برایم محێدین عارف
له‌م دۆخه نادادپه‌روه‌رییه‌ی كۆمه‌ڵدا، پیاوسالاری له دێرزه‌مانه‌وه كێرڤی هه‌ڵكشاوه و له ترۆپكدایه، له‌گه‌ڵ ڕه‌وتێكی سستی به‌ره‌وپێشچوونی كۆمه‌ڵگه‌دا، كێرڤه‌كه ورده ورده مل به‌ره‌و نشێوی ده‌نێت، ڕاسته كێرڤی ڕه‌وا نه‌بینی مافی ژنان له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌دا، هێدی هێدی ده‌ڕه‌وێته‌وه، به‌ڵام له كۆمه‌ڵ و هه‌ڵسوكه‌وتی ڕۆژانه‌ی تاكی وڵاتی ئێمه‌دا دیارده‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن ڕۆژانه ده‌بینرێت و ڕووداوه‌كان به ئازاره‌وه مێشكی مرۆڤه بیركراوه و ماف ویسته‌كان ده‌گوشن، جگه له ڕه‌وتی له‌سه‌رخۆی ڕۆژانه‌ی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه، پێویسته تاكی نێرینه و مێینه‌ی كۆمه‌ڵگه قۆڵی لێ هه‌ڵماڵن و بوێرانه به‌گژ دیارده كۆن و داسه‌پێنراوه‌كانی سه‌ر مافی ژناندا بچنه‌وه، ئه‌مه‌ش بوێری و له‌خۆبردووی و پشوودرێژی گه‌ره‌كه، له هه‌ر كۆمه‌ڵ و گه‌ل و وڵاتێكدا.
یه‌كێك له ژنه بوێر و چالاك و پشوودرێژهكانی ئه‌م بواره، دكتۆر نه‌وال سهعداوییه، ئه‌م شێره‌ژنه ساڵی 1931 له گوندی "كه‌فر ته‌حله"ی میسر له دایك بووه، له خێزانێكی گوندنشین و جووتیار و ملخهوێن بۆ داونه‌ریته دواكه‌وتوو خۆسه‌پێنه‌كانی كۆمه‌ڵ، هه‌رچه‌نده باوكی خوێنده‌وار و سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی بووه، به‌ڵام دیارده‌ی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن له كۆمه‌ڵدا هێنده زه‌ق و به‌رچاو بوو، هه‌موو تاكێك به‌ره‌نگاری نه‌ده‌بووه‌وه، باوكیشی ملی بۆ دا و نه‌یده‌توانی لێیان قوتار بێت، نه‌وال له منداڵییه‌وه هه‌ستی به جیاوازی ڕژاندنی سۆز و بایه‌خی خێزان به‌سه‌ر خوشك و براكانیدا ده‌كرد، ته‌نانه‌ت له به‌خشینی كێكێكی ئاسایی له ڕۆژێكدا یه‌ك به‌ش درابوو به نه‌وال و دوو به‌ش به براكانی، هه‌ر ئه‌وكاته نه‌وال پێی هه‌زم نه‌كراوه و پرسیاری له دایك و باوكی كرد، به‌ڵام وه‌ڵامێكی بڕواپێكهری به‌رگوێ نه‌كه‌وت.
له 10 ساڵیدا ویستیان له خوێندن دایببڕن و بیده‌ن به شوو، بۆیه رێوڕه‌سمی ناسین و بینینی بووك و خۆگوڕین و شه‌ربه‌ت بهشینهوهیان ساز كرد، تا زاوا نه‌والی له دڵه‌وه بیرتیژ ببینێت و به میزاجی پیاوسالارانه‌ی ئه‌وكاته، بووكێ قبووڵ بكات، به‌ڵام پێش ماره‌بڕین، نه‌وال زۆر هه‌وڵی له‌گه‌ڵ دایك و باوكی دا سوودی نه‌بوو، تا بڕیاری نهێنی خۆیدا به گژ دیارده‌كه‌دا بچێته‌وه، بۆیه له كاتی بردنی شیرینی بۆ زاوا كه بۆ مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ بینینی نیگای نه‌وال بووه، ئه‌و خاتوونه قاچی خۆی له فه‌رشه‌كه گیر ده‌كات و شه‌ربه‌ته‌كه ده‌ڕژێنێ بهسهروملی داواكارهكهیدا بۆ ئه‌وه‌ی په‌شیمانی بكاته‌وه.
بیرۆكه‌كه‌ی سه‌ری گرت و به‌وه‌یش له یه‌كه‌مین داوی نراوه‌ی كۆمه‌ڵگه ڕزگاری بوو. دوای خوێندنی سه‌ره‌تایی جارێكی تر گرفتی نه‌بوونی خوێندنی ناوه‌ندی له گونده‌كه‌یان دێته پێش و به بیانووی نه‌ناردنی كچ بۆ ده‌ره‌وه‌ی خێزان، ده‌یانه‌وێ له خوێندن دایببڕن، به‌ڵام دایكی هه‌ستی به زیره‌كی نه‌وال كردبوو و توانی باوكی ڕازی بكات و پێی گوت: نه‌وال زۆر زیره‌كه بیخه‌ره ناو ئاگره‌وه و ترست لێی نه‌بێ.
