چۆلی فایه‌ق
فاشیزمی پێوه‌ند به ناسیۆنالیزم، سه‌ر به‌و مۆدیلهیانه كه پارادایمی ناسیۆنالیزمی فراوانخواز و سهرووناسیۆنالیستی Ultra Nationalismی لێ پراكتیزه ده‌كرێت. فاشیزم به هه‌موو پێوه‌ره‌كانی (ئامانج، هۆكار و كردار) ئیدۆلۆجیایهكی سیاسییه، ئه‌فسانه‌ی (نه‌ژادی باڵا) و ناسیۆنالیزمی توندڕه‌و، دژایه‌تی نه‌ژاده‌كانی تر ده‌كاته توخمی سه‌ره‌كیی پێكهاته و دروستبوونی خۆی.
فاشیزم به‌ر له‌وه‌ی ببێت به كردار، له‌ناو فكردا بناغه‌ی بۆ داڕێژراوه. به‌بێ پێشینه‌ی تیۆری، هیچ فاشیستێكی ناو مۆدیله سیاسی و شۆڕشگێڕییهكانت چنگ ناكه‌وێت. دنیابینییه نه‌ژادییه‌كانی (هێرده‌ر و فیخته) كاریگه‌رییه‌كی سه‌ره‌كییان هه‌بوو له دیاریكردنی بنه‌وای یه‌كه‌می فاشیزمی ئیتاڵی كه (فه‌رهه‌نگی باڵا)یه و بنه‌وای یه‌كه‌می نازیزمی ئه‌ڵمانی كه (نه‌ژادی باڵاتر)ـه.
بڕوابوون به نه‌ژادی پاك و باڵای ئه‌ڵمان، ڕه‌گه‌كه‌ی بۆ فیخته ده‌گه‌ڕێته‌وه. له لای نازیزم و حزبی ناسیۆنال-سۆسیالیزمی ئه‌ڵمان، بنه‌وانی (ئه‌ڵمانیا له سه‌رووی هه‌مووان) و (پاكژیی نه‌ژادی گێرمه‌نی) ده‌كرێ به سیمای ناسیۆنالیزمی خۆیان.
هێندێ بۆچوونی (هێگل) له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه، ده‌بێت به یه‌كێكی تر له بنه‌ما فكرییه‌كانی فاشیزم. پڕه‌نسیپی ئیراده و مرۆڤی باڵا (Super_man)ی فریدریك نیتشه له هه‌ردوو چه‌مكی (دۆتشه)ی ئیتاڵی و (فۆهره‌ر)ی ئه‌ڵمانی كه ڕۆڵی ڕابه‌ر و پێشه‌وای كاریزمی سیاسی، سه‌ربازی و مه‌عنه‌وی ده‌بینن و مرۆڤی باڵا به‌ر سه‌ركرده ده‌كه‌وێت بۆ قوتاركردنی نه‌ته‌وه و نه‌ژادی باڵا.
من ئه‌وه‌نده‌ی ئاگه‌دارم و له مێژوو و ئه‌زموونی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی كوردی ده‌ڕوانم، به بزاوێكی خه‌باتكاری په‌تی ده‌بینم و ڕوونه له‌به‌ر ڕۆشنایی تیۆریزهكردنهوه نه‌چووه‌ته دووێ. ئه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردیی ناو لێ نراوه، پێچه‌وانه‌ی مۆدیله‌كانی دنیا، سه‌ره‌تا له "كرده‌نی" ده‌ستی پێ كردووه، دواتر دوای زه‌مه‌نێكی درێژ، هه‌وڵی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌درێت "تیۆر" و "تێز"ی به باڵادا ببڕێت. ناسیۆنالیزمی كوردی "كردار" نه‌بووه، "په‌رچه‌كردار" بووه.
گوتار "دیسكۆرس"ی ناسیۆنالیزمی كوردی سه‌رباری كه‌لێنی فكری سیاسی و فه‌رهه‌نگی، به ده‌گمه‌ن فاشیزم و ڕه‌یسیزمی تێدا ده‌دۆزیته‌وه، بگره مۆدێلی ناسیۆنالیزمی كوردی له‌باری باویدا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م فاشیزمه‌یه كه له‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ی هه‌یه، ڕاستییه‌كه‌ی كورد فاشیست بوایه، ئه‌وه حاڵی نه‌ده‌بوو كه ئێسته هه‌یه‌تی.
