ئه‌ردۆغان به ئه‌قڵ و باوه‌ڕی ٦٠٠ ساڵ پێش ئێسته بیر ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌و جۆره ئه‌قڵه پێویستی به ٦٠٠ ساڵه تا بتوانێ وه‌ك مرۆڤێكی ژیر و لۆجیكی بیر بكاته‌وه. ئاخر گه‌شه‌سه‌ندنی هزر و بیری ناسۆنالیستی كۆمه‌ڵگه‌ی توركی له 97 ساڵی رابردوو، ده‌قاوده‌ق وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه، ته‌نیا به‌رگه عوسمانییه‌كه‌یان فڕێ داوه و جلی سه‌رده‌میان پۆشیوه.
دوای رووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ئه‌وروپا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و كۆمه‌ڵگه‌ی توركیش، وایانزانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته رووخا و گۆڕ به‌گۆڕ شوێنه‌واری نه‌ما، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌بینین ناسیونالیستی تورك و خه‌ونی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له هه‌موو سه‌رده‌مێك كاراتره.
ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی خاوه‌ن چه‌ندان تایبه‌تمه‌ندی و كرداری نه‌رێنی بوو له كاتی خۆیدا، دیاریترینیان شۆڤینیزم و عه‌قڵی رادیكال كه تا ئێسته‌یش ره‌گی به‌هێزی چه‌قاندووه به ناخی توركه‌كاندا، ئه‌م تێڕوانینه شۆڤێنییه‌ی كه ماف به‌خۆیان ده‌ده‌ن به چاوێكی زۆر نزم نه‌ك هه‌ر ته‌نیا سه‌یری كورد بكه‌ن، به‌ڵكو به‌و چاوه سه‌یری هه‌ر مسوڵمانێكی ناتورك بكه‌ن، جگه له سیفه‌تی تایفی و ئیستیبدادكردن.
كاتی خۆی ئه‌ردۆغان ره‌تی كرده‌وه خه‌ونی زیندووكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌بێت، به‌ڵام له‌ناو هه‌موو قسه‌كانیدا ئه‌و مه‌به‌سته ده‌پێكێ كه خه‌یاڵی زیندووكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له پلانه‌كانیدا هه‌یه، بۆیه هه‌میشه ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه بۆ میله‌تی تورك دووپات ده‌كاته‌وه (ئێمه‌ی تورك نه‌وه‌ی عوسمانییه‌كان)ین، ئه‌و میله‌ته‌ی به‌ر له دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هیچ مێژوویه‌كیان نه‌بوو، به‌ڵكو له نه‌ژادی زه‌رد یان مه‌غۆله به‌ربه‌رییه‌كانه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی ئاسیاوه هاتوون.
ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێ ناسنامه‌ی تورك دووباره دابڕێژێته‌وه، ئه‌ویش به گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی دیارده‌ی میراتی عوسمانی و سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵات و فره‌وانكردنی بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی سه‌رده‌می (ئیستیعماری عوسمانی) له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
ئه‌كادیمییه توركه‌كان وای بۆ ده‌چن ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێ وه‌ك سوڵتانێكی سه‌رده‌م خۆی نیشان بدات، له كرداریشدا پلانه‌كانی چوونه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، ئیتر دروشمی ئێمه نه‌وه‌ی عوسمانین وه‌ك بنێشته خۆشه له‌كاتی قسه‌كردندا به‌رده‌وام ده‌جاوێت، وه‌ك دووپاتكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی میراتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له رێی درێژه‌دانی سیاسی و جیۆگرافی.ئێسته و دوای هاتنه‌سه‌ر حوكمی ئه‌ردۆغان، وانه‌ی ئاینی به زۆر خرایه ناو سیستمی خوێندنی قوتابخانه‌كانی توركیای عه‌لمانی. هه‌روه‌ها داوای كردووه له جێی دروشمی توركیا، دروشمی ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌كار بێت، ئه‌و دروشمه‌ی ساڵی ١٩٢٢ له‌گه‌ڵ رووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، قه‌ده‌غه كرا.
له‌لایه‌نی بیناسازیشه‌وه ده‌بینین هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات شوێنه‌واره كۆنه‌كانی عوسمانی نوێ بكاته‌وه، چه‌ندان سه‌ربازگه‌ی تازه‌ی دروست كردووه له‌سه‌ر ستایلی عوسمانی، له هه‌وڵی ئه‌وه‌یشدایه ده‌زگه‌ی رۆشنبیری ئه‌تاتورك بڕووخێنێ.
سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایه‌تیی زۆر، توانی ناوی پردی هه‌ڵواسراوی بوسفور له ئیستانبوڵ بگۆڕێ بۆ سوڵتان سه‌لیمی یه‌كه‌م.
