کورد فاکتەری بەهێزی ناکۆکی دەوڵەتانی تورک و فارس لە مێژوودا

PM:12:23:13/01/2021 ‌
بە ڕۆچوون و ڕوانین لە ڕووداوەکانی مێژوو، پاشان ڕاڤەکردنیان لە چوار دەوری خاکی کوردستان و میلەتانی سەردەستی میلەتی کورد، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە فارس و تورک لە بەرگی دەوڵەتی جیاجیادا، زۆر زیاتر لە میلەتانی تر سەردەستی فەرمانڕەوایی ناوچە کوردنشینەکان و کوردستانیان کردووە .

هەرچەندە لە مێژووی ئیمپراتۆرەکانی فارسدا، کورد زۆرجار خۆی دروستکەری دەوڵەتەکان بووە، فەرمانڕەوایی میلەتانی تری کردووە، یان پێکهێنەرێکی سەرەکی دروستبوونی ئیمپراتۆرە فارسەکان بووە، بەڵام لە کۆتادا بە زیانی کورد شکاوەتەوە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی کورد و لەدەستدانی بەشێکی خاکەکەی لە پانتایی سنووری فەرمانڕەواییەکەدا .

لە ساڵانی 1503 تا ساڵی 1507 زاینی، شا ئیسماعیل سەفەوی، سێ جار پەلاماری کوردەکانی شاری جەزیرەی دا کە لەژێر فەرمانڕەوایی (میر شەرەفی کوڕی میر بەدری) کورددا بوون، هەرسێ جارەکە تێکشکا، بەڵام لە ساڵی 1507ی زاینی توانیان دیاربەکر داگیر بکەن"١"،. لێرەوە ململانێی قورسی نێوان عوسمانی و سەفەوی لەسەر خاکی کوردستان دەستی پێ کرد .

لە بەرانبەردا تورک زۆرجار لە کێبەرکێی فارسەکاندا هاوکاری کوردی کردووە و ڕێکەوتنی لەگەڵ کردوون، وەک دەوڵەتی شەدادی کورد، لە سەرەتاوە بە ڕێکكەوتن لەگەڵ سەلجووقیيەکاندا (کە بنەڕەتیان تورک بوو) بە خستنەسەری بەشێک لە خاکی ژێر فەرمانڕەوایی سەلجووقیيەکان بۆ ژێر فەرمانڕەوایی دەوڵەتی شەدادی، هاتە بوون. ڕێکەوتنەکە هێندەی تر ڕووبەری دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی شەدادیيەکانی فرەوان و بەهێز کرد، بەڵام دەوڵەتی شەدادی هەمیشە جێی چاوتێبڕینی سەلجووقیيەکان بوو، لە دوایدا کە بەهێز بوونەوە کۆتایان بە دەوڵەتی شەدادی کوردی هێنا"٢". 

لە ساڵانی فەرمانڕەوایی شا سەلیمی یەکەمی عوسمانی، (1512-1520 ز) ستراتیجیی دەوڵەتی عوسمانی گۆڕا، فرەوانخوازی لە ئازەرستان و ئەرمەنستان و ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات و کوردستان، هاتە ئاراوە. ویستی ئەو بەشانەی کوردستان داگیر بکاتەوە کە پێشتر سەفەوی داگیریان کردبوو، زۆر ناوچەیان گرتەوە، تا کار گەیشته ئەوەی شەڕی چاڵدێرانی لێکەوتەوە لە ساڵی (1514) زاینی، کە لەسەر خاکی کوردستان بوو، کورد قوربانی زۆری دا، چ بە لەدەستدانی خاکەکەی یان ڕژانی خوێنی کورد لە شەڕەکاندا، دواتر دابەشبوونی کوردستانی بۆ دوو پارچە لێ کەوتەوە و گەورەترین بەشی بەر عوسمانی کەوت، تا بە ڕێکكەوتنامەی قەسری شیرین لە ساڵی (1613) زاینی به تەواوی دیاریکردنی سنووری دوو پارچەی خاکی کوردستان دیاری کرا "٣".