خه‌باتی كورد له‌پێناو ڕاماڵینی ئه‌و فاشیزمه‌یه كه له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاته فاشیسته‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، سه‌تان ساڵه ڕووبه‌ڕووی كراوه‌ته‌وه. ڕاستیت ده‌وێت كۆشش و خه‌باتی كوردان له‌پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی، هه‌ر به ڕواڵه‌ت ناوی ناسیۆنالیزمی به به‌ردا كراوه، ده‌نا له نێودا هیچ مه‌رحه‌بایه‌ك له ناسیۆنالیزمی په‌ڕگیر و فاشییهتیانه ناكات. ئاخر خه‌بات بۆ ئازادی و خودشكۆیی، كه‌ینێ شوێنی له‌ناو فاشیزمدا ده‌بێته‌وه؟ گه‌لێك هه‌یه، زێتر له 40 ملیۆن، سه‌تان ساڵه له مافه كولتووری و سیاسییه‌كانی بێبه‌ش كراوه، وه‌ختێ داوا بكات ئه‌ویش وه‌ك ئه‌وانیتر بژی، بۆ ده‌بێت فاشیزم بێت!
من خۆم گه‌ردوونییانه بیر ده‌كه‌مه‌وه، ڕۆحییه‌تی سۆفیزم وای په‌روه‌رده كردووم، هه‌موو گۆشه‌یه‌كی ئه‌و دنیایه و هه‌موو زمان و ڕه‌نگ و نه‌ته‌وه‌یه‌كی ناو ئه‌و بوونه‌م خۆش بوێت، ئه‌گه‌ر وه‌ك مرۆڤێك له ده‌ره‌وه‌ی كوردبوون له كوردبوون بڕوانم و قه‌رار بێت من مرۆڤێكی گه‌ردوونی بم و بانگه‌شه بۆ سه‌ربه‌ستی و دیموكراسی و دژهعونسوورییهتی بكه‌م، ده‌بێت به هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رگری له كوردبوون بكه‌م. من ئه‌گه‌ر ڕاستگۆ بم له بانگه‌شه‌ی مرۆڤدۆستی و مرۆڤپهروهریم، ده‌بێت به هه‌موو شێوه‌یه‌ك، بانگی ئازادی بۆ كوردبوون به گوێی دنیادا بده‌م. من ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی مرۆڤڕهوی بم، ئه‌ی كوردیش به‌شێك نییه له مرۆڤبوون؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌كه به نه‌خێر بێت، ئه‌وه قسه‌یه‌كم نابێت.
نه‌ژادپه‌رستی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی، له دنیای نوێ‌دا به نه‌خۆشی چاوی لێ ده‌كرێت. ئه‌وه من نیم ئه‌و نه‌خۆشییه‌م هه‌یه، منێك جگه له زمانی دایكم، به دوو سێ زمانی تر ده‌دوێم و ده‌خوێنمه‌وه. منێك جگه له ئاوازی كوردی، گوێ بۆ ئاوازی هه‌موو گه‌لان ڕاده‌دێرم. منێك جگه له تێكه‌ڵبوون به هاوخوێنهكانم، تێكه‌ڵی و هاوڕێیه‌تی هه‌موو میلـهتان ده‌كه‌م. منێك ڕێز له جیاوازیی زمان و پۆشاك و خواردن... تاد بگرم، نه‌خۆشیی ڕه‌یسیزم نهیگرتووم، ئه‌وانه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه‌یان گرتووه، ئه‌وانه‌ن كه به بیستنی ناوی كوردبوون ژان ده‌یانگرێت. ئه‌وانه نه‌خۆشن كه هه‌ر دژ به ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ نین، بگره له بنه‌ڕه‌ته‌وه دژ به بوونی كوردن و ددان به هه‌بوونی نانێن. ئه‌وانه نه‌خۆشن كه ڕێگری له زمانی دایكت ده‌كه‌ن، گاڵته به پۆشاكت ده‌كه‌ن، له‌بری خۆت مێژووی خۆتت بۆ ده‌نووسنه‌وه.