ساڵی ٢٠١٧ وێنه‌یه‌كی خۆی له سۆشیال میدیا بڵاو كرده‌وه به جۆرێك كه ئاڵای تیپی ٥٧ی عوسمانی له پاڵ خۆی دانابوو.
گۆڕانكارییه ده‌ستوورییه‌كانی توركیا و گۆڕینی سیستمی سیاسی توركیا له په‌رله‌مانییه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تیی، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغانی زیاتر كرد، هاوشێوه‌ی سوڵتانه عوسمانییه‌كان. له كاتێكدا بیرمه‌نده ناسیۆنالیسته توركه‌كان پێیان وایه، گۆڕانی توركیا بۆ سیستمی سه‌رۆكایه‌تیی بوار ده‌دات كه ببێت به ده‌وڵه‌تێكی خه‌لافه‌ت و ئه‌ردۆغانیش ببێت به خه‌لیفه‌ی ئیسلام.
له ساڵی ٢٠١٤ زمانی عوسمانی پابه‌ند كرد له سیستمی خوێندندا. پشتگیری له دراما مێژووییه‌كان كه مێژووی سه‌ردمی عوسمانی ده‌گێڕنه‌وه كرد، به جۆرێك خۆی سه‌ردانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كرد كه شوێنی وێنه‌گرتنی درامای "ئورتگرل" بوو.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ئه‌ردۆغان خه‌ریكی پڕۆژه‌ی به ئه‌رشیڤكردنی به‌ڵگه‌نامه‌كانی عوسمانییه، واتا تاپۆ و موڵكه‌كانی عوسمانی، گوایه ٦٣_٧٧ هه‌زار دۆكیۆمێنتن كه دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه عوسمانییه‌كان موڵكیان هه‌یه له مووسڵ و كه‌ركووك و حه‌له‌بی سووریا، بۆیه له ساڵی ٢٠١٦ ده‌ستكاری رێككه‌وتنی لۆزانی كرد كه له سالی ١٩٢٣ واژوو كرابوو بۆ دیاریكردنی سنووره‌كان. بۆیه مووسڵ و حه‌له‌ب به موڵكی تایبه‌تی خۆیان ده‌زانن.
ئه‌وه‌ی ئێسته ده‌گوزه‌رێ مه‌به‌ست ته‌نیا له ڕۆژئاوا نییه، توركیا پلانێكی داڕێژراوی هه‌یه بۆ ئه‌م ناوچه‌یه، بۆیه ئه‌وروپا و وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش نیگه‌رانی زۆریان پێوه دیاره. چونكه رێك له مه‌ترسی بارودۆخه‌كه ده‌گه‌ن كه ئه‌مه پلانی زیندووكردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی عوسمانیییه و ده‌یانه‌وێ ورده ورده موڵكه له ده‌ستچووه‌كانی سه‌رده‌می عوسمانی به‌ده‌ست بێننه‌وه، به‌لای منه‌وه ئه‌مه پێكه‌نیناویترین كۆمیدیای سه‌رده‌مه.
ئێسته توركیا سادیست مه‌ستی بیرۆكه‌ی خه‌لافه‌ته وه‌همییه‌كه‌ی خۆیه‌تی و ده‌رك به‌وه ناكات كه ناتوانێ پلانه‌كانی جێبه‌جێ بكات، چونكه ڕۆژگار و سه‌رده‌م جیاوازه و حیسابه‌كان به‌جۆرێكی تر ده‌كرێن، سه‌رده‌می خه‌لافه‌ته‌كانیش به‌سه‌ر چوون و دواین خه‌لافه‌تیش كه تێكشكێنرا خه‌لافه‌تی تیرۆریستی داعش بوو كه به هه‌مان سیاسه‌ت و پلانی توركیا سه‌ری هه‌ڵدا.
به‌ڵام نیگه‌رانی هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌وه‌دایه كه توركیا له ئاینده‌دا ده‌بێته بارگرانییه‌ك به‌سه‌ر هه‌مووانه‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر له ئێسته‌وه سنووری بۆ دانه‌نرێت، له داهاتوودا وه‌ك ئێران ئه‌و ناوچه‌یه ده‌شێوێنێ و دڵه‌ڕاوكه بڵاو ده‌كاته‌وه و ره‌گوریشه داده‌كوتێ و به شێواندن و ئاژاوه‌نانه‌وه دنیا هه‌راسان ده‌كات، بچووكترین نموونه‌یش هه‌موومان ئاگادارین چۆن به‌رانبه‌ر ئیسرائیل ده‌مشڕ وه‌ستاوه و جوێن و قسه‌ی نه‌شیاوی ئاراسته ده‌كات، بیانووگرتن به ئیسرائیلیش سه‌ره‌تای هه‌موو شته‌كانه، واتا ده‌ستپێكی.... ئیتر له جیاتی ئه‌وه‌ی ئێران سنووری بۆ دابنرێت و سه‌ركوت بكرێ، توركیایشی دێته سه‌ر.