نه‌وال له ماڵی پووری له قاهیره چووه به‌ر خوێندنی ناوه‌ندی، به‌ڵام دووباره زه‌بروزه‌نگی كۆمه‌ڵ سه‌رئێشه‌ی باڵابه‌رزی نه‌وال، باش مامه‌ڵه‌نه‌كردنی پووری له‌گه‌ڵیدا و سه‌یركردنی نه‌وال وه‌ك هه‌ژارێكی گوندنشین و هاوكات لووتبه‌رزی ماڵی پووری، نه‌والی قه‌ڵس كرد و ناچار ماڵه‌كه‌یانی جێهێشت و چووه ماڵی پوورێكی تری، به‌هه‌مان كێشه و دهردهدڵهوه ڕۆژانه به‌دزییه‌وه یاداشته‌كانی ده‌نووسییه‌وه.
له خوێندنی ئاماده‌ییدا هه‌ست به زیره‌كی و توانای ئه‌ده‌بی نه‌وال كرا، له داڕشتن و كۆڕگێڕی و خۆپێشاندنهكاندا پرسی پێ ده‌كرا، له‌گه‌ڵ ئازاری ڕۆژانه‌یدا توانی نمره‌ی به‌رز به‌ده‌ست بێنێت و له كۆلێژی پزیشكی وه‌رگیرا، هه‌رچه‌نده له‌به‌ر خوێندنه‌وه و ئه‌ده‌بدۆستی، حه‌زی له پیشه‌ی پزیشكی نه‌بوو، به‌ڵام ته‌واوی كرد و بوو به پزیشك له گوند و ناوچه‌كه‌ی خۆیان، له‌و ماوه‌دا یه‌ك دوو حاڵه‌تی ژنكوشتن و خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان، بیریان ته‌نی و زۆر به توندی به‌ره‌نگاریان بووه‌وه تا مه‌لا و پیاوماقووڵه دواكه‌وتووه‌كانی كۆمه‌ڵ هه‌ڵسان به ڕاپۆرتنووسین و چاڵ هه‌ڵكه‌ندن بۆی، تا دواجار گواستیانه‌وه بۆ ناو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و له‌وێ بوو به به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی، به‌ڵام له‌سه‌ر هه‌مان كۆششی خۆی به‌رده‌وام بوو، تا له پۆسته‌كه‌ی لایان دا و كردیان به جێگری كه‌سێكی دڵڕه‌قی كۆنه‌په‌رست.
دواتر به حه‌زی باوكی نۆرینگه‌یه‌كی ئێوارانی كرده‌وه وه‌ك پزیشكی ده‌روونی و سینگ ده‌ستبه‌كار بوو، به‌ڵام دوای مردنی باوكی، به‌هۆی خولیای بۆ نووسین و كتێب ده‌ستی له نۆرینگه‌كه‌ی هه‌ڵگرتوو سه‌ره‌ڕای ده‌وامی نه‌خۆشخانه، درێژه‌ی به ڕۆماننووسین و كتێبه‌كانی بواری مافی ژنان دا و وه‌ك داكۆكیكارێكی سه‌رسه‌ختی مافی ژنان و خهتهكردنی مێینه ناسرا.
كتێبه ناوداره‌كانی (المراه والجنس، الانپی هی الاصل) ده‌نگی زۆری دایه‌وه، بۆیه چه‌ندان جار له‌لایه‌ن بیركۆڵهوارهكانهوه نه‌خشه‌ی كوشتنی دانرا، ساڵی 1981 له‌ژێر گوشاری ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كاندا ئه‌نوه‌ر سادات بڕیاری گرتنی دا و خرایه گرتووخانه، له‌وێش به نهێنی ڕۆمانێك و بیره‌وه‌رییه‌كانی گرتووخانه‌ی نووسییه‌وه، تا سادات له هه‌مان ساڵدا كوژرا و ئازاد كرا.
نه‌وال سه‌عداوی له ژیاندا زیاتر له 48 كتێبی له ڕۆمان، بیره‌وه‌ری، چیرۆك، بواری ژن، له‌گه‌ڵ سه‌تان وتاری نووسی و هه‌زاران چالاكی و كۆڕی گێڕا، كتێبه‌كانی بۆ زیاتر له 50 زمانی دنیا وه‌رگێڕان و له دنیادا وه‌ك داكۆكیكارێكی سه‌رسه‌ختی ژنان ناسرا، به‌ڵام تا ده‌هات ژیانی ده‌كه‌وته مه‌ترسییه‌وه، ئه‌ویش بوێرانه به‌ره‌نگاری مه‌ترسییه‌كان بووه‌وه.
