حكوومه‌ت و كابینه‌یه‌ك كه له كه‌شوهه‌وای ئازاد و له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردن پێكهاتبێت، حكوومه‌ت و كابینه‌یه‌كی دیموكراسی و جێی ئومێدی كومه‌ڵانی خه‌ڵكه و كه‌متر ته‌نگژه دێنێته ئاراوه، چونكه ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌نگیان داوه، زۆرترن له ژماره‌ی ده‌نگنه‌ده‌ر و به‌رهه‌ڵستكاران، به‌م دیارده‌یش ده‌توانین بڵێین حكوومه‌ته‌كه دامه‌زراوه‌یه‌كی شه‌رعییه.
هه‌ر به به‌راوردی ژماره‌ی ده‌نگده‌ر و به‌رهه‌ڵستكاران، ده‌توانین به‌رگی شه‌رعی و ناشه‌رعی بكه‌ین به به‌ری حكوومه‌تدا، به‌وه‌ی ئه‌و حكوومه‌تانه‌ی زۆرترین ژماره‌ی خه‌ڵك به‌شداری ده‌نگدانیان كردووه له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی دیموكراسیدا، حكوومه‌تێكی شه‌رعییه و له‌سه‌ر ئاینده‌ی كار و خزمه‌ت بمێنێته‌وه درێژه به شه‌رعیبوونی خۆی ده‌دات، تا خولێكی تازه‌ی هه‌ڵبژاردن دێته‌وه گۆڕێ.
به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و حكوومه‌تانه‌ی زۆرترین ژماره‌ی به‌رهه‌ڵستكاریان هه‌یه و كه‌مترین ڕێژه‌ی خه‌ڵك چوونه‌ته ده‌نگدان، دامه‌زراوه‌یه‌كی ناته‌واوی دیموكراسییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی چوار ساڵی ته‌مه‌نیدا توانی كار و خزمه‌تی پێویست بكات، ئه‌وا ده‌توانێ جڵه‌وی فه‌رمانڕه‌وایی كاره‌كانی تا هه‌ڵبژاردنێكی تازه درێژه پێ بدات.
سیستمه‌كه نوێنه‌ری كه‌مترین ژماره‌ی خه‌ڵكه به ئه‌زموونێكی دیموكراسی ناته‌واو و به كه‌مترین ژماره‌ی ده‌نگده‌ر هاتووه‌ته سه‌ر حوكم، به‌ڵام به كار و پڕۆژه‌ی به‌رده‌وام توانیویه‌تی ته‌مه‌نی یاسایی تا هه‌ڵبژاردن درێژه پێ بدات. به‌پێچه‌وانه‌وه دامه‌زراوه نادیموكراسییه‌كان ته‌مه‌نیان درێژ نابێت و له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی سیستمه‌كه‌یاندا ته‌نگژه دێننه ئاراوه كه له ئاینده‌دا ده‌بن به ته‌نگژه‌ی مه‌ترسیدار و پێشبینی نغرۆبوونی سیستمه‌كه‌ی لێ ده‌كرێت، چونكه ده‌سه‌ڵاتداران به پیاده‌كردنی توندوتیژی به‌ره‌نگاری ناڕه‌زاییه‌كان ده‌بنه‌وه و هه‌نگاو به‌ره‌و دیكتاتۆریی ده‌نێن. به‌تایبه‌تی له‌وكاتانه‌ی كه به ته‌نگژه درێژه به ماوه‌ی حوكمڕانی ده‌ده‌ن و گوێ له خواسته ڕه‌واكانی میله‌ت ناگرن، ته‌مه‌نی یاساییان ته‌واو بووه و مل بۆ هه‌ڵبژاردن ناده‌ن.
له سیستمی دیموكراسیدا خه‌ڵك به گشتی به ده‌نگدان به‌شداری له هه‌ڕه‌می پێكهێنانی حكوومه‌تدا ده‌كه‌ن، ده‌بێت ژماره‌ی ده‌نگده‌ر ژماره‌یه‌كی یاسایی بێت، به به‌راورد به ژماره‌ی گشتی دانیشتووان، ده‌نگدان له كه‌شوهه‌وایه‌كی ئازادی ته‌واو و دوور له ده‌ستێوه‌ردان به‌ڕێوه بچێت، زۆربه‌ی جومگه سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سه‌ڵات بگۆڕێت، چونكه هه‌ڵبژاردن له دیوێكیدا كۆتاهاتنی حكوومه‌تی ماوه‌به‌سه‌رچوو و دامه‌زراندنی حكوومه‌تی تازه‌یه. بۆیه ده‌بێت هه‌یكه‌ل و به‌رنامه‌ی كاركردنی حكوومه‌تی پێشوو بگۆڕێت و حكوومه‌تێكی تازه به گڕوتین و به‌رنامه‌ی تازه‌وه بێته مه‌یدانی كاركردن.
