كورد ده‌ڵێ وه‌ك نیسك وایه، واته نه ڕووی هه‌یه و نه پشت، دووڕووه، یان له كوێوه بای بێت، شه‌ن ده‌كات، یا كوێ چه‌ور بێت له‌وێ حازره، یا له هه‌موو كاسه‌یه‌كدا كه‌وچكه، یا وه‌ك ئاگر وایه، ئامانی نییه و زۆر شتی تر. هه‌موو ئه‌م په‌ندانه له بازنه وشه‌یه‌كدا ده‌سووڕێنه‌وه كه ده‌توانێ له كرداردا كێشه و گرفتی گه‌وره بێنێته ئاراوه، ئه‌ویش دووڕووییه .
دووڕوویی
له ڕووی مانای وشه‌كه‌وه واته مرۆڤێك دوو ڕووی هه‌بێت كه ئه‌مه له پێكهاته‌ی بینینی سیمای له‌شی مرۆڤدا مه‌حاڵه! به‌ڵام له كرداری دوو هه‌ڵوێستی ڕۆژانه‌ی به‌شێك له مرۆڤه‌كاندا هه‌ستی پێ ده‌كرێت كه دوو ئاراسته‌یی هه‌ڵوێستی مرۆڤ و نه‌به‌ستنه‌وه‌یه‌تی به یه‌ك هه‌ڵوێستی له كردار و گوفتاردا. نواندنی دوو شێوه جیاواز له ده‌ربڕینی نێوان دوو كه‌س یا دوو لایه‌ن، له‌سه‌ر یه‌ك بابه‌ت یان گواستنه‌وه‌ی زانیاری بۆ لایه‌ك، به‌پێی ویستی لایه‌كه و دژ به لایه‌كی تر و به پێچه‌وانه‌شه‌وه. دووڕوویی هێنان و بردنی زانیاری له نێوان دوو تاقم یان دوو كه‌سی ده‌ستڕۆیشتووی دژ به‌یه‌كدا، یان بردنی زانیاری بۆ نه‌یار (چ تاك بێت یا كۆمه‌ڵ نه‌یاره‌كه) ته‌واو مه‌ترسیداره.
ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كان نێوانیان ته‌واو نه‌بێت و كه‌سه دووڕووه‌كه‌ش دۆستی هه‌ردوولا بێت، چونكه له هه‌ر لایه‌ك زانیاری نادروست بۆ لاكه‌ی تر هه‌ڵده‌ڕێژێ و زیاده‌یشی ده‌خاته‌سه‌ر، ئه‌مه‌ش كێشه ده‌نێته‌وه و به زیانی كه‌سه دووڕووه‌كه و كۆمه‌ڵ و تا میله‌ته‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه. له ڕووی ده‌روونییه‌وه كه‌سه دووڕووه‌كان ڕه‌نگه ئاسووده بن به‌و گێژاو و ده‌رده‌سه‌رییه‌ی دروستی ده‌كه‌ن، له نێوان كه‌سه دژ به‌یه‌كه‌كاندا، ڕاستییه‌كه‌ی كه‌سه دووڕووه‌كه دۆستی كه‌سیان نییه و هه‌ردوولایان تا هه‌ڵماڵینی ڕووه ڕاستییه‌كه‌ی به دۆستی خۆیانی ده‌زانن، نهێنی و كاره دزێوه‌كانی دژ به یه‌كتر له‌لا ده‌دركێنن، تا كار له‌كار ده‌ترازێ كێشه دروست ده‌بێت، پاشان هه‌ردوولا ده‌گه‌نه ڕاستییه‌كی هاوبه‌ش كه كه‌سه دووڕووه‌كه بێ هه‌ڵوێسته و دۆستی كه‌سیان نییه. تا هه‌ردوولا لێی ته‌وه‌لا ده‌بن، له ئاكامدا كه‌سه دووڕووه‌كه، ڕووڕه‌شی بۆ ده‌مێنێته‌وه و لای هه‌ردوولا ڕۆڵی نامێنێت.
به زۆریی كه‌سه دووڕووه‌كان له كۆمه‌ڵدا سووكن، هه‌ندێكیان پێیان ته‌رك ناكرێ له دروستبوونی خواروخێچی چۆنێتیی كه‌سایه‌تییانه‌وه وه‌ریان گرتووه، به‌ڵام هه‌میشه ڕه‌نجه‌ڕۆ و شه‌رمه‌زارن، هه‌ر ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌توانن شه‌ن له‌سه‌ر شنه‌بای خه‌رمانه‌كانیان بكه‌ن و له كۆتادا خه‌رمانه‌كه‌یان ده‌سووتێ، خۆشیان ڕه‌نج به‌خه‌سار ده‌بن. كه‌سه دووڕووه ناسراوه‌كان كه‌سانی قێزه‌ون و بێ كه‌سایه‌تین له كۆمه‌ڵدا، ئه‌مەش ئه‌نجامی دووڕوویی كه‌سانی ساده‌یه.
