له جه‌نگی ته‌قلیدییه‌وه بۆ جه‌نگی بایۆته‌كنیكی
ستیڤان شه‌مزینی
ره‌نگه كۆنترین كتێب له‌باره‌ی جه‌نگه‌وه دانراوه‌كه‌ی "سۆن- تزۆ"ی دانای چین بێت به ناوی "هونه‌ری جه‌نگ"، ئه‌م كتێبه پێشكه‌شكردنی چه‌ند تیۆرییه‌كه له‌باره‌ی كرده‌ی جه‌نگ، هه‌ڵبه‌ت به‌پێی ئه‌و كۆنتێكسته‌ی كتێبه‌كه‌ی تێدا نووسراوه كه بۆ 25 سه‌ده به‌ر له ئێسته ده‌گه‌ڕێته‌وه. كاكڵه‌ی تیۆرییه‌كانی سۆن-تزۆ له‌وه‌دا خۆی ده‌نوێنێت كه پێویسته جه‌نگ له‌پێناوی ئامانجێكی ره‌وا بێت، ته‌نانه‌ت بیریشی له‌وه كردووه‌ته‌وه له‌وكاته‌ی جه‌نگ سه‌رتاپای كۆمه‌ڵگه یان دنیا ده‌ته‌نێته‌وه، ده‌بێت ره‌چاوی به‌ها مرۆییه‌كان بكرێت و به هیچ پاساوێك ئه‌و به‌هایانه ژێرپێ نه‌خرێن.
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه داخۆ ئامانجه ره‌واكانی جه‌نگ چین؟ ئه‌گه‌ر تاوانبار نه‌كرێین به ناواقیعبینی، ده‌مه‌وێ بڵێم جه‌نگه‌كان هیچ بیانوو و ئامانجێكی ره‌وایان نییه! ئه‌گه‌ر له‌و كتێبه دوورتریش بڕۆین، ئه‌وه‌ی ئاركۆلۆجیسته‌كان له‌سه‌ر گاشه به‌رد و چه‌رم ده‌یدۆزنه‌وه وه‌ك پاشماوه‌ی شارستانییه دێرینه‌كان، به‌شی شێریان باسی جه‌نگی نێوان مه‌مله‌كه‌ته‌كان و پادشاكان ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت رووداوی هێنده هۆڤانه‌ی تێدایه، له كاتی خوێندنه‌وه‌یاندا هه‌ست به جۆرێك له تۆقین ده‌كه‌ین.
جه‌ده‌لی ئه‌وه‌ی مرۆڤ له ریشه‌وه بوونه‌وه‌رێكی شه‌ڕخوازه یان نا؟ هه‌م بابه‌تێكی فه‌لسه‌فی و ده‌روونشیكارییه هه‌م به‌مدواییانه بووه‌ته جێی سه‌رنجی زانسته نوشدارییه‌كان. هێشتاش مشت‌ومڕ له‌وباره‌وه به پایان نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام ئێمه لێره‌دا ده‌بێت جیاوازیی پێشان بده‌ین له نێوان ده‌سته‌واژه‌ی "شه‌ڕ" و چه‌مكی "جه‌نگ"!، به واتای ئه‌وه‌ی شه‌ڕ كرده‌یه‌كه له نێوان تاكه‌كاندا، به‌ڵام جه‌نگ بازنه‌یه‌كی فراوانتره و له نێوان وڵاتان و شارستانی و به‌رژه‌وه‌ندییه دژ به‌یه‌كه‌كاندا ده‌قه‌ومێت. به‌دیوێكی تردا مافمان هه‌یه بڵێین جه‌نگ له دایكبووی ساته‌وه‌ختێكه مرۆڤ به‌سه‌ر گرووپی نه‌ته‌وه‌یی و ئابووری و ره‌گه‌زیی جودا جودا دابه‌ش بوو. له‌م ناوه‌نده‌شدا دووباره پرسیاری ئه‌وه‌ی مرۆڤ به سروشتی خۆی شه‌ڕخوازه یان ئاشتیدۆست؟ تا ئه‌مڕۆ به‌رسڤێكی كۆنكرێتی پێ نه‌دراوه‌ته‌وه. ئه‌مه هه‌مان ئه‌و پرسیاره‌یه كاتی خۆی زانایه‌كی مه‌زنی وه‌ك "ئه‌نشتاین" له "فرۆید"ی ده‌كات. له وه‌ڵامه‌كه‌ی "فرۆید"دا روونه: جه‌نگه‌كان به‌شێكن له غه‌ریزه‌ی مه‌رگدۆستی و ده‌روونی شه‌ڕئه‌نگێزی مرۆڤ خۆی، وه‌ك ئه‌و ویسته‌ش به پێویستییه‌ك ده‌زانێت بۆ به‌رده‌وامبوونی ژیان!. ئه‌مه به‌رسڤێك بوو "ئه‌نیشتاین" چاوه‌ڕوانی نه‌بوو.