له سیسته‌می دیموكراسیدا ته‌مه‌نی كابینه‌كانی حكوومه‌ت سنوورداره، تا ئه‌وكاته‌ی یاسا و ڕێنوێنی و پێڕه‌وی دیموكراسی ڕێی پێ داوه. به‌ڵام ده‌توانرێت ته‌مه‌نی حكوومه‌ت درێژ بكرێته‌وه له بارودۆخی تایبه‌تدا له رێی په‌رله‌مانه‌وه تا كاتی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، له‌وێوه خه‌ڵك ده‌توانن به ده‌نگدان سزای ئه‌و حزبانه بده‌ن كه له پێكهێنانی حكوومه‌تدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، بۆیه حكوومه‌تی زاده‌ی له دایكبوونی ده‌نگدان، كه‌متر لێژ ده‌بنه‌وه بۆ سیستمی دیكتاتۆری و زۆرتر له بۆته‌ی دیموكراسیدا ده‌مێننه‌وه تا كاتی هه‌ڵبژاردنێكی نوێ، هه‌رچه‌نده كه‌موكوڕی و بۆشایی ئیداریشیان هه‌بێت، به مه‌رجێك كه‌موكوڕی و بۆشاییه‌كان ته‌نگژه‌ی مه‌ترسیدار نه‌هێننه ئاراوه كه ڕاسته‌وخۆ كار له ژیانی ئاسایی تاك و كۆی گه‌ل بكات، چونكه ده‌توانرێ به ده‌نگدان ته‌مه‌نی حكوومه‌ته‌كه كۆتایی پێ بێت و به‌وه‌یش كاتی به‌رده‌وامی خلیسكان بۆ دیكتاتۆریی به‌كۆتا دێت.
حكوومه‌تێك تازه به به‌رنامه‌ی تازه‌وه له دایك ده‌بێت كه وانه و ئه‌زموونی له حكوومه‌ته‌كه‌ی پێش خۆی وه‌رگرتبێت و هه‌ڵه و كه‌مكوڕییه‌كان دووباره نه‌كاته‌وه و بنبڕیان بكات. ده‌كرێ دوای هه‌ڵبژاردن كاربه‌ده‌ستانی باڵا و خواره‌وه‌ی حكوومه‌ت بگۆڕێن تا زۆرترین خه‌ڵك به‌شداری حكوومه‌ت و سه‌روه‌ری و شكسته‌كانی بكه‌ن، به‌ڵام ئاساییه كه‌سه شاره‌زا و دڵسۆزه‌كانی كابینه‌ی پێشووی حكوومه‌ت هێنده‌ی كه یاسا و ڕێنوێنی ڕێ ده‌دات له كابینه‌ی تازه و شوێنی خۆیاندا بمێننه‌وه و زیاتر له خولێَك به‌رده‌وام بن، به مه‌رجێك كه‌سه گه‌نده‌ڵ و بێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی كابینه‌كانی پێشوو نه‌بن، چونكه گه‌نده‌ڵ و كه‌مته‌رخه‌م بێزراو و به‌سه‌رچوون.
ته‌نانه‌ت حاڵه‌تی مانه‌وه‌ی كه‌سه چالاك و دڵسۆزه‌كان بۆ زیاتر له خولێك، ده‌بێت دیاریكراو بێت نه‌ك چه‌ندان خولی دوابه‌دای یه‌ك، به‌وه‌یش سیمای پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌كه‌دار ناكات.
ئه‌وه‌ی له حكوومه‌تی هه‌رێمدا ده‌بێته كێشه و جاروبار سیمای جوانی هه‌ڵبژاردن ناشیرین ده‌كات، پیاده‌كردنی پێكهێنه‌ره نادیموكراسییه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و سیستمی حوكمڕانییه كه حزبه پێكهێنه‌ره‌كانی حكوومه‌ت، پیاده‌ی ده‌كه‌ن و به‌پێی ئاره‌زوو و مه‌رامه‌كانیان سیمای نادیموكراسی به باڵای حكوومه‌تدا ده‌بڕن به‌وه‌ی كه‌سی نه‌شیاو له شوێنی شیاو داده‌نێن، چه‌ندان كادری حزبی بۆ چه‌ندان ساڵ و چه‌ندان خول له وه‌زاره‌ت و ئاسته گرنگه‌كانی حكوومه‌تدا ده‌هێڵنه‌وه، به‌وه‌یش پره‌نسیپه نادیموكراسییه‌كان ده‌بڕن به باڵای حكوومه‌تدا، هه‌رچه‌نده خه‌ڵك به‌لایه‌وه ئاساییه كادره شاره‌زا و پاك و خزمه‌تكاره‌كان بۆ دوو خول له دوو كابینه‌ی جیاوازدا بمێننه‌وه، به‌ڵام لێره‌دا نابێته كه‌سانی ناشایسته و گه‌نده‌ڵ و نه‌زان، بخزێنرێنه ناو پاكه‌كان و رێی مانه‌وه‌یان پێ بدرێت، به‌ڵكو ته‌نیا بۆ شوێنه پێویسته‌كان و كادره شاره‌زا و ده‌سپاكه‌كان بگرێته‌وه كه جێده‌ستیان له ماوه‌ی كاركردنی چوار ساڵی پێشوودا دیاره و ڕه‌زامه‌ندییان له‌سه‌ره. به‌ڵام له هیچ حاڵه‌تێكدا نابێ رێ بدرێت كه‌سێك زیاتر له هه‌شت ساڵ له پۆست‌دا بێت.
