لەشساغی لە ڕووخسار و ناجێگیری دەروونی لە ناوەڕۆكدا

PM:09:18:15/07/2019 ‌

برایم محێدین عارف

تەندروستی و لەشساغی، پێناسەی زۆر بۆ كراوە، هەر پێناسەیەك لە چمكێكەوە كرۆك و مەبەستەكەی پێكاوە، بەڵام باشترین پێناسەی كەسی تەندروستی لەشساغ، پێناسەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییە كە لە كۆتاكەیدا بۆ تەندروستی ئاماژە بەوە دەدات كە كەسی تەندروستی لەشساغ، خاڵیبوون لە نەخۆشی یا نەبوونی كەمئەندامی یا ناتەواوی كارپێكردنی ئەندامێكی لەش نییە، بەڵكو كەسی تەندروست لەشساغە لە ڕواڵەت و ناوەوەی هەناو و ئاسوودەیی دەروونیی لە ناوەڕۆكی ناخدا هەیە، واتە مرۆڤی لەشساغ، ئەو مرۆڤەیە كە جگە لەوەی هیچ نەخۆشییەكی جەستەیی نییە، دەبێ لە ڕووی دەروونیشەوە  ئاسوودە و بێ گرفت بێت. 
كورد دەڵێ: گەورەترین سەرمایەی مرۆڤ لەشساغییە. ئەگەر بە وردی لەم ڕستەیە بكۆڵینەوە، مەبەست لە لەشساغی لێرەدا زۆرتر ئازاری جەستەیی و نەبوونی نەخۆشییە هەست پێكراوەكان و نەشتەرگەری و نەخۆشییە دەروونییەكان و گەرمی و ساردی دەروون و جەستە، كە ئەم نەخۆشییانە زۆرتر ئازار و ڕەنگ گۆڕین بە ڕووخساری نەخۆشەوە جێدەهێڵن.
پرسیارێك لێرەدا خۆی قووت دەكاتەوە، ئایا هەر كەسێك ئازاری جەستەیی یان كێشەیەكی تەندروستی و نەخۆشییەكی دەروونی نەبێت، لەشساغە؟ بێگومان نەخێر، لەشساغی تەندروست واتە بێ كێشەیی لە ڕووخسار و هەناوی جەستە و نەبوونی نەخۆشی دەروونی و ئاسوودەیی ناوەوەی مرۆڤ. مەبەست لە ئاسوودەیی دەروونی خاڵیبوون‌ لە نەخۆشییە دەروونییەكان نییە، بەڵكو نائاسوودەیی دەروونی قۆناغی پێش گەیشتن بە نەخۆشییە دەروونییەكانە، كە مرۆڤ لە جەستە و دەرووندا هیچ نەخۆشییەكی نییە و لە ناوەڕۆكدا ئارام نییە و باری تەندروستی ناجێگیرە. 
بەپێی پێناسەكەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، ئەم مرۆڤە لەشساغ نییە، بەردەوامی لاسەنگبوونی ئاسوودەیی دەروونی یا تێكدانی هەر بارێكی دەروونی مرۆڤ، مرۆڤەكە لە بوارێكی تەندروستەوە دەخاتە بوارێكی ناتەندروست، لەم دۆخەدا مرۆڤ لە ڕووی دەروونییەوە نەخۆشییەكی دیاریكراوی نییە، بەڵام نائاسوودە و ڕاڕایە، بەردەوامی حاڵەتەكە ڕای دەكێشێ بۆ نەخۆشییەكی دەروونی.
ئەم دۆخی نائاسوودەیی دەروونە، پێوەستە بە ژینگەی تەندروست،، ژاوەژاوی سیاسی نابەجێ، توانج و تانەی دەزگاكانی ڕاگەیاندن لەسەر كۆمەڵگە، چاوەڕوانی نادیار بۆ مەبەستێك، ناسەقامگیری باری ئابووری تاك و كۆمەڵ، نەبوونی كەشوهەوای سیاسی لەبار، جیاوازی ئەندامانی كۆمەڵ لە مافدا، نادادپەروەری، زۆر بواری تر. بەگشتی ئەم دیاردانە لە وڵاتی ئێمەدا زۆر و بۆرن، مرۆڤ تا ئاستی بیركردنەوەی تەسك بێت، كەمتر هەست بە ماف و ئازادییەكان دەكات و لە بازنەیەكی تەسكدا دەخولێتەوە، بەوە تا ئاستێك ئاسوودەیە، بەڵام مرۆڤە ڕۆشنبیر و بیرفراوانەكان، ئەوانەی لە بازنەیەكی گەورەترەوە سەیری ژیان دەكەن، لە بەرانبەر نادادپەروەری و فەراهەم نەكردنی پێویستییەكانی ڕۆژانەی ژیان و ژینگەی ناتەندروستدا، زۆرتر تووشی ناسەقامگیری دەروونی دەبن، هەرچەندە مرۆڤی خۆڕاگریش بن بەرانبەر دیاردەكان، خۆڕاگریش لە مرۆڤێكەوە بۆ مرۆڤێكی تر دەگۆڕێ، پێكهاتەی سروشتی مرۆڤ چوونیەك نین. 
مرۆڤە خۆڕاگرەكان كەمتر مل بۆ دیاردەی ناسەقامگیری دەروونی دەدەن بە كتێب خوێندنەوە و تێگەیشتن لە هۆكاری كەموكوڕییەكان، بڕوای دەروونی بەرانبەر ناسەقامگیری دەروونی بۆ خۆیان فەراهەم دەكەن، بەڵام ئەوانەی خۆڕاگری دەروونییان نییە و نائاسوودەن، بەردەوامی بەدیاردەكەیەوە ڕایاندەكێشێتە ناو نەخۆشییە دەروونییەكان و لە ئایندەدا پێویستە سەردانی پزیشكی پسپۆڕی دەروونی بكەن. 
لێرەوە دەردەكەوێ ناجێگیریی دەروونی سەرەتای ناسەقامگیری لەشساغی و كەسانی ناتەندروستە، لەم ڕوانگەیەوە دەردەكەوێ مرۆڤی لەشساغ و تەندروست لە وڵاتی ئێمەدا كەمە و تاكوتەرا نەبێت، تێكڕای ئەندامانی كۆمەڵ لەشساغی ناتەندروست و جاروبار كەسانی دەمارگیر و توندن، دەزگەكانی ڕاگەیاندنیش بە ورووژاندنی كەموكورییەكانی ژیان، هێندەی تر قوڕەكەیان خەستتر كردووەتەوە، ئیتر دیاردە ترسناكەكانی خۆكوشتن، شەڕ و ئاژاوە، كارەساتە جەرگبڕەكان، دێنە ئاراوە و تا دێت زیاتر دەبن. 
لەپێناوی بنبڕكردنی ئەم دیاردە ترسناكانە، دەبێ كار بۆ فەراهەمكردنی ئاسوودەیی دەروونی تاك بكرێت، ئاسوودەیی دەروونی تاكیش بە ژینگەی تەندروست، كەشوهەوای سیاسی لەبار، دیمەن و ژینگەی دروستی پڕ لە دار و درەخت، سەقامگیریی ئابووری وڵات، یەكسانی ماف و ئازادییەكان.. هتد، دێتە ئاراوە. ئێستە ژینگەی هەرێم لەبار نییە بۆ سەقامگیری دەروونی تاك، بۆیە كۆمەڵگەیەكی ڕووخسار ساغ و ناوەڕۆك ناتەندروست دەبینرێت.