بۆ من ریفراندۆم یه‌كێكه له ساته‌وه‌خته هه‌ره گرنگه‌كانی ناو دنیای سیاسیی كوردیی، له روانگه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌نگاوێك بوو زاده‌ی خه‌یاڵدانێكی واقیعی كوردانه بوو، به‌و پێیه‌ی دوو چركه‌ساتی مێژوویی هه‌ن له یه‌كتر ده‌چن، چركه‌ساتی یه‌كه‌م شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵای شه‌مزینی "نه‌هری"یه، ئه‌وه‌ی شێخ پێی هه‌ستا خاڵی دابڕان بوو له ئاوه‌زی سیاسیی كوردیدا، یان به دیوێكی تر قۆناغی پێگه‌یشتنی جیهانبینی نیشتمانی سه‌ربه‌خۆی كوردیی بوو له مێژوودا، له‌و سۆنگه‌ی كۆی سه‌رهه‌ڵدان و ته‌نانه‌ت میرنشینه كوردییه‌كان ناوچه‌یی بوون و هه‌میشه خۆیان به جه‌مسه‌رێكی هێزه‌وه ده‌به‌سته‌وه كه ئه‌وسا جه‌مسه‌ری هێز له‌م ناوچه‌یه‌دا عوسمانلی و سه‌فه‌ویی بوون.
شۆڕشه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵا "زۆرینه‌ی كوردناسه‌كان شێخ به باوكی رۆحی بزاڤی نیشتمانی كوردیی ده‌زانن"، قۆناغی ئه‌و پاشكۆیه‌تییه‌ی كوردی تێپه‌ڕاند و راپه‌ڕینێك بوو له یه‌ك كاتدا دژی عوسمانی و سه‌فه‌وی و ئامانجی سه‌ره‌كیشی كوردستان بوو، وه‌ك نیشتمانی هه‌مووان به هه‌موو پێكهاته ئیتنی و ئاینییهكانیهوه.
چركه‌ساتی دووه‌م ریفراندۆم بوو. ریفراندۆم گه‌ڕانه‌وه بوو بۆ ئه‌و ئیراده كوردییه‌ی ئامانجی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته، ئه‌مه گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك بوو بۆ گه‌وهه‌ری ئه‌و بزاوته نه‌ته‌وه‌ییه‌ی له شۆڕشه‌كه‌ی شێخی شه‌مزینییه‌وه سه‌ری هه‌ڵدابوو، ته‌نێ ئه‌وه‌ی جیاواز بوو كه‌ره‌سته و میكانیزمه‌كانی خستنه‌ڕووی ئه‌و ئیراده نیشتمانییه خۆماڵییه بوو. له شۆڕشه‌كه‌ی شێخی شهمزینیدا میكانیزمه‌كه فۆرمی شۆڕشگێڕیی و چه‌كدارانه‌ی هه‌بوو، به‌ڵام ریفراندۆم ره‌هه‌ندی خه‌باتێكی شارستانی و سه‌رده‌میانه‌ی له‌خۆ گرتبوو. ئه‌وه‌ی له هه‌ردوو ساتهوهختهكهدا هاوبه‌شه، ویستێكی نیشتمانی كوردییه بێ كاریگه‌ریی ئیراده‌ی بێگانه تێیدا.
ریفراندۆم ویستی ئاماده‌یی كورد له دنیای هاوچه‌رخدا بسه‌لمێنێت و له‌گه‌ڵ ئه‌و ریتمهدا بڕوات سیاسه‌تی نوێی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر بونیاد نراوه. ئاخر سیاسه‌تی نوێی دنیا هه‌مان ئه‌و فۆرمه‌ی كۆتایی سه‌ده‌ی 20 و كاتی راگه‌یاندنی "سیستمی نوێی جیهانی" نییه، بگره هیچ له فۆرمی ده‌یه‌ی یه‌كه‌می ئه‌م سه‌ده‌یه‌ش ناچێت، دنیا به‌ره‌و گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه رێچكه‌ی گرتووه، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك بۆ سه‌رده‌می ئیمپراتۆرییه‌ته به‌هێزه‌كانی مێژوو، له‌لایه‌ك چین له رووی ئابوورییه‌وه هه‌ژموونی كردووه به‌سه‌ر دنیادا، له‌لایه‌كی تر پۆتین ده‌یه‌وێت رووسیا بكاته‌وه به ژماره‌یه‌كی قورسی ناو هاوكێشه‌ی جیهانی و ئه‌و هێزه‌ی بداتێ كه پێش جه‌نگی سارد هه‌یبوو، ئه‌مه‌ریكا و "تره‌مپ"یش ده‌یانه‌وێت هه‌ژموونی ئه‌مه‌ریكیی به به‌هێزیی بهێڵنه‌وه، به‌ریتانیا و فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیاش هه‌ریه‌ك به جۆرێك سه‌رقاڵی به‌هێزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی خۆیانن، له ئاستی ناوچه‌كه‌یش ئێران سه‌رقاڵی فراوانخوازییه به‌نیازی ته‌واوكردنی پڕۆژه‌ی نیوه‌مانگی شیعی، توركیا و ئه‌ردۆغان خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی عوسمانیان له ئه‌جیندا داناوه.