ئه‌گه‌رچی به‌رسڤه‌كه‌ی "فرۆید" ده‌توانێ تا ئه‌ندازه‌یه‌ك رازیمان بكات، به‌ڵام پرسیارێكی خۆم ده‌خه‌مه روو: ئایا ناتوانین ئه‌و نه‌زعه شه‌ڕئه‌نگێزه‌ی مرۆڤ بگۆڕین بۆ وزه‌یه‌كی ئه‌رێنی؟. وه‌ڵامه‌كه‌یم لا نییه، چونكه ئه‌م پرسیاره هێشتا به دوای وه‌ڵامێكی قایلكه‌ردا ده‌گه‌ڕێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا له‌به‌رچاو نه‌گرتنی فاكتۆره ئابووری و سیاسییه‌كانی جه‌نگ ته‌ڵخكردنی وێنایه‌كه پێویسته هه‌موو به شه‌فافی بیبینین، هه‌وڵێك هه‌یه له پشتی ئه‌و پاساوه ده‌روونییانه‌وه بۆ شاردنه‌وه‌ی چه‌ند راستییه‌ك له باره‌ی فاكتۆره‌كانی به‌رپابوونی جه‌نگ. ئه‌مه ئه‌و قسه‌یه ئیۆلۆجیسته‌كانی جه‌نگ پێیان خۆش نییه، چونكه جه‌نگ درێژه‌پێدانه به سیاسه‌ت به فۆرمێكی توندتیژ و مه‌رگبار. خولاسه مه‌به‌ستمه بڵێم: هۆكاری هه‌ڵگیرسانی جه‌نگه‌كان به‌ده‌ر له‌و نه‌زعه شه‌ڕانییه‌ی به‌شێكه له سایكۆلۆجیای مرۆڤ خۆی، كه‌چی له‌ملاوه فاكتۆره ئابووری و سیاسییه‌كان رۆڵێكی ئێجگار گرنگ ده‌گێڕن له راستای قه‌ومانی جه‌نگه‌كان به به‌رینی مێژوو.
