كه جه‌نابت مهفڕووز بوو سه‌رپه‌رشتی بكه‌ی، قه‌ت به ڕێ نه‌كه‌وت و ده‌یتوانی ببێته پاڵپشت بۆ هه‌ردوو ره‌تڵه‌كه‌ی تر.
4- به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی نێوان كۆمه‌ڵه و قیاده‌ی موهقهتهت باس نه‌كردووه له سه‌رچی رێككه‌وتن؟! (كه رۆژمێری ئه‌و ساڵه‌ی سامی عه‌بدولڕه‌حمان كه له‌لای خۆمان پارێزراوه. نووسراوه كه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ی م.ل. رێككه‌وتوون) بۆچی رێككه‌وتن؟ كه زۆربه‌ی به‌شی دووی به‌رگی یه‌ك و نزیكه‌ی زۆربه‌ی به‌شی دوو باسی ئه‌وه ده‌كه‌ی كه كۆمه‌ڵه یانی جه‌نابتان و جه‌نابتان یانی كۆمه‌ڵه؟!
5ـ هۆكاری چوونی شه‌هید عه‌لی له‌و حهملهیهدا كه شه‌هید د. خالید راسپێردرابوو بۆ هێنانی چه‌كه‌كان، راسته حه‌مله‌كه به سه‌رپه‌رشتی شه‌هید عه‌لی بووه، هۆكارێكی تری رۆیشتنی شه‌هید عه‌لی بۆ بینینی رووسه‌كان بوو. دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند رۆژنامه‌نووسێكی بیانیی (نه‌مسایی) شه‌هید عه‌لی ده‌بینن و موقابه‌له‌ی ده‌كه‌ن، پریماۆڤ كه به‌ناوی كۆرسپۆندێنتی پراڤدا له به‌یرووت كاری كردووه، داوای بینینی شه‌هید عه‌لی كردبوو، هه‌رچه‌ند جه‌نابتان ئاماده‌ییتان ده‌ربڕیبوو كه خۆت بچیت، به‌ڵام ئه‌و دووپات له بینینی شه‌هید عه‌لی ده‌كاته‌وه. ئایا ئه‌مه‌ش بۆ هۆكارێكی تر نا‌بینیت بۆ دروستبوونی هه‌كاری؟
6- جه‌مال زاخۆیی كه باوه‌ڕپێكراوی خۆت بوو و له ماڵی خۆشتدا بووه نامه‌كانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی ده‌هێنا، مادام هه‌ستت ده‌كرد نامه‌كان كراونه‌ته‌وه و رێوشوێنی وه‌رگرتنی چه‌كه‌كانیشی تێدابوو، ئایه ئه‌مه‌ش هۆكار نییه بۆ روودانی ئه‌و كاره‌ساته؟!
هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش:
1ـ له زۆر شوێنی به‌رگی دووی كتێبه‌كه‌دا باس له هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕش و فه‌زڵی جه‌نابت و هه‌ڤاڵانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات له هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕشدا ده‌كه‌یت. كه راستییه‌كه‌ی هه‌ڤاڵانی ناوه‌وه له بزووتنه‌وه و كۆمه‌ڵه شۆڕ‌شیان هه‌ڵگیرسانده‌وه و ده‌لیلیش له لاپه‌ڕه 77 ی به‌رگی 2 وه له دێڕی 7دا له زاری كاك نه‌وشیروانه‌وه بۆ خۆت گێڕاوه‌ته‌وه كه ده‌ڵێت، "چۆنیان ده‌ست پێ كردووه با واش بیبه‌ن به‌ڕێوه". ئه‌مه ئه‌وه ده‌رده‌خا كه شۆڕش پێش ئێوه ده‌ست پێ كراوه و ئێوه‌ش لێی ناڕازی بوون .
2- له لاپه‌ڕه‌ی 29 ی به‌رگی 2 له په‌ره‌گرافی دوودا خۆت نووسیوته (له سه‌ره‌تای هه‌ره‌سدا باس له‌وه ده‌كرا كه عه‌لی عه‌سكه‌ری و هه‌ڤاڵانی كۆمه‌ڵه وا خه‌ریكن خۆیان ساز ده‌ده‌ن) ئه‌مه‌ش ده‌لیلێكی تر كه له‌و كاته‌ی جه‌نابتان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوون، خه‌ڵكێكی تر بیریان له هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕش كردووه‌ته‌وه و كاریان بۆ كردووه .
3- له لاپه‌ڕه 19 ی به‌رگی 2ی له په‌ره‌گرافی بۆچی تۆ به په‌له نه‌گه‌ڕایته‌وه بۆ كوردستان، له دێڕی 5 دیسانه‌وه ئیشاره‌ت به‌وه ده‌ده‌ی كه عه‌لی عه‌سكه‌ری به‌ته‌مای به‌رگری بووه .
4- له لاپه‌ڕه‌ی 36ی به‌رگی 2 وه له په‌ره‌گرافی یه‌كدا باسی ئه‌وه ده‌كه‌ی كه هه‌ندێك ناوت داوه‌ته كاك فه‌ره‌یدوون عبدولقادر بۆ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندییان پێوه بكات، یه‌كێك له‌وانه شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌رییه .
5- له لاپه‌ڕه‌ی 5٣ی به‌رگی 2دا و له دێڕی 12دا نووسیوته ڕاستییه‌كه‌ی من خه‌به‌رم نه‌ناردبوو كه عه‌لی عه‌سكه‌ری بێته ده‌ره‌وه، ئه‌مه رێك پێچه‌وانه‌ی خاڵی پێشووه (خاڵی 4). وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕش و هاتنه ده‌ره‌وه‌ی عه‌لی عه‌سكه‌ری و هه‌ڤاڵه‌كانی له بزووتنه‌وه و كۆمه‌ڵه پرسی جه‌نابتی ویستبێت .