ریفراندۆم ویستی له‌م دنیا پڕ كێشمه‌كێشه‌دا ئاماده‌یی كورد نیشان بدات، چونكه له ته‌واویی گۆڕانكارییه‌كانی پێشتری دنیادا كورد له ناوه‌نددا ئاماده‌یی نه‌بووه، زۆرجار له په‌راوێزیشدا خۆی نیشان نه‌داوه، به‌ڵام رووداوه‌كانی رۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و رۆژانی دوایی, گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م ئاماده‌ییه كوردییه بوو بۆ ناو بازنه داخراوه‌كه‌ی پێشتری خۆی. ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت شكۆ شكێنرا ده‌سته‌واژه‌یه‌كی زۆر ته‌واو نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كرا گهلهكۆمهكێیهكی ناوچه‌یی و ناوخۆیی بوو به مه‌به‌ستی تێكشكاندنی ئه‌و ئیراده‌یه‌ی ده‌یه‌وێت كورد بباته ناو ناوه‌ندی هاوكێشه سیاسییه جیهانییهكهوه، نه‌ك وه‌ك ته‌ماشاكه‌رێك له په‌راوێزدا چاوه‌ڕوانی چاره‌نووسی ره‌شی خۆی بكات.
*رۆشنبیرانی ئێمه به جیهانبینی حزبییه‌وه ته‌ماشای ریفراندۆمیان كرد نه‌ك له دیدی نیشتمانییه‌وه، چونكه ئه‌وان هێشتا له‌ناو كۆنسێپته سواو و كۆنبووهكانی سه‌ده‌ی 20دا گیریان خواردووه، ئه‌و میتۆده‌ی لێوه‌ی سه‌یری دنیا ده‌كه‌ن، میتۆدگهلێكه له رووی كرده‌نییه‌وه شكستیان هێناوه، به‌شی زۆری ئه‌و چه‌مكانه‌ی رۆشنبیری كورد به‌تایبه‌ت گرووپی ره‌هه‌ند، تێوریزهیان ده‌كات بۆ خوێندنه‌وه‌ی دنیای كوردیی, له ژێر پرسیاری گه‌وره‌دان، ته‌نانه‌ت ئه‌و رووداو و شۆڕشانه‌ی سه‌رنجی ئه‌م تایپه له رۆشنبیری كوردی‌یان راكێشاوه, ئه‌وانیش له ژێر گومان و پرسیاری تۆقێنه‌ردان.
بۆ نموونه: شۆڕشی مایۆی 1968ی قوتابیانی فڕه‌نسا، وه‌ك بینرا سیمای سیاسه‌ت و كولتووری له ته‌واوی ئه‌وروپا گۆڕی، هه‌نووكه له ژێر ره‌خنه‌یه‌كی بێ بهزهییانهدایه، به‌و پێیه‌ی ئه‌م شۆڕشه هه‌موو به‌هاكانی تێك‌شكاند, هه‌ر له به‌های سیاسییه‌وه بگره تا ده‌گاته به‌های كۆمه‌ڵایه‌تی. رۆشنبیری كورد به‌و عه‌قڵه خواستراوه ئه‌وروپاییه‌وه, موبیلیزهی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی ده‌كات, وه‌ك ده‌بینین ئێسته هه‌ر له ئه‌وروپا خۆیدا هه‌ره‌سێكی گه‌وره‌یان هێناوه، بۆیه به‌شێكی زۆری ئه‌و تایپه رۆشنبیره كه ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر زۆرینه‌ی راگه‌یاندنی كوردستاندا هه‌یه، هێزێكی نه‌رێنی تێكشكاندنی ئه‌و ئیراده كوردییه بوون له رۆژانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و دواتردا بینیمان.
هیچ كات مومكین نه‌بوو 16ی ئۆكتۆبه‌ر روو بدات بێ ئه‌و تیۆره ژه‌هراوییه‌ی رۆشنبیرانی كورد به ئاگا و بێ‌ئاگا له مێشكی نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕین چاندبوویان.