كێشه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ ڕشته‌ی دهستهڵاتهكانه له عێراق، سووریا، ئێران، توركیا. ناسیۆنالیزم و كۆششی ڕزگاریخوازیی كوردیش، دژ به جه‌وروسته‌می سیاسی و كولتووریی ئه‌و ده‌سته‌ڵاتانه بووه، نه‌ك خه‌ڵك و خاكیان. بۆیه ده‌بێت ئێمه له‌و قۆناغه‌دا، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆ له فاشیزم و ڕه‌یسیزم دابماڵێنین، ئه‌و هه‌ڵه‌یه دووباره نه‌كه‌ینه‌وه كه خۆمان به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنین. خه‌باتی كورد له‌پێناو ماف و خودشكۆیی خۆیدا، نه فاشیزمه نه ناسیۆنالیزمی ڕاسیستانه، ده‌بێت پارێزیی له‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی بكرێت و تاكی كورد له‌سه‌ر ئه‌وه په‌روه‌رده بكرێت، له ئاستی خه‌ڵك و زمان و شتی تریش، هه‌رگیز یه‌ك وشه و یه‌ك ڕه‌فتاری ڕه‌یسیزم و فاشییانه به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ری لێ نه‌بیسترێت و نه‌بینرێت.
دوو كاره‌كته‌ری به‌رچاوی بزاوی ڕزگاریخوازهكانی كورد "ئۆجه‌لان و بارزانی" وه‌ختێ چاودێری گوتاری ئه‌م دوو سه‌رتۆپه ده‌كه‌یت، به جیاوازیی فكر و میتۆدی سیاسی‌یان، له تێوه-نه‌گلان له فاشیزم و ناسیۆنالیزمیی توندڕه‌ودا هاوبه‌شن.
ئۆجه‌لان ئه‌گه‌رچی له ده‌سپێكدا له‌ناو بازنه‌ی ناسیۆنالیزمیی باودا ده‌سووڕایه‌وه، به‌ڵام ئه‌وسا و ئێسته‌یش كه قۆناغی ناسیۆنالیستبوونی تێپه‌ڕاندووه، هیچ كات به‌رانبه‌ر ئه‌وانیتر خاوه‌ن گوتارێكی فاشیست و ڕاسیستانه نه‌بووه، بۆ برایه‌تی گه‌لان هانی خه‌ڵكی داوه.
بارزانی، ئه‌گه‌رچی به ڕێبه‌ری نوێی بزاوی ناسیۆنالیزمیی كوردی هه‌ژمار ده‌كرێت، وه‌لێ له ئاسته سیاسییه‌كه بترازێ ـ كه پڕه له ململانێی ئه‌ویتر ـ له ئاستی فه‌رهه‌نگی و جڤاكیدا تا هه‌نووكه هیچ گوتارێكی فاشیست و ڕاسیستانه‌ی لێ نه‌بیستراوه، به‌ڵكو له چه‌ندان وتاردا داوا ده‌كات برایه‌تیی نێوان گه‌لان بپارێزرێت و خۆپارێزی بكه‌ن له ڕه‌یسیزم و له چه‌ند بۆنه‌یه‌كیشدا به ڕاشكاوانه ده‌ڵێت: قبووڵ ناكه‌ین هیچ ڕه‌فتارێكی ڕهیسیزمانه به‌رانبه‌ر مێوانه‌كان بنوێنرێت و برایه‌تی گه‌لان ده‌پارێزین.
هه‌روه‌تر هه‌رێمی كوردستان كه باوه‌شی بۆ ئه‌و ژماره زۆره له په‌نابه‌ره‌كانی باشووری عێراق كردووه‌ته‌وه، جڤاكی كوردییش پێشوازییان لێ كردوون و هه‌رده‌م هاریكاریان بوون، به‌ڵگه‌یه‌كی تری دوورهڕهیسیزمییه.
ڕاستییه‌كه‌ی فاشیزم له‌ناو تاكی ناسیۆنالیست ده‌بینم، به‌ڵام دیسكۆرسێكی فاشییانه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی و ده‌سته‌جه‌معی، له گوتاری سیاسی كوردی نابینم.
