دروشمێك كه باوه و له‌سه‌ر زاره، ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت: (زمانی من ناسنامه‌ی منه). ئه‌م دروشمه بۆ هه‌ر زمان و هه‌ر فه‌رهه‌نگ و نه‌ته‌وه‌یه‌ك دروسته، بۆیه بۆ ئێمه‌ی كوردیش دروسته بێژین: (زمانی كوردی ناسنامه‌ی منه). پاشتر دێینه‌وه سه‌ر باسی ئه‌وه‌ی بۆچی گرنگه له‌م دروشمه‌دا دووپات له‌سه‌ر زمانی كوردی بكه‌ین.
زمان و ئه‌ركه‌كانی
مه‌به‌ست له زمان لێره‌دا زمانی ئاخاوتنه كه پاشتر ده‌بێته زمانی خوێندن و نووسین. مه‌به‌ست زمانی جه‌سته یان ئاماژه یان زمانی نابینایان نییه. هه‌موو ئه‌م زمانانه ئامرازگهلێكن بۆ ده‌ربڕین، گه‌یاندن، تێگه‌یاندن و لێكتێگه‌یشتن. لێ زمانی ئاخاوتن جۆره تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تری هه‌یه، ئه‌ویش كه هه‌ڵگر و گه‌یێنه‌ری فه‌رهه‌نگ (كولتوور)ـه. ئه‌وجا هه‌ر زمانێك بووه، هه‌ڵگری هه‌ر فه‌رهه‌نگێك یان هی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك بووه، با بێت.
زمان وه‌ك ئامرازێك ئاسانكاریی گه‌یاندن ده‌كات. ئه‌وه‌ی سه‌خته به زمانی جه‌سته و به زمانی ئاماژه ده‌ریبڕین، به زمانی ئاخاوتن ئاسانتر ده‌بێت. به‌هۆی زمانی ئاخاوتنه هزر، بیروبۆچوونی خۆمان به به‌رانبه‌ره‌كه‌مان ده‌گه‌یه‌نین، تێمان ده‌گات و تێی ده‌گه‌ین. له‌م لایه‌نه‌وه زمان چه‌ندان ئه‌ركی هه‌یه، له‌وانه: فه‌رهه‌نگی، زانستی، كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ستیاری و هتد...
بۆچی ده‌بێت دووپات له‌سه‌ر زمانی كوردی بكه‌ین وه‌ك ناسنامه‌یه‌ك بۆ تاكی كورد؟ ئێمه ده‌زانین هه‌ر كوردێكی خوێنده‌وار جگه له زمانی خۆی كه كوردییه، زمانێك یان چه‌ند زمانێكی سه‌رده‌ست ده‌زانێت. له‌و ڕووه‌وه (وه‌ك پێشتر باسمان كرد) كه زمان هه‌ڵگر و گه‌یێنه‌ری فه‌رهه‌نگه، فه‌رهه‌نگیش ناسنامه‌مان پێ ده‌به‌خشێت، ده‌توانین بڵێین زۆر گرنگه ئێمه دووپات له‌سه‌ر زمانی دایك بكه‌ین. ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌ین دوور نییه زمانی سه‌رده‌ست فه‌رهه‌نگی خۆی به‌سه‌رماندا زاڵ بكات و بیكات به فه‌رهه‌نگی سه‌ره‌كیمان، ئه‌مه له كاتێكدا بوونی فه‌رهه‌نگی كوردی به فه‌رهه‌نگی سه‌ره‌كیمان ده‌بێت خه‌می هه‌موومان بێت.
هه‌وڵی هه‌موومان ده‌بێت بۆ ئه‌وه بێت زمانی كوردی باڵاده‌ست بێت و زمانه‌كانی تر (كه زۆر چاكه بیانزانین) به پله‌ی دووه‌م بێن.