کورد هەمیشە خاڵی سەرەکی ناتەبایی ئەو دوو زلهێزەی ئەو سەردەمە بوو، هەرچەندە لە زۆر ڕووی ترەوە پێکەوە هەڵکردنی ئەو دوو زلهێزەی ناوچەکە مەحاڵ بوو، وەک تورکەکان سوننی بوون و فارس شیعە، هاوکات هەمیشە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانیان پێچەوانەی یةکتر بوو، بەڵام فاکتەری چاوتێبڕینی خاکی کوردستان، فاکتەرێکی بەهێزی ناتەباییان بوو، ئەوەی پیویستە ئاماژەی پێ بدرێ ئەوەیە هەمیشە کە میلەتێک کەوتووەتە بەر بەرداشی هاڕینی دوو زلهێزی گەورەوە لە دنيادا، لە لایةکیان سوودی بینیوە، دەبوو جارێک بارەکە بە لای کوردا لاسەنگ بووایە و زلهێزێکیان لە کێبەرکێی ئەویتردا هاوکاری کوردی بکردایە بۆ وەدیهێنانی دەوڵەتێکی کوردی. لە کاتێکدا لە کۆی چەندەها میرنشینی کوردی لەسەر خاکی کوردستان، زیاتر لە ١٧ میرنشینیان چوونە بەرەی عوسمانی و دژی سەفەوی وەستاونەتەوە، ماوەیەکی زۆر کورد لایەنگری تورکەکانی کرد، کەچی لە کۆتادا کورد بوو بە قوربانی یەکەمی دەستی تورک لە پەیمانامەی لۆزاندا "٤" .

لە بەرانبەردا لە کۆی ئەو هەموو دەوڵەت و ئیمپراتۆرانەی فارس کە دروست بوون، زۆربەیان سەردارەکانیان کورد بوون، هەندێکیان دژی تورک شەریان کرد، وەک کەریمخانی دامەزرێنەری دەوڵەتی زەند، شاری بەسرەی داگیر کرد لە دژی تورکەکان، خۆیشی کورد بوو، نوێنەری زۆربەی ناوچەکانی پاشماوەکانی دەوڵەتی سەفەوی دەکرد، لە کۆتادا دوڵەتی زەندی نەک هیچی بۆ کورد لێ نەکەوتەوە، بگرە ژمارەیەک کوردی زۆری لە خاکەکەی دابڕاند و لە ناو گەلانی ئێراندا توانەوە و نەگەڕانەوە شوێنی نیشتەجێبوونی پێشوویان، وەک کوردەکانی ئێستەی شاری شیراز و یەزد. 

کورد هەمیشە فاکتەری بەهێزی کێبەرکێی دوو زلهێزی چەندان ساڵەی تورک و فارس بووە لە ناوچەکەدا، بە ئێستەیشەوە شوێنەواری کێبەرکێکان ماون، لە خاکی نیشتمانێکی وەک ناگۆرنۆ قەرەباخدا کە تورک و فارس لە دوو ئاراستەی دژبەیەکی ناکۆکدان، هەر لایەکیان پشتگیری وڵاتێکی خاوەن کێشەکان دەکەن، کە بەشێکی خاکی کۆماری کێشە لەسەری ناگۆرنۆ قەرەباخ پاشماوەی کۆماری کوردستانی سوورە، کەچی بەردەوامی ناکۆکییەکە نەک هەر بە زیانی کورد شکایەوە، بەڵکو ناوی کورد و کۆمارەکەی لە مێژوودا ڕەش کرایەوە .

پرسیارێک کە دەبێت مێژوو وەڵامی بداتەوە ئەوەیە، لەم ناکۆکییە مێژووییەی فارس و تورکدا کە بە درێژایی مێژوو بەدی دەکرێت. کورد هەمیشە بێ لایەن نەبووە، بە ویستی خۆی بووبێت یان نا، چووەتە سەنگەری یەکێکیانەوە، کەچی لە دوای یەکلابوونەوەی کێشەکانیان، هەردووکیان بێ بەزەییانە لە ئاست کورد کۆک بوون و بە یەکەوە کوردیان چەوساندووەتەوە. ئایا فاکتەرەکە بێهێزی ڕۆڵی کورد خۆی بووە کە یاریکەرێکی باش نەبووە؟ یا بێ مروەتی دۆستانی کورد؟.پرسیارێکە بۆ مێژوو. 


پەراوێزەکان: 
بڕوانە نشوءوتاسیس الدولە السفویه / کمال السید،(www.noor book.com).
تاریخ تقسیم الکردستان فی العصر الحدیث، د مهدی کاکائی.
بڕوانە وتارێک بە زمانی فارسی، شدادیان/ جستجوی دقیق،سایتی(ـWWW.Vajeh yeh.com
بڕوانە کورد، قوربانی یەکەمی پەیماننامەی لۆزان، ژمارە ١٢٨ی بڵاوکراوەی تاراوگە، وتاری خۆم.