-1-
ژنی ئێمه "كورد" زیاد له هه‌ر شت خۆی وه‌ك جه‌سته ده‌بینێت. ژن هه‌یه بۆ شكانی نینۆكێكی ده‌ستكرد كه چه‌ند دۆلارێك خه‌رجی بووه، چه‌ند رۆژێك ماته‌مینی ده‌گرێت. به حوكمی مانه‌وه‌ی زۆرم له نه‌خۆشخانه، چه‌ندان ژنی رۆژهه‌ڵاتی یان سه‌ر به كولتووره پریمیتیڤهكانم بینیوه له كاتی تووشبوونیان به كهنسهر و ئاماده‌سازیی بۆ پرۆسه‌ی شیمۆ تێراپی، تێر بۆ هه‌ڵوه‌رینی پرچهكانیان گریاون كه هێشتا به‌سه‌ریانه‌وه مابوون. ئه‌مه ئاوێنه‌یه‌كی بچووكه شتی گه‌وره‌تری تێدا ده‌بینین، به‌وه‌ی هێشتا زۆرینه‌ی ژنی ئێمه و هی هه‌موو شوێنه‌كانی تریش به رێژه‌یه‌كی فراوان، خۆیان و هۆشهمهندییان كورت ده‌كه‌نه‌وه ته‌نێ بۆ جه‌سته بایۆلۆجییهكه. ته‌نانه‌ت ئه‌و جه‌سته‌یه‌ش نا خۆیان ده‌یانه‌وێت، به‌ڵكو ئه‌و فۆرمه له‌شولاره‌ی پیاو لێی داوا ده‌كات، ئه‌م داواكاریی و بینینه‌ی پیاوانیش به به‌رده‌وامیی له ره‌هه‌ندی سێكسوالێتی و دیدی پاتریاركییهوهیه، به‌وه‌ی پێویسته ژن بۆدییه‌كی سه‌رنجڕاكێشی هه‌بێت.
نه‌شته‌رگه‌ریی جوانكاریی ژنان و به كۆمهڵایهتیكردنهوهی فۆرمی كچانی فۆتۆ مۆدێل هه‌ر له‌ناو هه‌مان بۆته‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه. وه‌ك لای هه‌مووانیش روونه زۆرینه‌ی دیزاینه‌رانی مۆدێلاتی جلوبه‌رگ له نێرینه پێكهاتوون و بۆ كاره‌كه‌یان سه‌لیقه‌ی نێرسالاریی خۆیان و پیاوانی تر ره‌چاو ده‌كه‌ن. وه‌ك "تۆماس كاریلف" له كتێبی "فه‌لسه‌فه‌ی جلوبه‌رگ"دا ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، "ئێسته مرۆڤ جوانی سروشتییانه‌ی جه‌سته‌ی له بیر كردووه، جه‌سته‌ی بووه‌ته جێی هه‌ڵواسینی پۆشاكی ته‌نك و نیان". سیما هۆڵیوودییهكانی ژن مانای ئاستی به‌رزی ئازادیی نییه، به‌ڵكو مانای به كاڵابوون و ئۆبژێكتهبوونی ژنی له خۆگرتووه، ئاخر نموونه ئایدیاڵه‌كه‌ی هۆڵیوود "مارلین مۆنرۆ"یه، ئه‌و ئه‌كته‌ره ته‌نیا وه‌ك بۆدییه‌كی قه‌شه‌نگ و سێكسی دڵخوازی سێكسیزمی پیاوسالارانه زه‌ق كراوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر له‌مه‌ش بگه‌ڕێین تا ئێسته فێمینستێكی كورد و ناوچه‌كه‌م نه‌بینی بۆ پرۆتستۆی دیارده‌ی به كاڵابوونی جه‌سته‌ی مێینه قژی خۆی بتاشێت و پێشانی بدات ژن‌بوون كورت ناكرێته‌وه بۆ له‌شولاری نه‌رم و شل، چاو و ئه‌برۆی جوان، زوڵف و كوڵمی ئاڵی ناو دنیای شیعری پیاوان.