فره‌زمانی و فره‌فه‌رهه‌نگی
ئه‌مڕۆ كه له وڵاتانی پێشكه‌وتوودا باسی فره‌فه‌رهه‌نگی ده‌كرێت وه‌ك دیوێكی درهوهشاوهی شارستانی و ده‌وڵه‌مه‌ندیی فه‌رهه‌نگ، به‌ڵام فره‌فه‌رهه‌نگی بێ فره‌زمانی نایه‌ته كایه‌وه. ڕه‌نگه بێ ویست و حه‌زی خۆیشمان بووبێت، به‌ڵام بمانه‌وێ یان نه‌مانه‌وێت, كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی فره‌فه‌رهه‌نگه به حوكمی ئه‌وه‌ی فره‌زمانه.
ئێمه جگه له فه‌رهه‌نگی خۆمان، له فه‌رهه‌نگه‌كانی عه‌ره‌ب، فارس و توركه‌وه به‌هره‌دارین. ده‌كرێت وا لێك بدرێته‌وه كه ئه‌م به‌هره‌داربوونه لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنیی خۆی هه‌بێت. ئه‌رێنی له‌وه‌دایه كه به‌هره‌داربوونمان له‌و فه‌رهه‌نگانه وه‌ك ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ك وه‌ربگرین و بیخه‌ینه ژێر ڕكێف و كاریگه‌ریی فه‌رهه‌نگه سه‌ره‌كییه‌كه‌مان كه فه‌رهه‌نگی كوردییه.
نه‌رێنیی له‌وه‌دایه ئه‌گه‌ر بهێڵین فه‌رهه‌نگه‌كانی دی ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر فهرههنگهكهماندا بشكێت و پێشێلی بكه‌ن و جێی بگرنه‌وه، ئه‌و كاته به شێوه‌یه‌كی خراپ كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ناسنامه كوردییه‌كه‌مان ده‌بێت و ناسنامه‌یه‌كی ترمان پێ ده‌به‌خشێت كه فه‌رهه‌نگی زمانه سهردهستهكه بۆمانی ده‌گوێزێته‌وه. لێره‌دا زمانه سهردهستهكه وه‌ك زمانی ده‌سه‌ڵات و بگره داگیركه‌ر خۆی به‌سه‌رماندا ده‌سه‌پێنێت.
زمانی دایك
زمان ئه‌نباری فه‌رهه‌نگ، مێژوو، جیۆگرافیا، ئاین، سیاسه‌ت و شارستانییه. ئه‌م چه‌مكانه و زمان خۆیشی، له‌گه‌ڵ منداڵدا له‌دایك نابن. منداڵ به ئازادی له‌دایك ده‌بێت. ئه‌وه خێزان، كۆمه‌ڵگه و ژینگه‌ن ئه‌و وابهستهگییانه بۆ منداڵ دروست ده‌كه‌ن.
منداڵێكی تازه له‌دایكبووی كورد بده‌یته خێزانێكی ئینگلیز و له به‌ریتانیا مه‌زن بێت، هه‌رگیز نابێته خاوه‌ن فه‌رهه‌نگێكی كوردی و چ جاران ناسنامه‌یه‌كی كوردیی نابێت. بۆیه له‌م لایه‌نه‌وه زمانی دایك گرنگییه‌كی تایبه‌تیی هه‌یه.
زمان بنكه و كۆڵه‌كه‌ی دامه‌زراندنی كه‌سایه‌تیی مرۆڤه، له‌م حاڵه‌ته‌دا بۆ ئێمه‌ی كورد زمانی كوردی و كه‌سایه‌تییه‌كی كوردییه. كه ده‌ڵێین كه‌سایه‌تییه‌كی كوردی هه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه كه‌سایه‌تییه‌ك به ناسنامه‌یه‌كی كوردییه‌وه. ئه‌مه هیچ پێوه‌ندیی به بیری توندی نه‌ته‌وه‌په‌رستییه‌وه نییه. له هه‌موو شوێنانی دنیادا هه‌ر میله‌تێك شانازی به زمانی خۆیه‌وه ده‌كات. ئاخر گرنگیی زمان له‌وه‌دایه دوژمنانمان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بووه ده‌یانه‌وێت زمانه‌كه‌مان لاواز بكه‌ن، قه‌ده‌غه‌ی بكه‌ن و له‌ناوی ببه‌ن. ئه‌وان ده‌زانن له‌ناوبردنی میله‌تێك له ڕێی سه‌ركوتكردنی زمانه‌كه‌یه‌وه ده‌بێت، له دواییشدا نه‌هێشتنی فه‌رهه‌نگه‌كه‌ی و ناچاركردنی ئه‌و میله‌ته به قسه‌كردن به زمانی سه‌رده‌ست و پۆشینی فه‌رهه‌نگی باڵاده‌ست.