شێوازێكی تر، دووڕوویی كه‌سانی سیاسیی بڕیاربه‌ده‌سته، دووڕوویی سیاسی له هه‌ردوو ئاستی كه‌سێتی و وڵاتانیش ترسناكه، كه‌سێكی ده‌ستڕۆیشتووی دووڕووی سیاسی، ده‌توانێ كێشه‌ی گه‌وره له‌ناو حزبه‌كه‌ی خۆیدا بنێته‌وه، به‌نواندنی هه‌ڵوێستی جیاجیا له نێوان كه‌س و مینبه‌ره‌كانی حزبدا، ماوه‌یه‌ك له لایه‌ك سه‌نگی خۆی قورس ده‌كات به هێنان و بردنی زانیاریی هه‌ڵه‌ی بێ بنه‌ما، به‌تایبه‌تی ئه‌و حزب و ڕێكخراوانه‌ی فره‌مینبه‌ر و فره‌جه‌مسه‌ری جیاجیان، كه‌سه دووڕووه‌كان زۆرجار ده‌توانن به ئاسانی ته‌راتێن بكه‌ن، زانیاری و نهێنیی جیاجیا بگوێزنه‌وه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌كه‌ی دۆستیان، سه‌نگی خۆی له لایه‌ك به‌رز كاته‌وه و دڵی لاكه‌ی تریش ڕاده‌گرێ، ده‌یه‌وێ له نێوان هه‌ردوولاكه‌دا به ئاره‌زووی خۆی مه‌له بكات، بێگومان ماوه‌یه‌كی باش له هه‌ردوولادا مووشه ده‌كات. ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌شی به‌بێ به‌رانبه‌ر نییه، به‌ڵام سه‌ره‌نجام دوای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و خستنه‌ڕووی ڕاستییه‌كان، هه‌ڵوێسته دووڕووییه‌كانی ده‌كه‌ونه سه‌ر ساجی عه‌لی و خۆشی شه‌رمه‌زار ده‌بێت، له كۆتادا ڕووڕه‌شی سیاسیی بۆ ده‌مێنێته‌وه.
ڕووڕه‌شی سیاسیش دیارده‌یه‌كه به ئاسانی لاناچێ به ته‌وێڵی دووڕووه‌كه‌وه ده‌مێنێته‌وه، تا وای لێ دێت هیچ لایه‌ك باوه‌ڕیان به كه‌سه دووڕووه‌كه نامێنێ، سه‌نگی كه‌سی سیاسی له ده‌ست ده‌دات، بێگومان دووڕوویی كه‌سی، دژی میله‌تیش ده‌كرێت، به بردنی زانیاری بۆ لایه‌نی نه‌یاری میله‌ته‌كه‌ت، ئه‌م دووڕووه نه‌ك هه‌ر شه‌رمه‌زاری لای میله‌ت ده‌بێت، به‌ڵكو كرداره‌كه ده‌چێته خانه‌ی خیانه‌ته‌وه. دووڕوویی وڵاتانیش له سیاسه‌تدا شێوازێكی تری دوو هه‌ڵوێستی دووڕووییه. مامه‌ڵه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه له نێوان دوو وڵات‌دا كه زۆرتر وڵاته زلهێز و ده‌ستڕۆیشووه‌كان به‌سه‌ر وڵاتانی تردا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، له نێوان دوو وڵاتی كه‌متوانای خوار خۆیدا هه‌ڵوێستی دووڕوویی ده‌نوێنێ و نایه‌وێ هیچیان له ده‌ست بدات، له‌به‌ر به‌رده‌وامی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له هه‌ردوو وڵات‌دا، یان كلكه‌له‌قێ و بردنی زانیاریی وڵاتێكی كه‌م ده‌سه‌ڵاته بۆ زلهێزێكی جیهانی یا ناوچه‌یی.
زۆر جار دووڕوویی وڵاتانی زلهێزیش ده‌بێته هۆی له ده‌ستدانی هه‌ردوو وڵاته‌كه‌ی خوار خۆی، یا له ئاكامدا به‌رژه‌وه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتێكیاندا یه‌كانگیر ده‌بێ دژی وڵاته‌كه‌ی تر، وڵاتی دووه‌م له ده‌ست ده‌دات كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی وڵاتی دووه‌م بچێته ژێر ڕكێفی وڵاتی تری زلهێزه‌وه دژی وڵاتی زلهێزی دۆستی پێشووی، ڕه‌نگه زیانی له ده‌ستدانی وڵاتی دووه‌م بۆ زلهێزه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتی یه‌كه‌م زیاتر بێت یان به پێچه‌وانه‌وه.
له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا دووڕوویی چ تاك بیكات یا كه‌سانی سیاسی یان وڵاتان، به زیان ده‌شكێته‌وه، ئاستی كه‌سایه‌تیی وڵاتان له كه‌دار ده‌كات، شه‌رمه‌زاری هه‌ڵوێست دێنێته ئاراوه، هه‌رچه‌نده له دووڕوویی وڵاتاندا كه‌متر گوێ به هه‌ڵوێستی شه‌رمنانه ده‌درێ، به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رووی شته‌كانه! به‌ڵام وڵاتیش هه‌یه له درێژه‌پێدانی دووڕوویی هه‌ڵوێسته‌كانیدا زیانی زۆری كردووه، هه‌ڵوێسته دووڕووییه‌كانی وای لێ كردووه له‌سه‌ر ئاستی گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا به ته‌واوی شه‌رمه‌زار بێت، ناوی بچێته لیستی وڵاته بێ هه‌ڵوێسته‌كانی مێژووه‌وه، له ئه‌نجامدا زۆرینه‌ی دۆسته‌كانی له ده‌ست ده‌دات، تا له كۆتادا ناچاره به هه‌ڵوێسته سیاسییه چه‌وته‌كانیدا بچێته‌وه.