-2-
ئه‌گه‌ر به دیدێكی ماركسییانه سه‌یری بابه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن بكه‌ین، یه‌كه‌مین ساته‌وه‌ختی جیاوازیی چینایه‌تی ئه‌و چركه‌ساته‌یه قۆناغی دایكسالاریی "ماتریاركی" كه له رووه ئابوورییه‌كه‌وه به كۆمۆنه‌ی سه‌ره‌تایی ده‌ناسێنرێت، گڵۆڵه‌ی ده‌كه‌وێته لێژیی، یه‌كه‌مین قوربانی ئه‌و جیاوازییه چینایهتییهش هه‌ر ژن خۆی بووه كه بوو به كاڵایه‌ك له‌و هه‌موو كاڵایانه‌ی تری سیستمی پیاوسالاریی "پاتریاركی" سه‌پاندوویه‌تی. ئه‌مه دیدی ماتریالیستییه بۆ بنه‌چه و ئه‌و كێشه‌یه‌ی پێی ده‌گوترێت كێشه‌ی مێینه، تاك مرۆڤ له جه‌برییه‌تی ئابووری و كڵێشه داسه‌پاوه‌كانی نیولیبرالیزم و كاپیتالیزمی هاوچه‌رخ ده‌رباز نه‌كرێت، مومكین نییه ئه‌و ته‌وقه‌ی له ملی ژن كراوه بشكێنرێت. به‌پێچه‌وانه‌وه ره‌وتی نیولیبرالیزم، له هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و دهستكهوتانهشدایه له سه‌ره‌تای لیبرالیزم و گه‌شه‌كردنی سه‌رمایه‌داریدا وه‌ك پێویستییه‌ك بۆ پڕۆلیتاریزهكردنی كۆمه‌ڵگه فه‌راهه‌م كران.
ئه‌گه‌رچی له رووكه‌شدا ئه‌م ئارگۆمێنته وه‌ك دۆگماتیزمی بیروباوه‌ڕ "جمود العقائدی" ده‌بینرێت، به‌ڵام له باری كردارییه‌وه فاكتێكی حاشاهه‌ڵنه‌گره. ده‌ستنیشانكردنی رۆژێك بۆ به‌ره‌نگاریی توندوتیژیی دژی مێینه، یان دانانی رۆژێكی تر وه‌ك رۆژی جیهانیی ژن "هه‌شتی مارس"، هیچ نییه جگه له‌و گه‌مه بچووك و ئه‌فیونه ریفۆرمیستییه لابه‌لایانه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داریی هه‌ڕمێنی پێ ده‌دات. تۆ ئه‌گه‌ر خوازیاری كۆتاهێنان به توندوتیژیی و هه‌ڵاواردنی جێنده‌ریی بیت، ئهولهویترین كارت به‌گژداچوونه‌وه‌ی سیستمی پیربووی سه‌رمایه‌دارییه، وه‌ك "نی‌نا بیرۆك"ی فێمینستی سوێدیی ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، "لۆجیكی سه‌رمایه‌داریی بریتییه له راوكردنی قازانج" و پایه‌كانی ئه‌م سیستمه‌ش له‌سه‌ر باڵاده‌ستی ره‌گه‌زیی و ئابووری راوه‌ستاوه، بێ ئه‌م هه‌نگاوه ریشه‌یی و رادیكاڵه، هه‌رچی تر بكرێت خولانه‌وه‌یه له بازنه‌ی كولتووری باوكسالاریدا، وه‌ك گوتیشم پیاوسالاریی كۆڵه‌كه‌یه‌كی هه‌ره گرنگی ریژێمی سه‌رمایه‌یه.
3- ژنان ناتوانن بێ پیاوان و پیاوانیش ناتوانن بێ ژنان هیچ هه‌نگاوێك بۆ ئازادیی بنێن، ره‌نگه ئه‌م ته‌رزه روانینه هه‌ندێك فێمینستی رادیكاڵ هه‌راسان بكات، وه‌لێ من له ریشه‌وه به‌دگومانم له هه‌بوونی ریزێكی فراوانی ژنانی فێمینستی كورد. ئه‌وه راسته مێژووی دنیا مێژوویه‌كی نێرانه‌یه، هه‌ر ئه‌وه‌ی تێكڕای پێغه‌مبه‌ره‌كان پیاون، ته‌نانه‌ت تێكڕای فه‌یله‌سووفه‌كانیش هه‌ر نێرن، ئه‌مه كارێكی كردووه ئاین و فه‌لسه‌فه یارمه‌تی نێرینه‌یی دنیا بده‌ن، دنیا ئێسته پێویستی به مێینه‌ییه، رزگاركردنی مرۆڤایه‌تی پێویستی به مێینه‌یه. ئه‌م كاره‌ش به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌و نێرانه ده‌كرێ بڕوایان به‌وه هه‌یه جێندهریزهكردنی ژیان و دنیا به‌لاڕێدا ده‌مانبات و له‌وسه‌ری سته‌مكارییه‌وه سه‌ر ده‌رده‌هێنێت، ژیان ده‌بێت به‌شێوه‌ی مرۆڤسالارانه ره‌نگڕێژ بكرێته‌وه. فێمینیزمی په‌ڕگیر كه كینه‌ی به‌رانبه‌ر به پیاوی بایۆلۆجیی هه‌یه، مه‌ترسیدارتره له پیاوسالاریی. بۆیه له پێناوی چه‌سپاندنی یه‌كسانی ره‌گه‌زیی ده‌بێت به‌رانبه‌ر به كولتووری پاتریاركی بوه‌ستینه‌وه، نه‌ك جۆشی قێزهاتنه‌وه له پیاو بده‌ین وه‌ك به‌ده‌ن و قه‌باره بایۆلۆجییهكه.