هیچ زمانێك نییه له دنیادا هه‌ڵگری فه‌رهه‌نگێك نه‌بێت و ناسنامه‌یه‌ك به قسهكهرهكهی نه‌به‌خشێت، بۆیه هیچ فهرههنگێكیش بێ زمان بوونی نییه، واته هه‌ردووكیان ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، كار و كاردانه‌وه‌یان له‌سه‌ر یه‌كتر هه‌یه.
ئێمه ئه‌مه‌ی لێره‌دا باسی ده‌كه‌ین و تایبه‌ته به كورده‌وه ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه. ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ نه‌ته‌وه‌یه‌ك له ناو ببه‌یت، زمانه‌كه‌ی له‌ناو بده، ئه‌و كاته فهرههنگهكهیت له ناو بردووه و ئیتر نه‌ته‌وه‌یش له‌ناو ده‌چێت، چونكه تاكه‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه ناسنامه‌كه‌یان لێ وه‌رده‌گیرێت و ناسنامه‌یه‌كی تریان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت.
ده‌كرێ بگوترێت زمان و فه‌رهه‌نگ دوو دیوی دراوێكن و دراوه‌كه خۆی ناسنامه‌ی تاكێكی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كه. له‌م لایه‌نه‌وه ئاسایشی زمان له‌گه‌ڵ ئاسایشی نه‌ته‌وه گرێدراوی یه‌كترن.
هه‌موومان ده‌زانین وڵاته زلهێزه داگیركه‌ره‌كان زمانی خۆیان به زۆری زۆرداری سه‌پانده سه‌ر میله‌تانی خاك داگیركراودا. ئه‌وان گرنگیی زمانیان ده‌زانی و به‌وه نه‌ده‌وه‌ستان خاكی میله‌تان بۆ مه‌به‌ستی ئابووری و بازرگانی داگیر بكه‌ن، بگره داگیركردنه‌كه لایه‌نی فهرههگیشی هه‌بوو، جا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌بوو زمانی خۆیشیان به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنن.
وڵاتانی ئێران و توركیا و سووریا و عێراق (كاتی خۆی) هه‌مان سیاسه‌تیان پێڕه‌و كردووه، ئه‌ویش ڕێنه‌دان به خوێندنی زمانی دایك له قوتابخانه‌كاندا به مه‌به‌ستی ڕێگری له گه‌شه‌سه‌ندنی زمانه‌كه و پووچكردنی و له داهاتوودا مراندنی. هه‌رچی توركیایه به‌مه‌یشه‌وه نه‌وه‌ستابوو، بگره زمانی كوردیی به جارێ قه‌ده‌غه كردبوو، ته‌نانه‌ت بۆ ئاخاوتنیش. ئه‌وه‌ی زمانی كوردیی له باكوردا له‌سه‌ر پێ ڕاگرتووه، هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و دووپاتكردنه له‌سه‌ر زیندووڕاگرتنی فه‌رهه‌نگی كوردی.
ئایا كورد خاوه‌نی ناسنامه‌یه‌كی تایبه‌ت به خۆیه‌تی؟
به‌ڵێ بێگومان تا ئاستێكی زۆر تاكی كورد خاوه‌نی ناسنامه‌یه‌كی تایبه‌ته به خۆی، بۆ ده‌ڵێن تا ئاستێكی زۆر؟ چونكه جیۆگرافیای كوردستان وا كه‌وتووه وه‌ك هه‌موومان ده‌یزانین. ئه‌و كوردانه‌ی په‌رته‌وازه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بوون زۆربه‌ی جار ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ریی زمان و فه‌رهه‌نگی سه‌رده‌ستی ئه‌و جێیانه‌ی تێیدا ده‌ژین، كه زمان و فه‌رهه‌نگی عه‌ره‌بی و فارسی و توركییه. كه‌واته ناتوانین بڵێین ئه‌و كوردانه ناسنامه‌یه‌كی پاقژی كوردی‌یان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییان لاواز بێت یان به جارێك نه‌بێت.