6- پێوه‌ندی حاجی شێخه به مام جه‌لاله‌وه كه له‌وكاته‌ی حاجی شێخه له ده‌ره‌وه بوو و مام جه‌لال هێشتا له سووریا بووه. راستییه‌كه‌ی حاجی شێخه پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری و خوالێخۆشبوو عومهردهبابهدا هه‌بوو.
به‌ڕێز مام، ئێمه كه‌سوكاری شه‌هیدانی یه‌كێتی و "هاوڕێیانی به‌ناو ته‌مه‌نت" (كه بێبه‌ش بووین له باوكایه‌تی، بۆنی باوكی خۆمان به تۆوه نابوو) زۆر سه‌یره كه ده‌توانین له دووتوێی كتێبه‌كه‌دا له وێستگه‌ی یه‌كه‌می دیداری ته‌مه‌ندا تا كۆتایی له هه‌موو وێستگه‌كاندا ناخونهكێكت لێ داون جا به وشه‌ی نه‌شیاو، كه‌مكردنه‌وه‌ی مێژووی خه‌باتیان یا به تهخوینكردنیان، تاكه‌كه‌س كاك نه‌وشیروانه كه مه‌دح و سه‌نات كردبوو. كۆتا كاك نهوشیروانیشت ته‌خوین كرد كه ناچار بوو وه‌ڵامی ئه‌و تهخوینانه به كتێبێك بداته‌وه .
زیزكردنی رۆڵه و نه‌وه‌ی شه‌هید و هه‌ڤاڵانی ته‌مه‌نت و یه‌كێتیش له خۆت، به‌وه‌ی به‌هه‌ند سهیرنهكردن و به لاڕێدابردنی مێژوو و خه‌باتیان (دوای ئه‌وه‌ی له هه‌موو نشوستییهكانی ئه‌مدواییه‌ی جه‌نابت، پشتیان چۆڵ نه‌كردی سه‌رباری هه‌موو سه‌رنج و تێبینییهكانیشیان و له ته‌كتدا مانه‌وه) ده‌بێته مایه‌ی زیاتر ئاخرشهڕبوونت . ئه‌م جۆره وه‌ڵامانه كه ناچارییه دیداری ته‌مه‌نیشت لیخن ده‌كات .
به‌داخه‌وه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا زۆر هه‌وڵی شێواندن و به‌لاڕێدابردنی خه‌ڵك بوویت به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر هه‌كاری. كه دواجاریان له یادی 2012/06/01 كه له هه‌مان ساڵ تێدا نه‌خۆش كه‌وتیت. له‌وێدا ده‌ته‌وێ ق.م. قیاده‌ی موه‌قه‌ت لێ بێبه‌ری بكه‌یت و ئۆباڵی كاره‌ساتی هه‌كاری بده‌یته پاڵ عه‌شایه‌ره‌كانی كوردی توركیا كه جاشی حكوومه‌ت بوون، له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی جه‌نابت ئه‌وسا ویستم به كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی وه‌ڵامت بده‌مه‌وه، به‌ڵام كاك ئازاد جوندیانی پێی زانی بوو و قسه‌ی له ته‌ك باجی هێرۆ كردبوو، دوای فشارێكی زۆری ئه‌و، وازم لێ هێنا، ئه‌وه‌بوو جه‌نابت خوانێكت دروست كرد له چه‌می ره‌زان به حیساب ده‌رفه‌تمان هه‌بێ و قسه بكه‌ین. به‌ڵام هه‌ر له سواربوونی سه‌یاره‌كه‌وه له ده‌باشان تا چه‌می ره‌زان باسی ده‌ور و جوامێری و نیشتمانپه‌روه‌ری مه‌لا ناسحت بۆ كردم، به‌و هیوای كه مهوزووعهكهم له بیر بچێته‌وه. كه گه‌یشتینه ئه‌وێ بینیم كه هه‌ندێكی زۆری براده‌رانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیت بانگ كردبوو، بۆیه ده‌رفه‌ت نه‌بوو هیچ باسێك بكه‌ین (ئه‌م باسه بۆیه ده‌گێڕمه‌وه چونكه ته‌خوینت داوه‌ته پاڵ خوالێخۆشبوو مه‌لا ناسیح) كه رێك پێچه‌وانه‌ی دووتوێی كتێبه‌كه‌یه. (مشتێك نموونه‌ی خه‌روارێكه) ئه‌مه‌ش به هه‌مانشێوه‌یه كه هه‌مان ته‌خوین داوه‌ته پاڵ هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیست كه به خوێنی خۆیان و هه‌موو شه‌هیدانی رێی رزگاری نیشتمان، تۆش و میله‌تیش گه‌یشتن به‌وه، هه‌ندێك له وه‌ڵامه‌كان له ده‌فته‌ری رۆژانه‌ی شه‌هید عه‌لییه‌وه خواستوومه كه له ساڵانی 1976، 1977، 1978 تۆماری كردبوو، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ئاماده‌كردنی و چاپكردنی هه‌یه، نه‌مویست ئه‌و ورده‌كارییانه‌ی پڕۆژه‌ی چاپكردنه‌كه بێ پێز بكه‌م له‌م وه‌ڵامدانه‌وه‌ی دیداری ته‌مه‌نت و لێره‌شدا بڵاویان بكه‌مه‌وه.