نكۆڵی له‌وه‌ش ناكه‌ین جه‌نگه‌كان هه‌میشه دیوێكی تری سیاسه‌تن، سیاسه‌تن به فۆرمی كاولكاریی و دڵڕه‌قی، هاوزه‌مان مامانی گۆڕانكاریی ریشه‌ییشن. وه‌ك له دێر زه‌مانه‌وه تا هه‌نووكه تێبینی كراوه، زۆرینه‌ی گۆڕانكارییه سیاسیی و جیۆگرافییه‌كان بگره تێكه‌ڵاوبوونی شارستانێتییه‌كان به‌هۆی جه‌نگه‌كانه‌وه روویان داوه. بۆ وێنه له دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م نه‌خشه‌ی سیاسیی و جیۆگرافی ته‌نانه‌ت كولتووری دنیا به‌شێوه‌یه‌ك گۆڕا، نۆسترادامۆس زیندوو بووایه‌ته‌وه نه‌یده‌توانی بیناسێته‌وه. له پاش جه‌نگی دووه‌می جیهانیش نه‌خشه‌ی دنیا به تایبه‌ت كیشوه‌ری ئه‌وروپا سه‌رله‌به‌ر گۆڕا، له نه‌وه‌ته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووش جه‌نگ له ناوچه‌ی باڵكان به دیاریكراویی له یوگسلاڤیای پێشوو بووه هه‌وێنی گۆڕانكاریی گه‌وره، به‌و ئه‌ندازه‌ی جیۆگرافیای ناوچه‌كه‌ی به جۆرێكی تر دیزاین كرده‌وه، ئه‌میش به له دایكبوونی چه‌ندان ده‌وڵه‌تی نوێ له‌سه‌ر پاشماوه‌ی یوگسلاڤیا، ئه‌مه‌ش كرده‌یه‌ك بوو له توانای پێشبینی نه‌ك سیاسه‌تمه‌دار بگره هیچ جادووگه‌رێكیشدا نه‌بوو، ته‌نانه‌ت جۆرج ئۆروێل له رۆمانی "باخچه‌ی ئاژه‌ڵان"دا توانی پێشگۆیی رووخانی شووره‌وی بكات، به‌ڵام به هیچ كلۆجێك نه‌یتوانی مه‌زنده‌ی ئه‌و گۆڕانه بكات له باڵكاندا هاته‌ئارا.
به‌ڵگه نه‌ویسته له به‌ره‌به‌یانی مێژووه‌وه، جه‌نگ به‌شێك بووه له سروشت و ژیانی مرۆڤ، ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌ین له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی شارستانێتیدا رووخساره‌كانی جه‌نگیش گۆڕاون. به پێچه‌وانه‌ی دیتنی "ماركس"ه‌وه زانست و پێشكه‌وتن نه‌ك نه‌بووه هۆی خۆشنوودی، به‌ڵكو له هه‌موو لایه‌كه‌وه به‌ڵای گه‌وره‌تری هێنا و قوڕه‌كه‌ی خه‌ست و خۆڵتر كردوه‌وه. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ له روانگه‌ی "ئالڤین تۆفله‌ر"ه‌وه سه‌یری پرۆسه‌ی پێشڤه‌چوونی شارستانی مرۆڤایه‌تی بكه‌ین. جه‌نگ و ئامڕازه جه‌نگییه‌كان شانبه‌شان له‌گه‌ڵیدا له‌به‌ره‌وپێش چووندا بوون. تۆفله‌ر سێ قۆناغ ده‌ستنیشان ده‌كات له پێشكه‌وتنی ژیاردا، ئه‌وانیش قۆناغی "كشتوكاڵی، پیشه‌سازیی، ته‌كنۆلۆجیی"ن. ئه‌مه دروست پێچه‌وانه‌ی دابه‌شكارییه‌كه‌ی "كارل ماركس"ه كه پێنج قۆناغ ده‌ستنیشان ده‌كات. ئه‌م سه‌رده‌مه تۆفله‌رییانه‌ش ته‌نیا یه‌ك شێوه و رووخساریان نییه، ئه‌گه‌ر له رووی ئابوورییه‌وه هه‌ردوو سیستمی فیودالیزم و سه‌رمایه‌داریی بن، ئه‌وا له رووی جه‌نگ و ئامرازه سه‌ربازییه‌كانییه‌وه شه‌قڵی جیاوازتریان وه‌رگرتووه.