تۆ ده‌بینیت گه‌نجی كورد هه‌یه نازانێ یه‌ك ڕسته به كوردی بڵێت، به‌ڵام ئاماده‌یه بۆ كوردستان خۆی به كوشت بدات، له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی هه‌ستێكی كوردانه‌یه، به‌ڵام هه‌یه له ناوجه‌رگه‌ی كوردستاندا ده‌ژیی كه‌چی هیچ شانازییه‌كی به ناسنامه و كوردبوونی خۆیه‌وه نییه.
ئه‌مڕۆكه هه‌ندێك له حزبه كوردییه‌كان له ڕقی یه‌كتر و له ململانێیه‌كی ناشه‌ریفانه‌دا, وایان كردووه بڕێكی زۆر له گه‌نجانی كورد بێ‌زیان له كوردبوونی خۆیان ببێته‌وه و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ناسنامه‌ی خۆیان له‌كه‌دار بكه‌ن یان بشێوێنن. هیچ حه‌ز و وابهستهگییهكیان بۆ كوردستان نییه. له زووترین هه‌لدا كه بۆیان بڕه‌خسێت كوردستان جێ ده‌هێڵن و به ته‌مای ئه‌وه نین جارێكی تر به سه‌ردانیش بۆ كوردستان بێنه‌وه. ئیتر چۆن ده‌توانین بڵیین ئه‌م جۆره گه‌نجانه ناسنامه‌یه‌كی كوردی‌یان هه‌یه، چونكه ناسنامه پێوه‌سته به خۆشه‌ویستیی نیشتمانیشه‌وه، له ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مانه دووچاری سه‌رلێشێوان كراون.
فره ناسنامه‌یی
ئایا ده‌كرێ تاكێك چه‌ند ناسنامه‌یه‌كی هه‌بێت؟ به‌ڵی بێگومان ئه‌وه ده‌كرێت, به‌ڵام ده‌بێت هه‌میشه ناسنامه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی بناغه بێت، ناسنامه‌كانی تر ته‌نێ بۆ به‌پێوه‌ڕاگرتن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ناسنامه سه‌ره‌كییه‌كه بن.
ناسنامه مه‌رج نییه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یی بێت، ده‌كرێ نیشتمانی یان ئاینی بێت. بۆ نموونه: كه‌سێك دانیشتووی كوردستانه و سه‌ر به نه‌ته‌وه‌ی كورد نییه، به‌ڵام چونكه له كوردستان داده‌نیشێت ده‌كرێت ناسنامه‌یه‌كی كوردستانیی هه‌بێت، به‌ڵام كوردێك كه به ڕه‌سمی له‌ناو سنووری ده‌وڵه‌تانی عێراق، ئێران و توركیا ده‌ژیی، هه‌ستی وابه‌سته‌گیی به‌و وڵاتانه‌وه كه‌متره، چونكه كوردستان به زۆری زۆرداری به‌و وڵاتانه‌وه لكێنراوه، بۆیه ناسنامه (نیشتمانییه‌كه‌ی) لاوازه، بگره له هه‌ندێ حاڵه‌ته‌دا هه‌ر به جارێك نییه.
جۆرێكی تری ناسنامه، ناسنامه‌ی ئاینییه. بۆ نموونه: كوردێكی مسوڵمان ئه‌گه‌ر باوه‌ڕمه‌ند بێت ئه‌وه ناسنامه‌یه‌كی ئیسلامیشی هه‌یه، لێره‌دا گرنگه ئاگامان له‌وه بێت ناسنامه ئاینییه‌كه به‌سه‌ر ناسنامه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌دا زاڵ نه‌بێت، چونكه ئه‌وكاته تاكه‌كه وابه‌سته‌گیی ئاینی یان تایفه‌گه‌ریی به‌لاوه گرنگتر ده‌بێت, وه‌ك له وابه‌سته‌گیی نه‌ته‌وه‌یی.