ئێمه پێویستیمان به بزووتنه‌وه‌یه‌كی فێمینستییه "به ژن و پیاوه‌وه، به‌و پێیه‌ی له بناغه‌وه فێمینیزم رێبازێكی فیكریی داكۆكیكار له ژنه یان تیۆرییه‌كه بۆ ده‌رخستنی ناهاوسه‌نگیی ره‌گه‌زیی"، ژن بهێنێته‌وه سه‌نته‌ری ژیانی سیاسیی و به‌ڕێوه‌بردن و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری. ئه‌گه‌رچی له رووكه‌شدا هه‌نگاوه‌كان ده‌بینرێن به‌و ئاراسته‌یه، به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌یه له پێشنۆرهدا زیهنییه، ئه‌مه‌ش كاری رۆشنگه‌رانه‌ی زۆری پێویسته تا پیاوسالاریی وه‌ك عه‌قڵییه‌ت له مێشكی مرۆڤدا ریشه‌كێش بكرێت. ئاوه‌زی نێرسالاریی درمێكی تایبه‌ت نییه به پیاوان، ده‌بێ بزانین به‌شی هه‌ره‌زۆری ژنانیش هه‌ڵگری هه‌مان ئه‌و ڤایرۆسه‌ن. هه‌ر له‌م روانگه‌وه ده‌بێت پیاوسالاریی وه‌ك سیستمێكی گشتگیر كه سایه‌ی كردووه به‌سه‌ر هۆشمه‌ندیی زۆرینه‌دا به هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌وه حیسابی له‌سه‌ر بكرێت. نه‌ك وه‌ك ئاره‌زوویه‌كی سادیستانه‌ی پیاو "پیاوی بایۆلۆجی". بۆیه له یه‌كه‌م دێڕدا گرنگی ئه‌و خه‌باته هاوبهشهم به بیر هێنایه‌وه.
-4-
میلیتاریزه‌ی ژن هیچ كاتێك مانای ده‌سته‌به‌ری بڕێكی زۆر له مافی ژن ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ژن ده‌كاته سووته‌مه‌نی به‌ره‌وپێشچوونی سیاسه‌تێك له‌سه‌ر بنه‌مای نێرسالاریی خۆی فۆرمۆڵه كردووه. خه‌ریكه دیارده‌یه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه زه‌ق ده‌بێته‌وه كه وێنای ژنی ئایدیاڵ و ئازاد له دیمه‌نی چه‌ك به‌ده‌ستبوونی كچه گه‌ریلا و شه‌ڕڤاندا خۆی ده‌بینێته‌وه. جیاواز له‌وه‌ی ئه‌م وێنایه وێنایه‌كی ساخته‌یه، له‌وێشدا مه‌ترسیداره ئازادیی ژن ته‌نیا له چه‌كداركردنی ژن‌دا كورت ده‌كاته‌وه. له كاتێكدا وه‌ك گوتم زۆرترین جار میلیتاریزه‌ی ژنان سیاسه‌ت و ئایدۆلۆجییه‌كی پیاوانه ده‌باته پێشه‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی جۆرێكه له زه‌وتكردنی ماف و ژیانی نۆرماڵی مێینه.