ئه‌و دوو فیگه‌ره دیاره‌ی بزاوی سیاسیی كورد، هه‌ڵگری گوتارێكی نه‌ژادپه‌رستی و فاشییانه نین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره له‌ناو شوێنكهوتوانیاندا، پێچه‌وانه‌ی ڕابهرهكانیان، مرۆڤی فاشیست و ڕاسیستی توندڕۆ هه‌ن، كه له هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ نه‌ژاد، زمان و ئاینی ئه‌وانیتردا، هه‌رگیز عه‌قڵ و عه‌قڵانییه‌ت میوانیان نییه، پێچه‌وانه‌ی ڕابهرهكانیان، له ئاستی فه‌رهه‌نگی و جڤاكیدا به‌رانبه‌ر ئه‌وانیتر فاشیست و ڕهیسیستن. هێندێ گوته و ڕه‌فتار كه له ئه‌ندامانی پارتی و په‌كه‌كه ده‌بینم، نغرۆی ڕه‌یسیزم و فاشیزمن، له‌گه‌ڵ ئه‌و هێڵه فكرییه ڕێ ناكه‌ن كه ڕێبه‌ره‌كانیان له‌سه‌رین. ئه‌و قۆناغه هۆشیارییه‌كی باڵای فكری ده‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی كوردبوون بتوانێت له ئاستێكی ڕاقی و باڵادا خۆی بسه‌لمێنێته‌وه.
شتێكی تر كه ده‌بێ بیڵێم، فاشیزم و ڕه‌یسیزمی دژهكوردبوونه له‌ناو كوردبووندا! پێڕێك په‌یدا بوونه، عاشق به هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كه ته‌نیا نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی نه‌بێت. ئه‌و حاڵه‌ته له‌ناو كورد نه‌بێت، من تا ئێسته له‌ناو هیچ نه‌ته‌وه و گه‌لێكی تردا نه‌مدیوه.
گه‌وره‌ترین فاشیزم كه ئێسته لێم دیاره، هی ئه‌م پێڕه به حسێب "ئه‌نتی-ناسیۆنالیزم"ـه‌یه، كه تا سه‌ر ئێسك دژ به "خودشكۆیی نه‌ته‌وه"یی و تایبه‌تمه‌ندێتیی فه‌رهه‌نگیی گه‌له‌كه‌یان ده‌وه‌ستنه‌وه، حه‌ز به چاره‌ی هیچ شتێك ناكه‌ن كه مۆركی كوردبوونی هه‌بێت. گرفتی ئه‌وانه ناسیۆنالیزمی تێپه‌ڕاندووه، له‌بری ڕه‌خنه‌گرتنێكی ئه‌كادیمی و فكری له ناسیۆنالیزم، یان شیكاری و داڕشتنه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه بۆ ناسیۆنالیزم، یه‌خه‌ی كوردبوون خۆی ده‌گرن و به ئاستێك خه‌ریكه قسه‌كردن به زمانی كوردیش به ڕه‌یسیزم ده‌زانن، هه‌موو شتێكی عێراقانه لایان پیرۆزه، ئه‌وه‌یشی كوردانه‌یه، فاشیزم و حه‌ماقه‌ت!
منیش له‌و كه‌سانه‌م كه هه‌رده‌م ناكۆكم له‌گه‌ڵ مێنتاڵێتی و میتۆدی كاری حزبه‌كانی باشوور، هه‌موو تاكێكی ئه‌م نیشتمانه مافی خۆیه‌تی ڕه‌خنه‌ی ڕادیكاڵانهیان ئاراسته بكات، له دیدی منیش‌دا له 1992ه‌وه تا ئێسته، ئه‌وه‌ی هه‌بووه حكوومه‌ت نه‌بووه، به‌ڵكو ئیداره‌دانێكی شێوه مافیایی بووه. به‌ڵام كوردبوون یه‌كسان نییه به گه‌نده‌ڵیی ده‌سته‌ڵات، قسه‌كردن له‌باره‌ی زمان و فكری زمان و دیمۆگرافیا و شتانێك كه ده‌چنه‌وه ناو فكر به دیوه گهردوونییهكهیدا، ده‌سته‌ڵات سیسته‌ماتیك و ساغ بێت یان چه‌ته‌یی و گه‌نده‌ڵ، به‌هانه نین بۆ فه‌رامۆشكردنیان.