قۆناغی كشتوكاڵی، له رووی ئابوورییه‌وه خاوه‌ندارێتی زه‌وییه له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه، سه‌رده‌می كۆیله‌داریی و فیوداڵیشی له خۆیدا جه‌م كردووه‌ته‌وه، له‌م پێڤاژۆیه‌دا جه‌نگه‌كان پێویستیان به پاڵه‌وانه، به‌وپێیه‌ی ئامڕازه جه‌نگییه‌كان پێویستیان به‌هێزی بازووی زۆر هه‌بووه، به‌ڵام له قۆناغی پیشه‌سازییدا پارادیمی جه‌نگ ده‌گۆڕێ و بڕێكی كه‌متر له هێزی بازوو ده‌خوازێت، له سۆنگه‌ی ئه‌مه‌ی ئامێره‌كان له تیروكه‌وان و شمشێر و مه‌نجه‌نیقه‌وه ده‌گۆڕێن بۆ تفه‌نگی ساده و تۆپی دوورهاوێژ، ئه‌مه‌ش سه‌رده‌می قاره‌مان و سوارچاكه‌كانی به‌كۆتا گه‌یاند، هه‌ر له‌م ناوه‌نده‌دا "دۆن‌كیشۆت" سه‌ربرده‌ی ئه‌و گوزارانه‌وه‌یه له قۆناغی كشتوكاڵییه‌وه بۆ پیشه‌سازیی، كاره‌كته‌ری دۆن‌كیشۆت بۆیه بوو به قۆشمه، چونكه هێشتا له‌ناو ئه‌و ئه‌ندێشه كۆنه‌دا ده‌ژیا، قۆناغه‌كه ماڵئاوایی لێ كردبوو. له قۆناغی سێیه‌مدا "باڵاده‌ستی ته‌كنۆلۆجیا" ئامێره جه‌نگییه‌كان به ئاستێك پێشكه‌وتنیان به خۆیانه‌وه بینی، هیچ پێویستییه‌ك به هێزی میكانیكی مرۆڤ نه‌ما، له جێی تفه‌نگه ته‌قلیدییه‌كان و تۆپه دوورهاوێژه‌كان، فڕۆكه‌ی شه‌به‌ح و ئاپاچی و چه‌كی پێشكه‌وتووتر رۆڵیان په‌یدا كرد. له‌م روانگه‌وه‌یه زۆر جار ده‌گوترێت جه‌نگی كه‌نداو "گه‌رده‌لوولی بیابان" ته‌نیا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رژێمی عێراق و هاوپه‌یمانان نه‌بوو، به‌ڵكو جۆرێكیش بوو له به‌ره‌و رووبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو شه‌پۆله‌كه، به‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی نوێنه‌رایه‌تی شه‌پۆلی سێیه‌م بوون، ده‌وڵه‌تی عێراقیش میراتگری شه‌پۆلی دووه‌م و پیشه‌سازیی چه‌ك و چۆڵ. هه‌نووكه مرۆڤایه‌تی له سه‌رده‌می شه‌پۆلی چواره‌مدایه، جه‌نگ جگه له سیما ته‌قلیدییه‌كه‌ی، فۆرمی جه‌نگی زانیاریی و بایۆته‌كنیكی وه‌رگرتووه.