پیرۆزیی زمان
هه‌ر زمانێك بۆ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك پیرۆزه. هیچ زمانێك له زمانێكی تر پیرۆزتر نییه، با زمانه‌كه زمانی ئاینیش بێت، واته بۆ كوردێكی باوه‌ڕمه‌ندی مسوڵمان نابێت زمانی عه‌ره‌بی له زمانی كوردی پیرۆزتر بێت. میله‌تان گشتیان گرنگی ده‌ده‌ن به زمانی خۆیان و له وڵاتی خۆیاندا زمانی خۆیان به گرنگ و باڵاده‌ست داده‌نێن. هیچ تاكێكی ئه‌ڵمانی نییه زمانی ئینگلیزی یان فڕه‌نسیی به لاوه گرنگتر بێت له زمانی ئه‌ڵمانی.
سوێد وڵاتێكی بچووكه و زمانی سوێدی ته‌نیا له‌و وڵاته‌دا قسه‌ی پێ ده‌كرێت و هه‌ندێكیش هه‌ن له فینله‌ندا به سوێدی قسه ده‌كه‌ن، به‌ڵام زمانی سوێدییان به لاوه گرنگه و به هیچ زمانێكی تری نایگۆڕنه‌وه. له قوتابخانه‌دا هه‌موو بابهتهكان به زمانی سوێدی ده‌گوترێنه‌وه. ته‌نانه‌ت زمانی ئینگلیزی ئه‌ویش له ڕێی زمانی سوێدییه‌وه ده‌گوترێته‌وه. ئه‌وان له بابه‌ته زانستییهكانیشدا وشه‌ی بێگانه به كار ناهێنن، تا ئه‌و ئاسته‌ی توخمه كیمیاییه‌كان ناوی سوێدییان هه‌یه. ئۆكسجین و نایترۆجین و هایدرۆجین و هتد... كه له زۆربه‌ی وڵاتاندا هه‌مان ناویان هه‌یه، له سوێد ناوی سوێدییان هه‌یه.
گه‌لۆ ئه‌وه چۆن بوو له كوردستاندا بابه‌ته زانستییه‌كان كرابوونه ئینگلیزی؟ له‌سه‌ر چ بنه‌ماگه‌لێكی زانستی ئه‌و كاره كرابوو؟ له‌سه‌ر بناغه‌ی كام تاقیكردنه‌وه، لێكۆڵینه‌وه و ده‌ره‌نجام ئه‌و بڕیاره درابوو؟ ئه‌و كاره خۆی له خۆیدا به ده‌ستی كه‌مگرتنی زمانی كوردییه و پیرۆزكردنی زمانی ئینگلیزییه كه نابێ بكرێت.
لێره‌دا پێویسته بێژم كه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره جێی ڕێز و ده‌ستخۆشییه. ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به‌نده به ئاسایشی زمانه‌وه.
ئایا ناسنامه ته‌نێ ناسنامه‌ی تاكه؟
ناسنامه‌ی كوردی بۆ تاكی كورد زۆر گرنگه، به‌ڵام نابێت ته‌نێ له‌و چوارچێوه‌یه بمێنێته‌وه. بگره ناسنامه ده‌بێت بواره جوداكانی زمان بگرێته‌وه، واته قوتابخانه و ڕاگه‌یاندن و ده‌سه‌ڵات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته زمانێكی ستاندارد و ڕێنووسێكی ستاندارد پێگه‌كانی ناسنامه به‌هێزتر ده‌كات، به‌داخه‌وه نه‌ك ته‌نێ له‌و دوو لایه‌نه بێبه‌شین، به‌ڵكو كاریشیان بۆ نه‌كراوه. بێ له‌مه, دیمه‌نی شار و ڕێگه‌وبانه‌كان ئه‌وانه‌یش به‌شێكن له ناسنامه، له‌م حاڵه‌ته‌دا ناسنامه‌ی وڵات، كه‌چی ئه‌م لایه‌نه به ته‌واوه‌تی فه‌رامۆش كراوه.