بۆ من به‌رگریكردن له قه‌ده‌ری كوردبوون، توخم و شه‌قاوی یه‌كه‌می هیوماینزم و لێبرالیزیمه، بۆ مه‌گه‌ر كورد ئه‌ندامێك نییه له له‌شی مرۆڤایه‌تییه‌وه؟ دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه، ئه‌وانه‌ی له دنیا و ناوه‌خۆدا بانگه‌شه‌ی مرۆڤایه‌تی و مرۆدۆستی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ڕاستگۆ بن، ده‌بێت داوای ئه‌وه بكه‌ن كوردیش وه‌ك مرۆڤه‌كانی تر به‌و ئه‌ندازه‌یه بگه‌ن كه مرۆڤانه له‌ناو خاك و قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌ستی خۆیاندا بژین. من دژی فاشیزم و ڕهیسیزمم به هه‌موو شێوه‌یه‌ك، به‌ر له هه‌موویشیان دژ به‌و فاشیزم و ڕهیسیزمهم كه له‌سه‌ر میلهتهكهمدایه.
شه‌وی دوای ئه‌م سهرهساڵه، له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كم له شاری بۆترۆپ له باكوری ئه‌ڵمانیا، وه‌ختی له یاریی بلیارد هاتینه ده‌ره‌وه، له شه‌قام زه‌لامێكی سه‌رمه‌ستی مهندههۆشی پۆڵه‌ندایی یه‌خه‌ی گرتین و خه‌ریكی تانه‌دان بوو له په‌نابه‌ران، ئیتر ده‌مێك قسه‌ی كرد و توانجی له عه‌ره‌ب ـ به‌تایبه‌ت سووریاییهكان دا، منیش به‌رگه‌م نه‌ما و ئاوڕم لێ دایه‌وه، به ئه‌ڵمانی پێم گوت: "كاكه من كوردم، ئه‌و قسانه‌ی ده‌كه‌یت من ناگرێته‌وه، ئیتر خۆت سه‌غڵه‌ت مه‌كه، له‌گه‌ڵ خۆیان بدوێ باشتره" . گوتی: سووریایی نیت، ئه‌ی خه‌ڵكی كوێیت؟ گوتم: من خه‌ڵكی كوردستان‌م ich komme aus kurdistan .. ئیتر ئه‌و پێكه‌نی و گوتی: تۆ وڵاتت نییه Hast du kein land. ئه‌و قسه‌یه تۆپه‌ڵه ئاگرێ بوو و گڕی له هه‌ناوم به‌ردا، خراپ شكاندمییهوه، هۆپهكم له خۆم كرد و تاقه‌تی قسه‌م نه‌ما! ئیتر ئاوایه كوردبوون ئازاری زۆره، به‌ڵام بۆ من ئازارێكی شیرینه، چون به كوردبوون باشتر جیهان، به ڕۆژاوا و ڕۆژههڵاتهكهیهوه، تێده‌گه‌م.
كوردبوون له‌ژێر چهپهرۆكی ڕه‌یسیزم و فاشیزمه، خه‌باتی كوردبوون بۆ ڕاماڵینی ئه‌و فاشیزمه‌یه له‌سه‌ری، بۆیه كوردبوون نه ده‌بێت وه‌ك ئه‌و پێڕه‌ی باسم كرد دژ به‌خۆی بوه‌ستێته‌وه، نه ڕهوایشه فاشیزم و ڕه‌یسیزم دووباره بكاته‌وه. كوردبوون ده‌بێت فاشیزم له خۆی دابماڵێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا تا دواهه‌ناسه‌ی ـ كه قه‌ت به كۆتا ناگات ـ به‌رگری له بوونی خۆی بكات، هه‌ر هێنده‌یش نا، به‌ڵكو هه‌موو مافه‌كانی خۆی بگه‌ڕێنێته‌وه و خودشكۆیی خۆی ده‌ست بخاته‌وه.