وه‌لێ به رواڵه‌ت وه‌ها ده‌رده‌كه‌وێت ژماره‌ی جه‌نگه‌كان كه‌میان كردبێت، كه‌چی راستییه‌كه له پێش چاومان هاتووه‌ته شاردنه‌وه، جه‌نگه‌كان له جاران زۆرتر و قورس‌تر له ئارادان. له‌وانه‌یه جه‌نگه ته‌قلیدییه‌كان ژماره‌یان وه‌ك رابردوو هێنده به‌رچاو نه‌بێت و به‌هۆی پێشكه‌وتنی زانستی پزیشكی و خێرایی چاره‌سه‌ر و گواستنه‌وه ژماره‌ی قوربانییه‌كان كه‌متر بووبنه‌وه، هێشتاش ئه‌مه مانای كه‌مبوونه‌وه‌ی جه‌نگ ناگه‌یه‌نێت، هه‌رچه‌ند سه‌مپڵی جه‌نگی 10 بۆ 15 ساڵی رابردووی عێراق و سووریا ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بوایه به جه‌نگێكی جیهانی ناوزه‌د ده‌كرا، له ئاستی ئه‌م دڵنیاییه‌مان كه‌م ده‌كاته‌وه. به‌ڵام له نموونه‌ی ئۆپراسیۆنی كوشتنی "قاسم سلێمانی"دا، راسته‌وخۆ هارد پاوه‌ری شه‌پۆلی چواره‌م خۆی نمایش ده‌كات كه به فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وان گه‌وره‌ترین ئامانج پێكرا، ئه‌مه ئه‌گه‌ر سی ساڵێك له‌مه‌وپێش بوایه پێویستی به شه‌ڕی ده‌ستویه‌خه‌ی سوپایی ده‌بوو، تا ئه‌و پاشه‌كشه‌یه به ئێران بكه‌ن، چونكه كوشتنی قاسم سلێمانی له‌ناوبردنێكی سیمبۆلیكییه و واتای سه‌ره‌تای بڕینه‌وه‌ی ده‌ستی ئێران ده‌گه‌یه‌نێت له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی خۆیدا.
جه‌نگ له‌م شه‌پۆله تازه‌یه‌دا وه‌ك حه‌ربا وایه و توانایه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ری هه‌یه له شێوه گۆڕیندا، جه‌نگه‌كان رۆژانه روو ده‌ده‌ن، لێ تفه‌نگه‌كان كه‌متر له جاران ده‌نگیان دێت، كه‌چی رۆژانه ده‌یان جه‌نگی ئابووری و ده‌روونی و بایۆلۆجیی به بێده‌نگی روو ده‌ده‌ن، به جۆرێكیش فریو دراوین كه ته‌رمه‌كان ده‌ژمێرین وه‌ك رووداوێكی ئاسایی نه‌ك قوربانیانی جه‌نگ. سامناكترین جه‌نگ له سایه‌ی شه‌پۆلی چواره‌مدا به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌ویش جه‌نگی بایۆلۆجییه. ئه‌گه‌رچی مێژووی جه‌نگی بایۆلۆجیی زۆر كۆنه، شێوه هه‌ره ته‌قلیدیی و ساكاره‌كه‌ی خۆی له‌وه‌دا ده‌بینییه‌وه سوپا شه‌ڕكه‌ره‌كان ته‌رمی كوژراوی یه‌كتریان ده‌خسته ناو سه‌رچاوه‌كانی ئاوی خواردنه‌وه‌وه، تا خنكان و نه‌خۆشی له له‌شكری به‌رانبه‌ردا دروست بێت. یان ئه‌وروپاییه‌كان له رێی سیل و تاعوون و كولێراوه 80%ی ئه‌مه‌ریكاییه ره‌سه‌نه‌كان "هینده سووره‌كان"یان قڕ كرد و له‌و رێیه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و قاڕه‌دا گرت، هه‌نووكه‌ش نوێباوترین جه‌نگی بایۆلۆجیی له ئارادایه، ئه‌میش له رێی هێرش و په‌لاماری ڤایرۆسییه‌وه.
