تا دێت رێژه‌ی تاوان له كوردستان زیاد ده‌بێت و تاوانه‌كانیش زیاتر قێزه‌ون ده‌بن، ھه‌ندێك تاوان روو ده‌ده‌ن مرۆڤ بێز له ویژدانی مرۆڤایه‌تی ده‌كاته‌وه، ئه‌وه وا ده‌خوازێت ھه‌وڵێك بۆ رێگریكردن و كه‌مكردنه‌وه‌یان بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی چیتر ئه‌نجامدانی تاوان و له‌ناویشیاندا كوشتن، ئاسان نه‌بێت و كه‌س به ئاسانی ده‌ست بۆ خوێنی یه‌كتر نه‌به‌ن.
یاسا یه‌ك له میكانیزمه‌كانه كه له رێیه‌وه ده‌توانرێ هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه و رێگریكردنی تاوان بدرێت، ئه‌وه‌ش به سه‌پاندنی سزاكان و جێبه‌جێكردنی یاسا و رێساكان و سه‌پاندنی به‌سه‌ر تاوانباراندا. ئێسته له كۆمه‌ڵگه‌دا وا بڵاوه كه‌سێك تاوانێك ده‌كات، ده‌ڵێت ده‌چم له گرتووخانه پشوو ده‌ده‌م و خواردن ده‌خۆم، وه‌ك ئه‌وه‌ی گرتووخانه شوێنێك بێت بۆ پشوودانی تاوانبار، وای لێ هاتووه ترس له ئه‌نجامدانی تاوان نه‌ماوه و خه‌ریكه ده‌بێته شتێكی ئاسایی.
سزای له‌سێداره‌دان له كوردستان كاری پێ ناكرێت، وای كردووه تاوانباران سڵ له ئه‌نجامدانی تاوان نه‌كه‌نه‌وه و ببێت به شتێكی ئاسایی.
به‌داخه‌وه له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا رێژه‌ی تاوانی كوشتن له كوردستان زۆر بووه، زۆر له‌و تاوانانه‌یش به‌شێوه‌یه‌كی زۆر قێزه‌ون ئه‌نجام ده‌درێن، وه‌ك سووتاندنی ژن و منداڵ و كۆمه‌ڵكوژكردنی ئه‌ندامانی خێزان كه چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر رووی دا. یان ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر منداڵ و پاشان كوشتنی. زۆربه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی كوشتن، ماده‌ی 406ـی یاسای سزاكانی عێراقیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌كرێت و سزاكه‌یان له‌سێداره‌دانه، به‌ڵام سزای له‌سێداره‌دان، له هه‌رێمی كوردستان كاری پێ ناكرێت و ده‌بێته به‌ندكردنی تاهه‌تایی. ئه‌وه وایكردووه تاوانباران سڵ له ئه‌نجامدانی تاوان نه‌كه‌نه‌وه و ببێت به شتێكی ئاسایی.
هه‌رچه‌نده عێراق له رێككه‌وتننامه‌كانی تایبه‌ت به نه‌هێشتنی سزای له‌سێداره‌دان ئه‌ندام نییه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش له هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێكردنی ئه‌م سزایه زۆر به‌رته‌سك كراوه‌ته‌وه و رێژه‌ی له‌سێداره‌دان زۆر ده‌گمه‌نه. ساڵی 2003 ماده‌كانی تایبه‌ت به تاوانی دژ به ئاسایشی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی وڵات، جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دان له یاساكانی هه‌رێمی كوردستان له‌كار خران به یاسای ژماره (21)ی ساڵی 2003 و یاسای ژماره (22)ی ساڵی 2003 و دواتر له ساڵی 2006به یاسای ژماره (6)ی ساڵی 2006 ده‌روازه‌ی دووه‌م له یاسای (اصول المحاكمات الجزائیة) خراوه‌ته‌وه كار كه تایبه‌ته به جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دان.
هه‌روه‌ها له ماده (6)ی په‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به مافی شارستانی و سیاسی‌دا هاتووه: (ده‌بێت سزای له‌سێداره‌دان له حاڵه‌تی زۆر تایبه‌تدا بسه‌پێنرێت)، به‌و مه‌رجانه‌ی په‌یمانه‌كه سه‌پاندوویه‌تی، عێراق له ساڵی 1971 ئه‌و په‌یمانه‌ی واژوو و په‌سه‌ند كردووه، دواتر پرۆتۆكۆلێكی ئاره‌زوومه‌ندانه ده‌رچوو تایبه‌ت به سزای له‌سێداره‌دان، به‌ڵام عێراق واژووی نه‌كردووه و په‌سه‌ندی نه‌كردووه.