ئه‌م ته‌رزه روانینه به ئیفێكتی ئاپۆچێتی خه‌ریكه ده‌بێته باوه‌ڕێكی كۆنكرێتی، بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه سیستمی تۆتاڵی ئاپۆچێتی، وه‌ك ره‌وتێكی ئایدۆلۆجیی تاكڕه‌هه‌ند و نێرسالار ژنی كردووه‌ته رۆبۆتێكی عه‌سكه‌ریی، نه‌ك ئه‌وه‌ی سیستمێكی هێنابێته ئارا له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌كسانیی ره‌گه‌زیی. داتاشینی ئه‌و په‌یكه‌ره ئایدیاڵه بۆ ژنانی گه‌ریلا زاده‌ی روانینی سێكسوالێتییه بۆ ژن، به‌وه‌ی ژن ئاستی خۆی له ژنه‌وه تێپه‌ڕاندووه بۆ بوونه‌وه‌رێكی تر، بۆ جه‌نگاوه‌ر. ئه‌گه‌رنا بۆچی داهێنه‌رانی ژن له بواره‌كانی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و نووسیندا ئه‌و ئهفسوونهیان له چوارده‌ور دروست نه‌كراوه؟ به‌ڵكو هه‌میشه وێنایه‌كی دزێویان له ئه‌ندێشه‌ی زۆرینه‌دا هه‌یه، "هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا باسی دۆخی كوردیی ده‌كه‌م" بۆچی هه‌میشه ژنانی یاخی ناچهكدار له "قه‌حپه" زیاتریان پێ ناگوترێت؟.
وا ده‌هزرێم ناسیۆنالیزم و ئایدۆلۆجییه تۆتالیتارییه‌كان پێویستیان به داتاشینی قاره‌مان و سوپه‌ر مرۆڤه، ژنه گه‌ریلاش ئه‌و سوپه‌ر مرۆڤانه‌ن له كارگه‌ی ئایدۆلۆجیی ئاپۆچێتیدا به‌رهه‌م هاتوون. خۆ ئه‌م چهكداركردنهی ژن چ له دنیا و چ له كوردستان دیارده‌یه‌كی نوێباو نییه، جیا له سوپای فه‌رمی ده‌وڵه‌تان، چه‌ندان بزووتنه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی چه‌كدار ژنانیان چه‌كدار كردووه. ئه‌گه‌ر په‌نا بۆ نموونه ببه‌ین ئه‌وه بزووتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیخوازی میلی له نیپاڵ وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی چه‌پی ماویستی 40%ی گه‌ریلاكانیان ژنن. هه‌روه‌ها زۆر له نه‌واتی سه‌ربازیی پڵنگه‌كانی تامیل له سریلانكا له ژنان پێكهاتوون، من هه‌ر به ئه‌نقه‌ست نموونه‌ی ئه‌و دوو هێزه‌م هێنایه‌وه، چون ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه له باری فه‌رهه‌نگییه‌وه له دواوه‌ن.
له‌م سۆنگه‌وه دووباره دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌مه‌وه كه میلیتاریزه‌ی ژن نه‌ك ماف نییه، به‌ڵكو فۆرمێكی تره له چه‌وساندنه‌وه. ره‌نگه ئه‌م قسانه بۆ ئه‌م چركه‌ساته تووڕه‌یی زۆرمان به‌سه‌ردا بڕژێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌وتووینه ژێر سۆزی ئه‌و وێنا سوپهرانهی له میدیاكانه‌وه ده‌یانبینین، به‌ڵام به ره‌وینه‌وه‌ی ته‌می ئه‌م سۆزه و له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م قسه‌ی عه‌قڵدا، ته‌نانه‌ت له‌وه تێده‌گه‌ین "ژنۆلۆژیی" عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، كتێبێكی سهفسهتهئامێزه. ئاخر ئاپۆ له‌و كتێبه‌دا رۆڵی پێغه‌مبه‌رێك ده‌گێڕێت تا تیۆریسیۆن، ئه‌و دووباره پێگه‌ی ژن به‌رز ده‌كاته‌وه بۆ ئاستی خواوه‌ندێتی، ئه‌مه‌ش خواستی پاكیزه‌یی ژنانی له خۆگرتووه، هاوكات بۆ ئه‌وه‌ی ژن به‌رز بێته‌وه بۆ ئه‌و ئاسته خواوه‌ندییه، ده‌بێت له ژنه‌وه ببێته شۆڕشگێڕێك، ئه‌مه دروست پرۆسه‌ی به پیاوبوونی ژنه، له ئه‌رزی واقیعشدا كچه گه‌ریلا ده‌بینین ته‌نیا سمێڵی له پیاو كه‌متره.
یانیوه‌ری 2020
ستۆكهۆڵم