ئه‌مڕۆ دنیا له تراومایه‌كی گه‌وره‌دایه به‌هۆی ڤایرۆسی "كۆڤید نۆزده" ناسراو به "كۆرۆنا"ه‌وه.، كه به بڕوای من جه‌نگێكی بایۆلۆجییه له دژی به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ندێك ده‌وڵه‌ت. رووسه‌كان كۆرۆنا به چه‌كێكی بایۆلۆجیی ئه‌مه‌ریكایی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر زاری سكرتێری حزبی لیبراڵ دیموكراتی راستڕه‌وی رووسی له ئینته‌رڤیۆیه‌كی رادیۆییدا دووپاتی له‌سه‌ر كرایه‌وه به‌وه‌ی گوایه ئه‌م ڤایرۆسه ده‌ستكردی ئه‌مه‌ریكایه، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی زۆری لێ كه‌وته‌وه و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی راندی ئه‌مه‌ریكی ئه‌م هه‌وڵه چڕه‌ی رووسه‌كان له رێی ماسمێدیاوه به لووله‌ی تۆپێك پێناسه ده‌كات، تۆپی خه‌یاڵی و چه‌واشه‌كارانه ده‌نێت به شكۆی ئه‌مه‌ریكاوه. به وردبوونه‌وه له جۆری ڤایرۆسه‌كه و جیۆگرافیای بڵاوبوونه‌وه‌ی، گومانه‌كان زیاتر ده‌بن به‌وه‌ی رێی تێناچێت ئه‌م ڤایرۆسه له رێی شه‌مشه‌مه‌كوێره‌وه بڵاو بووبێته‌وه. هه‌رچه‌ند زانست سه‌لماندوویه‌تی شه‌مشه‌مه‌كوێره تاكه شیرده‌ره بتوانێ بفڕێت و زۆرترین ڤایرۆس له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵبگرێت و بگوازێته‌وه، به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه هه‌زاران ساڵه چینییه‌كان مار و دووپشك و زۆر مێروو و گیانداری تر وه‌ك خواردن به‌كار ده‌هێنن، بۆچی تازه ئه‌م ڤایرۆسه په‌یدا بوو؟. ئایا هه‌زاران ساڵه شه‌مشه‌مه‌كوێره هه‌مان دی ئێن ئه‌ی ئێسته‌ی نه‌بووه؟. هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ش فه‌رامۆش ناكه‌ین به دووریی 27 كیلۆمه‌تر له شاری "وۆهان" كه مه‌ڵبه‌ندی ته‌شه‌نه‌كردنی كۆرۆنایه، له ساڵی 2017ه‌وه "په‌یمانگه‌ی وۆهان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كان" دامه‌زراوه، وه‌ك پێشتر له رۆمانی "چاوی تاریكییه‌كان"ی "دین كۆنتز" له ساڵی 1981دا، بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌و شاره‌وه پێشبینی كرابوو.
هه‌ر له‌م ده‌رفه‌ته‌دا ده‌مه‌وێ هێما بۆ ئه‌وه بكه‌م، تا ته‌كنۆلۆجیا پێش بكه‌وێت، جه‌نگ زیاتر توانای دۆنادۆنی ده‌بێت، له‌م راستایه‌دا جه‌نگی بایۆلۆجیی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه له‌سه‌ر ئاینده‌ی مرۆڤایه‌تی، ره‌نگه دڵڕه‌قترین و بێ بارووتترین جه‌نگیش بێت، وه‌لێ تا كۆمپانیاكانی بواری چه‌ك دروستكردن مابن، جه‌نگی ته‌قلیدیش هه‌ر بره‌وی ده‌مێنێت به تایبه‌ت له‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌ی لێ ده‌ژین. كۆمپانیاكانی چه‌ك هه‌ر خۆیان ئایدۆلۆجیای توندئاژۆ و حزبی په‌ڕگیر و ده‌وڵه‌تی دیسپۆتیستی و فه‌رمانڕه‌وای دیكتاتۆر ده‌هێننه سه‌ر شانۆ، هه‌ر خۆیشیان دژه‌كانیان دروست ده‌كه‌ن و بازاڕی چه‌كفرۆشتنیان گه‌رم و پڕ هه‌ڕمێنتر ده‌كه‌ن. ئه‌مه ئه‌و داستانه‌یه چه‌ند سه‌ده‌یه‌كه ئێمه‌ی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی زه‌مین پاڵه‌وانه كاریكاتۆرییه‌كین.