نه‌وال زیاتر له 40 ساڵ له‌گه‌ڵ د. شه‌ریف حهتاتهی هاوسه‌ری له شوقه‌یه‌كی ئاسایی قاهیره‌دا ژیان، شه‌ریف نووسه‌رێكی دیاری چه‌پ بوو، هێنده‌ی تر داوی مه‌ترسی بۆ هه‌ردووكیان ته‌نرا، ماوه‌یه‌كی زۆر شه‌ریفیش چووه ده‌ره‌وه‌ی وڵات، تا له سه‌رده‌می حوسنی موباره‌كدا دوو پۆلیس هاتن و چاودێری نهوالیان ده‌كرد، هه‌رچه‌نده ڕازی نه‌بوو، به‌ڵام گوتیان ژیانت له مه‌ترسیدایه، تا ناچار بوو وڵات جێبهێڵێ، دواتر بوو به نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له ئه‌فه‌ریقا، چه‌ند ساڵێكی گوزه‌راند تا وازی هێنا و گوتی "نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان شوێنی دزی و درۆیه، فشۆڵه و وه‌ك ڕووخسار دیاره و ناوه‌ڕۆكی نییه".
نه‌وال درێژه‌ی به خوێندنی باڵا و پسپۆڕی دا، چه‌ندان خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رگرت، هه‌موو كه‌ناڵه جیهانییه‌كان چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ساز كرد، تا دوای ساڵی نه‌وه‌ته‌كان دووباره گه‌ڕایه‌وه میسر و درێژه‌ی به نووسینه‌كانی دا.
نه‌وال له خۆپێشاندانه‌كانی "مه‌یدانی ته‌حریر" چووه ناو خۆپبَشاندهران وه‌ك چالاكی گه‌وره رۆڵی بینی له ساڵی 2008 دوای ئه‌وه‌ی شه‌ریفی مێردی خۆی گوته‌نی "خیانه‌تی لێ كرد" وازی له‌ویش هێنا و گوتی هاوسه‌رگیری پرۆسه‌ی كۆیلایه‌تییه و داگیركردنی ئازادی تاكی زۆر تێدایه.
هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و پیری و كه‌نه‌فتی كۆڵی به نه‌وال دا، ڕۆژانه زیاتر له هه‌شت سه‌عات خه‌ریكی نووسین ده‌بوو، تا تووشی نه‌خۆشی ئهكلیبیوس بوو /نه‌خۆشییه‌كی ده‌گمه‌نه/ ئێسته نه‌وال ته‌مه‌نی 86 ساڵه تا 2018یش كۆڕ و چالاكی هه‌بوو، هێشتا پیری و نه‌خۆشی چۆكی پێ دانه‌داوه، بۆیه ساڵانێكه توندڕه‌وه‌كان جاروبار له ئێنته‌رنێت و سایته‌كان هه‌واڵی درۆی مردنی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، تا جارێك به توندی وه‌ڵامی دایه‌وه و گوتی "من له مردن ناترسم" دواین جار هه‌واڵی مردنی له 24ی كانوونی دووه‌می 2019 بڵاو بووه‌وه، به‌ڵام تا ئێسته به فه‌رمی هیج ده‌زگه‌یه‌كی جێباوه‌ڕ له‌باره‌ی مردنی ئه‌م شێرهژنهوه شتی بڵاو نه‌كردووه‌ته‌وه.
روونه كه نه‌وال ئێسته دوا ڕۆژه‌كانی به كه‌نه‌فتی و نه‌خۆشی به‌سه‌ر ده‌بات، به‌ڵام هه‌وڵ و كۆشش و نووسینه‌كانی هه‌وێنی ڕاماڵینی خه‌ته‌نه‌ی ژن بوو له وڵاتانی كه‌نداو به گشتی و میسر به‌تایبه‌تی. نه‌وال ده‌یتوانی وه‌ك پزیشكێكی زیره‌ك و پسپۆڕ ژیانێكی سه‌رمایه‌دارانه و خۆش بژی، به‌ڵام خۆی ته‌رخان كرد بۆ دۆزه ره‌واكه‌ی ژن و نووسین و ژیانێكی ئاسایی، خۆی ده‌ڵێ "من نووسه‌رم".
پێویسته له‌م هه‌رێمه بچووكه‌ی ئێمه‌یشدا كه ڕۆژ نییه پێشێلی مافی ژن نه‌كرێ و ماوه ماوه ژنێك نه‌كوژرێ، جگه له فراوانكردنی بواری ڕووناكبیری گشتی و دامه‌زراوه‌ی مه‌ده‌نی و حكوومی به‌رگریكار له ژنان، خه‌ڵكانی وه‌ك نه‌وال سه‌عداوی بوێر و شێرانه به‌گژ دیارده‌كاندا بچنه‌وه و ڕێكخراوه‌كان و حكوومه‌تی هه‌رێمیش پاڵپشتی ده‌نگه بوێر و نه‌ترسه‌كان بكه‌ن.