سزای له‌سێداره‌دان به‌و بیانووه راگیراوه كه سزایه‌كی نامرۆییه و دژی بنه‌ماكانی مافه‌كانی مرۆڤه، به‌ڵام ئه‌و پێوه‌ره ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندی تاوانبارانه و هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی تاوانلێكراوانی تێدا نییه، چونكه ئه‌گه‌ر سه‌پاندنی سزاكه نامرۆڤانه بێت به‌رانبه‌ر به تاوانبار، ئه‌ی بۆچی تاوانی كوشتن و سووتاندن نامرۆڤانه نییه؟ كه‌سێك به‌وپه‌ڕی دڕنده‌یی دایك و كچێك ده‌سووتێنێت، یان منداڵێك ده‌كوژێت، یان دایك و باوك و سێ منداڵه‌كه‌یان ده‌كوژێت و كۆمه‌ڵكوژیان ده‌كات، تاوانبار مافی ژیان به‌وپه‌ڕی دڕنده‌ییه‌وه له كه‌سانی تر ده‌سێنێته‌وه، چۆن كارێكی نامرۆڤانه نییه؟ به‌ڵام له‌سێداره‌دانی ئه‌و تاوانباره مرۆڤانه‌یه؟.
پاراستنی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی تاوان، گرنگتره له گوێدان به كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و قسه‌ی بریقه‌دار
به بۆچوونی من جێبه‌جێنه‌كردنی سزای له‌سێداره‌دان، دادپه‌روه‌رانه نییه و دادپه‌روه‌ری له جێبه‌جێكردنی یاسا و سزاكان ناچه‌سپێنێت. ئه‌نجامدانی هه‌ندێك تاوان، شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه ده‌شێوێنن و ده‌یخه‌نه مه‌ترسییه‌وه، ویژدانی مرۆڤایه‌تیش ده‌هه‌ژێنن، جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 406 و سه‌پاندنی سزای له‌سێداره‌دان، له‌و حاڵه‌تدانه‌دا ده‌بێته پێویستی و داڵده‌دانی تاوانبارانیش، ئه‌نجامدانی تاوان ئاسان ده‌كات، پاراستنی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌وڵدان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی تاوان، گرنگتره له گوێدان به كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و قسه‌ی بریقه‌داری وه‌ك مافه‌كانی مرۆڤ.
خۆ ئه‌گه‌ر له‌پێناو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش بێت، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان سزای له‌سێداره‌دانیش جێبه‌جێ بكات، به‌رپرسیار نابێت و سه‌رپێچی له یاسای نێوده‌وڵه‌تی مرۆیی (القانون الدولي الإنساني) نه‌كردووه، چونكه تا ئێسته عێراق پرۆتۆكۆڵی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی دووه‌می تایبه‌ت به سزای له‌سێداره‌دانی هاوپێچ به په‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به مافی شارستانی و سیاسی په‌سه‌ند نه‌كردووه، هه‌ر كاتێك عێراق ئه‌و پرۆتۆكۆڵه‌ی په‌سند كرد، ئه‌وسا هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر سزای له‌سێداره‌دان جێبه‌جێ بكات، ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه.
ئه‌گه‌ر سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر چه‌ند تاوانبارێكدا بسه‌پێندرێت كه تاوانی دڕاندانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به دڵنیاییه‌وه ده‌بێته په‌ند بۆ كه‌سانی تر و ترس له ئه‌نجامدانی تاوان په‌یدا ده‌بێت و كه‌سه‌كان به ئاسانی ده‌ست بۆ خوێنی یه‌كتر نابه‌ن، ئه‌مه‌ش ئاسایشی كۆمه‌ڵگه پارێزراو ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه بێت، له داهاتوودا تاوانی قێزه‌ونتر ده‌بینین و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌و داڕمان ده‌چێت و رێژه‌ی تاوان له بری كه‌مبوونه‌وه، زیاتر ده‌بێت.
بۆیه له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی تاوان و به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری، پێویسته په‌نا ببه‌ینه‌وه به‌ر په‌تی سێداره و ئه‌و تاوانانه‌ی دڕندانه ئه‌نجام ده‌درێن، سزای شایسته به‌سه‌ر تاوانبارانیاندا بسه‌پێنرێت.