ئه‌گه‌ر مرۆڤ له هه‌ولێری پایته‌خت پیاسه‌یه‌ك به شه‌قامه‌كاندا بكات، ده‌یان تابلۆی جۆراوجۆری سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌بینێت كه به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاوێنه‌ی شارێك نین ناسنامه‌یه‌كی كوردیی هه‌بێت. هه‌ر له زمانی تابلۆكانه‌وه بیگره تا ڕێنووس و ناولێنانهكان. هه‌روه‌ها زمانی كوردی ده‌بێت زمانی یه‌كه‌م و باڵاده‌ست بێت، به‌تایبه‌تی له شوێنه گرنگ و هه‌ستیاره‌كاندا. بۆ نموونه كارمه‌ندانی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوه‌ده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر كه بڕێكیان بێگانه‌ن، هه‌ستێكی وات پێ نابه‌خشن كه تۆ له پایته‌ختی هه‌رێمێك بیت به ناوی هه‌رێمی فیدراڵی كوردستان.
لێره مه‌به‌ست له پۆلیس و ئاسایش نییه. مه‌به‌ست له كارمه‌ندانی خزمه‌تگوزاری و هێڵه ئاسمانییه‌كانه. ئه‌گه‌ر خۆیشیان كورد نه‌بن, پێویسته فێری كوردی بكرێن. ئه‌ویش به مه‌به‌ستی ئاسانكردنی كاروباری هاتوچۆكه‌ران له‌لایه‌ك و دووپاتكردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌موومان له كوردستان ده‌ژین و لێره زمانی كوردی باڵاده‌سته.
به‌م بۆنه‌یه‌وه شایانی گوتنه كه هه‌موو ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی له كوردستان كار ده‌كه‌ن و خۆیان كورد نین، چاكتره خولی زمانیان بۆ بكرێته‌وه و فێری كوردی بكرێن، نه‌ك هه‌ر چاكتره, بگره ده‌بێت بكرێت به مه‌رجی دامه‌زراندن.
لایه‌نێكی تری گرنگ هه‌یه، نامه‌وێت زۆر له‌سه‌ری ڕاوه‌ستم له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ستیاره، ئه‌ویش هه‌بوونی قوتابخانه به زمانه‌كانی تر، كه من هه‌م به پێویستی نازانم و هه‌میش وه‌ك خه‌ته‌رێكی ده‌بینم بۆ سه‌ر زمان و ناسنامه‌ی كوردیمان.
مه‌به‌ست لێره ته‌نێ ئه‌و قوتابخانانه نین كه به زمانانی بیانی كراونه‌ته‌وه، به‌ڵكو مه‌به‌ست ئه‌و قوتابخانانهیشن كه به زمانی كهمایهتییهكان كراونه‌ته‌وه.
ئه‌م باسه هیچ پێوه‌ندیی به نه‌ژادپه‌رستییه‌وه نییه. جگه له زمانی عه‌ره‌بی كه ده‌كرێت به زمانی دووه‌می ڕه‌سمیی هه‌رێم بێته ژماردن، له باشترین حاڵه‌تدا ده‌بێت كهمایهتییهكان مافی ئه‌وه‌یان هه‌بێت ئاره‌زوومه‌ندانه زمانی دایك بخوێنن، نه‌ك ته‌واوی خوێندنیان و هه‌موو قۆناغه‌كان به زمانی دایك بێت.
هه‌رێمی كوردستان له وڵاتی سوێد دیموكراتتر نییه. له سوێد پێنج كه‌مایه‌تیی نیشتمانی هه‌ن. منداڵی ئه‌م كه‌مایه‌تییانه له قوتابخانه‌دا زمانی دایك ده‌خوێنن، به‌ڵام بابه‌ته‌كانی تر به زمانی سوێدین، واته قوتابخانه‌یه‌ك نییه هه‌موو بابه‌ته‌كانی به زمانی كهمایهتییهكان بێت. بێ له‌مه, نزیكه‌ی 200 زمانی بیانی له سوێد هه‌ن كه منداڵی ئاخێوه‌رانی ئه‌و زمانانه‌یش بۆیان هه‌یه ئاره‌زوومه‌ندانه زمانی دایك بخوێنن.