ئه‌وه‌ی ئاسایی نییه له كابینه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی حكوومه‌تدا، دیارده‌ی قۆرخكردنی كورسییه بۆ زیاتر له چه‌ند خولێكی هه‌ڵبژاردن و كابینه‌ی تازه، كورسی و له زۆرینه‌یش به‌پێی رووپێوییه‌كانی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی له نۆ تا 20 ساڵ كه‌سێك له‌سه‌ری ماوه‌ته‌وه و نه‌گۆڕاوه، بێگومان ئه‌مه حزبه ئه‌م رۆڵه خراپه به‌سه‌ر حكوومه‌تدا ده‌گێڕێت و ده‌سه‌پێنێت، به‌ڵام نابێ رێی پێ بدرێت، چونكه كه‌سه‌كه ئیتر هۆشی نه‌ماوه و چووه‌ته دۆخێكه‌وه كه به‌رده‌وام داوای مانه‌وه له هه‌مان شوێن و پۆست‌دا ده‌كات، ئه‌وه ته‌نیا یه‌ك رسته‌ی له پشته‌وه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئه‌و كه‌سه دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆی كه‌وتووه.
هیچ لۆجیك و رێسایه‌ك ناڵێت له هه‌رێمێكی پێنج ملیۆن كه‌سیدا، كه‌سێك نه‌بێت هه‌مان به‌رپرسیارێتی و مێز بباته ڕێوه، لێره‌وه ڕووی دیموكراسی پێكهێنانی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه، چونكه مانه‌وه‌ی زیاتر له ماوه‌ی یاسایی كه‌سێكی نه‌شیاو له پۆستێكدا، تێكه‌ڵاوبوونی سوودی كه‌سی و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانیه‌تی له بۆته‌ی مێزه‌كه‌دا.
بۆیه پێویسته ئه‌م كابینه تازه‌یه‌ی حكوومه‌ت له كابینه‌كانی تر جیاواز بێت، كه‌سانی لاو و تازه و به گوڕ بێنێته مه‌یدان، چونكه سه‌رده‌می دووباره دانانه‌وه‌ی كه‌سه‌كان به‌سه‌ر چووه و دنیای نوێ ئاماژه به‌وه ده‌كات كه سیمای دیموكراسی بكرێته‌وه به باڵای حكوومه‌تدا. ئه‌گه‌ر كه‌سانێك دوای دوو كابینه جڵه‌وی مێزه‌كانیان به‌رنه‌ده‌ن، هه‌ڵبژاردن و بالۆره‌لێدانی دیموكراسی هیچ مانایه‌كی نامێنێت، جگه له‌وه‌ی سیمای حكوومه‌ته‌كه به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن.
له‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردندا دیارده‌ی دووباره دانانه‌وه‌ی ده‌موچاوه به‌سه‌رچووه‌كان به‌ته‌واوی ره‌نگی داوه‌ته‌وه و كه‌سایه‌تی هه‌مه‌ڕه‌نگ دێنه مه‌یدان، چونكه روونه له ده‌ره‌نجامی به‌رژه‌وه‌ندییه تاكه‌كه‌سییه‌كان و كاره ناقۆڵاكانیان، ته‌نگژه‌ی مه‌ترسیدار دێته ئاراوه و به‌وه‌یش چاره‌نووسی حكوومه‌ت به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن، له كاتێكدا كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ئومێدیان له‌سه‌ر كابینه‌ی تازه هه‌ڵچنیوه، بۆیه پێویسته هیچ پۆستێك نه‌كرێت به قوربانی خزمایه‌تی و هاوڕێیه‌تی و موجامه‌له و خه‌ڵكی تازه بێنه پێشه‌وه رۆڵ ببینن.